میران محه‌مه‌د: بۆ وا بێ نازو غه‌مباری؟ سه‌ری ماری دوژمن تۆقێن، ئه‌ی شای شاران، سلێمانی!
له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشودا ، باری ئاسایش و ڕامیاری له كوردستانا به‌گشتی و له شاره‌كه‌مدا به‌تایبه‌تی ، ڕۆژ به ڕۆژ ڕووی له پشێوی و ئاشوبه و ئاڵۆزی ئه‌كرد . ڕۆژ نه‌بوو چه‌ندین نه‌وجه‌وان و پیری ڕۆشنبیر و نیشتمانپه‌روه‌ری شاره‌كه‌م ده‌ستگیر و ڕاپێچی به‌ندیخانه‌كان نه‌كرێن و بێ سه‌روشوێن له تونی باباكانی قه‌سری نیهایه و نوگره‌سه‌لمان سه‌رنگوم نه‌كرێن . له به‌رامبه‌ردا ، ده‌گمه‌نبوون ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه له بازاڕێك یان گوزه‌رێكی شاره‌كه‌مدا چالاكیه‌ك دژی پیاوانی ڕژیمی داگیركه‌ر و داروده‌سته‌كانی ، كه ئه‌وسا كوردی خۆفرۆش له ناویانا به په‌نجه‌ی ده‌ست ئه‌ژمێردران ، به ئه‌نجام نه گهیهنرابا . ئاكامه‌كه‌شی به كوشتن و ڕهشبگیریهكی دڕندانه ئه‌كه‌وته‌وه به ده‌ستی هێزه ترسنۆك و بێ شه‌رم و بێ به‌زه‌ییه‌كانی ڕژێم له ناو ڕیزیی هاووڵاتیانی سیڤیل و بێ تاوانی هه‌ژار و ڕه‌شوڕوتی شاره‌كه‌مدا . كاتێ هاڕه‌ی ده‌ڕابه و ده‌نگی ته‌قه و ویزه‌ی فیشه‌ك شاری ئهوروژان ، ڕۆژی حه‌شر ئاسا ، كه‌س سه‌ر كه‌سی نه ئهپهرژا . ئیتر بازاڕ و شه‌قامه‌كان به‌ده‌م هات وهاواری قڵیشایه‌وه وه چۆڵ ئه‌كران و به‌كۆمه‌ڵ خۆ حه‌شار ئه‌درا . كوڕ ئه‌و كوڕه بوو دهربازبووایه و بگهشتایتهوه ناو لانه‌ی ساردوسڕ و باوه‌شی خێزانی دڵ له‌مشت و چاو له ده‌رگا و ساكاو و په‌شۆكاوه‌وه .
ئه‌و دیمهنانم هه‌رگیز له یاد ناچن ! هات و هاوار و گریانی مناڵانی تۆقیوی له دایك به‌جێماوی ژێر ده‌ست و پێ كه‌وتوو . قیژه و سینهكوتانی دایكان به‌دوایانا ئهگهشتهنه كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك . وه‌لێ هات هاوار و نزا و پاڕانه له‌و ساتانه‌دا به‌هانای كه‌سه‌وه نه ئه‌هاتن . ته‌قه‌ی سهمینۆفی ده‌ستی پۆلیس و غه‌دداره‌ی ده‌ستی ئینیزبات و فڕكو هوڕی مسهلهحهكان ، شێره‌كانی سه‌ر جاده‌ی قیر ، بووبوونه مێردهزمهو شه‌وانه خه‌وی ترسناكمان پێوه ئه‌بینین . تێهه‌ڵدان و گرتنی بێ هیچ بنه‌مایه‌ك ، لاڵانه‌وه‌و خاتر الله و ل اوالله سه‌یدی و … هتد ، هیچ له هێزی داپڵۆسین و ووژه‌ی دۆنكی و قۆناغهتفهنگهكانی بۆ سه‌روگوێلاكی خوێناوی ڕۆڵه‌كانی شارهكهمی كه‌م نه ئه‌كرده‌وه . زۆری نه ئه‌خایاند به كاتژمێر ، وه‌لێ درێژ و بێ كۆتایی به پێوه‌ری ئازار و نه‌هامه‌تیه‌كان ، شار خۆڵی ئه‌كرا به‌سه‌را و شه‌قام و بازاڕه‌كان كپ و خامۆش و چۆڵ ئه‌بوون . فرسه‌ت بوو ، پیاوانی ڕژێم بكه‌ونه تاڵانی و ماشینه‌وه ده‌خیله‌ی فرۆشگه‌و دوكانه‌كان و قڵپكردنه‌وه و پێشێلكردنی ڕزقی سه‌ر مێز و عه‌ربانه‌ی هه‌ژارانی شاره‌كه‌م .
دوای چه‌ند ساتێكی كه‌م یان زۆر، بۆ دڵنیابوون له كشانه‌وه و ملشكانی گورگه‌کانی ڕژێم ، به‌ئه‌سپایی و دڵهلهرزهوه درز ئه‌كه‌وته ده‌رگای ماڵان . وه‌لی سه‌د مه‌خابن ، كه ده‌یان هه‌ژاری بێ تاوان له‌و ساتانه‌دا ئه‌كه‌وتنه به‌ر ده‌ستڕێژی گوله و به‌ناڕه‌وا شه‌هید ئه‌كران .
پاش هێوربوونه‌وه‌ی شار ، ده‌رگاکان ئه‌كرانه‌وه ، به بێ خشپه له هه‌ر ماڵێكه‌وه ده‌یان مناڵ و ژن و پیاوی پیر و گه‌نج ئه‌هاتنه ده‌ر و هه‌ریه‌ك به لایه‌كا ، به ترس و دڵه ڕاوكێوه ملی ڕێیان ئه‌گرته‌به‌ر . یه‌كێك بۆ ماڵ و یه‌كێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی دوكانه‌كه‌ی ، یان هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ڕزق و ته‌راز و كێش وعهربانهكهی !! ڕێئهكهوت چه‌ندین به‌دبه‌خت له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێكدا ئه‌كه‌وتنه بۆسه‌ی هێزه دڕنده‌كانه‌وه و ئهدرانه به‌ر گوله ، یان بزرئهكران و پاش چه‌ندین ساڵ بێ سه‌رو شوێنی به نه‌خۆشی و شكستیهوه ئه‌هاتنه‌وه ، یان بۆ هه‌میشه ههواڵبڕاودهكران .
تێكه‌ڵاوبوونی ئابڵوقه‌ی ئابوری و زه‌بر و سته‌م له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌با و سه‌رماوسۆڵه و به‌سته‌ڵه‌كی شاره بێ كه‌س و هه‌ژار و بێ سوته‌مه‌نی و بێ دهرامهتهكهمدا ، له به‌رامبه‌ر یه‌كبوون و خۆڕاگری و هیوا بهدواڕۆژێكی ڕوناك ، هێنده‌ی تاڵه مویه‌ك له وره‌ی به‌رزی خه‌ڵكه جه‌ربه‌زه و به ئه‌مه‌ك و ڕۆشنبیر و نیشتمانپه‌روه‌ری شاره‌كه‌ی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی كه‌م نه ئه‌كرده‌وه .
كوشتن و بڕین ، ناشتنی ڕۆڵه‌ی شه‌هید له حه‌وشی ماڵان ، كۆت و زنجیری به‌ندیخانه‌كان ، دوورخستنه‌وه‌و مه‌نع و زه‌عیم سدیقی دڕنده و هاوشێوه‌كانی ، به پێچه‌وانه‌ی خواست ویستی گڵاوی دوژمنانه‌وه ، بووبوونه هانددهرێكی به هێز بۆ سوربوون و پابه‌ندبوونی ڕۆڵه‌كانی شاره‌كه‌م به به‌ها پیرۆز و به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ری و نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره ئاینیهكانیشهوه . ڕۆژ له دوای ڕۆژ وره و بهرخوردانیان به هێزتر ئه‌بوون و به‌ره‌و به‌رزی ههڵئهكشان . ڕیزه‌كانی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی ڕوو له زیدابوون و پتهوبوونتر بوون .
كرێكار، پیشهچی ، بازرگان ، فه‌رمانبه‌ر ، خوێنده‌وار و ڕۆشنبیرانی شاره‌كه‌م ، ناڵه‌یان بوو به ده‌ست ڕژێم و ئهڵقهلهگوێكانیهوه . جوتیاری پاك ، دڵ ساف ، به‌رهه‌مهێنه‌ر ، ڕه‌نجده‌ر و ماندوو چه‌وساوه‌یی لادێكان ناڵه‌یان بوو به ده‌ست ده‌ره‌به‌گ و كهڵهگاكانیانهوه . بۆیه شاری وڵادێیی ئه‌وده‌مه بووبوونه پشت و په‌نا و ته‌واوكه‌ر و فریادڕه‌س و سوككهری باری سه‌رشانی یه‌كتری .
وێڕای سه‌ختی و خوێناوی ڕێگای خه‌بات ، هیچ هاووڵاتیه‌ك درێخی نه ئه‌كرد و هه‌ر یه‌ك له‌لای خۆیه‌وه كه‌م یان زۆر ، ڕاسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ به‌شه باجی شۆڕشی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌یان به قه‌ناعه‌ته‌وه ئه‌دا . بۆیه كه‌س بۆینیه ئه‌مڕۆ منت به‌سه‌ر ئه‌ویتردا بكات ( به‌ده‌ر له جاش و خائین و خۆفرۆشان ) .
به‌ندیخانه‌كان نه‌ی ئهكێشان . گه‌وڕ و ته‌ویله‌كانی حامیه‌ش كران به به‌ندیخانه ! جۆگه‌له‌ی خوێنی شه‌هیدان شار و لادێ و ده‌شت و شاخه‌كانی سور كرد . دایك و باوك و خوشك و برا و كوڕ و كچ و ژنه شه‌هید شار و لادێكانیشیان پڕكرد .
ڕۆژان ڕابورد ، ساڵان ڕابورد ، شۆڕش له دوای شۆڕش ، شۆڕش له ناو شۆڕش . براكوژی له دوای براكوژی . سه‌رهه‌ڵدانه‌وه له دوای شكست .
ڕۆژان ڕابورد ، ساڵان ڕابورد ، ماڵ وێرانی له دوای ماڵوێرانی ، تیرۆر ، زیندان ، نانبڕین و دورخستنه‌وه ، بۆردومان له دوای بۆردمان .
ڕۆژان ڕابورد ، ساڵان ڕابورد ، له تێزابدا تواندنه‌وه ، كیمیاباران ، وێرانكردن ، ڕاگوێزان و ئه‌نفال و قڕكردن .
ڕۆژان ڕابورد ، ساڵان ڕابورد ، ڕاپه‌ڕین و كۆڕهوكردن ، په‌رلمان و حوكمی هه‌رێم ، شه‌ڕی ناوخۆ ، پاشقولگرتن ، ئاواره‌بوون ، ده‌ربه‌ده‌ربوون ، ڕوخانی دیكتاۆر ، هه‌ڵكردنی ئاڵا ، سه‌رۆك كۆمار ، سه‌رۆك هه‌رێم و زۆرشتی تر !! به‌ڵام هێشتا هه‌ر ئه‌ناڵین و ئه‌ناڵین .
نا ڕه‌وایی ، نا یه‌كسانی ، كه‌م ده‌رامه‌تی ، برسێتی ، تونێتی ، گه‌رما ، سه‌رما و تاریكی ته‌نگیان به شاره‌كه‌م هه‌ڵچنیوه . ده‌یان وه‌زاره‌ت ، سه‌دان ده‌زگا و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی و ڕیكخرا و گه‌لێكی تر !! به‌ڵام هێشتا هه‌ر ئه‌ناڵین و ئه‌ناڵین .
سه‌دان كۆشك و ته‌لار و سوپهرماكێت ، پڕۆژه و کۆمپانیای وه‌همی ، ملیۆنێر و ملیاردێری كوت‌وپڕ ، ده‌یان به‌ناو زانكۆ و په‌یمانگا و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵانی مافی مرۆڤ و شتی تر !! كه‌چی هێشتا هه‌ر ئه‌ناڵێ و ئهناڵینێ شاره‌كه‌م .
چه‌ند سه‌ر ئه‌هێنم و سه‌ر ئه‌به‌م ئه‌مڕۆ ، شاری پێچه‌وانه‌كانه شاره‌كه‌م ! ئه‌و شاره‌ی به‌ره‌حمه‌ت بێت شه‌مسه خانی دراوسێمان ، له بری فلیمی سههرهی ته‌له‌فزیۆن ( ئه‌و ده‌مانه هێشتا په‌خشی ته‌له‌فزیۆن شارهكهمی نه ئه‌گرته‌وه ) ، كه ئه‌وسا شه‌وان له چیرۆكهكانیا بۆی ئه‌گێڕاینه‌وه و ئه‌ی فه‌رموو :
هه‌بوو نه‌بوو كه‌س له خوا گه‌وره‌تر نه‌بوو . ئه‌گێڕنه‌وه ئه‌ڵێن شارێك هه‌بوو، كه هه‌موو شتێك تیایا پێچه‌وانه بوو ! له‌و شاره‌دا كایان بۆ سه‌گ دائه‌نا و گۆشت ئه‌خرایه به‌رده‌می ماڵات ! نه‌فام ئه‌بوو به پاشا و زاناش ئه‌كرا به نۆكه‌ر . مه‌لا زوڕنای ئهژهن و زوڕناژه‌ن پێش نوێژیی ئه‌كرد . دارتاش قه‌سابی ئه‌كرد و قه‌سابیش داری ئه‌بڕی هتد. ئه‌وسا ، وه‌ها جیرۆكێك به‌لامانه‌وه زۆر نامۆ و جێی سه‌رسوڕمان بوون . به ئه‌فسانه و فه‌نتازیمان ئه‌زانی .
وه‌لێ ، هه‌زاران جار به‌ڕه‌حمه‌ت بیت شه‌مسه خان ، گۆڕه‌كه‌ت پڕ بێت له نوور . ئه‌وا ئه‌مڕۆ فهرمودهكانت ده‌قاوده‌ق به‌زیاده‌وه هاتوونه‌ته دی و هه‌موویان بوونه‌ته ڕاستی ! شاره‌كه‌م بۆته شاری پێچه‌وانه‌كان !
سه‌رت سوڕنه‌مێنێ ! به گۆڕی تۆ درۆ ناكه‌م! گه‌ر ڕێگام پێبه‌یت ، ئێستا ئه‌وه‌نده چهوتیمان زۆره ده‌توانم له باتی چیرۆكه‌كانی شه‌وانی جارانی به‌ڕێزت ، من هه‌ر ڕۆژه‌ی باسی بارێكی پێچه‌وانه‌ی شارهكهمت بۆ بكه‌م . ئه‌زانی بۆ چی به ڕۆژ باسیان ئه‌كه‌م ؟
چونكه ئێستا به شه‌وان كاره‌بامان نیه و ناتوانم فێست و سه‌رپۆشی به‌فرین و ڕووی سوری به نوور و ده‌سته به ده‌سنوێژ و به موورهكانت ببینم !
لێت نا شارمه‌وه جاروبار كاره‌بامان هه‌یه ! به‌ڵام به‌ینی خۆمانبێت، پیاو هه‌ر فریای ئه‌وه ئه‌كه‌وێت له كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنیه جۆراوجۆرهكانمانهوه ، گوێقوڵاغی هه‌واڵیكی دڵخۆشکه‌ری کورسیه به‌ڵاکه‌ی سه‌رۆك و سازان خانی ده‌زگیرانی بێت ! چاوه‌ڕوانن ده‌سه‌و دوعا ، به‌شکم ئه‌مه خوایه دانیشتنه ٤+١ کــهکان به‌خۆشی کۆتای‌یان پێ بێت و ئه‌م خه‌ڵکه ئاهێکیان پیا بێته‌وه ، فره‌سه‌تی لێ بێنن و مشورێکی چه‌ند مانگ موچه دواخراوه‌کانیان بخۆن ، هه‌واڵێکی به‌ره‌کانی ئه‌و جه‌نگه خوێناویه سه‌پێندراوه‌ی داعشیه‌کان بزانن و له سه‌لامه‌تی خاك و رۆڵه‌کانیان دڵنیا ببنه‌وه . حه‌ق و حسابێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌و دز و جه‌ردانه‌ی داهاتی کاولستانهکهیان بکه‌ن !
بۆ به‌زیای خێرم نه‌كرد ئێستا چه‌ن كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنتان هه‌یه ؟
ئه‌مه حاڵتان بێت ، ئه‌ی چۆن سه‌ری ئیش و کارتان ئهپهرژێ ؟
وه‌ڵا شه‌مسه‌خان ، ئێستا هه‌ركه‌س هه‌نێ دۆلار‌و مۆلاری له ئه‌ژداو ئاباییهو بۆ مابێته‌وه ، یا له شاخه‌وه یا له هه‌نده‌رانه‌وه هێنابێته‌وه ، کوره به کوردییه‌که‌ی بڵێن هین کردبێ ، ئا هین کردبێ ! ئه‌توانێ چه‌ن كه‌ناڵی بوێت داینێ !
ئیش و کاریش خۆی ئه‌ڕوات ! خوا كه‌ریمه ! خوا كڵاوی بۆ به‌ڕو كردووه شه‌مسه‌خان !
واتا ئێستا ئه‌وه‌ی خواردن بێت ، پیاوانه خۆتان ئه‌یخۆن و یارمه‌تی که‌ستان ناوێت ؟ ئـــهره وه الله !
ئه‌وه‌شی ره‌نج و کاریشی بوێت یاوتانهته ده‌س خوا؟ رێك وامانلێکردوه شه‌مسه‌خان !
ئه‌ی تڕحێو ، ده‌ك به‌خێر نه‌یه‌نه‌وه ، وه الله ئه‌مه حاڵتان بێت ، ئه‌وه‌ی هه‌شتانه ئه‌ڕوات و هه‌تا ماویشن هه‌ر وا ئه‌بێ بیخولێننه‌وه !