نەوشیروان و تاڵەبانی .. كۆك و ناكۆك .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
نەوشیروان مستەفا دوای زیاتر لە 40 ساڵ هاوڕێیەتیو هاوخەباتی لەگەڵ تاڵەبانی ، ساڵی 2009 بەراگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەكانیان پێینایە قۆناغێكی نوێوە ، كە كێبڕكێو ناكۆكی جێگەی بە 37 ساڵ پەیوەندی دۆستانەیان لێژ كرد .
سات محهمهد
مام جەلال دۆستایەتی لەگەڵ من بەهێز بوو .
ئەمە یەكێكە لەڕستە سەرنجڕاكێشەكانی ” لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ ” ی نەوشیروان مستەفا ، كە ناوبراو كاتێك پەیوەندی تۆكمەی خۆی لەگەڵا تاڵەبانی ، لەسەروەختی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەگێڕتەوە باس لەو ئیلتیزامە ئەخلاقیو ئەدەبیە دەكات دەیبەستێت بەمام جەلالەوەو هەر ئەو ئیلتیزامەش ئەو لەپایتەختە دڵڕفێنەكەی نەمساوە كە خوێندكاری دوا قۆناغی تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا بوو، دەهێنێتەوە بۆ نێو كێشمەكێشە سەختەكانی كوردستانو ” خەباتی شاخ “.
” نەوشیروان مستەفا ” كە 37 ساڵ لەمەوبەر لەنامەیەكیدا ” مام جەلال ” بە” قیبلەی موراد ” ی ناودەباو دڵنیایی دەكاتەوە لەوەی ئەو چی بڵێت ، ئەم ” ئامادەیەو بەسەرچاو “، لەناوەڕاستی دەیەی رابردوەوە سەر لەوە دەرناكات ئەم هەڤاڵە دێرینەی كە نمونەی ” بەرخودانو تێكۆشان ” بوو ، وەك خۆی دەڵێت چۆن بەو ئەندازەیە شەیداو كوشتەی پۆستو مەنسەبو دەسەڵاتە ، ئەو لەنوسێنێكی دیكۆمێنتاریدا كە لەژێر ناونیشانی ” پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم ؟ ” بڵاویكردەوە ، دەربارەی هەوڵدانی تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریی لەبەغدا ، دەڵێت ” من زیاتر لە 40 ساڵە لەنزیكەوە مام جەلال دەناسم ، لەهیچ قۆناغێكی ژیانیدا نەمدیوەو نەمبیستوە ئەوەندەی ئیستا عاشقی مەنسەبی حكومەتی بێو ئامادە بێ قوربانیو رەنجی دەیان ساڵی هاوڕێكانی ، لەنرخی وەرگرتنیدا بدا “.
نەوشیروان مستەفا لەو نوسینەدا كە باس لەرێكەوتنو كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات ، پێیوایە ” پارتی زیرەكانە ، خاڵە لاوازەكانی یەكێتی لەگفتوگۆكاندا بەقازانجی خۆی بەكارهێنا “و دەڵێت ” تاڵەبانی ئەیویست ببێت بەسەرۆك كۆمار ، یەكێتی بۆ ئەوەی تاڵەبانی ببێت بەسەرۆك كۆمار ئەبێ دەس لەزۆر شت هەڵبگرێو واز لەزۆر شت بهێنێ بۆ پارتی “. رەنگە هەر ئەمەش سەرەتای دابڕانی راستەقینەی ئەم دو ” هەڤاڵە ” بێت لەیەكتر !
پەیوەندی نێوان تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو دەمەی كە هەردووكیان وەك دوو گەنجی چوستو چالاك تێكەڵ بەكاری سیاسیو بزوتنەوەی كوردایەتی بوون ، لەو سەردەمەوە تا چەند ساڵێك لەمەوبەر دوو هاوڕێی زۆر نزیكو تێهەڵكێشی یەكتر بوونو لەزۆربەی هەڵوێستو رووداوەكاندا پێكەوە هاوبەشو بەشدار بوونو بەردەوامیش پێكەوە لەبەرامبەر هەموو ” نەیار ” ەكانیاندا هەڵوێستیان یەكانگیر بووە .
بەڵام رەوتی رووداوو پێشهاتەكان ئەم دوو سەركردەیەی بەچەند قۆناغێك لەیەكتر دوورو دورتر خستەوە . بەتایبەتی دوای ئەوەی لەساڵی 2009دا بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە راگەیەندرا . ئەگەرچی بزوتنەوەی ” گۆڕان ” و ” یەكێتی ” ش هەر لەسەرەتاوە كەوتنە سەنگەرگرتن لەیەكدیو شەڕی راگەیاندنەوە ، بەڵام چ نەوشیروان مستەفاو چ تاڵەبانی لەقۆناغەكانی سەرەتادا هیچ قسەو لێدوانێكیان لەدژی یەكتر رانەگەیاند ، تەنانەت بەشێك لەخەڵكی بەحوكمی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی چەندین ساڵا بو ئەم دو سەركردەیەی پێكەوە گررێدابو ، پێیانوابو ئەم دوركەوتنەوەو جیابوونەوەیەی نەوشیروان مستەفا “سیناریۆ ” یەكی داتاشراوی نێوان هەردووكیانەو بەگومانەوە لەو بزوتنەوەیەیان دەڕوانی كە ناوی ” گۆڕان ” ی لێنرا .
ئەم ناكۆكییە كاتێك بەرەو لوتكە هەڵكشا ، كە لەپلینۆمی یەكێتیدا ساڵی 2010 ، تاڵەبانی هێرشێكی توندی كردە سەر نەوشیروان مستەفاو لەبەرامبەریشدا ناوبراو لەوتارێكدا بەناوی ” لەهاوخەباتییەوە بۆ تەخوین ” بەتوندی وەڵامی دایەوەو ئەمەش بووە سەرەتای لێكدابڕانی راستەقینەی نێوانیان .
زۆرێك پێیانوایە تاڵەبانی ئەوكات كەوتبووە ژێر كاریگەریی نەیارە توندڕەوەكانی نەوشیروان مستەفاوە لەناو یەكێتیداو هەر بەهاندانی ئەوانیش ئەو قسانەی كردووە ، دواتریش زۆری نەخایاند هەر ئەوان ئەو قسانەیان وەك راپۆرتی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوكردەوە ، بەمەرجێك كە تا ئێستاش راپۆرتی سكرتێری گشتی لەكۆنگرەی سێهەمی یەكێتیدا بڵاونەكراوەتەوە .
ئەو قسانەی تاڵەبانی كەلێنێكی گەورەو راستەقینە دەخاتە پەیوەندی نێوان ئەم دو سەركردەیەوە . هەرچەندە گۆڕانكارییەكانی ئەوكات وایدەخواست كە ” یەكێتی ” و ” گۆڕان ” پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوەو بەنهێنی چەند دانیشتنو كۆبوونەوەیەك لەماڵی ملازم عومەرو دلێری سەید مەجید ئەنجامدەدرێت ، بەڵام گەورەترین تەگەرەی بەردەم بەرەو پێشچوونی ئەم كۆبوونەوانە ، دووركەوتنەوەو لەیەكتر زیز بوونی نەوشیروانو تاڵەبانی دەبێت . چەند كەسایەتییەك كە رۆڵی نێوانگر دەبینن لەنێوان گۆڕانو یەكێتیدا پێشنیاری ئەوە دەكەن نەوشیروانو تاڵەبانی راستەوخۆ یەكتر ببینن ، بەڵام نەوشیروان مستەفا هەموو جارێك دەڵێت ” هێشتا كۆبوونەوەی دوو قۆڵی كاتی نییە “.
نەوشیروان مستەفا ناڕاستەوخۆ ئەوەی دابو بەگوێی ئەو نێوانگرانەدا كە بۆ گەیشتن بەو كۆبوونەوە دووقۆڵییە پێویستە تاڵەبانی لەو قسانەی پلینۆمی پاشگەز ببێتەوە . بۆیە تاڵەبانی لەیادی 37 ساڵی دامەزراندنی یەكێتیدا بەهەلی دەزانێ كە ( رەدی ئیعتبار ) بۆ ئەم هاوڕێ دێرینەی بگەڕێنێتەوەو بەجۆرێك مێژوی دامەزراندنی یەكێتی بگێڕێتەوە كە پڕاوپڕ بێت لەستایش كردنی نەشیروان مستەفاو گەیاندنی پەیامێك بۆ هەڵگرتنی ئەو رێگریانەی بەرەو یەكتر بینینو كۆبوونەوەی دوو قۆڵییان دەبات .
هەر ئەو قسانەش سەرەتایەكی باش بون بۆ رێگە خۆش كردن بۆ دیداری دوو قۆڵی نێوانیان ، دواتریش لەسەر خواستی ئێرانیەكان هەردوكیان پێكەوە دادەنیشن ، تەنانەت پەیوەندییەكانیان بەرادەیەك ئاسایی دەبێتەوە كە لە ” كۆبونەوەی دەباشان ” دا دەگەنە جۆرە رێككەوتنو چەند خاڵێكی هاوبەشی پێكەوە كاركردن سەبارەت بەهەمواركردنەوەی دەستوری هەرێمی كوردستانو چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانیی لەهەرێمی كوردستاندا . بەڵام زۆری نەخایاند نەخۆشكەوتنی درێژخایەنی تاڵەبانیو مانەوەی لەنەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا ، پەیوەندیی نێوان گۆڕانو یەكێتی گەیاندەوە خاڵی سفر . ئەمەش دیسانەوە كاریگەریی لەسەر هەڵوێست دەربڕینی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر بەتاڵەبانیو یەكێتی هەبوو بەتایبەتی لەسەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا .
سەرەڕای ئەوەش ، دوای نەخۆشكەوتنەكەی تاڵەبانی ، نەوشیروان مستەفا سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی كردو دواتریش چەندین جار كۆبونەوەیان پێكەوە هەبووە ، كە بەلای زۆرێك لەچاودێرانەوە وەك پشتگیرییەك بۆ ناوبراو لێكدەدرێتەوە ، بەهۆی ئەو ململانێیەی كوتلەو كەسە دەستڕۆشتوەكان بەمەبەستی خاوەندارێتی یەكێتی لەغیابی تاڵەبانیدا هەیانە .
بەمدواییەش كاتێك كە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمو دەستورو سیستەمی پەرلەمانی بوە مژاری رۆژو قەبارەی ناكۆكی نێوان هێزەكانی گەورەتر كرد ، نەوشیروان مستەفا سەبارەت بەیەكخستنی هەڵوێستی یەكێتیو گۆڕان دەربارەی ئەو پرسە گرنگو چارەنوسسازانە ، زیاتر لەهەر كەسێك گرەوی لەسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كرد لەناو یەكێتیدا .
ئەوەی جێی سەرنجە ، دوای گەڕانەوەی تاڵەبانی لەبەرلینەوە بۆ كوردستان ، لەریزبەندی ئەوانەی سەردانی تاڵەبانییان كرد ، نەوشیروان مستەفا پاش سەردانكردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ، یەكەم كەس بو كە سەردانی كرد ، تەنانەت پێش ئەوەی بارزانیش سەردانی بكات ، كە رێكخستنی ئەم ریزبەندییەش لەلایەن خێزانی تاڵەبانییەوە هێماو دەلالەتی خۆی هەبو .
س – ئاوێنە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە