Hellbardin

شێرزاد شێخانی : هەڵبژاردنی پێشوەخت وەک کارەسات و دەستپێکی لێکترازان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی پارتی کۆتاییهاتنی ویلایەتی مەسعود بارزانی کردوە بەکێشەیەکی سیاسی گەورە کەدەیان قەیرانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە ، هەڵوێستەکانی پارتی و پەرچەکردارەکانیان بەرامبەر بەپرۆژەو هەڵوێستی چوار لایەنەکەیتر زۆر توندو نابەرپرسانە بوە ، زۆرجار سنوری ئەخلاقی سیاسیشی تێپەراندوە ، کاتێک شەقوەشاندن و چاوسورکردنەوە لەپەرلەمانتارو هەرەشەی کوشتن لەوان و لەنوسەرو رۆژنامەنوسیشی تێکەوتوە ..
ئەو کەشە ناخۆشەی پارتی هێنایە کایەوە لەماوەی ئەم سێ مانگەی ئەخیرا ، کەشێک بوە ئارامی و سەقامگییری وڵاتەکەشمانی خستە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە ، ئەوان وا ئەزانن کەسێک یا حزبێک دژی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بێت کەواتە کەعبە ئەروخێت و وڵات وێران ئەبێت لەئاسمانەوە بەرد ئەبارێت بەسەر میللەتە داماوەکەمانەوە. لەتەسکبینی وزۆرجاریش لەهەستکردنیان بەکۆیلایەتی وا ئەزانن حوکمی بارزانی ئەبەدییەوە هێلی سوری بۆ ئەکێشن و باسی کۆتایی هاتنی ویلایەتەکەی بەکوفرێکی گەورە ئەزانن، تەنانەت رێز لەئیمزای خۆشیان ناگرن لەسەر ئەو یاسانەی رێگا نادەنە بارزانی تا هەتا سەرۆک بێت، جا ئەگەر ئەوان لەبارزانی بترسن یاخود بەزاتێکی موقەدەسی بزانن،لای خەڵکیتر بارزانی نەزاتی موقەدەسە نەپۆستەکەشی تا هەتایە، چونکە یاسا رێگا نادات تا هەتا حوکم بکات.
لەماوەی رابردودا سەرجەم حزبەکەی پارتی بەسەرکردایەتی و کادیرو ئەندامانەوە کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی بارزانی لەپۆستەکەیدا بەناهەق بهێڵنەوە،ئەڵێم بەناهەق،چونکە هیچ هەقێکی بەسەر پۆستەکەو میللەتەکەشی نەماوەو لەجیاتی دو ویلایەت دوساڵی دیاریشی پێشکەشکرا و ئەبو خۆی شەرمی بکردایە داوای زیاتری بکردایەو ریگای نەدایە حزبەکەی بپارێتەوە بۆ دو ساڵیتر بیکەنەوە سەرۆکێکی ماوەبەسەرچو.
ئەو نەفەستەنگی و شەرانگیزی و پیلانە ئیستخباریەکانیشیان بەکوشتنی سەرۆکی پەرلەمانو ئەندامانو نوسەرو رۆژنامەونوسو هەرەشەو چاوسورکردنەوە ونانبڕین و بەکارهێنانی قوتی خەڵک وەکو فشارێک بەسەر حزبەکانو هەوڵدان بۆ کڕینی ویژدانی هەندێ کەس، ئەمانە هەمویان ئیشارەتی دڵخۆشکەرنین بۆ ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتودا بەهەمان ئەو نەفەسەو بەدەمارگییری و بگرە زۆر توندتریش پارتی کەشێکی نائارام دروست نەکات تارادەی خوێنرشتنی نەیارەکانیشی لەسەر شەقامەکاندا لەکاتی گەرمەی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا.
بۆیە ئەترسم لەجیاتی ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی کە زۆربەمان چاومان لێیەتی ببێتە چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە قوڵەی ئیستای سیاسی لەهەرێمەکەماندایە،کارەساتی گەورەتری لێبکەوێتەوەو خوێن شەقامەکانمان سور بکاتەوە.چونکە ئێستا کەسانێک سەر بەحکومەتی پارتی ودەزگای پاراستنیان ئامادەییان تیا بێت هەڵکوتنە سەر پەرلەمان و بەبریاری حزبەکەشیان دەست لەکەس نەپارێزن بەخودی سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێر و سەرۆکی فراکسیۆنە نەیارەکانیان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی، هەڵبەت مناڵو تاڵەکانیان لەرۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زۆر شتی خراپتریان لێ چاوەڕێ ئەکرێت، ئەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەمجارەیان هەڵبژاردنی سەرۆکەو لەوانەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشی تێبکەوێت، کەواتە پارتی نەدەست لەتەزویرو تەزویرکاری هەڵئەگرێت بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی مەسعود و حزبەکەی، نەدەستیش ئەپارێزن لەکاندیدەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیش، خۆ هێلکەبارانەکەی دکتۆر کەمالی سەید قادرمان بیر نەچۆتەوە، هیچ دوریش نیە کەشێکی خوێناوی بخوڵقێنن بۆ ئەوەی وەزعەکە بەلای خۆیان راکێشن، جا ئەگەر ئەمە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا روبدات،ئەبێ دوای هەڵبژاردن چیبکەن ئەگەر حزبەکانیتر یا کاندیدێک پێش سەرۆکیان یا لیستەکەیان بکەوێت لەهەڵبژاردندا.
هیچ زەمانەتێک نیە پارتی بەو عەقلیەتە شەرانگێزو بەو کۆیلایەتی سەرکردەو ئەندامانی بۆ بارزانی وبنەماڵەکەی هەڵبژاردنێکی هێمنو ئارام بەرێوە ببەن،بۆیە پێموایە ئەگەر بێتو حزبەکان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە برۆن ئەبێ چاوەروانی کارەساتی گەورە بن کە لەنەتیجەدا لێکترازانێکی گەورەو بگرە شەری ناوخۆشی لێبکەوێتەوەو ببێتە ئەمری واقیع، چونکە من دەمێکە وتومە ژیان لەگەڵ ئەو پارتیەدا لەم وڵاتەدا زۆر زەحمەتە..زۆر زۆریش،چونکە تۆ لەگەڵ حزبێک مامەڵە ئەکەیت کە نازانێت شەرمو ریسوابونیش چیە.سیاسەتکردنیش لای ئەوان وەکو شوتی فرۆشتنە بەقسەی وەزیرێکیان..سەرۆکی ئەو حزبەش هەمو میللەت بەمەڕو ماڵات ئەزانێت، خاک خۆڵی کوردستانیش بە موڵکی بۆماوەی لەبابو باپیرانەوە ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت