شیرزاد شێخانی : هانی هانیەکەی پارتی .
سروشتی دیكتاتۆر جیاوازیەكی ئەوتۆی نیە جا ئەم دیكتاتۆرە لەشەرق بێت یا لەغەرب .. لەكیشوەری ئاسیا بێت یا ئەفریقیا،لەئەمریكای لاتینا بێت یا خۆرهەولاتی ناوەڕاست .. هیتلەر فرنی غازی بۆ قەتلوعامی جولەكەكان دامەزراند .. سەدام حوسینیش كوردی ئەنفال و كیمیابارانكرد .. كیم جونغ ایلی دیكتاتۆری كوریای باكور میللەتەكەی لەبرسا كوشت،لای خۆشمان سەرۆك زۆر باكی بەبێ موچەیی و وەستانی كاروكاسبیەوە نیە .. دەڵێن سەدام رێژەی سەدا پێنجی داهاتی نەوتی عیراقی بۆ بنەماڵەكەی لەحیسابە بانكیەكانی دەرەوەدا دائەنا ، لای خۆمان لەسەدا پەنجای داهاتی نەوت بۆ گیرفانی بنەماڵەی بارزانییە . دیكتاتۆر هیچ ئینتمایەكی بۆ خاك و نەتەوەو ئینسانیەتیش نیە ..
مەسعود بارزانی زۆر ئاسایی بو لای سوپای سەدام بهێنێتە سەر هەولێرو پەرلەمانەكەی داگییر بكات تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتەوە دەست .. بەشار ئەسەد ئەمرۆ ئەوەی ئەیكوژێت میللەتە عەرەبەكەی خۆیەتی كە لەم وڵاتەدا خەڵتانی خوێنكراوە، هیچكات نە ئەمو نە ئەویش پەرۆشی میللەتەكەیان نەبونە ..
دیكتاتۆرەكانی روانداو بۆسنیاو كەمبودیاش یاسا نێودەوڵەتیەكانیان ئەخستە ژێر پێیانەوە كاتێك لەگەل نەیارەكانیان مامەڵەیان ئەكرد ، لای خۆشمان ساڵانە راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان قەبارەی پێشلیكارییە یاساییەكان دەرئەخەن كە دەسەڵات دژی مافە سیاسیەكانو مافە دیموكراتەكانو تاكەكەسیەكانیش دەیكەن و دەسەڵاتیش پێی پینە ناكرێت .
سەیركەن ئێستا لەم كوردستانەدا چی ئەگوزەرێت :
– دەسەڵاتی پارتی بۆ مانەوەی سەرۆكی ماوەبەسەرچویان لەسەر كورسیەكەیدا بەملیۆنان دۆلار وەكو بەرتیلو كڕینی ویژدانی پەرلەمانتارو سیاسەتمەدار و نوسەرو رۆژنامەنوسان سەرف دەكەن ، تەنها بۆ ئەوەی پشتگیری لەپرۆسەیەكی ئاشكرای پێشیلكردنی یاسای بكەن و ویژدان وئایینو ئەخلاقیشیان بفرۆشنە ئەم حیزبەوە .. خۆ سەدامیش كاتی خۆی لەپارەی نەوت دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم چەشنە بونەوەرانە سەرف ئەكرد !!.
– بەجۆرەها هەڕەشەو گوڕەشەو تۆقاندنی خەڵك بەهەڵگیرساندنی جەنگ و ترساندنیان بەشەڕی براكۆژی پارتی هەوڵی درێژكردنەوەی ویلایەتێكی دوجار بەسەرچوی سەرۆكەكەیان ئەدەن ، تەنها بۆ ئەوەی سەرەتای حوكمێكی دیكتاتۆریانە لەم هەرێمەدا بچەسپێنن .
– لەساڵانی شەستەكاندا حكومەتی عیراق هەزاران دۆلاری بۆ كڕینی ویستگەی تەشویشی ئێزگەی شۆرشی كورد سەرف ئەكرد بۆ ئەوەی دەنگی میللەتێكی چەوساوە كپبكات ، بەهانی هانیەكەی نەیئەهێشت قارەمانییەتی پیشمەرگەكان میللەت دلخۆش بكات ، ئیستاش پارتی كە رابەری ئەو شۆرشە بو ، بەملیۆنان دۆلاری داناوە بۆ تەشویش خستنە سەر كەناڵە ئاسمانیە نەیارەكانو راگرتنی سایتەكان و ترساندنی نوسەرو رۆژنامەنوسە ئازاو دلێرەكان ، كار گەیشتە ئەوەی بێ شەرمانە لە كۆبۆنەوەی فەرمی پارتی ویەكێتیدا داوای دەمكوتكردنی بەندە بكەن و گلەیی داڵًدەانم بكەن لە زۆنی ئازادی سەوزدا ، ئەمەش لەكاتێكدایە كە خودی سەرۆكی هەرێمەكەیان فەرموبوی ئەوەی بە ئیمە رازی نیە با بارگەی هەلّگری و بڕوات !!.
– كاتێك حافز ئەسەدی دیكتاتۆری سوریا مرد ، بەشار تەمەنی 36 ساڵبو ، بەپێی دەستور ئەبوایە تەمەنی 40 ساڵبوایە ، بەڵام دەستورەكەیان بۆ گۆری و كردیان بە جێگرەوەی باوكە دیكتاتۆرەكە ، ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە ئەگوزەرێت هەمان شتە لەپێشێلكردنی یاساو دەستورێك كەجاری روناكیشی نەبینیوە كەچی بەدەس حیزبی دیكتاتۆرەوە ئەتك كراوە ، جا دەستور چ فایدەیەكی ئەبێت ئەگەر بۆ تەنها كەسێك بنوسرێتەوە .
– لەمومارەسەی سیاسەتو حوكمرانیشدا هەمیشە دیكتاتۆر پەنای بۆ تەزویرو تەزویركاری بردوە ، باسی رێژەی 99سەدی دیكتاتۆرەكان ناكەم كە مەحالە بۆ پارتی لێرەدا بچێتەسەر، بەڵام سەیركەن چۆن پارتیش وەك حیزبی بەعس لە رێگەی ( جەبهەی وەتەنی دیموكراتی پێشكەوتنخواز ) ی سەردەمی بەعسی لەناوچو چە ندین حزبی كارتۆنی وەكو توركمانو مەسیحیی وژمارەیەك لەحزبۆكەكانی بەناو نەتەوەوە دروست كردوە بۆ رتوشكردنو جوانكردنی روخساری دیكتاتۆریانەو لەهەڵبژاردنەكانیشدا سود لە كورسیەكانیان وەرئەگرێت .
– لەسیاسەتی حوكمرانی و بەرێوەبردندا ، هەمان سیاسەتی دیكتاتۆرەكانی مێژوو دوبارە ئەكاتەوە ، كۆڵەگەی ئەم سیاسەتەشیان ” سەگەكەت برسی بكە بەدوات ئەكەوێت ” بەهەمان پێوەرەوە میللەتیان برسی كرد بۆ ئەوەی هەمیشە چاوی لەدەستی ئەوان بێت ، نەیانهێشتوە میللەت لەوە تێبگات كەوا بەشیان هەیە لە سەروەتو سامانی ئەم هەرێمەدا ..
– تەنانەت لەپەیوەندییە سیاسەكانیشیاندا هەمیشە خۆیان بەحیزبی قائیدو ئەوانی تریش بە پاشكۆ زانیەوە ، بۆیە ئەمرۆ سەرۆكی پارتی لە تاڵترین و ناخۆشترین رۆژگاریەتی ، لەبەر پرۆژەی ئەو چوار حزبەی ئەیانەوێ سیستەمی سیاسی بگۆرن كە ئەمەش لای ئەو شكاندنی شكۆمەندیو هەیبەتی سوڵتانیەكەیەتی ، ئەو وەك زاتێكی موقەدەس تەسەوری نەئەكرد رۆژێك لەرۆژان كەسێك یا لایەنێك زاتی ئەوە بكات بەرامبەری بوەستێت ، ئەو بەعەقلیەتی عەشاریەركەی وا راهاتوە خەڵك كۆیلە بن ئەویش ئاغا .
لە كۆتاییشدا دەڵێم ” سوننەتی ژیان هەر وابوە قەت دیكتاتۆر تا كۆتا بۆی نەچۆتەسەر ، سوننەتی خواییە هەر ئەبێت لەسەر دونیاش ببێت بەپەندو عیبرەت .. قەت مێژوو سزای ئەم دیكتاتۆرانەی فەرامۆش نەكردوە ، بەچاوی خۆمان چارەنوسی دەیانیانمان بینی ، چارەنوسی ئەوەی خۆشمان باشتر نابێت لەوانیتر ، چونكە ئەمە حوكمی تأریخە بەسەر هەمو دیكتاتۆریك كە فیرعەو ن ئاسا ئەڵی ” من خوای گەورەی ئێوەم ” .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts