عەتا قەرەداخی : بەڕاست ئەو سووپایە هەمووى نووسەرو هونەرمەندو رۆژنامەنووسن ؟
لە کۆمەڵگەى ئاسایدا ئەرکی رۆشنبیر بە گشتی روانینە بۆ کۆى شتەکان بە چاوى رەخنەوە ، لەگەڵ هەڵسەنگاندنى کۆى دیاردەکان و رەخنەگرتن لێیان بە مەبەستی بەرەوباشتربردنیان . دیارە ئەرکی رۆشنبیری جدیش لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا رەخنەگرتنە لە دەسەڵات و لەبارى باوو کەلتوورى باوو عەقڵی باوو باڵادەست بە مەبەستی بەردەوامبوونی پرۆسێسی گۆڕانکارى و بە گۆڕسپاردنی کۆى دیاردە ناجۆرو نادروستەکان . پێموایە دەبوو رۆشنبیرى کوردیش هەمان رۆڵی ببینیایە، بەڵام لەراستیدا مەسەلەکە لاى ئێمە پێچەوانەو ئاوەژووە . زۆرینەى هەرە زۆرى رۆشنبیرو هونەرمەندو نووسەرو ئەدیب و مامۆستاى زانکۆو رۆژنامەنووسی کورد ئەگەر لە دەزگا نهێنیەکانی حیزبەکان نەبێت ئەوا کادیرى حیزبە ، یان پیاوى بەرپرسەکانە . یان مەسینە هەڵگرە یان ماستاوچیە ، یان کڕنووشبەرە لە پێناوى بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیدا . بێگومان هەموو ئەم خاسێتانەش شووناسی رۆشنبیر دەخەنە بەردەم گومانەوە چونکە وەکو لەسەرەوە گوتمان ئەرکی رۆشنبیر بریتیە لە رەخنەگرتن بەڵام رۆشنبیرێک کە لە دەزگاى نهێنی بێت یان کادیرى حیزب بێت یان پیاوی بەرپرس بێت یان ماستاوچی و مەسینە هەڵگر بێت یان کۆیلەى بەرژەوەندییەکانی خۆى و لەو پێناوەدا ملکەچ بکات، ئەوا کەسێتی خۆیی لە دەستداوەو چیتر ئەو نە کەسێتی ئەوەى هەیە رەخنەگر بێت نە مافی ئەوەشی هەیە لە راستیدا رەخنەبگرێت چونکە ئەو خۆى بەو خاسێتانەیەوە بووەتە کۆیلەى دەسەڵات و پاشکۆی دەسەڵات . بێگومان لە مێژە رووبەرێکی فراوان لە بەناو رۆشنبیرى کورد لەم پێگە سووک و رسوایەدان بۆیە چاوەڕوانی هیچیان لێناکرێت .
بەراستی من هەموو ئەو ناوانەم خوێندەوە کە ئیمزایان کردووە بۆ مانەوەى مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم ، هەرچەندە بەلاى منەوە کێ سەرۆک بێت و لە کوێ هەڵبژێردرێت هیچ جیاوازیی نیە چونکە ئەم عەقڵیەتە حیزبیەى کوردستان ، بەهەرحاڵ ئەوەى بەلاى منەوە مایەى نیگەرانیە بوونی هەندێ ناوە لە ناو ئەو لیستە دوورو درێژەدا لەبەرئەوەنا کە کێ دەبێتە سەرۆک یان کێ نابێت بەڵکو لەبەرئەوەى من وەکو رۆشنبیرى جیدی سەیرى چەند ناوێکی ئەو لیستەیەم کردووە بەڵام دیار روانینەکەم لەجێی خۆیدا نەبووە چونکە پێموایە دەبێ ئەو چەند ناوە بزانن کە لە هیچ روویەکی یاساییەوە ئەوان مافی ئەوەیان نیە داواى لەوجۆرە بکەن چونکە کەس پرسی پێنەکردوون، رەنگە تاکە مافێک کە هەیان بێت ئەوە بێت کە ئەوان ئازاد بن لە دەنگدان، ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرا ئەوان دەنگ بە مەسعود بارزانی یان هەر کەسێکی تر بدەن . دووەم دەبوو لەبرى ئەو داوایە ئەگەر کەسێتیان هەبوایە فشاریان بخستایەتە سەر سەرکردایەتی هەموو حیزبەکان بە تایبەتی پێنج حیزبە بە ناو سەرەکیەکەو سەرۆک و سکرتێرە دیکتاتۆرە تۆتالیتارە گەندەڵەکانی هەر پێنج لایەنیان ناچار بکردایە دەستبەردارى ئەم یاریە نانەتەوەیی و نا نیشتیمانیانە ببن و چیتر یارى بە چارەنووسی ئەم میللەتە داماوە نەکەن و واز لە کلکایەتی و جاشایەتی بۆ داگیرکەرانی کوردستان بهێنن و لە پێناوى بەرژەوەندییە تاکەسی و حیزبیەکانیاندا یان لە پێناوى رازیکردنی ئاغا ئێرانی و قارداشە تورکەکانیاندا چیتر میللەت ماڵوێران نەکەن .
بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە هەموو حیزبەکانی کوردستان دیکتاتۆرو تۆتالیتارو دزو گەندەڵن و زۆرینەیان وەکو حیزب و وەکو بەرپرسانی حیزبی دەستیان بە خوێنى رۆڵەکانی ئەم گەلە سوورە چی شەڕی ناوخۆیان کردبێت یان رۆڵیان لەشەڕدا هەبوو بێت یان لە پشتەوە خەڵکیان تیرۆر کردبێت یان پێشی سوپای بێگانە کەوتبن بۆ یەکلایی کردنەوەى کێشە ناوخۆییەکانیان، چ لە سەردەمی بەعسدا چ دواى راپەڕین، چ لە بە جاشکردنی رووبەرێکی فراوانی خەڵکی کوردستاندا هەریەکەیان بە ئاستێک ناپاکیان لە میللەت کردووە. بۆیە ئەگەر کەسێک رۆشنبیر بێت و هوشیاری مێژوویی و سیاسی هەبێت ئەوا دەزانێت ئەم حیزبانە چ کارەساتی ترسناکیان بەسەر میللەت و پێشمەرگەدا هێناوە کە پێشمەرگەش بە گشتی کوڕی فەقیرو هەژارەکەى میللەتە. بۆیە دەبوا هەڵوێستی رۆشنبیران رەخنەگرتن بوایە لە کۆى حیزبی کوردی نەک ئیمزا کۆبکەنەوە یان ببنە بلوێرژەنی ئەو نوخبە سیاسیە نەخۆشەى ئێستا کە هیچ دەربەستی میللەت و چارنووسی میللەت نین و لەم رووەشەوە هەموویان کوڕی یەک باوکن و تا بینەقاقایان لە تاوان و گەندەڵی و دزى و ناپاکیکردن لە میللەت نقووم بووە. بۆیە چ ئەوانەى ئیمزایان کۆکردووەتەوە چ ئەوانەى گۆرانی بە باڵاى ئەم حیزبانەدا دەڵێن لە بەناو رۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەندو رۆژنامەنووس و مامۆستاى زانکۆ بێجگە لە بلوێر ژەن و مەسینە هەڵگرو ماستاوچی و داهۆڵ هیچیتر نیە. کێشەى میللەت ئەوە نیە کێ سەرۆکەو کێ سەرۆک وەزیرانەو کێ وەزیرە ، بەڵکو کێشەى میللەت ژیانێکی باش و پاراستنی ژیان و خزمەتگوزارى پێویست و مافە کەسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە هەموو روویەکەوە، دیارە ئەوەى لە ماوەى بیست و چوار ساڵی رابردوودا بینیوومانە هەموو حیزب و سیاسی و بەرپرسانی هەرێم یەکجۆرن و کوڕی یەک پەروەردەى فاسید و نانەتەوەیی و نانیشتیمانین چونکە ئەگەر حیزب یان دەستەو گروپێک یان کەسێک نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت ئەم هەموو فەسادو گەندەڵیە ناکات و هەر رۆژەى بە جۆرێک میللەت نادات بەدارو بەرددا لە پێناوى بوون و مانەوەى خۆی و بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکانیدا ، بەڵێ سەرجەم حیزبەکانی کوردستان و نوخبەى سیاسی کوردی لە یەک قوتابخانە دەرچوون و هەموویان بڕوانامەى گەندەڵى و دزى و رق و کینەو خۆپەرستییان هەیەو هەمووشیان لە دڵسۆزى و نیشتیمانپەروەرى و نەتەوەپەروەرى و بەتەنگەوەهاتنی داهاتووى کورددا نەک هەر ئیکمالن بەڵکو هەرگیز دەرناچن .