نەبەز گۆران : گوتاری فاشیەت لەبەرگی حیزبدا .
زۆر جێگای نیگەرانیە ، شەپۆلێك گوتاری فاشی دروست بووە ، كە ئەگەر لەگەڵ بۆچونەكانی بیت ، ئیتر تۆ كەسێكی باشی و ئەگەر پێچەوانەی بۆ چونەكانی بیت ، ئیتر تۆ هەموو شتێكی خراپی !
ئەم شەپۆلە ، هەمان ئەو شەپۆلە كۆنەیە ، كە هەمیشە پێی وابووە ، یان لەگەڵمی ، یان دوژمنمی !
ئەكرێت بۆ كەسێك كە دوربێت لە كاری رامیارییەوە ، یان دوربێت لە فەرهەنگی ( جیاوازی قبوڵكردن ) ئەم جۆرە كارانە جێگەی نیگەرانی نەبن . لێ ، بۆ كەسانێك كە گەنج و خوێندەوار و نزیك لە فەرهەنگ بن ، جێگەی داخە ، هەر هێزێك لەگەڵ دونیا بینی ئەودا نەبێت ، ئیتر دەبێتە هێزێكی شەیتانی .
ئەم شەپۆلی گوتاریی فاشیەتە ، لەناو كۆی هێزەكاندا دەبینرێت و بەرامبەر بەیەكتری هەوادارەكانی خۆیان ، گۆشدەكەن لەسەر ئەم گوتارە پڕ مەترسیدارە تا یەكتری بسڕنەوە .
تێناگەم ، بۆچی دەبێت هەموو هێزەكان لەیەك بچن ؟! گەر لەیەك بچن ، كەوایە پێویست بەم فرە هێزییە ناكات . فرە هێزی بۆیە دروست بووە ، چونكە فرە بۆچونی هەیە . لە ململانێی دیموكراسیشدا ، یەكێك لە پایە سەرەكیەكانی ، فرە بۆچونیە . فرە بۆچونی واتای ئەوە نیە ، من چۆن بیرمكردەوە ئیدی دەبێت ئەوانی دیكەش وەك من بیربكەنەوە .
كەسێك بروای بە دیموكراسی هەبێت ، بروای بە فرە بۆچونی هەیە . ئەما ، ئەم گوتارە فاشیە ، خەریكە كۆی دونیا جیاوازیەكان بكوژێت و كار لەسەر یەك رەنگكردن ، یان دوو رەنگكردن بكات . كاتێك ئەم گوتارە فاشیە ، باڵادەست بوو ، ئیدی نە پایەكانی دیموكراسی دروستدەبن و نە پایەكانی ، فرە بۆچونی و فرە رەنگی . دەبێت لێگەرێین هەموو كەس و هەموو هێزێك وەك خۆی بێت و لەبری سرینەوەی كار لەسەر گۆرینی دونیا بینی بكرێت . دیموكراسیەت ئەوەمان فێرە دەكات ، نەك ئەوەی ئەگەر لەگەڵم نەبیت ، ئیدی تۆ دەبێت بسدرێیتەوە !
ترسی ئێستا ، ترسە لەم گوتارە فاشیە . لەو گوتارەی ، دەیەوێت هەمووشتی خۆی قبوڵ ببێت و ئەوی تر بسرێتەوە ، یان تارو ماری بكات .
لەبری ئەم گوتارە فاشیە ، دەپرسین ، بۆچی لەبری یەكتر سرینەوە و یەكتر وێرانكردن ، كار لە سەر رازی كردنی یەكدی ناكەن ؟
ئەمە تەنها پرسیار و سەرنجێكی سەرەتاییە ، لەسەر ئەو شەپۆلەی ، كە زۆر كەسی تێكەوتووە و سەرقاڵی سرینەوەی یەكترین بەبێ ئەوەی دەرك بكەن ، ئەمە خزمەتكردنە بە مەترسیدارترین گوتار لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا .
خزمەتكردنە بە گوتارێك ، مەترسیەكەی هیچ جیاوازی نیە ، لە خزمەتكردن بە ستەمكار .