Newshirwan-Barzani

عـــه‌تــا قه‌ره‌داخی : كێ له‌ شه‌ڕی جه‌لالی نوێ و مه‌لایی نوێدا ده‌به‌زێت ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ململانێی نێوان جه‌لالی نوێ و مه‌لایی نوێ و به‌ پاشكۆبوونی یه‌كێتیه‌ ناجه‌لالیه‌كان و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ بۆ جه‌لالی نوێ .
له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌به‌رئه‌وه‌ی بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی نێوان بیروڕا جیاوازه‌كان زۆر لاوازه‌و تاكو ئێستا پێكه‌وه‌ژیانی جیاوازه‌كان نه‌بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ كه‌لتووری نه‌خۆش و پڕ له‌ قه‌یرانی سیاسی كوردی ، بۆیه‌ زۆرجار نه‌ك هه‌ر سیاسی و رۆشنبیره‌كان خۆیان ، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیش به‌سه‌یر ده‌ڕواننه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سانی جیاواز له‌بیروڕاو بۆچووندا پێكه‌وه‌ بن ، یان ته‌نانه‌ت پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه ‌. ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كۆبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ ژیان و هه‌ڵكردنی جیاوازه‌كان پێكه‌وه‌ گرنگترو پڕ بایه‌ختره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌و پێكه‌وه‌ژیانی هاوشێوه‌كان . هه‌روه‌ك ئاشكراشه‌ پێكه‌وه‌ ژیان و كاركردنی جیاوازه‌كان سه‌رچاوه‌ی هێزی زیاتره‌ له‌ پێكه‌وه‌كاركردنی هاوشێوه‌كان . ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ رووی دیالكتیكی سروشته‌وه‌ په‌یوه‌ندی و ناكۆكی و ململانێی نێوان جیاوازه‌كان و ته‌نانه‌ت دژه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سرووشتی بێت ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی جوڵه‌و داهێنان و له‌ ئاكامی ئه‌وه‌شدا هارمۆنیایه‌ك درووست ده‌بێت كه‌ پێی ده‌وترێت هارمۆنیای سرووشت كه‌ زیاترین داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی گونجاوو درووست له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ململانێ و ناكۆكیانه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه‌ سه‌رئه‌نجام ئه‌و هارمۆنیایه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن .
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌ بۆچوونه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رئاستی مرۆییش دیسان هه‌مان ده‌رئه‌نجام به‌رهه‌م دێت . ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوی راسته‌ كاتێك گه‌ردوون به‌ گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی و به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانی دووانه‌ دژه‌كان راوه‌ستاوه‌ . كه‌ به‌رئه‌نجامی ئه‌و دووانه‌ دژانه‌ جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی درووست ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ له‌ سرووشتدا ئه‌و هارمۆنیای سرووشته‌یه‌ كه‌ باسمان كرد ، له‌سه‌ر ئاستی مرۆییش ئه‌و هاوسه‌نگی و سه‌قامگیرییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ده‌روونیه‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان به‌ گشتی پێویستیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بارێكی ئاسایدا بژین . هه‌روه‌ك ئه‌و باری جێگیری و سه‌قامگیری و هه‌ست به‌ دڵنیایی كردنه‌ زه‌مینه‌ی پێویسته‌ بۆ عیمرانی مرۆیی و مادی یان بۆ بنیادنانی شارستانێتی .
دیاره‌ ئه‌گه‌ر سیاسی و پارت و ده‌سته‌و گروپ و رۆشنبیره‌ سیاسیه‌كانی كوردستان توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت بابه‌تیانه‌ سه‌یری واقیع بگه‌ن ئه‌وا ده‌بێ باش له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ حه‌قیقه‌ت لای هیچ كه‌سیان نیه‌ به‌ ته‌نهاو هیچ كه‌سیشیان به‌ ته‌واوی له‌ حه‌قیقه‌ت رووتكراوه‌ نین ، به‌ڵام سه‌رباری جیاوازی و ته‌نانه‌ت ناكۆكیش ماده‌م هه‌موویان ئیدیعای ئه‌ده‌ ده‌كه‌ن كه‌ ویستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا پێگه‌و جێگه‌و شوێنیان هه‌بێت و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌ روانگه‌ی خۆیه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن ئه‌م وڵاته‌ به‌ باشترین شێوه‌ی شیاو به‌ڕێوه‌ببه‌ن ، مانای ئه‌وه‌یه‌ هێشتا رووبه‌رێكی فراوان بۆ كاری پێكه‌وه‌یی هه‌یه ‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌و راستیه‌ تێگه‌یشتبن كه‌ هیچ كامیان ناتوانێت كۆی ویست و خواست و روانینه‌كانی جێبه‌جێ بكات یان به‌ده‌ست بهێنێت ، به‌ڵكو ده‌بێ له‌و رووبه‌ره‌داو له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوابوون به‌وه‌ی كه‌ زیاترین خزمه‌ت فراوانترین رووبه‌رت بۆ مسۆگه‌رده‌كات كار بكه‌ن . هه‌روه‌ك به‌و ئه‌ندازه‌ی تۆ مافت هه‌یه‌ ئه‌ویتریش مافی هه‌یه .
ئه‌گه‌ر پارتی كوردی و سیاسی كوردی گه‌یشتنه‌ ئاستی تێگه‌یشتن له‌و چه‌مكه‌ی كاری پێكه‌وه‌یی ، ئه‌وا بێگومان ده‌توانن باشترین نموونه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن و هه‌موو ئه‌و ناكۆكیانه‌شی له‌سه‌ر چۆنێتی حوكمڕانی كوردستان هه‌یانه‌ به‌ گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ری بكه‌ن و له‌سه‌ری رێكبكه‌ون ، به‌ كێشه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیشه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك رق و كینه‌ مێژووییه‌كان به‌لاوه‌ بنێن ، هه‌رچه‌نده‌ من بۆ خۆم زۆربه‌ی كات به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری گه‌یشتنی عه‌قڵی سیاسی كوردی به‌و خاڵه‌و به‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌كه‌م و بڕوام به‌وه‌ نیه‌ ئه‌م نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سیاسیه‌ی ئێستا بتوانن زه‌مینه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان دابنین چونكه‌ نه‌بوون به‌ خوه‌نی كه‌سێتێكی پێگه‌یشتووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆ كه‌ له‌ گرێی هه‌ست به‌ كه‌میكردن و ترسی له‌ ناوچوون رزگاریان بووبێت . هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ زۆرجار سه‌رباری ئه‌م تێڕوانینانه ‌، له‌ نه‌ستی سیاسی به‌رپرسانی كورددا جۆرێك له‌ رق و كینه‌و ده‌مارگیری عه‌شایه‌ری و خێڵایه‌تی كارده‌كات و به‌رده‌وامیش پاڵنه‌ره‌كانی رابردوو له‌ نه‌ستی گشتی سیاسی و به‌رپرسانی كورددا ده‌ژی و زیندووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خاسێتی دیاری مرۆڤی كۆمه‌ڵگه‌ پاشكه‌وتوو په‌راوێزییه‌كانه ‌، خاسێتی ئه‌و كه‌سێـه‌ لاوازانه‌یه‌ كه‌ ئیدیعای گه‌وره‌ له‌ پێناوی ماف و ئازادی و سه‌روه‌ری مرۆڤدا ده‌كه‌ن و له‌ راستیشدا هێشتا خۆیان نه‌یانتوانیووه‌ ببنه‌ مرۆڤی خاوه‌ن شووناسی راسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ جۆرێكی ئه‌وتۆ كه‌ ترسی شكست و دۆڕان یه‌خه‌ی به‌ردابن .
سه‌رباری ئه‌و عه‌قڵه‌ پاشكه‌وتووه‌ی كه‌ باسمان كرد ، كێشه‌ی ئێستای باشووری كوردستان ره‌گوریشه‌كه‌ی له‌ رابردوودایه‌ ، كه‌ له‌راستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دابه‌شبوونی 1964 یان بۆ رق و كینه‌ی برایم ئه‌حمه‌د له‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی و به‌ چاوی سووك سه‌یركردنی برایم ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فاوه ‌. واته‌ كێشه‌ی نێوان جه‌لالی و مه‌لایی بزوێنه‌ری ململانێكانی ئێستایه‌و مه‌سه‌له‌ی چۆنێتی ده‌سه‌ڵات و ئازادی و گه‌نده‌ڵی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باس ده‌كرێن جگه‌ له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ هیچی تر نیه‌ چونكه‌ هیچ كام له‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ی كه‌ له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وامن نه‌ك هه‌ر بكه‌ری گۆڕانكاری و بكه‌ری داواكاری مافه‌كانی كوردو بكه‌ری ئازادی و دیموكراسی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی نین به‌ڵكو راسته‌خۆو ناڕاسته‌خۆ هه‌موویان دژی ئه‌و بنه‌مایانه‌ن و هه‌ر ئه‌وانیشن رێگری جۆراوجۆر له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن چونكه‌ هه‌ر گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا مانای گۆڕهه‌ڵكه‌ندنه‌ بۆ ئه‌وان .
زۆرینه‌ی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ ئه‌گرێسڤن به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ت چونكه‌ زۆرینه‌یان گرێی هه‌ست به‌ كه‌می كردنیان هه‌یه‌ ، ئه‌و گرێیه‌ش به‌رهه‌می زۆر هۆكاری په‌روه‌رده‌یی و خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیه‌ ئه‌ویش له‌و رووه‌وه‌ كه‌ حیزب هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ كوردستاندا به‌ سه‌قه‌تی درووست بووه‌و له‌لایه‌ن نوخبه‌یه‌كی نائاساییه‌وه‌ درووستكراوه ‌، بۆیه‌ ململانێی ئێستا كه‌ به‌ حیساب له‌سه‌ر گۆڕینی سیستێمی فه‌رمانڕه‌واییه‌ ئه‌سڵی نیه‌و ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ی ئێستا ئه‌هلی ئه‌و كاره‌ نین و ناتوانن شتێكی ئه‌وتۆ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكدا بكه‌ن ، به‌ڵكو هه‌موو ئامانجێكیان هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌ به‌ دواكه‌وتوویی و ناهوشیاری و له‌ پشتی ئه‌وه‌شه‌وه‌ هه‌موو جوڵەیه‌كیان له‌ پێناوی هه‌ڵڕشتنی رق و كینه‌ی مێژووییاندایه‌ به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی ئه‌و نوخبه‌یه‌ چووه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌و ته‌مه‌نیان ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌و ئێستا دواتیری كه‌وانی رقیان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر ده‌هاوێژن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و تیره‌ به‌ر دڵی جه‌ماوه‌رو میلله‌ت و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی ده‌كه‌وێت . ئه‌گینا ئه‌گه‌ر تیره‌كه‌ به‌ر دڵی خودی ئه‌و نوخبه‌یه‌ بكه‌وتایه‌ نه‌ك هه‌ر مایه‌ی نیگه‌رانی نه‌بوو به‌ڵكو له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌و جه‌ماوه‌ریش ده‌شكایه‌وه‌ به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ مێژووی ئه‌و نوخبه‌یه‌ بهێنایه‌ .
ئه‌گه‌ر به‌ ئاشكرا سه‌یر بكه‌ین ئێستا ململانێی سه‌ره‌كی له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فادایه‌ . واته‌ ململانێی مه‌لایی نوێ و جه‌لالی نوێیه‌ . له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئیسلامیه‌كان و هه‌موو ئه‌و یه‌كێتیانه‌ش كه‌ جه‌لالی نه‌بوون یان باشتر وایه‌ بڵێن ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵه‌ بوون مه‌گه‌ر خۆیان فریو بده‌ن ئه‌گینا له‌م ململانێیه‌ بێبه‌رین . ئه‌و ململانێیه‌ی كه‌ ئێستا له‌ نێوان نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود مسته‌فا بارزانیدا گه‌یشتووته‌ لوتكه ‌، ململانێی نه‌وه‌ی دووه‌می مه‌لایی و جه‌لالیه‌ كه‌ له‌ گۆڤاری رزگارییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و زیاتریش له‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی بزاوتی كوردایه‌تیه‌وه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاكان بۆ دواوه‌ تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ئه‌م دووانه‌ وه‌كو سه‌ركرده‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می مه‌لایی و جه‌لالی وه‌كو دوو نه‌یار ده‌ركه‌وتوون و پێموایه‌ ئه‌وه‌ش جۆره‌ رقێكی نه‌ك هه‌ر له‌ لای ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر به‌رهه‌مهێناوه‌ ، به‌ڵكو رقی نێوانیان یان رقی رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو رابه‌ری جه‌لالیه‌تی نوێ به‌رامبه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و له‌به‌رامبه‌ریشدا رقی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌رامبه‌ر به‌ رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو دڵسۆزترین شاگردی برایم ئه‌حمه‌د دابه‌زیووه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو ئه‌ندامان و هه‌وادارانی هه‌ر لایه‌نه‌یان و ته‌نانه‌ت بۆ ئاستی جه‌ماوه‌ریش .
دیاره‌ له‌ جه‌وله‌ی یه‌كه‌می ململانێی سه‌ختی نێوان جه‌لالی و مه‌لایدا سه‌رئه‌نجام شكست چاره‌نووسی باڵی جه‌لالی بوو ، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ نا به‌ڵكو له‌ ئاستی یه‌كه‌مدا له‌ رووی مه‌عنوی و هه‌ڵوێسته‌وه‌ كه‌ ناچاربوون بچنه‌ سه‌نگه‌ری دوژمنی داگیركه‌ری عێراقه‌وه‌و ئه‌مه‌ش له‌ مێژووی كورددا یه‌كه‌مجاربوو نوخبه‌ی خوێنده‌وار سه‌نگه‌ری گه‌ل به‌جێبهێڵیت و به‌ كۆمه‌ڵ پاڵبدات به‌ دوژمنی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌راستیدا شكستی گه‌وهه‌ری باڵی جه‌لالی بوو ، دیاره‌ شكستی دووه‌میشی ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ رێكه‌وتنی ئازاری 1970 ئه‌نجامدراو باڵی جه‌لالی بێجگه‌ له‌ شیخ ستارو تاقمه‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سێكی تر ئه‌وانیتریان به‌ برایم ئه‌حمه‌دو تاڵه‌بانی و ئه‌وانی تریشه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ به‌ر ده‌ستی مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌ڵام ئه‌و پاراستنی . به‌ڵام ئایا ئه‌مجاره‌ جه‌لالی نوێ به‌سه‌ركردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاو هێرۆخان ده‌توانن مه‌لایی نوێ ببه‌زینن ؟ یان هه‌مان چاره‌نووسی جه‌لالی كۆنیان ده‌بێت ؟ بێگومان ئه‌وه‌ دواتر ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م ململانێیه‌ كه‌ رقی مێوویی بزوێنه‌رێتی هیچ بۆ كورد به‌رهه‌مناهێنێت بێجگه‌ له‌ به‌دبه‌ختی .
ئه‌وه‌ راستیه‌كی ره‌تنه‌كراوه‌یه‌ كه‌ هیچ پارتیه‌ك له‌ كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا دوا لایه‌نگر خۆشی له‌چاره‌ی رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نایه‌ت ، له‌به‌رامبه‌ردا رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و شوێنكه‌وتووانی به‌جۆرێك به‌ ڕقه‌وه‌ سه‌یری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ندێجار هه‌ست ده‌كرێت پێیان وایه‌ مه‌ترسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ سه‌ر كورد له‌ مه‌ترسی داگیركه‌رانی كوردستان زیاتره‌ .
بێگومان ئه‌م دوو رقه‌ كه‌ ره‌گوریشه‌ی مێژووییان هه‌یه‌ هه‌روا به‌ ئاسانی كۆتاییان نایه‌ت . بۆیه‌ ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ جه‌لالی و مه‌لایی نه‌بوون ساویلكانه‌ راكێشراونه‌ته‌ نێو ئه‌و ململانێیه‌وه‌ ، چ ئیسلامیه‌كان و یه‌كێتی چ ئه‌و حیزب و كه‌سانه‌ی له‌ولا پشتگیری له‌ پارتی ده‌كه‌ن.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و رقه‌ مێژووییه‌ سه‌خته‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ رابه‌ری جه‌لالی نوێ كه‌ له‌ دوا قۆناغه‌كانی ژیانی سیاسیدایه‌ ، ده‌یه‌وێت دواتیری كاریگه‌ری خۆی ئاراسته‌ی دڵی مه‌سعود بارزانی بكات ، نه‌ك هه‌ر مێژووی ئه‌و بكاته‌وه‌ به‌ سفر به‌ڵكو مه‌لا مسته‌فاش له‌ گۆڕه‌كه‌یدا دووباره‌ له‌ گۆڕ بنێـته‌وه‌و چ هه‌موو ئه‌وانه‌ی جامانه‌ی سوور ده‌پێچنه‌وه‌و چ ئه‌فه‌نیه‌ بۆینباخ له‌ مله‌ بارزانیه‌كان هه‌موویان به‌ ده‌هالیزه‌ تاریكه‌كانی مێژوو بسپێرێت . هه‌روه‌ك ده‌شێ پارتیش ئێستا بیانه‌وێت رۆحی نه‌وشیروان بكێشن چونكه‌ وای ده‌بینن ئه‌و دوا قوتابی دڵسۆزی برایم ئه‌حمه‌ده‌ بۆ دژایه‌تیكردنی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان و به‌ ریشه‌كێشكردنی ئه‌و شاگرده‌ دڵسۆزه‌ی برایم ئه‌حمه‌د ئیتر مێژووی جه‌لالیه‌ت به‌ داڵانه‌ تاریكه‌كانی مێژووی پڕ له‌ كاره‌سات و تراژیدیای كورد ده‌سپێرن ، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود بارزانی بزانن ئه‌وان هه‌ردووكیان به‌رپرسیارن له‌ چاره‌نووسی باشووری كوردستان ، كاتێ ده‌ڵێم ئه‌م دووانه‌ چونكه‌ هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانی تر له‌م كێشه‌یه‌دا پاشكۆن .
بۆیه‌ پێموایه‌ هه‌ر تراژیدیایه‌ك رووبدات گوناهه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌م دوو پاڵه‌وانه‌ تراژیدی هێنه‌ره‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ناپاكیه‌كی گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌نووسی میلله‌تێك كه‌ هه‌موو نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیه‌كی قبوڵكردووه‌ كه‌چی ئێستا ئه‌مان ده‌یانه‌وێت به‌ پاساوی بێبنه‌ما به‌ ئاگری رقیان له‌ یه‌كتری ره‌نجی ئه‌و میلله‌ته‌ به‌ بابده‌ن . ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌ خۆیان به‌ دڵسۆزی میلله‌ت ده‌زانن ده‌بێت زۆر به‌رپرسیارانه‌ ره‌فتار بكه‌ن . دیاره‌ مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیاندا رێكبكه‌ون ، نه‌خێر به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رباری ئه‌و رقه‌ مێژووییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كترو سه‌رباری ناكۆكیء دژایه‌تی كردنی چه‌ندین ساڵه‌ی یه‌كتری ، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوابوون به‌وه‌ی كه‌ دژو ناكۆكه‌كانیش ده‌توانن پێكه‌وه‌ بژین ، هه‌وڵبده‌ن بۆ درووستكردنی سیستێمێكی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌وتۆ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی كوردو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتی كورد بێت و بۆ ته‌نیا جارێكیش وه‌كو به‌رپرسی ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان كێشه‌كانی خۆیانیان له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وه‌كانیاندا به‌لاوه‌ ناوه‌ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت