بورهان شێخ رەئوف : 220 ملیار دۆلار .
ئەو ژمارەیەى سەرەوە بڕێکى گەورەو توانایەکى کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانە گەورەکانى عێراق بە کوردستانیشەوە بەڵام ئەو بڕە پارەیە کە لە چەندین سەرچاوەوەى باوەڕ پێکراو و ڕێکخراوى نێودەوڵەتى و ئیقلیمیەوە پشتڕاست کراوەتەوە چ لە ڕاپۆرتى باڵێۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد و هەروەها سایتى ویکلیکس باسى لێوەدەکەن ئەو بڕە پارەیە لە سەر حسابى چەند کەسایتیەکى سیاسى عێراقە لە هەموو پێکهاتەکانى عێراق و کوردستان کە لە دواى ڕووخانى ڕژێمى پێشووى عێراقەوە لە 2003 بەشدارى پرۆسەى سیاسى عێراقن و جومگە گرنگەکانى وڵاتیان بە دەستەوەیە .
پەتاى گەندەڵى بە یەکێک لە هەرە کێشە و بابەتە سەرنج ڕاکێش و جێ بایەخەکانە لە لایەن چاودێرانى ئەو بوارە لە جیهاندا بە گشتى و لە عێراقدا بە تایبەتى ، وە عێراق بەو پێیەى کە لە سەخترین قەیراندایە لە هەموو بوارەکاندا بە هۆى هەموو ئەو جەنگانەى کە لە مێژووى تازەى دا بەرپاى کردووە چ ناوخۆ و چ دەرەکى هەموو دامودەزگا فەرمى و دامەزراوە چاودێرییەکانى لە بەریەک هەڵوەشاونەتەوە بنەما گرنگ و هاوبەشەکانى وڵاتێکى مۆدێرن و چالاکى تێدانەماوە و بوارى زۆر ڕەخساوە بۆ دزى و بە تاڵان بردنى ماڵى گشتى کە ڕاپۆرتەکانى دەستەى گشتى دەستپاکى عێراق ئەم وتانە پشتڕاست دەکەنەوەو ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق زیاتر لە 250 ملیار دۆلار زیانى بەرکەوتووە لەو پرۆسەى گەندەڵیە ڕێکخراوەدا ، کە بڵند ترین جومگەکانى حوکمڕانى وڵاتى گرتۆەتەوە کە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانە بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانى هەمان دەستە .
لە ئاوا بارو دۆخێکدا لە 85% دانیشتووانى عێراق بە شێوەیەکى بچڕبچڕ کارەبایان پێدەگات لە 83% خەڵکى عێراق ئاوى خواردنەوەى پاکیان پێناگات و کەمتر لە 37% بە تۆڕى ئاوەڕۆەوە بە ستراونەتەوە ئەوە بوارەکانى تەندروستى و پەروەردەو زۆر شتى تر لە ئاستێکى ئێجگار نزم و سامناکدان کە ناکرێت لێرەدا زیاتر لەسەرى بڕۆم .
لە ئێستا دا عێراق کە لە پلەى سێ یەمدا دێت لە ریزبەندى وڵاتانى گەندەڵ لە جیهاندا و لە هەمان کاتدا گەندەڵى بووەتە کۆسپ و ڕێگرى گەورە لە بەردەم پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەو بنیاتنانەوەى عێراقدا و زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆران پێیان وایە گەندەڵی لە تیرۆر سامناکترە بۆ گەلانى عێراق .
ئیستا لە دواى خۆپیشاندانەکانى شارە گەورەکانى عێراق لە چەند هەفتەى ڕابردوودا ئەوە بۆ هەموو خەڵکى زوڵملێکراوى عێراق ڕوون بووەتەوە کە سامان و داهاتەکانى ئەم وڵاتە لە دەستى ئەمیندا نین و ئەوەى بیرى لێ نەکەنەوە هاووڵاتیانى ئەم وڵاتەیە وکێشە وقەیرانە درێژخایەنەکان قووڵترو قورستر دەبن و سامان و ئیمتیازەتەکانى کاربەدەستەکان لە هەڵکشاندایە ، بەڵام لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم لەم زەمەنى پێشکەوتنى زانست و تەکنۆلۆجیاى پەیوەندیەدا کە کونج وقوژبنى ئەم جیهانەى گرتۆەتەوە زۆر ئەستەمە ئەوانەى بە ڕۆژى ڕووناک و بە بەرچاوى هەموو خەڵکەوە 220 ملیار دۆلارى خەڵکى ئەم ووڵاتەیان بردووەو خەڵکیش لە ئاوا دۆخێکدا دەژى کەلە سەرەوە چەند نمونەیەکى گچکەم لێ باسکرد وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەربچن و بە ئارامى بژین .