ئەو شەوەی هەولێر بۆنی خوێن و ڕووی کودەتای سەربازیی پێوە دیار بوو .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەم ڕاپۆرتە بخوێنەوە ، بۆ ئەوەی لەوە بگەیت پارتی لە شەوی 23 ی حوزەیراندا ، خەریکی چ پیالانێکی کودەتایی و چ شڵەژانێک سەربازیی و سیاسی پێوە دیار بوو . ئەمەی خوارەوە ڕاپۆرتەکەیە .
ئەوەی لەبارەی 23 حوزەیرانە نەتبیستووە ، رۆژو شەوی پێش كۆبوونەوە رەوشی هەولێر لەوە چووە ئینقلابێكی سەربازی ئەنجامدەدرێت .
بەگێڕانەوەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ( فراكسیۆنەكانی یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتوو ) شەوو رۆژێك پێش بەستنی كۆبوونەوەی 23ی حوزەیران ، رەوشی پەرلەمانو ناو هەولێر لەوە چووە كە ئینقلابێكی سەربازیی لەسەروەختی ئەنجامدانیایەتی .
بەرپرسانی پارتی بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانیو فازل میرانی زۆر بە شڵەژاویی لەپەیوەندیدابوون بە لایەنەكانەوە تا كۆبوونەوەكە سەر نەگرێ و هەڵبوەشێتەوە .
هەموو فراكسیۆنەكان نایشارنەوە كە دوچاری ترس هاتوون لەوەی نەبادا شتێك روو بدات ، بەڵام دواجار بەسەر ترسو فشارەكانی پارتیو ئەمیندارو سەرۆكەكانی خۆیاندا زاڵبوونو چوونە هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان. بۆ سەرۆكو سكرتێرو هەموو ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان، رۆژی 23ی حوزەیران بوو بە رۆژێك كە كەسیان ناتوانن لەبیرەوەرییەكانیاندا نەینووسنەوە بەشێكیان بەشانازییو بەشێك بەخراپكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی .
گۆڤاری « شار» لەهەردوو فراكسیۆنی كۆمەڵو یەكگرتوو زانیاری وەرگرتووە كە دوای ئەوەی ئەو داوایەی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن یوسف محەمەدو فەخرەدین قادر رەتكراوەتەوە ، جێگری سەرۆكی پارتی بەردەوامبووە لەهەوڵەكانیو تا درەنگانێكی ئەو شەوە لەپەیوەنیدابووە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمەڵو یەكگرتوو بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر پەرلەمانتارەكانیان تا بەشداری كۆبوونەوەكە نەكەن ، بەڵام ئەو هەوڵانەشی بێئەنجامبوون .
فشارەكان بۆ سەرنەگرتنی كۆبوونەوەكەو تەواو نەكردنی نیسابی یاسایی بەردەوام بوون ، بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەوڵیداوە لەڕێی سەركردایەتیو پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لەبادینان ببنە فشارێك لەسەر پەرلەمانتارانیان تا نەچنە كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانەوە ، هەرچەندە میرانی سەركەوتوو بووە لەرازیكردنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەبادینان ، بەڵام سەركردایەتی بادینان نەیانتوانی ئەو فشارە دروست بكەنو فراكسیۆنەكەیان بكشێننەوە .
هەر شەوی 23 ی حوزەیران نێچیرڤان بارزانیو فازڵ میرانی، مەولود باوەموراد رادەسپێرن سەردانی سەرۆكی پەرلەمان بكاتو رازی بكات تا كۆبوونەوەكە بەڕێوە نەچێ ، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان بەتوڕەییەوە وەڵامی دەداتەوە ، هەروەها عەبدولستار مەجید پەیوەندی بەفەخرەدین قادرەوە دەكات بۆئەوەی ئیمزاكەی بكشێنێتەوە ، هەوڵەكانی ئەویش بێ ئاكام بوون .
هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بەوەوە نەوەستان بەڵكو تا چەند خولەكێ پێش كۆبوونەوەكە بەردەوام بووە لەفشارەكانی ، هەر ئەو رۆژە جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بەمحەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەكگرتووو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەكات بۆ ئەوەی فشار لەپەرلەمانتارەكانیان بكەن بێنە دەرەوە ، هەرچەندە رابەری ئەو دوو حزبە ئیسلامییەكە بڕیاری ئەوە دەدەن كە بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن ، بەڵام پێشتر هەردوو فراكسیۆنەكە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون ئەگەر لەلایەن حزبەكانیانەوە فشاریان لێ بكرێت پابەند نەبنو بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن، هەرچەندە هەندێك دەڵێن دور نییە ئەمە مانۆڕی نێوانی ئەو دوولایەنە خۆیان بێتو رۆڵەكانیان دابەشكردبێت ، بەجۆرێك سەركردایەتی قسەیەكو پەرلەمانتارەكانیان قسەیەكی تر بكەن .
هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی پارتی ، رۆژی 22 ی حوزەیران دەچێتە پەرلەمانی كوردستانو لەگەڵ سەرۆكو سكرتێری پەرلەمان كۆدەبێتەوەو پێیان دەڵێ « پێویستە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام نەدەن ئەگەرنا پارتی بەرپرسیارێتی هیچ رووداوێك ناگرێتە ئەستۆو ژیانی هیچ كەسێكیش پارێزراو نابێ » هەڕەشەی ئەوەشی كردوە كە دوور نییە لایەنەگرانی حزبەكەی هێرش بكەنە تەلاری سەر پەرلەمان ، هەر ئەوەش بووە هۆی بانگهێشتكردنی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەولێر.
لەسەرەتای كۆبوونەوەی 23 ی حوزەیران یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەكۆبوونەوەكەدا بە راشكاوانە وتی : هیچ هێزو فشارێك ناتوانێ ئیرادەی پەرلەمانی كوردستان پەكبخات ، چونكە پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستانە ، نەدەبوو ئەو هەموو فشارە لەسەر پەرلەمانو سەرۆكایەتی پەرلەمان دروستبكرێ بۆ ئەنجام نەدانی ئەم كۆبوونەوەیە .
بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری « شار» كە لەهەردوو فراكسیۆنی كۆمەڵو یەكگرتوو دەستیكەوتووە ، بەرپرسانی پارتی لەرۆژێك پێش كۆبوونەوەكە تاكو ساتی بەڕێوەچوونی 23 جار پەیوەندی بەیەكگرتوو 17 جاریش پەیوەندی بەكۆمەڵی ئیسلامییەوە كردووە ، بێجگە لەو پەیوەندییانەی كە محەمەد فەرەجو عەلی باپیر بەپەرلەمانتارەكانیانەوە كردوویانە .
پێش كۆبوونەوەكەش پارتی پەیوەندی بەشەش پەرلەمانتاری یەكگرتووەوە كردووە بۆ ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەبن ، لەبەرانبەردا چی ئیمتیازێكیان بوێت بۆیان دەكەن ، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێنی سەیارەی وەنەوشەو زەوییان پێداون ، تا دواجار كەوتوونەتە هەڕەشەكردن لەكادیرانی یەكگرتوو لەبادینان .
شوان قەڵادزەیی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەڵێ سەردەمێكی نوێ لەكاری پەرلەمانتاریی هاتووەتە پێشەوە كە پەرلەمانتار چیتر نابێتە بڵندگۆی تەنیا حزبەكەی خۆی ، بەڵكو بەوتەی ئەو لەدوای 23ی حوزەیران پەرلەمانتار سەربەخۆیی خۆی وەرگرت .
دوای كۆبوونەوەكە چی روویدا ؟
شەوی 23 حوزەیران پەرلەمانتاران دەڵێن هەستێكی تایبەتیان هەبووە هاوكات بەشێكیان ترساوو دوو دڵ بوون نەبادا شتێكی خراپ روو بدات ، بۆیە فراكسیۆنی یەكێتی لەماڵی یەكێك لەپەرلەمانتاران كۆدەبنەوە ، بەهەمانشێوە فراكسیۆنی گۆڕانیش ئەو شەوە چەند وێنەیەكی سێڵفیان بڵاوكردەوە كە نیشانی دەدا گشتیان پێكەوەن دواتر لەفەیسبووك نووسیبوویان « هەڕەشە نامانوەستێنێ».
ئەو شەوە پەرلەمانتارانی گۆڕانو یەكێتی بەردەوام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەكتركردووەو هەواڵی یەكتریان پرسیوە ، بەردەوامیش پەیوەندییان لەگەڵ فراكسیۆنی یەكگرتووو كۆمەڵدا هەبووە . وەكو هەندێك لەپەرلەمانتاران باسی لێوە دەكەن ئەو شەوە تا درەنگانێكی شەو نەخەوتوون .
سەركەوت سەرحەد پەرلەمانتاری یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات ئەو شەوە فراكسیۆنەكەی پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە گرژییەك لەپەرلەمان رووبدات ، بەوتەی ئەو پارتی ترسی لای پەرلەمانتاران دروستكردبوو كە هێرش دەكەنە سەر پەرلەمان ، بۆیە فراكسیۆنەكەشی ئەو شەوە كۆبوونەتەوەو هەڵسەنگاندیان بۆ هەڕەشەكان كردوە .
بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری «شار» شەوی 23 حوزەیران هەر یەكە لەسەرۆكو سكرتێری پەرلەمان لەماڵەكانی خۆیاندا نەماونەتەوە ، بەڵكو شوێنی مانەوەیان گۆڕیوەو ژمارەی پاسەوانەكانیشیان زیادكردووە ، ئەوەش لەترسی ئەو هەڕەشانەی كە هێمن هەورامی ئەو رۆژە بەسەرۆكی پەرلەمانی راگەیاندبوو.
بەهار عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری یەكگرتوو بۆ گۆڤاری « شار» وتی «هەندێك لەبەرپرسانی پارتی بەجۆرێك قسەیان دەكرد كە جەماوەرەكەیان كۆبوونەوەی پەرلەمان قبوڵ ناكەن ، بۆ ئەوەی رەوایەتی بدەن بەهەر هێرشێك بكرێتە سەر پەرلەمانو پەرلەمانتاران ، بۆیە شەڕی دەروونیان لەگەڵ پەرلەمانتاران دەكرد ».
ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەوان حسابیان بۆ ئەو هەڕەشانە كردبوو ، بۆیە بەوتەی خۆیان چاوەڕێی روودانی كاردانەوەی پارتی بوون ، هەر بۆیە ئەو شەوە فراكسیۆنەكەیان كۆبوونەوەی كردووە بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشەكە .
بەگوێرەی قسەی بەشێك لەبەرپرسانی یەكگرتوو ، هەر لەسەرەتاوە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوەدا نەبوون فراكسیۆنەكەیان بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن ، چونكە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەشەوی 22 ی حوەزیران زیاتر لەچوارجار پەیوەندی بەمحەمەد فەرەج ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامییەوە كردووە ، هەروەها سەرەتا بڕیاریاندا بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەكەن ، بەڵام بەهۆی سوربوونی پەرلەمانتارەكانیانەوە نەیاتوانی بڕیارەكە ببەنە سەر .
مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش بەهۆی تەلەفۆنە یەك لەدوای یەكەكانی نێچیرڤان بارزانیو فازڵ میرانی بۆ عەلی باپیرو عەبدولستار مەجید ، لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بەشداری كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بكەن ، بەڵام پەرلەمانتارەكانیان پێشتر لەناوخۆیاندا رێككەوتبوون كە پایەندی بڕیاری مەكتەبی سیاسی نەبن ، هەرچەندە خودی عەلی باپیر هەوڵی زۆریدابوو لەگەڵ پەرلەمانتارانی حزبەكەی كە نەچنە كۆبوونەوە ، بۆیە لەسەر ئەوەش نیگەرانی دروستبووە لەنێوان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی .
یەكێتیش هەرچەندە سوربوون لەسەر ئەوەی كە ئەزموونیی30 حوزەیرانی 2013 دووبارە نەكەنەوە ، بەڵام ژمارەیەك لەمەكتەبی سیاسییەكانیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ئەو كۆبوونەوەیە بكرێ . بەڵكو پێیان وابووە كە دوو رۆژ كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێ تا لەگەڵ پارتی دەگەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش . هەروەها لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پێیان وابووە كە ئەمە شوێنكەوتنی هەنگاوەكانی گۆڕانە بۆیە پێویستە ئەوان پەلە نەكەن لەبەشداری كۆبوونەوەكەیان ، بەڵام دواجار زۆرینەیان بەبەشداربوونیان رازی بوون .
دوای پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 بۆ یەكەمجار شێوازێكی تری كاری پەرلەمانیی هاتۆتە ئاراوە كە لە23ی حوزەیرانەوە دەستپێدەكات ، ئەویش گوێنەگرتنو پابەند نەبوونی پەرلەمانتارانە بەسەركردایەتی حزبەكانیان لەدۆخێكی وادا .
بەهار عەبدولڕەحمان هەڵوێستی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی بەهەڵوێستێكی نوێو گرنگ لەكاری پەرلەمانتاریی وەسف دەكاتو دەڵێ « بۆ یەكەمجارە پەرلەمانتار سەربەخۆیانەو بەبێگوێدانە بڕیارو فشاری حزب لەناو پەرلەماندا كاری خۆی بكات ، ئێمە بڕیارماندا سەربەخۆیانە كار بكەینو دەبێ خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژەیە بكرێ ، لەبەرئەوە گوێمان بەبۆچوونی حزبەكەمان نەدا».
ئامادەبوونی نوێنەرایەتییەكان
فشارو هەڕەشە ناڕاستەوخۆكانی دواساتەكانی پێش 23ی حوزەیران وای لەسەرۆكی پەرلەمان كرد بیر لەبانگهێشتكردنی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەولێر بكاتەوە بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان ، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەرێی راوێژكارەكەی (دڵشاد مەحمود) بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی 18 نوێنەراتی كردبوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشێوەی فشارەكانی بۆ سەر پەرلەمانتاران فشاریشی لەسەر چەند نوێنەرایەتییەك كردووە بۆ ئەوەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان نەكەن ، بەقسەی سەرچاوەكی نزیك لەسەرۆكایەتی پەرلەمان لەژێر فشاردا بەشێك لەو نوێنەرایەتییانە بەشدارییان نەكردو نوێنەری توركیاش لەبەردەم دەرگای پەرلەمان گەڕاوەتەوە لەكاتێكدا پێشتر وەڵامی پەرلەمانیان داوەتەوە كە بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن .
بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری «شار» نێچیرڤان بارزانی لەرێی سەفین دزەییو فەلاح مستەفاوە پەیوەندی بەچەند نوێنەرایەتییەكەوە كردوە كە ئامادەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەبنو ئاگاداركراونەتەوەو تەنانەت هۆشداریشیان لەوبارەوە پێدراوە ، بەڵام فشارەكانی پارتی كاریگەری لەسەر نوێنەری هەندێك لەوڵاتانە نەبووە ، بۆیە نوێنەری هەریەكە لەوڵاتانی میسرو ئەمریكا، ئێرانو ئەڵمانیاو فەڕەنساو نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون .
بانگهێشتكردنی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەولێر بیرۆكەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووەو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتیشەوە پیشتیوانی كراوە ، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەوە تۆمەتبار كرا كە ئەجێندای دەرەكی تێكەڵ بەپرسە ناوخۆییو نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە .
پارتی، گۆڕانو یەكێتییان بەوە تۆمەتبار كرد كە پرۆژەی ئێرانیان هێناوە بۆ پەرلەمانو جێبەجێی دەكەن ، میدیاكانی ئەو حزبەش فۆكەسیان خستبووە سەر ئامادەبوونی كونسوڵی ئێران لەپەرلەمان ، چەند ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاماژەیان بەوە كرد ئامادەبوونی ئێران لەو كۆبوونەوەیە پرسیاری گەورەی لەسەر پەرلەمان دروستكردوە، بۆیە پارتی كۆبوونەوەی 23 حوزەیران بەهێنانی دەستی دەرەكیو بۆ شكاندنی پارتی لێكدایەوە .
سەركەوت سەرحەد پەرلەمانتاری یەكێتی دەڵێ « ئامادەبوونی نوێنەرایەتییەكان لەكۆبوونەوەی پەرلەمان شتێكی ئاساییەو ئەو پرسە پارتی بۆ مەبەستی خۆی گەورەی كرد ، تۆمەتی ئەوەشی دایە پاڵ ئێمە كە گوایە پرۆژەی ئێرانمان هێناوە ، بەڵام ئامادەبوونی ئەوان لەبەرئەو هەڕەشانە بوو كە برادەرانی پارتی لەپەرلەمانیان دەكرد ».
ئێستا ئیتر دەرفەتێكی تازە هاتۆتە بەردەم پەرلەمانتارانی كوردستان تا ملكەچ نەكەن بۆ هەموو بڕیارو راسپاردەیەكی حزبەكانیان ، چونكە رەنگە ئەمە ببێتە زیان بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن حزبەكانیانەوە ناچار بكرێن بەشتێك كە زیانی زۆرترە وەكو لەقازانج . خەڵكی چاوەڕێی زیاتر دەستكراوەییو سەربەخۆیی لەپەرلەمانتاران هەیە تا زیاتر ببنە خواستی خەڵك نەك خواستی سیاسییانەی حزبەكان كە رەنگە بچنە ژێر باری فشاری حزبە باڵادەستەكانەوە .
راپۆرتی : شار
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە