عیماد عەلی : پرۆژەی دەستور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێکەوە لە پەرلەمان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت .
بۆ دەربازبون لەم قەیرانە سیاسی و یاساییەی لە نەبونی دەستور و جێگیرنەبونی هەر جۆرێک لە سیستمی سیاسی لە کوردستان، تێیکەوتوین، دەکرێت ئەم گەرم و گوری و مکوری و جەخت کردنەی لایەنەکان بکرێتە سەرەتایەکی خێرا بۆ دەربازبونی هەرێم لە گرێکوێرە و ئاڵۆزیە یاسایی و سیاسیە بەردەوامەکانی و ، بە کۆمەڵێک یاسا ، باری نالەباری هەرێم راست بکرێتەوە و هەنگاوەکانی داهاتوو رێکبخرێتەوە و هەرێم بەرەو رێرەوی یاسایی بونی زیاتر ببرێت .
لەم رۆژانەدا گفتوگۆیەکی زۆر گەرم و چروپر لەبارەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت وسەرجەم لایەنەکان مکورن لەسەر تێپەراندنی ئەم یاسایە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە دەستوری هەرێم و کۆتایی هاتن بە ماوەی ئامادەکردنەکەی بدرێت .
هەموان لەو باورەدان کە بێ متمانەیی باڵی بەسەر هەموولایەکدا کێشاوە و ، لە قۆناغێکداین کە رۆڵی جەماوەرێتی هەر لایەنێک و هەر هەنگاوێکی لایەنەکان لەمەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کاریگەری خۆی لەسەر رێژەی جەماوەریبونیان بە جێ دەهێڵێت و ، ئەم تێروانینەش رۆڵی کارای خۆی دەگێرێت لە هەنگاو و گفتوگۆ و هەڵوێست وەرگرتنیان لە نێو وتووێژەکاندا .
هەڵوێست لە مانەوەی سەرۆکی هەرێم یان نەمانەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ، یەکێکە لە بابەتە هەستیار و گرنگەکانی بۆچونی هەر لایەنێک و حساباتی گەورەی خۆی دەوێت ، بۆ ئەوەی هەر لایەک بە بێ زەرەر لێی دەربچێت . بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە هیچ لایەک ناتوانێت بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوی هەنگاو بنێت و ئەگەر تێروانینی جەماوەر لەبەرچاو نەگرێت، جەماوەریبونی بە رێژەیەکی زۆر گەورە دەدۆرێنێت ، لەبەر ئەوەی لەم کاتەدا ئەم مەسەلەیە وا چارەنوسسازە بۆتە خاڵی یەکلاکەرەوەی سیاسی و ، لێرەشدا رێژەی جەماوەرێتی زۆر پەیوەست بووە بە شێوە و جۆری هەڵوێست لەمەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و مانەوەی یان نە مانەوەی بارزانی لە سەر کورسیەکەی .
بۆ دەربازبون لەم ئیحراجیە ، بێ ئەوەی زەرەرێکی گەورە لە هیچ لایەنێک بکەوێت و ئەم وەزعە جێی خۆی لە کاروانی بە یاسایی بون و دیاریکردنی سیستمی سیاسی کوردستان بە ئەرێنی بە جێ بهێڵێت ، دەبێت راستە رێگایەک بگیرێتەبەر کە نە شیش بسوتێت ونەش کەباب ، لەو بەینەشدا دەکرێت هەردوو یاسای سەرۆکایەتی و دەستوری هەرێم و درێژ کردنەوەی ماوەی ئامادەکردنی دەستوری هەرێم و ، کۆتایهێنان بە پێی رێکەوتنەکانی ئەم کۆبونەوانە و رازیبونی پەرلەمان ، زۆرێک لە پرسەکە ئاسان دەکات و بێ متمانەییش ناهێڵێت .
بۆیە دەبێت کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی ئامادەکردنی دەستور و خێراکردن و دەستوبردکردن لەو پرۆسەیە هاوکات لەگەڵ ئامادەکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بێت و ، برگەو بەندەکانی ئەم یاسایە وەک خۆی لە دەستوردا جێگیر بکرێت و هاوشان لە گەڵ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان تێپەرێنرێت و ، دواتر لە کاتێکی دیاریکراودا بخرێتە بەردەست جەماوەر بۆ راپرسی . لەو نێوەشدا کەس سڵ لە چەواشەکاری و فرت و فێل ناکاتەوە و هەنگاوەکان مەیسەر دەبن .
هەر بۆیە بێ ئامادەکردنی دەستور لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ، ئەگەر هەنگاوەکانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەتەنها پێشبخرێت ، ئەگەری گەورەیە کەسەرکەوتو نەبێت ، لەم حاڵەتەشدا کاریگەری سەلبی بێ متمانەیی رۆڵی خۆی لەسەر گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت .
بۆیە پێداگری چوار لایەنەکە لەسەر جێگیرکردنی دارشتنی برگەکانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە دەستوردا ، هیچ ئیحراجیەک بۆ هیچ لایەک ناهێڵێت و کایگەری ئەرێنیش لەسەر لیژنەی ئامادەکردنی دەستور دەبێت و رۆڵی خۆی لە خێرا بەرێوەچونی کارەکانیان و لەسەر بارودۆخی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستانیش دەگێرێت . لەم بەینەشدا رێژەیەکی گەورەی گرێکوێرەی برگە و بەندەکانی پرۆژەی دستور و سیستمی سیاسی کوردستان بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر دەبێت و لەوبارەشەوە کۆتاییهێنان بە پرۆژەی دەستور ئاسان دەبێت و دەتوانرێت لەگەڵ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بخرێتە بەردەست پەرلەمان .