شێرزاد شێخانی : ئیتر بەسە گاڵتەجاری سازان و کێشەی سەرۆکایەتی .
بۆ سێ چوار مانگ ئەچێت ئەم هەرێمەمان دوچاری نیشانەیەکی وەهمی نەخۆشیەکی سیاسی بووە ، وەزعی میللەتەکەمانی تێکداوە ، بازار وەستاوە ، کار نەماوە ، قەیرانی دارایی دەوڵەمەندەکانیشی هێنایە سەر ساجی عەلی ، سەرباری هەمو ئەوانە خەریکە وڵاتەکەشمان گەنجی تیا نامێنێت بە شەپۆل بەرەو هەندەران هەڵدین .
ئەم وەزعە نالەبارە دەستکردەی حزبێکە کە ئیدیعای ئەوە ئەکات حەفتا ساڵە تێئەکۆشێت لەپێناو سەربەخۆیی میللەت ، لەحەقیقەتیشدا هەر حزبێک ئەگەر بەحەفتا ساڵی بەردەوام لەخەبات و ، بیست و پێنج ساڵەی حوکمێکی سەربەخۆ لە وڵاتەکەیدا نەتوانێت شارۆچکەیەکی وەکو شەنگال بپارێزێت شایەنی ئەوەیە فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە .
چوار مانگە پارتی لەهەوڵی چەسپاندنی رژێمێکی دیکتاتۆریدایە لەم هەرێمەدا،دوای ئەوەی بەئاشکرا شکستیهێنا لەراگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەت و سیاسەتەکانی ناوخۆی هەموی بەرەو روخاندنی ئەزمونی دیموکراسی بو،هاتەسەر دروستکردنی کێشەیەکی سیاسی گەورە بەناوی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم ئەوە چوار مانگە ئەم میللەت و خاک و ئاسمانیشی بەو کێشەوە سەرقاڵکردوە نایەڵێت هەناسەیەک بداتەوە .
رۆژانە دەیان لێدوان و هەفتانە چەندین کۆبونەوەو مانگانە سەدان دیدار ئەکەن بۆ ئەوەی شتێک دروست بکەن بەناوی سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە ، ئەمەش لەکاتێکدایە من دڵنیام لەوەی ئەمکارەی پارتی بۆ جێگیرکردنی حوکمێکی بنەماڵەیی سعودی ئاسای هەتاهەتایە لەم کوردستانەدا ، ئەگینا هیچ کێشەیەک نیە بەناوی کێشەی سەرۆکایەتیەوە تا پێویستی بەسازانێکی درۆزنانە بێت.
جارێ لەمەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمدا بەدڵنیاییەوە ئەڵێم هیچ کێشیەیەک بونی نیە ، چونکە مەسعود بارزانی دو ویلایەتی خۆی تەواو کردوەو دو ساڵی خاترانەشی بەدیاری دراوەتێ ، لەهەردو یاسای سەرۆکایەتی هەرێمو یاساکەی درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە بەدو دەقی زۆر وازح هاتوە کەوا مەسعود بارزانی کۆتایی بەویلایەتی ئەسڵی و درێژکراوەی هاتوە .. ئیدی هەریم ئەبوایە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی برۆشتایەو هەر کەسێک لەخۆی رائەبینێت با خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و با کاندیدی پارتیو گشت لایەنەکانیش کێبرکێیان بکردایە لەسەر ئەم پۆستە کە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە کۆتایی پێهاتو ئەبێ تەسلیم بە سەرۆکی تازە بکرێتەوە.
ئیدی نازانم کێشەی چی هەیە لەپرسی سەرۆکایەتی هەرێمدا ، سەرۆک ویلایەتی تەواو کرد ئیستا نۆرەی خەڵکی ترە خۆی هەڵبژێریت ئاو بێنەو دەستتبشۆر .
ئەگەر پارتیش مەبەستی سەرەکی وەکو دیارە ئەوە بیت کەوا مەسعود بارزانی بۆ ویلایەتێکیتر خۆی هەڵبژێرێت ئەوە یاسا رێگای پێنادات ،ئەگەر پارتیش سور بیت لەسەر ئەوەی ئەم پۆستە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا بمێنێتەوە با کاندیدێک دانێن غەیری مەسعود بارزانی بێت ، ململانی لەگەڵ کاندیدانی تردا بکات ئەگەر بردیە سەدجار موبارەکی بێت .
مەسلەی سازانیش هەمو حزبەکان زۆرباش لەوە گەشتون کەوا سازانەکەی پارتی بە وازحی ئەڵێ ئێوەی چوار حزبەکە برۆن لەنێوان خۆتانا بسازێن و رێکبکەون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی قانونی و سیاسی تەنانەت با ئیداریش بیت بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبمان ویلایەتەکەی بۆ تازە بکرێتەوە .. ئەمە هەقیقەتی سازانەکەی پارتیە ئیدی نازانم بۆ چی ولەپێناو چیدا موجامەلەی پارتی ئەکەن .
پێش هەمو شتێک پارتی ئەو شێرە درندەیە نیە هەرچی لە دارستانایا کرنوشی بۆ بەرن و ملی بۆ کەچکەن ، چونکە پارتی لەژیانیدا شەڕکەر نەبوە ئەگەر تۆپ و تەیارەو سوپای دەوڵەتانی دەوروبەر نەبوبێت قەت پیاوی شەڕ نەبوە . لەسیاسەتیشدا هیچ باوەڕ ناکەم وڵاتانی وەکو ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەلمانیاو دەیان وڵاتانی تری دیموکراسی ئەم جیهانە لەگەل چەسپاندنی رژێمێکی دیکتاتۆردا بن بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانیەوە ، ئیدی هیچ پێویست بەدر ێژکردنەوەی ئەم قەیرانە بێ مانایە ناکات چونکە کات لە بەرژەوەندی پارتیدایە ، با چوار حزبەکە خۆیان لەم کۆبونەوە بیزەنتیانە راکێشنەوە بە بەیانێک هەمو نهێنیەکانی هەڵوێستی پارتی بخەنەڕو بۆ ئەوەی میللەت ببێت بە حەکەم لەم مەسەلەیەدا ودونیای دەرەوەش حەقیقەت و ماهییەتی ئەم حزبە نادیموکراتە بزانێت .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts