عیماد عەلی : پیادەکردنی یاسا سنوری دیگەڵە ناهێڵێت ؟
لە رۆژنامەوانێکی خۆ بە زانا و دانا زانم بیست ، دەیوت : ئەگەر کاک مەسعود سەرۆک بێت یان نەبێت سنوری دیگەڵە لە روی دوو ئیدارەیی و زاڵبونی هەردوو لایەنی زلهێزە چەکدارەکەی کوردستانەوە لەسەر ئەرزی واقیع هەر دەمێنێتەوە . کڵۆڵی ئێمەی کورد لەوەدایە کە بە کورتبینی و قەتیسبونی عەقڵیەتی تەسک و پەروەردەی حزبی و ململانێیە تەسکەکانی کوتلەبازی و حزبایەتی و لایەنگری ئەم لاو ئەولا و فکری بەرژەوەندخوازانەوە بەناوی زانستەوە شیکردنەوە دەکەین و ، خۆمان بە گەورەترین عەقڵمەند و زانای سەرجەم بوارەکانی سیاسی و زانستی مرۆڤایەتی و ژیانی خەڵک دەزانین و ، خۆمان بە هیچ بلیمەتێک ناگۆرینەوە .
بێ ئەوەی یەک تۆز بیر لەرەهەند و دووراییەکانی چەسپاندنی یاسا و سیستمی سیاسی گونجاو و، رێگە و چۆنێتی نەهێشتنی ئەم هەموو جیاوازیانە بکەینەوە . بە بێ ئەوەی یاری بە یاساوە بکرێت ، یاسای گشتگیر لەسەر هەموو لایەک بسەپێت ، لە تێروانین و دیدگای تەسکی چەندین ساڵەی ململانێکانی کوردستانەوە بۆ مەسەلەکان بروانین . بێ ئەوەی یەک تۆز بیر لە چەند هەنگاوێکی پاش پیادەکردنی یاسا و زاڵبونی دامودەزگەیی کوردستان بکەینەوە و ، پێشبینی هیچ شتێک بکەین و، ئاگامان لە گۆرانکاریەکانی دوای پیادەکردنی یاسای گشتی و سیستمی سیاسی راستەقینە بێت، بەراست و چەپ بەسەر رۆڵی یاسادا تێدەپەرین و تەنها خۆمان بە رۆڵی کەس و حزبەوە لە سەر بابەتی یەکپارچیی کوردستان دەبەستینەوە .
با تۆزێک بە هاوکێشەی زانستیانە وردی کەینەوە: با رۆڵی بێلانەکانیش دوور خەینەوە کە تا حزب بەم شێوەیە هەبێت ، هیچ بێلایەنێک جێگەی نابێتەوە : سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتێکی دیاریکراوی هەبێت ، بەدەستی کاندیدی لایەنێکەوە بێت ، کوردستان دوور بوو لە قۆرخکاری حزبی و شەخسی و لەسەر رێژەیەکی دیاریکراو لە دیموکراسی دەرۆیشت ، پلەو پایەکان بە پێی یاسا و دسەڵاتە سنوردارەکانی هەر پلەیەک دابەشکراببێت ، هەر پلەیەک بەدەست حزبێکەوە بێت ، یان تاکە حزبێک زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێناو سەرجەم پلەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد .
یاساکان بە پێی روانین بۆ سەرجەم پارێزگا و ناوچەکان وەک یەک جێبەجێ کرا ، ئەمەش زۆر ئاساییە لە کاتی بەرقەراربونی یاسا و دابەشبونە یاساییەکاندا . لەو کاتەدا دەتوانین نەک جیاکاری و دوو ئیدارەیی و سنوری دیگەڵە بسرینەوە ، بەڵکو هەر کەسێکی شیاو دەتوانێت لە هەر پلەو پۆستێکدا بێت لە بیری دیگەڵەبینی دابرێت ، بێ ئەوەی ناوچەو شار و عەشیرەت و بنەماڵە و حزب و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت رۆَڵی جیاکاری ببینن .
ئەمەش خەیاڵ نیە و هیچ کاتێک یۆتۆبیانە بیرمان لێ نەکردۆتەوە ، بەڵکو، سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و دەزگای ئاسایش و وەزیرەکان کە پێی توانا و شارەزایی دابنرێت هەرچەند سەربەحزبەکانیش بن و ، دەسەڵاتی کوردستان لە موحاسەسەی حزبی و سازان رزگاری بێت و ، لە رێکەوتنی دوور لە شایستەی ئینتخابی دەربکرێت ، وەک ئەوەی داوادەکرێت دەسەڵاتی عیراق لە موحاسەسەی تایفی و ئیتنی دەربکرێت . ئەوکاتە نەک سنوری دیگەڵە لەبیردەچێتەوە بەڵکو هەوڵی هەموو لایەک لە خاڵێکدا چر دەبێتەوە کە چۆن زنجیرە چیاکانی حەمرین بکەنە سنوری رەسمی دیاریکراوی دەسەڵاتی کوردستان .
بەڵی بە خۆ قوتارکردن لە تێروانینی ناوچەگەری و حزبایەتی تەسک لە رێگەی بە یاسایی و دامودەزگەیی کردنی کوردستان تاکە چارەسەری سەرجەم درەدەکان دەکرێت ، نەک بۆ دانانەوەی کەسێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراوداپشت بەستن بە کاریزما و بەناو سومبول و کەسایەتیە حزبی و کۆمەڵایەتیەکاننامێنێت ، بەڵکو پلەکان دەبنە تەکلیف . بە پێچەوانەوە ، بەردەوام بیرمان نەک لە سەر دیگەڵە دەمێنێتەوە بەڵکو کورت دەکرێتەوە بۆ نێوان ناوچە عەشایەری و شاروشارۆچکەکان و تەنانەت گەرەکەکانی ناوشارەکانیش ، بە پێی بونی کەس و لایەن و خەڵکی دەسترۆیشتوی ئەو ناوچانە . لە مێژوودا زۆر ململانێی نابەجێی هەمەچەشنی لەم جۆرەمان بینیوە و تەنانەت باری کۆمەڵایەتی و ئابوری جیاوازی کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی جێگە و ناوچە جیاوازیەکانی کوردستانیش پاڵنەر دەبن بۆ زیاتربونی ئەو دابەشبونە هەمەجۆرانەی کە ئێستا لە کوردستان بەقەرارە ، جگە لە دێگەڵەی داماو .