بورهان شیخ رەئوف : دووانە ى مەرجەعیەت و شەقام .
ئێستا عێراق لە دواى سیانزە ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى دکتاتۆرى سەدام و لە دواى هەموو ئەو قۆناغانەى کە پێیدا تێپەڕى لە مەجلیسى حوکمەوە بیگرە تا حکومەتى ئینتیقالى و نووسینەوەى دەستوورو ڕاپرسى و پێکهێنانى کابینەکانى عەلاوى جەعفەرى و مالیکى دووجارو عەبادى ئێستا ، وائیستا بزوتنەوەیەکى ناڕەزایەتى بە هێز شارە گەورەکانى عێراقى گرتوەتەوە لە باشوورو ناوەڕاستى وڵات کە داخوازیەکانیان خۆى لە دابینکردنى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانى وەکو کارەبا و ئاو تەندروستى و سوتەمەنى و هەمووشتە پێویستەکانى ترى ڕۆژانەدا دەبینێتەوە و جگە لە داخوازییەکى ترى زۆر بنەڕەتى و ڕەوا ئەویش بنەبڕکردنى گەندەڵى ئەو پەتا سامناکە کە لە سیانزە ساڵى ڕابردوودا هەموو جومگە گرنگەکانى دەوڵەتى عێراقى گرتوەتەوە بە کوردستانیشەوە بە جۆرێک کە ئیستە حکومەتى عێراق لە ڕیزى هەرە لە پێشى حکومەتە گەندەڵەکانى جیهانە .
نمونە زۆرە لەو گەندەڵیانە دیارترینیان ئەو سەوداى کڕینى چەک وتەقەمەنیە بوو حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى مالیکى لە ڕوسیا کڕى کە کەسى سەرۆک وەزیران خۆى تێوەگلابوو بە ڕادەیەک وەزیرى بەرگرى ڕوسیا لە پۆستەکەى دوور خرایەوە .
بۆیە ئاکامى ئەو گەندەڵى و دابەشبوونە مەزهەبی و ئتینیکیە بوو عێراقى بەو ڕۆژە گەیاند کە سێ یەکى خاکەکەى بکەوێتە بندەستى ڕێکخراوێکى تیرۆرستى وەکو داعش ، چاوەڕوان دەکرێت ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بارودۆخى وڵات بگۆڕێت بۆ قۆناغێکى نوێ کە ڕیفۆرمى سیاسى و دادوەرى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و تیرۆر وگەڕانەوەى شکۆ بۆ دامودەزگا فەرمیەکانى دەوڵەت چ سەربازى و چ دادوەرى و چ ئەمنى دوور لە بەشبەشێنەى ئتنیکى و مەزهەبى و دوور لە دەستوەرادنى وڵاتانى ئقلیمى و ناوچەکە ناونیشانى بێت .
وائێستا سیاسیەکانى عێراق بە تایبەتى شیعە حەپەساون لە ئاست ئەو ڕووداوانەدا هیچیان پێ ناکرێت جگە لە پشتیوانى دووانەى ( مەرجەعیەت و شەقام ) کە خوازیار ى دەستبەجێ سزادانى هەمووکاربەدەستە گەندەڵەکانن کە بە خراپى دەستەڵاتیان بەکارهێناوە و پشتگیرى هەر هەنگاوێک دەکەن کە عەبادى سەرۆک وەزیران و مەرجەعیەتى سیستانى دەینێن لەو پێناوەدا .
خاڵى گرنگى ئەو خۆپیشاندانانەى ئەمجارە کە زۆربەى شارە گەورەکانى باشوورو ناوەڕاست ى گرتەوە کە شیعە نیشینن ئەوەیە ئیتر ناتوانن خۆپیشاندەران تۆمەتبار بکەن بە دەستى دەرەکى وتابورى پێنجەم و پیلانگێڕى دژبە پرۆسەى سیاسى بەڵکو مەرجعیەتى نەجەف زۆربەى زۆرى نەهامەتیەکان دەخاتە ئەستۆى پارتە ئیسلامیە شیعیە گەندەڵەکان و هاوبەشەکانیان لە پرۆسەى سیاسیدا کەناینتوانى بەرژەوەندى باڵاى گەل و ووڵات بپارێزن و تەنها گرنگیان بە بەرژەوەندیە تایبەتیە و ئتنیکى و مەزهەبیەکانى خۆیان دا .
لە لایەکى ترەوە سیاسیە سونەکانیش کە ناوچەکانیان بەزۆرى لە بندەستى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعشدایە ) سەرقاڵى ئەوەن چۆن ناوچەکانیان ئازاد بکەنەوەو لە هەوڵى ئەوەدان هەرێمى سونە دروست بکەن ، هەرچۆن لە باشووریش شیعەکان لە هەوڵى دامەزراندنى هەرێمى بەسرەدان .
هەرێمى کوردستانیش ئەگەرچى لە چەند ساڵى ڕابردوودا لە دواى گەلێک گێرەو کێشمەى ناوخۆیى کە نامەوێت لێرەداباسیان بکەم وئەو برینانە بکولێنمەوە جۆرێک لە سەقامگیرى تێدا بەرقەرابوو بەڵام وا ئێستا لەم قەیرانى سەرۆکایەتى هەرێمەدا بە داخەوە هەندێک ڕاستى بەدەردەکەون کە ئاستی ململانێی سیاسی و حزبی لەکوردستان بەدۆخێکی مەترسیداردا دەڕوات ، ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات کە دیموکراسی لایەنەکان و فۆرمی دەسەڵاتداریەتی لەروانگەی دیموکراسی وپێکەوەکارکردن تەنها دروشمەو هیچی دیکە .
لە کۆتاییدا ڕاستیەکمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە هەشتا ساڵى حوکمى عێراق کەبە دەستى پێکهاتەى سونەوە بووبێت نەیانتوانى یەکسانى پێکەوژیان بۆ گەلانى عێراق دابین بکەن ئەوا پێکهاتەى شیعەش نەیانتوانى لە دوانزە ساڵى ڕابردووا یەکسانى و پێکەوژیان وبۆ پێکهاتەکانى ترى عێراق مسۆگەر بکەن بەو پێییەى کە زۆرینەى عێراق پێکدەهێنن نەیانتوانى ئەو بەرپرسیاریتیە مێژووییە بە ئەستۆ بگرن و ڕێز لە پێکهاتەکانى ترى عێراق بگرن بۆیە ئەو پێگە گرنگەیان لە دەستدا لە سەرکردایەتى کردنى دەوڵەت و کۆمەڵگاى عێراقدا کاتێک بواریان بۆ بەشداریکردنى کوردو سونە نەهێشتەوە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا .