ڕێبین هەردی : چی ئەگوزەرێت ؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
دیاردەیەک کە چەندان جار دوبارە ئەبێتەوەو زۆر جێگەی تێرامانە هێنانە ئارای وتوێژە لەسەر دەستور لەدوا ساتەکانی یان کۆتایهاتنی دەورەی پەرلەمان یان کۆتایهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم . بگرە رەشنوسی ئەو دەستورەی چەند جارێک ویسترا بخرێتە راپرسیەوە لەکاتێکدا لەپەرلەمان دەنگی بۆ درا کە ماوەی یاسایی بەسەرچو بو و کوردستان چاوەڕێی هەڵبژاردنێکی تازەو پەرلەمانێکی تازەی ئەکرد . ئەو کات کە لیستی زەردو سەوز یەک فراکسیۆن بونو مەترسی ئەوەیان لێنیشتبو کە نەتوانن لەهەڵبژاردنی داهاتودا هەمان دەنگی پێشو بهێننەوە ، لەکاتێکدا کە ماوەی یاسایی پەرلەمان کۆتایی هاتبو و زۆر بەپەلەو بێئەوەی تەنانەت یەک وتوێژی لەپەرلەماندا لەسەر بکرێت ، دەنگی بۆ دراو ڕەوانەی سەرۆکی هەرێم کرا بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات. روداوەکانی ئەو رۆژانە زۆر دور نینو هەمومان کەمتازۆر لەبیرمانە . پێش ئەوەی سەرۆکی هەرێم واژۆ لەسەر ڕەشنوسەکە بکاتو ڕەوانەی راپرسی بکات ، دەیانو سەدان کەس لەچینو گروپە جیاوازەکان چ بەبەیانو چ بەوتار داوایان لەسەرۆکی هەرێم کرد بەم رەشنوسە رازی نەبێتو رەوانەی پەرلەمانی بکاتەوە . ئەو سەردەمە کە سەردەمی دەستپێکردنی پروپاگەندەی هەڵبژاردن بو بۆ پەرلەمانێکی تازە ، سەرۆکی هەریم نەک گوێی بەو دەنگە ناڕازیانە نەدا ، بەڵکو لەیەكێک لەبانگەشەکانی هەڵبژاردندا بۆ لیستەکەی خۆیو لەوتارێکدا بەرونیی گوتی کە نەک هەر دەستور تێئەپەڕێنن ، بەڵکو ئەیکەن بهچقڵی چاوی دوژمنانی کوردستان . واتە ئەوە هیچ یەک زەڕە ڕێزی لەدەنگی ئەو هەمو خەڵکە ناڕازیە نەگرت ، بەڵکو بەیەک ڕستە هەموانی خستە خانەی دوژمنانی کوردستانەوە .
بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی زیاد لەهۆیەکەوە سەرۆک نەیتوانی دەستور ڕەوانەی راپرسی بکاتو بیکاتە چقڵی چاوی کەس . ڕەشنوسەکە لەوکاتەوە تائێستا ماوەتەوەو هەمو جارێک لەدوا وادەکانی پەرلەمان یان سەرۆکایەتی هەرێمدا دەهێنرێتەوە ئارا . دەستورەکە وای لێهاتبو لەبری ئەوەی مژدەیەک بێت کە خەڵک چاوەڕێی ئەکات ، بوبو بەهەڕەشەیەک کە خەڵکو هێزە سیاسیە نەیارەکانی پێ ئەترسێنن . واتە دەستوریان کردوە بەئامێرێکی فشار بەسەر خەڵکو هێزە سیاسیەکانی ترەوە بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە هەوڵ بدەن تەنازولی سیاسی تریان پێ بکەن .
سەیر ئەوەیە کاتێک وادەی سەرۆکایەتی هەریم بەشێوەیەکی زۆر نایاسایی بۆ دو ساڵ درێژ کرایەوە ، بیانوی سەرەکی ئەوە بو کە سەرۆک ئەم دو ساڵەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت سازان لەسەر دەستور دروستبکات . کەچی بەدرێژایی ئەو دو ساڵە ئەوەی باسی دەستور نەکرا تا ئەو چەند مانگەی دوایی نەبێت کە ماوەی درێژکراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایی پێدێت . دیسان هەمان سیناریۆ .. دەستور وەک هەڕەشەو لەدوا ساتەکانی وادەی سەرۆکایەتی هەرێمدا . بەس خۆشبەختانە ئەمجارە بۆ مەسەلەی دەستور هاوپەیمانێکی بەهێزی لەدەستداوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە . هێزێک کە ئەستەمە پارتی بێ هاوکاریو پشتگیری ئەو، بتوانێت دەستور تێپەڕێنێت . تا ساتی نوسینی ئەم وتارەش هەمو شتەکان ئەڵێن یەکێتی نیشتیمانی ئەمجارە بەنیاز نیە لەمەسەلەی دەستوری هەرێمی کوردستانو ناوەڕۆکەکەیدا سەر بۆ پارتی بلەقێنێتو بەو ڕوانینە رازی بێت کە لەڕەشنوسی دەستوردا هاتوە . رەنگە ئەم هەڵوێستەی یەکێتی بۆ پارتی جێی سەرسوڕمان بێت ، چونکە ئەم ڕەشنوسە بەدەنگی فراکسێۆنی سەوز تێپەڕیوە . لەکاتێکدا بۆ خەڵکی دەرەوەی پارتی ، رازیبونی یەکێتی بەو ڕەشنوسە جێی سەرسوڕمانو ئەم هەڵوێستەی ئێستایان حاڵەتی سروشتیە . ئەو ڕەشنوسە بەرۆحیەتێکی سیاسی نوسراوە کە دورو نزیک لەگەڵ ئەو بانگەشەو بەرنامەو مژدانەدا یەک ناگرێتەوە کە یەکێتی لەسەرەتای دروستبونیەوە بانگەشەی بۆ ئەکات . ( رەنگە لەسەردەمیکی تردا، ئەو هۆکارانە ڕون ببنەوە کە بۆچیو چۆن یەکێتی لەو سەردەمو وەختەدا دەنگی بەم رەشنوسە دا ).
خۆشبەختانە ئەمجارە مەسەلەی رەشنوسی دەستوری هەرێم سیفەتی هەڕەشەی خۆی لەدەستداو چیدی ناتوانرێت وەک ئامێرێکی فشار بۆ تەنازولکردنی سیاسی بەکاربهێنرێت . هەر لەبەرئەمەشو سەرباری دروستکردنی لیژنەیەکی حیزبی بۆ سازان لەسەر دەستور ، سازانی لەسەر دەستور ناکرێتو ئەم مەسەلەیە بۆ سەروەختێکی تر دوا ئەخرێت . دەستور تا ئەوکاتە لای پارتی نرخی هەبو کە ئەیتوانی وەک ئامرازێکی فشار بەکاری بهێنێتو هێزەکانی دی بخاتە بەردەم دۆخێک کە یان بەداواکاریەکانی رازی ئەبن ، یان دەستور رەوانەی راپرسی ئەکات . مادامیش دەستور ئەم نرخەی لەدەستداوە، ئەوا هیچ پەلەیەک لەم مەسەلەیەدا ناکاتو هەڵیئەگرێت بۆ دەرفەتێکی تر کە بتوانێت بەهۆیەوە دیسانەوە فشار بۆ هێزە سیاسیەکانی دی بهێنێت .
بەڵام پارتی ئەگەرچی ئەزانێت مەسەلەی دەستور دوا ئەکەوێتو بەم زوانە نایەتە بەرهەم، ئەوا بەئاسانی دەستبەرداری ئەو ناوەڕۆکو مەبەستانە نابێت کە چاوەڕێی ئەکرد تێپەڕاندنی دەستور بۆی ئامادە بکات کە لەهەمویان لەپێشتر کاندیدکردنەوەی مەسعود بەرزانیە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەلایەکو هێشتنەوەی هەمو ئەو دەسەڵاتانەش کە چ ڕەشنوسی دەستورو چ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرۆکی هەرێمی ئەبەخشێت . واتە کورتو موختەسەر پارتی ئەیەوێت سەرۆکی هەرێمی هەبێت بەو هەمو دەسەڵاتە ترسناکەوە کە هەیەتی ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبێت ، مەلەفی نەوت بەهەمو وردەکاریەکانیەوە لەگیرفانیدا بێت ، ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستەوە بێت ، هەمو پەیوەندیەکانی دەرەوە لای ئەم حیزبە بێت، لەهیچ شتێکی چارەنوسسازیشدا پرس بەکەس نەکاتو خۆی چی ئەوێت تەنانەت هەندێکجار بێ ئاگاداری لایەنەکانی تر ئەنجامی بدات . ئەوەی لەهەمو ئەم دیمەنەشدا یەکجار سەرسوڕهێنەرو جێگەی تێڕامانە ئەوەیە هەمو ئەم دۆخەش بە ٣٨ کورسی پەرلەمانەوە ئەنجام ئەداتو لایەنەکانی دەرەوەی پارتیش نەک بەم دۆخە رازین ، بەڵکو وەک قەدەرێکی ( خوازراو یان نەخوازراو ) ملی بۆ ئەدەن . بە بێ ئەوەی هیچ لایەنێک ئەوەی بەبیر بێت کە ئەم هێزە تەنها ٣٨ کورسی پەرلەمانی هەیەو بەهیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نیە ئەم هەمو دەسەڵاتانە لای خۆی کۆبکاتەوەو تاکڕەوانەش مامەلەی لەگەڵدا بکات . پارتی بە ٣٨ کورسیەوە دۆخێکی سیاسی وا سەیرو ئاڵۆزی دروستکردوە کە تەنانەت هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتیش جورئەتی ئەوە ناکەن تەنانەت بڵێن بەپێی هەمو عورفێکی دیموکراسی کە یاساکانی هەرێمیش سەلماندویانە ، هیچ کەسێک بۆی نیە ئەوپەڕی لەدو دەورە زیاتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەریم کاندید بکات . دۆخەکە بەو جۆرەیە کە پارتی ئەیەوێت دور لەهەر عورفێکی دیموکراسی کە مژدەی سەرەکی شۆڕشو بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوە کە هەزاران کەس لەپێناویدا شەهید بوون ، کاک مەسعود بەو دەسەڵاتە زۆرانەوە بۆ جاری سێهەم کاندید بکاتەوە ، ئەرکی چۆنێتی ئەنجامدانی ئەمکارەشی خستۆتە ئەستۆی هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی . واتە هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی ئەوە هیچ ئەوە ناڵێن کە کاک مەسعود مافی سێبارە کاندیدبونوەی نیە ، ئەوە هیچ خۆشیان ئامادە نین کەسیان بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەن ، سەرباری ئەمە ئەبێت خەریکی بگرەو بێنەو دانوستانو وتوێژ بن لەسەر ئەوەی چۆن بەڕێزیان جارێکی دی بەڕەزامەندی هەموان ببێتەوە بەسەرۆک .
هەمو شتەکان ئەڵێن پێئەچێت بیروڕاو داکۆکیکردن لەئازادی لای هیچ هێزیکی سیاسی کوردستان شایەنی ریسکو سەرئێشە نەبێتو هەموان لەبری داکوکیکردن لەو مژدەو بەڵێنانەی هەزاران کەس لەپێناویدا شەهید بون، دەست بەکڵاوی خۆیانەوە ئەگرن بۆ ئەوەی با نەیبات . لەسەروەختێکی تردا داهاتو ، هەقی ئەم مێژوە پڕ لەدڕدۆنگیو تاریکیە لەکوردستان ئەکاتەوە . داهاتو هیچ نیە جگە لەچەکەرەکردنی ئەو شتە باش یان خراپانەی لەئێستادا ئەچێنرێن .
سەرچاوە – ئاوێنە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە