عه‌تا قه‌ره‌داخی : ململانێ له پێناوی میلله‌تدا ، یان ململانێی جه‌لالی نوێ و مه‌لایی نوێ ؟
له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی بنه‌مای پێکه‌وه‌ژیانی نێوان بیروڕا جیاوازه‌کان زۆر لاوازه‌و تاکو ئێستا پێکه‌وه‌ژیانی جیاوازه‌کان نه‌بووه‌ته به‌شێک له که‌لتووری نه‌خۆش و پڕ له قه‌یرانی سیاسی کوردی ، بۆیه زۆرجار نه‌ک هه‌ر سیاسی و رۆشنبیره‌کان خۆیان ، به‌ڵکو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیش به‌سه‌یر ده‌ڕواننه ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سانی جیاواز لهبیروڕاو بۆچووندا پێکه‌وه بن ، یان ته‌نانه‌ت پێکه‌وه کۆببنه‌وه .
ئه‌وه ئاشکرایه کۆبوونه‌وه‌و پێکه‌وه ژیان و هه‌ڵکردنی جیاوازه‌کان پێکه‌وه گرنگتر‌و پڕ بایه‌ختره له کۆبوونه‌وه‌و پێکه‌وه‌ژیانی هاوشێوه‌کان . هه‌روه‌ک ئاشکراشه پێکه‌وه ژیان و کارکردنی جیاوازه‌کان سه‌رچاوه‌ی هێزی زیاتره له پێکه‌وه‌کارکردنی هاوشێوه‌کان . ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که له رووی دیالکتیکی سروشته‌وه په‌یوه‌ندی و ناکۆکی و ململانێی نێوان جیاوازه‌کان و ته‌نانه‌ت دژه‌کان ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی سرووشتی بێت ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی جوڵه‌و داهێنان و له ئاکامی ئه‌وه‌شدا هارمۆنیایه‌ک درووست ده‌بێت که پێی ده‌وترێت هارمۆنیای سرووشت که زیاترین داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی گونجاوو درووست له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێ و ناکۆکیانه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت که سه‌رئه‌نجام ئه‌و هارمۆنیایه به‌رهه‌م ده‌هێنن .
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌مکه بۆچوونه بگوازرێته‌وه بۆ سه‌رئاستی مرۆییش دیسان هه‌مان ده‌رئه‌نجام به‌رهه‌م دێت . ئه‌مه‌ش به ته‌واوی راسته کاتێک گه‌ردوون به گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی و به‌رامبه‌ر یه‌کتر وه‌ستانی دووانه دژه‌کان راوه‌ستاوه . که به‌رئه‌نجامی ئه‌و دووانه دژانه جۆرێک له هاوسه‌نگی درووست ده‌کات که ئه‌وه له سرووشتدا ئه‌و هارمۆنیای سرووشته‌یه که باسمان کرد ، له‌سه‌ر ئاستی مرۆییش ئه‌و هاوسه‌نگی و سه‌قامگیرییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ده‌روونیه‌یه که مرۆڤه‌کان به گشتی پێویستیانه بۆ ئه‌وه‌ی له بارێکی ئاسایدا بژین . هه‌روه‌ک ئه‌و باری جێگیری و سه‌قامگیری و هه‌ست به دڵنیایی کردنه زه‌مینه‌ی پێویسته بۆ عیمرانی مرۆیی و مادی یان بۆ بنیادنانی شارستانێتی .
دیاره ئه‌گه‌ر سیاسی و پارت و ده‌سته‌و گروپ و رۆشنبیره سیاسیه‌کانی کوردستان توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت بابه‌تیانه سه‌یری واقیع بگه‌ن ئه‌وا ده‌بێ باش له‌وه تێبگه‌ن که حه‌قیقه‌ت لای هیچ که‌سیان نیه به ته‌نهاو هیچ که‌سیشیان به ته‌واوی له حه‌قیقه‌ت رووتکراوه نین ، به‌ڵام سه‌رباری جیاوازی و ته‌نانه‌ت ناکۆکیش ماده‌م هه‌موویان ئیدیعای ئه‌ده ده‌که‌ن که ویستی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌م وڵاته‌دا پێگه‌و جێگه‌و شوێنیان هه‌بێت و هه‌ریه‌که‌شیان له روانگه‌ی خۆیه‌وه باس له‌وه ده‌کات که چۆن ئه‌م وڵاته به باشترین شێوه‌ی شیاو به‌ڕێوه‌ببه‌ن ، مانای ئه‌وه‌یه هێشتا رووبه‌رێکی فراوان بۆ کاری پێکه‌وه‌یی هه‌یه ، به‌ڵام به مه‌رجێک له‌و راستیه تێگه‌یشتبن که هیچ کامیان ناتوانێت کۆی ویست و خواست و روانینه‌کانی جێبه‌جێ بکات یان به‌ده‌ست بهێنێت ، به‌ڵکو ده‌بێ له‌و رووبهرهداو له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوابوون به‌وه‌ی که زیاترین خزمه‌ت فراوانترین رووبهرت بۆ مسۆگه‌رده‌کات کار بکه‌ن . هه‌روه‌ک به‌و ئه‌ندازه‌ی تۆ مافت هه‌یه ئه‌ویتریش مافی هه‌یه .
ئه‌گه‌ر پارتی کوردی و سیاسی کوردی گه‌یشتنه ئاستی تێگه‌یشتن له‌و چه‌مکه‌ی کاری پێکه‌وه‌یی ، ئه‌وا بێگومان ده‌توانن باشترین نموونه پێشکه‌ش بکه‌ن و هه‌موو ئه‌و ناکۆکیانهشی له‌سه‌ر چۆنێتی حوکمڕانی کوردستان هه‌یانه به گفتوگۆ‌و لێکتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ری بکه‌ن و له‌سه‌ری رێکبکه‌ون ، به کێشه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمیشه‌وه ، به‌ڵام به مه‌رجێک رق و کینه مێژووییه‌کان به‌لاوه بنێن ، هه‌رچه‌نده من بۆ خۆم زۆربه‌ی کات به گومانه‌وه سه‌یری گه‌یشتنی عه‌قڵی سیاسی کوردی به‌و خاڵه‌و به‌و تێگه‌یشتنه ده‌که‌م و بڕوام به‌وه نیه ئه‌م نوخبه نه‌خۆشه سیاسیه‌ی ئێستا بتوانن زه‌مینه‌ی پێکه‌وه ژیان دابنین چونکه نه‌بوون به خوه‌نی که‌سێتێکی پێگه‌یشتووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆ که له گرێی هه‌ست به که‌میکردن و ترسی له ناوچوون رزگاریان بووبێت .
هه‌روه‌ک ئاشکرایه زۆرجار سه‌رباری ئه‌م تێڕوانینانه ، له نه‌ستی سیاسی به‌رپرسانی کورددا جۆرێک له رق و کینه‌و ده‌مارگیری عه‌شایه‌ری و خێڵایه‌تی کارده‌کات و به‌رده‌وامیش پاڵنه‌ره‌کانی رابردوو له نه‌ستی گشتی سیاسی و به‌رپرسانی کورددا ده‌ژی و زیندووه که ئه‌مه‌ش خاسێتی دیاری مرۆڤی کۆمه‌ڵگه پاشکه‌وتوو پهراوێزییهکانه ، خاسێتی ئه‌و که‌سـه لاوازانه‌یه که ئیدیعای گه‌وره له پێناوی ماف و ئازادی و سه‌روه‌ری مرۆڤدا ده‌که‌ن و له راستیشدا هێشتا خۆیان نه‌یانتوانیووه ببنه مرۆڤی خاوه‌ن شووناسی راسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی به جۆرێکی ئه‌وتۆ که ترسی شکست و دۆڕان یه‌خه‌ی بهردابن .
سه‌رباری ئه‌و عه‌قڵه پاشکه‌وتووه‌ی که باسمان کرد ، کێشه‌ی ئێستای باشووری کوردستان رهگوریشهکهی له رابردوودایه ، که له‌راستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دابه‌شبوونی 1964 یان بۆ رق و کینه‌ی برایم ئه‌حمه‌د له مه‌لا مسته‌فای بارزانی و به چاوی سووک سه‌یرکردنی برایم ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فاوه . واته کێشه‌ی نێوان جه‌لالی و مه‌لایی بزوێنه‌ری ململانێکانی ئێستایه‌و مه‌سه‌له‌ی چۆنێتی ده‌سه‌ڵات و ئازادی و گه‌نده‌ڵی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باس ده‌کرێن جگه له درۆیه‌کی گه‌وره هیچی تر نیه چونکه هیچ کام له‌و نوخبه سیاسیه‌ی که له شه‌سته‌کانه‌وه به‌رده‌وامن نه‌ک هه‌ر بکه‌ری گۆڕانکاری و بکه‌ری داواکاری مافه‌کانی کورد‌و بکه‌ری ئازادی و دیموکراسی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی نین به‌ڵکو راستهخۆو ناڕاسته‌خۆ هه‌موویان دژی ئه‌و بنه‌مایانه‌ن و هه‌ر ئه‌وانیشن رێگری جۆراوجۆر له په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌که‌ن چونکه هه‌ر گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا مانای گۆڕههڵکهندنه بۆ ئه‌وان. زۆرینه‌ی ئه‌و نوخبه سیاسیه ئهگرێسڤن به‌رامبه‌ر به میلله‌ت چونکه زۆرینه‌یان گرێی هه‌ست به که‌می کردنیان هه‌یه ، ئه‌و گرێیه‌ش به‌رهه‌می زۆر هۆکاری په‌روه‌رده‌یی و خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیه ئه‌ویش له‌و رووه‌وه که حیزب هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له کوردستاندا به سه‌قه‌تی درووست بووه‌و له‌لایه‌ن نوخبه‌یه‌کی نائاساییه‌وه درووستکراوه ، بۆیه ململانێی ئێستا که به حیساب له‌سه‌ر گۆڕینی سیستێمی فه‌رمانڕه‌واییه ئه‌سڵی نیه‌و ئه‌و نوخبه سیاسیه‌ی ئێستا ئه‌هلی ئه‌و کاره نین و ناتوانن شتێکی ئه‌وتۆ له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکدا بکه‌ن ، به‌ڵکو هه‌موو ئامانجێکیان هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه به دواکه‌وتوویی و ناهوشیاری و له پشتی ئه‌وه‌شه‌وه هه‌موو جوڵ’ یه‌کیان له پێناوی هه‌ڵڕشتنی رق و کینه‌ی مێژووییاندایه به تایبه‌تی که ئێستا ته‌مه‌نی ئه‌و نوخبه‌یه چووه‌ته سه‌ره‌وه‌و ته‌مه‌نیان ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌ره‌وه نه‌ماوه‌و ئێستا دواتیری که‌وانی رقیان به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر ده‌هاوێژن به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و تیره به‌ر دڵی جه‌ماوه‌رو میلله‌ت و دۆزه ره‌واکه‌ی ده‌که‌وێت.ئه‌گینا ئه‌گه‌ر تیره‌که به‌ر دڵی خودی ئه‌و نوخبه‌یه بکه‌وتایه نه‌ک هه‌ر مایه‌ی نیگه‌رانی نه‌بوو به‌ڵکو له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورد ده وه‌کو نه‌ته‌وه‌و جه‌ماوه‌ریش ده‌شکایه‌وه به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر کۆتایی به مێژووی ئه‌و نوخبه‌یه بهێنایه.
ئه‌گه‌ر به ئاشکرا سه‌یر بکه‌ین ئێستا ململانێی سه‌ره‌کی له نێوان بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فادایه . واته ململانێی مه‌لایی نوێ و جه‌لالی نوێیه . له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئیسلامیه‌کان و هه‌موو ئه‌و یهکێتیانهش که جه‌لالی نه‌بوون یان باشتر وایه بڵێن ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵه بوون مه‌گه‌ر خۆیان فریو بده‌ن ئه‌گینا له‌م ململانێیه بێبه‌رین . ئه‌و ململانێیه‌ی که ئێستا له نێوان نه‌وشیروان مستهفاو مه‌سعود مسته‌فا بارزانیدا گه‌یشتووته لوتکه ، ململانێی نه‌وه‌ی دووه‌می مه‌لایی و جه‌لالیه که له گۆڤاری رزگارییه‌وه ده‌ست پێده‌کات و زیاتریش له ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی بزاوتی کوردایه‌تیه‌وه له نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکان بۆ دواوه تاکو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ئه‌م دووانه وه‌کو سه‌رکرده‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می مه‌لایی و جه‌لالی وه‌کو دوو نه‌یار ده‌رکه‌وتوون و پێموایه ئه‌وه‌ش جۆره رقێکی نه‌ک هه‌ر له لای ئه‌و دوو سه‌رکرده به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر به‌رهه‌مهێناوه، به‌ڵکو رقی نێوانیان یان رقی رێکخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌کو رابه‌ری جهلالیهتی نوێ به‌رامبه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و له‌به‌رامبه‌ریشدا رقی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌رامبه‌ر به رێکخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌کو دڵسۆزترین شاگردی برایم ئه‌حمه‌د دابه‌زیووه‌ته خواره‌وه بۆ ناو ئه‌ندامان و هه‌وادارانی هه‌ر لایه‌نه‌یان و ته‌نانه‌ت بۆ ئاستی جه‌ماوه‌ریش. ئه‌وه راستیه‌کی ره‌تنه‌کراوه‌یه که هیچ پارتیه‌ک له که‌سی یه‌که‌مه‌وه تا دوا لایه‌نگر خۆشی له‌چاره‌ی رێکخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نایه‌ت ، له‌به‌رامبه‌ردا رێکخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و شوێنکه‌وتووانی به‌جۆرێک به ڕقه‌وه سه‌یری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌که‌ن که هه‌ندێجار هه‌ست ده‌کرێت پێیان وایه مه‌ترسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ سه‌ر کورد له مه‌ترسی داگیرکه‌رانی کوردستان زیاتره . بێگومان ئه‌م دوو رقه که رهگءریشهی مێژووییان هه‌یه هه‌روا به ئاسانی کۆتای‌یان نایه‌ت . بۆیه ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ی که جه‌لالی و مه‌لایی نه‌بوون ساویلکانه راکێشراونه‌ته نێو ئه‌و ململانێیه‌وه ، چ ئیسلامیه‌کان و یه‌کێتی چ ئه‌و حیزب و که‌سانه‌ی له‌ولا پشتگیری له پارتی ده‌که‌ن .
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و رقه مێژووییه سه‌خته‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ی که رابه‌ری جه‌لالی نوێ که له دوا قۆناغه‌کانی ژیانی سیاسیدایه ، ده‌یه‌وێت دواتیری کاریگه‌ری خۆی ئاراسته‌ی دڵی مه‌سعود بارزانی بکات ، نه‌ک هه‌ر مێژووی ئه‌و بکاته‌وه به سفر به‌ڵکو مه‌لا مسته‌فاش له گۆڕه‌که‌یدا دووباره له گۆڕ بنێـتهوهو چ هه‌موو ئه‌وانه‌ی جامانه‌ی سوور ده‌پێچنه‌وه‌و چ ئهفهنیه بۆینباخ له مله بارزانیه‌کان هه‌موویان به ده‌هالیزه تاریکه‌کانی مێژوو بسپێرێت.
هه‌روه‌ک ده‌شێ پارتیش ئێستا بیانه‌وێت رۆحی نه‌وشیروان بکێشن چونکه وای ده‌بینن ئه‌و دوا قوتابی دڵسۆزی برایم ئه‌حمه‌ده بۆ دژایه‌تیکردنی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان و به ریشه‌کێشکردنی ئه‌و شاگرده دڵسۆزه‌ی برایم ئه‌حمه‌د ئیتر مێژووی جه‌لالیه‌ت به داڵانه تاریکه‌کانی مێژووی پڕ له کاره‌سات و تراژیدیای کورد ده‌سپێرن، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌بێ نه‌وشیروان مستهفاو مه‌سعود بارزانی بزانن ئه‌وان هه‌ردووکیان به‌رپرسیارن له چاره‌نووسی باشووری کوردستان ، کاتێ ده‌ڵێم ئه‌م دووانه چونکه هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کانی تر له‌م کێشه‌یه‌دا پاشکۆن .
بۆیه پێموایه هه‌ر تراژیدیایه‌ک رووبدات گوناهه‌که‌ی له ئه‌ستۆی ئه‌م دوو پاڵه‌وانه تراژیدی هێنه‌ره‌یه ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته ناپاکیهکی گه‌وره به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی میلله‌تێک که هه‌موو نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیه‌کی قبوڵکردووه که‌چی ئێستا ئه‌مان ده‌یانه‌وێت به پاساوی بێبنه‌ما به ئاگری رقیان له یه‌کتری ره‌نجی ئه‌و میلله‌ته به بابده‌ن . ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م دوو بهڕەیە خۆیان به دڵسۆزی میلله‌ت ده‌زانن ده‌بێت زۆر به‌رپرسیارانه ره‌فتار بکه‌ن . دیاره مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه نییه که له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانیاندا رێکبکه‌ون ، نه‌خێر به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که سه‌رباری ئه‌و رقه مێژووییه به‌رامبه‌ر به یه‌کترو سه‌رباری ناکۆکی و دژایه‌تی کردنی چه‌ندین ساڵه‌ی یه‌کتری ، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوابوون به‌وه‌ی که دژ‌و ناکۆکه‌کانیش ده‌توانن پێکه‌وه بژین ، هه‌وڵبده‌ن بۆ درووست‌کردنی سیستێمێکی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌وتۆ که له‌به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی کورد‌و له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتی کورد بێت و بۆ ته‌نیا جارێکیش وه‌کو به‌رپرسی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه بیر بکه‌نه‌وه که زۆرینه‌یان کێشه‌کانی خۆیانیان له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وه‌کانیاندا به‌لاوه ناوه .