عیماد عەلی : ئەو رۆشنبیرانە کێن بۆ مانەوەی بەرزانی داوای شکاندنی یاسا دەکەن .
دیارە میدیاکانی پارتی دیموکرات ناوی کۆمەڵێک خەڵکی بەناو خەمخۆری ئەم گەلو نیشتمانەیان بڵاو کردەوە کە داوای مانەوەی مەسعود بارزانی دەکەن بێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە بیر لەو داوایە بکەنەوە . ئەوانەن بۆ بەدبەختی کە نازانن ئەوەی رۆشنبیر و هونەرمەند و هزرفان و نوسەر و ئەکادیمی بێت یەکەمین پرەنسیب و بنەمای ژیانی دەبێت پێی لەسەر داگرێت پاراستن و سەروەری یاسایە پێش بەرژەوەندی کەس و لایەن . لێرەدا باسەکەمان لەسەر ئەو کەسانە نیە کە لەدەروەی هەرێم و تەنانەت عەرەب و عەجەم و سەماکەر و هۆزانفان لەسەر بەرژەوەندی شەخسی بۆ مانەوەی بەرزانی لەسەر کورسیەکەی ئیمزایەکیان کردووە، جگە لە خودی بەناو رۆشنبیرە حزبیەکان کە تەنها پیشەکەیان لە پێناو کاری حزبیدا بەکار دێنن و وەک دەبینن بۆ رۆژی تەنگانەی وەک ئەمرۆ بەکاریان دێنن و پێیان دەڵێن بۆ ئەمرۆ نەبن بۆ چی باشن ، بەڵکو قسەی ئێمە لەسەر خەڵکانێکی دیاری ناولیستەکەیە کە جگە لە ساویلکەیی و دلسۆزی بۆ قۆناغەکە هیچی تری بەو شێوەیە بە هەڵەی نەبردون و لەوە دەچێت کە تەنها لە روانگەی هەستیاری قۆناغەکەوە ئەو داوا نایاساییەی پارتیان ئیمزا کردووە بۆ مانەوەی بەرزانی وەک سەرۆکی هەرێم، بێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە لێکیبدەنەوە .
لێرەدا زۆر شتی رۆژانی شەری ناوخۆ و رۆڵی چین و توێژەکانم دێتەوە یاد کەتەنها وەک ئامرازێک بۆ مەرامی کاتی و هەنگاوی حزبی بەکاردەهێنران و وا ئەمرۆ ئەو کردەوەیە دووبارە دەکرێتەوە . هەر بەم راگەیاندنە زۆر شتی تریشمان بۆ روون بووە و ئەوانەی لافی بێلایەنیان لێ دەدا ، کە پێویست بوو وا بن بۆ هیچ نەبێت بۆ پاراستنی بەهاو ئەخلاقیەت و شەرەفی کارەکەیان ، بەڵام لە یەکەم هەنگاوی حزبی ئەو چاوەشەکاریەیان بۆ هەموو لایەک دەرکەوت .
ئەگەر بە لیستی ناوەکاندا بچیتەوە زۆر دەموچاوی وات دێتەوە بەرچاو کە لە سەنگەر گۆرینەوەی زەمانی فیفتی فیفتی و شەری ناوخۆدا پێشرەو بوون و لە پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەکانی خۆیان هەزار و یەک شەقیان لە بەرژەوەندیە باڵاکان دەدا و ئێستا سەرەتای بەکارهێنانیان لەلایەن حزبەوە هەرچەند لەسەر حسابی یاساش بوبێت ، دووبارە دەردەکەوێتەوە .
کەسێک کە دیموکراسی لای گرنگ نەبێت و شەخس پەرستی مەبەست بێت ، کەسێک وا بزانێت کە کوردستان کەسێکی تیدا نیە لەم وەزعە باشتری بکات و بەرێوەی ببات ، کەسێک کە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لای ئەو هیچ نەگەیەنێت ، کەسێک لە روانگەی بیر تەسکی پێگە و پایەی خۆی بیر بکاتەوە ، چۆن ناوی لێبنێیت رۆشنبیر و نوسەر و تەنانەت هزرمەند و هەزار ناو ناتۆرەی تر .
لێرەدا دەبێت بڵێین ئەگەر کەسی حزبی هەر کردەوەیک بکات لەوانەیە بەهانەی خۆی هەبێت و ئەوە پسپۆریەکەیەتی لە پێناو ململانێی ئەویتر هەزار و یەک فرتوفێڵ و چەواشەکاری بەکار دەێنێت ، بەڵام بۆ خەڵکانێک کە خۆیان لە رێزی رۆشنبیران دابنێن بۆ لەمپەر خستنە بەردەم یەکەم هەنگاوی سەپاندنی دیمورکاسی راستەقینەدا بەکاربهێنرێن ، بە بەهانەی جیاوازەوە ، ئەمە جێگەی سەرسورمانە، بەڵێ هەر لەناو ئەو ئیمزاکەرانە خەڵکانێک هەن پێشتر من بەوەم رادەبینی کە ئەو بۆ سەرۆکی هەرێم بشێت ، بەڵام داخەکەم لەیەکەم هەنگاودا ناخی دەرکەوت و ئاستی بۆ هەموان روون بووەوە کە تەنها هەر بە شێوە وایە نەک ناخ و مەعریفەت . بۆیە لە کوردستانی ئەمرۆدا لەم کردەوە و هەنگاوەی رۆشنبیرانەوە ، ئەگەر هەڵخەڵەتابن یان بە رەزامەندی خۆیان بێت ، کڵۆڵی میلەتەکەم دەردەکەوێت و غەم و رەشبینی داماندەگرێت . دەکرێت بڵێین رۆشنبیر و هزرمەندی راستەقینە لە کوردستاندا ئەگەر هەبێت ئەوە لەپەنجەکانی دەست تێپەر ناکەن . خوا یارمەتی میلەتەکەمان بدات .