عه‌تا قه‌ره‌داخی : كورد پێویستی بهیهكبوونه بۆ سه‌ركه‌وتن ، پێویستی به جیاوازیه بۆ رێگرتن له درووستبوونی دیكتاتۆریه‌ت .
فره حیزبی و فره ده‌نگی و فره ره‌نگی له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا شتێكی سرووشتی و به‌ڵگه‌ی سرووشتی بوون و ته‌ندرووستبوونی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه . دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه فره ده‌نگی و فره ره‌نگی و فره حیزبیش ئه‌گه‌ر له بارێكی ته‌ندرووست و سرووشتیدا بێت سه‌رچاوه‌ی هێزه .
ره‌نگه له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو پاشكۆو داگیركراوه‌كانی وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هه‌رچۆن كۆمه‌ڵگه به ره‌وتێكی سرووشتی نه‌ڕۆیشتووه‌و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه به سرووشتی درووستنه‌بوون ، به هه‌مان شێوه فره ده‌نگی و فره ره‌نگی و فره حیزبیش دیسان به‌رهه‌می بارێكی ناسرووشتی بن له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ململانێكانی نێوان دامه‌زراوه ته‌قلیدییه‌كانی وه‌كو خێڵایه‌تی و عه‌شیره‌تایه‌تی و حیزبایه‌تی داخراوی جێگره‌وه‌ی خێل ، فرهییهكانی درووست كردبێت ، ئه‌وه‌نده جیاوازی له روانیندا ئه‌و فره‌ییه‌ی درووست نه‌كردبێت ، كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش له‌به‌ر ناسرووشتیبوونی فره‌یی و جیاوازییه رووكه‌شه‌كان زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌و زۆرێك له توانا‌و وزه‌ی گشتی گه‌ل یان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌م ململانێ نابابهتیانهدا به فیڕۆ چووه . كه نوخبه‌ی سیاسی ته‌قلیدی كورد‌و نوخبه‌ی سیاسی ههرزهكارو عه‌قڵ ناكامڵی سیاسی ئێستای كورد هه‌ردووكیان له‌م رووه‌وه رۆڵی نه‌رێنیان بینیووه‌و ده‌بینن و ئه‌وه‌نده‌ی له پێناوی دابه‌شبووندا كارده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده واقیعیانه له پێناوی یه‌كبوون و یه‌كگرتندا كارناكه‌ن .
شێوازی گوزارشتكردن و مامه‌ڵه‌كردنیان بۆ نیشاندانی جیاوازی و ململانێیكان له‌بری ئه‌وه‌ی شارستانیانه‌و سه‌رده‌میانه بێت خێڵهكیانهو ناوچهگهرییانهو شارچێتیانهیه ، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌ی لاوازی و ناكامڵی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیانه كه ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامی لاوازی له‌به‌رچاوی ناسیونالیزمی كوردیه ، به‌جۆرێك كه نه‌یتوانیووه دامه‌زراوه لۆكاڵیه‌كانی وه‌كو حیزب و رێكخراو و ده‌سته‌و گروپ و ناوچه‌و شار‌و خێڵ و عه‌شیره‌ت و ته‌ریقه‌ت و مه‌زهه‌ب و ئایین ههڵوهشێنێـتهوهو هه‌موو كۆمه‌ڵگه له یه‌كه‌یه‌كدا رێكبخات كه نه‌ته‌وه یان گه‌له.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسیه له‌م بارودۆخه‌دا كه كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی داعش و توركیا‌و ئێران و عێراقدایه ، كه‌چی هه‌ردوو نوخبه‌ی ته‌قلیدی سیاسی و هه‌رزه‌كاری سیاسی كورد به ئاشكرا كه‌مته‌رخه‌مانه ره‌فتار ده‌كه‌ن و هێزو وزه‌و بیر‌و خه‌یاڵی كورد له ململانێ بێبههاكانی ناوخۆدا به فیڕۆده‌ده‌ن كه ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ شاردنه‌وه‌ی شكستی خۆیانه له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا..
بۆیه جێگای خۆیه‌تی كه كۆی حیزب و رێكخراو و لایه‌نه كوردییه‌كان له ئێستادا له‌وه تێبگه‌ن كه ئه‌وه‌ی ده‌بێـته بنه‌مای سه‌ركه‌وتنی كورد له‌م بارودۆخه شلۆقه‌دا ته‌نیا یه‌كگرتن و یه‌كبوونه . یه‌كگرتن و یه‌كبوونی كۆی هێزو حیزب و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان كه ته‌نیا ئه‌وه ده‌بێـته بنه‌مای سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و له‌م باره شلۆقه‌وه دهمانگوازێـتهوه بۆ بارێكی سه‌قامگیری و پڕ له دڵنیایی . له ئێستادا كوردستان پێویستی به كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه بۆیه جێگای خۆیه‌تی هه‌موو ناكۆكی و ململانێكان به‌لاوه بنرێت و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه به حیساب له‌سه‌ری ناكۆكن هه‌ر له‌شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستان و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی و و كێشه‌ی سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی و كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی ده‌ستوورو هه‌موو كێشه ناوخۆییه‌كانی تر هی ئه‌وه‌یه به لۆجیكی عه‌قل و به گفتوگۆ‌و لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆی جیدی و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كانی نێوانیان و بڕوابوون به‌وه‌ی كه هیچ كه‌س ناتوانێت هه‌موو ویسته‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات و ناشبێت هیچ كه‌س به‌لاوه‌بنرێت چاره‌سه‌ر بكرێن و ده‌بێت چاره‌سه‌ری ناوه‌ند بۆ هه‌موو ناكۆكی و كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه .
ئه‌گه‌ر كۆی لایه‌نه‌كانی كوردستان بڕوایان به جیازی و پێویستبوونی جیاوازی هه‌بێت كه ئه‌وه‌ش بنه‌مایه بۆ بنیادنانی دیموكراسی ، ئه‌وا كێشه ناوخۆییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و دیاره بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردنیش به جیاوازییه‌كانه‌وه هێزو وزه‌یه‌كی زیاتر به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌دات بۆ له رووداوه‌ستانی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌رییه‌تی كه بێگومان باشكردنی باری ناوخۆ له هه‌موو روویه‌كه‌وه‌و رێكه‌وتن و كۆده‌نگی كورد و ملدانی كۆی لایه‌نه‌كان بۆ لۆجیكی عه‌قڵ له پێناوی چی باشترینه بۆ كورد بنه‌مای یه‌كبوون و یه‌كگرتن و هێزه بۆ ئێمه .
واته كاركردنی هه‌موو كورد به جیاوازییه‌كانیه‌وه وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له یه‌ك به‌ره‌و له یه‌ك سه‌نگه‌ردا كه كۆی گه‌لی كورد پێكه‌وه بێت زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتن و مانه‌وه‌مانه . هه‌روه‌ك درووستكردنی سیستێمێكی په‌سه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایش بنه‌مای سه‌ره‌كیه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل له سایه‌یدا ئه‌و یه‌كێتی و یه‌كبوونه پێكبهێنێت ، واته سیستێمێكی فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردن كه به‌راستی له ئاستی خواست و ویسته‌كانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستاندا بێت له هه‌موو روویه‌كه‌وه نه‌ك ئه‌و سیستێمه گه‌نده‌ڵ و لاواز‌و ناشه‌فافه‌ی ئێستا كه له بری سیستێمی فه‌رمانڕه‌وای گه‌ل بریتیه له سیستێمی ده‌سته‌به‌ركردنی خواست و ویسته‌كانی نوخبه‌ی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانی كوردستان كه بنه‌ماكه‌ی مه‌نسوبیه‌ت و مه‌حسوبیه‌ت و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كتره له نێو ئه‌و نوخبه سیاسی و ئیدارییه‌دا كه له كوردستاندا به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی و ئیدارین .
به‌ڵێ كورد هه‌م پێویستی به باشترین سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌یه كه ئازادییه‌كان و مافی هاووڵاتی له سایه‌یدا فه‌راهه‌م بكرێت ، هه‌م پێویستی به فره‌یی و جیاوازی بۆچوون و تێڕوانین هه‌یه تا كوردستان له درووستبوونی تاكه عه‌قل و تاكه بۆچوون و درووستبوونی دیكتاتۆریه‌ت بپارێزێت ، هه‌م پێویستی به یه‌كێتی و یه‌كبوونه له‌سه‌ر مه‌سه‌له چارنووسسازهكان كه ئایندهی هه‌موو میلله‌تیان پێوه‌به‌نده .