عیماد عەلی : بۆچی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم ئاڵۆزە ؟
لەم فەترەیەی دوو ساڵی رابوردوو کە لەبەر دەستدا بوو ، پێویست بوو هەر وەک لەیاسای ژمارە 19 ی ساڵ 2013 شدا هاتووە ، لە رووی یاساییەوە وا فەرز بوو ، کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکلایی بکرایەتەوە ، بەڵام کەس باسی نەکرد و هەر لایەک بە مەرامێک و لەبەر چەندین هۆکاری حزبی و ئایدیۆلۆجی تایبەت و دوور لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و هاوکێشەکان ، خۆی لەو ئەرکە بەدوور گرت و تادواجار و لە کاتی بەسەرچودا ، ئەم پرسە کەوتەوە ناوان و ئاڵۆزکێنرا .
پێشتر پارتی و گۆران لەو کاتەوە کە ریککەوتنی پێکهێنانی حکومەتیان ئیمزا کرد ، زۆر خاتری یەکتریان گرت و بەهیچ شێوەیەک شتێکیان نەوروژاند کە ببێتەمایەی ناکۆکی و لێک دوور کەوتنەوەیان ( ئەگەر گومانمان لەوە دوور خەینەوە کە گۆران بە ئەنقەست ئەو پرسەی لەکاتی خۆیدا لە پەرلەمان نەوروژاندوە ، لەبەر ئەوەی لە رووی یاساییەوە بواری دووبارە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بەرزانی لەئارادا نەهێڵێت ) و لەبەرامبەردا ( پارتی بێدەنگی هەڵبژاردووە ، لەبەر ئەوەی مرخی لەوە خۆش کردووە کە ئەم پرسە بە ئاسانی بۆی یەکلایی دەبێتەوە و مەسعود بەرزانی بەدیلی نابێت و هەموو لایەنەکان ملکەچی ئەمری واقع دەبن و بە دە پەنجە ئیمزا بۆ مانەوەی دەکەن و کەلێنێکی یاسایی بۆ دەدۆزنەوە ) لەهەمان کاتدا ( زیزبونی نەوشیروان موستەفا لە سەردانی نەکردنی لە لایەن مەسعود بەرزانی یەوە لە کاتی هاتنی بۆ سلێمانی و سەردانی مام جەلال ، پشتگوێ بخەین ) و ( شەری داعشیش بخینە سەر هۆکاری دواکەوتنی خستنەبەر باس و خواسی پرسەکە ) و ، وا تەماشای ئەوەش بکەین کە یەکێتیش بۆ ئەوەی لەوە زیاتر جەماوەرێتی کەم نەبێتەوە ، خۆی لەقەرەی هیچ پرسێکی لەم جۆرە نەداوە . بەڵام ئەمانە بخەینە لاوە و هۆکاری راستەقینەی راست و دروست دەرخەین، دەبێت بە وردی و راشکاوی باسی بکەین، لەوانە :
یەکەم : تموحی شەخسی مەسعود بەرزانی لە مانەوەی و بۆ تۆمارکردنی مەجدێک لە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەماوەی ئەم دە ساڵەدا .
دووەم : هەوڵی مانەوەی باڵادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی یەکەم لە کوردستاندا ، لە رێگەی بەردەوامی سەرۆکی پارتی لەسەر کورسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا .
سێیەم : تۆمارکردنی شانازی و مەجدی بنەماڵەیی و ناوچەگەرێتی کە لە ناخی زۆرێک لە خەڵک و بنەماڵە و عەشیرەتی کوردستان تا ئێستا جێگیرە و، داب و نەریت و عورفی عەشیرەتی بارزان یش ئەگەر لەو بارەوە لە سەرووی هەمووان نەبێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە لەو سیفەتانە بەدوور نیە و ، بەڵکو پەیوستبون بە نەریتانە ، تێیدا زۆرتریشە .
چوارەم : لە پێناو پاراستنی روو سوری و شکۆمەندی پارتی و بنەماڵە و خودی بەرزانی و رەتکردنەوەی فەرزکردنی هەر پرسێک بەسەر پارتیدا ، ئەگەر پشت بە یاساش ببەسترێت و ، گرنگی دان بە روو سوری و رەت کردنەوەی باڵایی بۆچونی ئەویتر ، لە پێشەوەی سیفەتە عەشایەریەکانی بارزانە .
ئەگەر بەرێز مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە ئاسایی و یاسایی ، لەپێناو پاراستنی شکۆمەندی خۆی و بنەماڵە و لەسەر بنەمای راست و دروست و ، دوور لە کاردانەوە ، مومارەسەی ئەرکە سەرەکی و چارەنوسسازەکەی بکردایە ، دەبوو باڵاتر لەم پرسە براوانیایە ، نەک بە کاردانەوە لە ئاست ئەو جۆرە رەفتارانەی گۆران کە تا رادەیەک ئیستیفزازیانەی لەمەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمدا لە قەڵەم دەدرێت ، جا لەبەر هۆکاری حزبی بوبێت یان شەخسی یان وەک پارتی ئیدعای دەکات کۆنە قین ، ئەوسا بارزانی بە خۆی شکۆمەندی باڵای بۆ دەمایەوە و ، ئەگەر رەفتارەکەی جەمال عەبدولناسر و ماندیلای لەبەرچاو بگرتایە کە خەڵک داوای مانەوەی بکەن ، نەک وا دەریسخت کە خۆی بە تۆبزی بە کورسیەکەوە نوسابێت و ، رێگە و چونێتی چارەسەرکردنی پرسەکەی بە شێوەیک ئاڵۆزکاند ، کە هۆکارە لابەلاکانی زیاتر کردن و ، هیچ بوارێکیان بۆ نزیکبونەوە لە چارەسەری کۆتایی تا رادەیەکی زۆر نەهێشتەوە .
ئێستاش ئەگەر بە نیەتێکی روون و دوور لە هەر کاردانەوەیەک و بە خۆدورخستنەوە لەو بۆچون و روانینە تەسک و بچوکانە رەفتار نەکەن ، رێگەی چارەسەر دەدۆزرێتەوە و ئاڵۆزکیەکە بە چەند هەنگاوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ، رەوانەوەی باری ناجیگیری سایکۆلۆجی سەرکردەکان شیدەکرێنەوە و چارەسەر دەبن ، بەڵام تا ئێستا جگە لە کۆبونەوە رەق و تەقەکان و مشتومرە حزبیەکان ، هیچ لایەنێک هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی ئاڵۆزبونی بارودۆخی سایکۆلۆجی حزب و سەرکردە دەسترۆیشوەکانی نەداوە ! تاوەکو زەمینەی لێکتێگەیشتن برەخسێنن .