عیماد عەلی : کە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمم خوێندەوە شەرم دایگرتم .
لە کاتێکدا کە دەبوو ئێستا بە هەموو شێوەیەک دەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم و خەڵک ئاوا بەرز بوایەتە بگەیشتایەتە کەڵکەڵەی ئاسمان و پرۆتیستۆی ئەم کردەوە قێزەونەی تورکیایان بە توندترین شێوە بکردایە ، و ابینیمان ئەم دەسەڵاتە هیچ لەبارنەبووە بە شەرمێکی ملشۆرانەوە بەیاننامەیەکی لاواز و پر شەرمەزاری بڵاوکردەوە کە لە ئاست ئەم سەرشۆریەی سەرانی دەسەڵاتی حکومی وحزبی لە هەرێم زیاتر لە هیچ شوێنێکی دونیا نابینرێتەوە و لەدواجاریشدا دەبینین کە مێژوو چۆن رەحمیان پێ ناکات و رۆژێک دێت ببنە پەندی زەمانە و ، بێگومان خوێنی سەرجەم شەهیدان بە فیرۆ ناچن و ئەگەر بێگومان حەقیان لە دەسەڵاتی فاشی تورک بە شێوەیەکی قورس وەربگیرێتەوە ئەوە دەبێت بەهەمان شێوە و زیاتریش دەسەڵاتی تاکرەو و ملهوری هەرێمی کوردستان شەمەزار بکرێت .
دیارە هیچ کەسێک لەگەڵ ئەوەدا نیە کە هیچ لایەنێکی کورد رەفتارێک بنوێنێت زەرەر لە خەڵکی هەر پارچەیەکی کوردستان بدات ، لەهەمان کاتدا جێگەی رسواییە لە ئاست ئەم تەعەدا و دەست درێژیە بێ شەرمانەی تورک ئاوا وەڵامێک بدرێنەوە ، کە زەلیلی ئەم ئەڵقە لە گوێیانەی کۆیلەی دوژمنان و داگیرکەران دەردەخەن .
ئەوەی ئەم رستەیەی بەیانامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بخوێنێتەوە دەزانێت کە چەند کۆیلەیی حوکمرانی هەرێمی کوردستان دەردەخات و چەند بە ترس و دڵەراوکێ و زەلیلیەوە نوسراوە ( داوا لە تورکیا دەکەین بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە و شەهیدکردنی هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت ) وەک ئەوەی شەهید کردنی هەر کەسێکی تری کوردی غەیرە هاولاتی هەرێم پاساوی هەبێت ، تۆ لە ماڵو حاڵی خۆتدا و لە قوڵایی خەودا بیت و ئاگات لە هیچ شتێک نەبێت و بەو شێوەیە شەهید بکرێیت و ئەم ترسنۆک و گەندەڵانە فەرمانرەوایی کوردستان بکەن و بەم شێوەیە بەرگریت لێ بکەن .
داوا لە هێزەکانی پەکەکە دەکات کە شەرەکە لە هەرێمی کوردستان دوربخەنەوە وەک ئەوەی فرۆکە جەنگیەکان هی پەکەکە بن و ئەوان بوردومانیان کردبێت ، تەنانەت داوا لە هەردوو لا پێکەوە ناکات شەرەکە دوور بخەنەوە . کە بەیانامەکەم خوێندەوە بەراستی شەرمێکی زۆر دایگرتم و لەخۆم دامام و نەمتوانی بەهیچ شێوەیەک پاساو بۆ ئەم ملشۆریەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بێنمەوە ، بە راستی راگەیەنراوێک بوو کە ناتوانرێت هیچ پێناسەیەکی بکەیت و هیچ ناوێکی لێ بنێیت .