مەریوان وریا قانع : نیشتیمان بۆ ناو تەنەکەی خۆڵەکە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
زۆرجار کە باس لەهۆکارەکانی سەرهەڵگرتنی خەڵکو جێهێشتنی نیشتیمان دەکرێت ، باس لەهاتنەکایەی کۆمەڵێک ” دەوڵەتی داوەشاو ” یان ” فاشیل”، failed states دەکرێت . دروستبونی ئەم جۆرە دەوڵەتە بەهۆکاری سەرەکیی ئەو کۆچکردنە فراوانو دەستەجەمعییە دادەنرێت . ” دەوڵەتی داوەشاو ” ئەو شێوازەیە لەدەسەڵاتدارێتی کە ناتوانێت چیتر سنورەکانی بپارێزێت ، ناتوانێت دەسەڵاتی لەناو هەمو ئەو شوێنانەدا هەبێت کە بەشێکە لەسنوری ئەو دەوڵەتە ، ناتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییو سەرەکییەکان پێشکەش بەدانیشتوان بکاتو ناشتوانێت ڕێ لەسەرهەڵدانو بەهێزبونی هێزی ناوچەیی بچوک بگرێت کە لەناو ئەو بۆشاییانەدا دروستدەبێت کە لەلاوازبونو داوەشانی دەوڵەتەوە دروستدەبێت . بەمەش هەم بڕێکی گەورە لە ” فەوزا “و ” پشێوی ” دروستدەبێت ، هەم ” ۆشاییەک ” ی گەورەی دەسەڵات کە لۆردەکانی جەنگو هێزە مافیاییە ناوچەییەکان پڕیدەکەنەوە . ئەم هێزە ناوچەییانەش هەمیشە ئاکارێکی گەندەڵو توندوتیژو نابەرپرسیاریان هەیەو لۆژیکی پاراستنی قازانجە سەرەکییەکانی حوکمڕانەکان ئاراستەیاندەکات . هەمو ئەمانەش بەسەریەکەوە ئەو ژینگەیە دروستدەکەن کە مرۆڤ تیایدا هەست بەلانی هەرە کەمو پێویستی ئەمنو ئاسایش نەکاتو لەهیچ شتێکی ژیانی خۆیو منداڵەکانی دڵنیا نەبێتو هەڵاتن وەک یەکێک لەستراتیژە سەرەکییەکانی مانەوە، وێنابکات .
بەبۆچونی من ئەم ڕوانینە بەشێک لەڕاستیی تێدایەو دەتوانێت هاریکارمان بێت بۆ تێگەیشتن لەدیوێکی تایبەتی دیاردەی سەرهەڵگرتنی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوان ، بەڵام ناتوانێت سەرجەمی دیاردەکەمان بۆلێکبداتەوە . ئەوەی لەو ناوچەیەی ئێمەدا ڕودەدات دروستبونی ” بۆشایی دەسەڵات ” و ” فەوزا ” و ” پشێویی ” نییە بەتەنها ، بەتەنها هەڵوەشاندنەوەو داڕزانی مۆدێلێک لەدەوڵەتی مەرکەزیی نییە کە ماوەیەکی درێژ باڵادەستبوە . ئەوەی ڕودەدات سەرهەڵدانی دو شێوازی ترە لەحوکمڕانییو دەسەڵاتگەرێتیی کە نەک ” بۆشایی ” دەسەڵاتو ” فەوزا ” و ” پشێویی” دروستناکەن ، بەڵکو مۆدێلێک لەدەسەڵاتدارێتی گەشەپێئەدەن کە هیچ ڕوبەرێک بۆ بۆشاییو فەوزاو پشێویی ناهێڵێتەوە ، تەنها ئەوانە نەبێت کە خۆی پێویستیی پێییانەو بەشێکن لەتەکنیکەکانی حوکمڕانی خۆی . ئەگەر شتێکیش هەبێت ناوی ” بۆشایی ” و ” فەوزا “و “پشێویی ” بێت ، ئەوا ئەوانە بەشێکن لەستراتیژیەتێکی حیساب بۆکراوی تایبەتو پەیوەندیی بەکاری خۆبەخۆو پێشبینیی نەکراوەوە نییە . وەک وتم ئەوەی ڕودەدات لەدایکبونی دو شێوازی تایبەتە لەدەسەڵاتدارێتی . یەکەمیان سەرهەڵدانی جۆرێکە لەدەوڵەت کە تەماحی بەئیمپراتۆربون ئاراستەیدەکاتو سەرۆکەکانیان دەیانەوێت وەک سوڵتانێکی مۆدێرن وێنابکرێن . دەوڵەتی سعودییو ئێرانییو تورکیای ئەردۆگان نمونەی ئەم جۆرە دەوڵەتەن . هەر یەکێک لەمانە خەونی ئەوەی هەیە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆیاندا کۆنترۆڵی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤی ترو چەندەها گروپیی ئەتنیو دینییو فەرهەنگیی جیاوازبکاتو بڕیارە ستراتیژەییەکانی هەریەکێکیش لەمانە بەخواستە ستراتیژییەکانی خۆیەوە گرێبدات . هەریەکێکیشیان دەیەوێت هێزی ئیقلیمیی ژمارە یەکو ئاراستەکەربێت لەناوچکەدا . بەکورتی ئەمڕۆکە جۆرێک لەدەوڵەتی ئیقلیمی دروستبوە کە بەزاندنی سنورە نەتەوەییەکانو ژێرپێخستنی پرنسیپی ” سەروەریی نەتەوەیی ” هێزە ناوچەییە لاوازەکان ، بەشێکە لەسیاسەتی ڕۆژانەیان . تەماحی ئەم دەوڵەتانەش بەناو دەریایەک تاوانو پیلانو کوشتنو بڕینو بەکارهێنانی بەرفراوانی توندوتیژدا تێدەپەڕێت .
جۆری دوهەمیان دروستبونی ئەو دەسەڵاتدارێتییە ناوچەییو لۆکاڵییانەیە کە لەچەند دەیەی دواییدا لەم ناوچەیەدا پایەیان داکوتاوە . ئەمانەش کۆمەڵێک هێزو گروپی حوکمڕانن کە لەو بۆشاییانەدا دروستبون کە لاوازبونو داوەشانی هەندێک لەدەوڵەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە دروستیکردوە . نمونەی ئەم حوکمڕانیانە ئیمارەتە دینییەکەی حەماسی فەلەستینییە لەغەزە ، دەوڵەتە شیعییەکەی حیزبوڵایە لەلوبنان ، خەلافەتەکەی بەغدادییە لەڕەقەوە بۆ فەلوجە ، ” دەوڵەتۆچکە ” بچوکەی بەشار ئەسەد لەبەشێکی سوریادا ، بەشبەشبونی یەمەنە بۆ چەند ئیمارەتێکی بچوکو دو زۆنە سەوزو زەردەکەی هەرێمی کوردستانە . ئاشکرایە هەریەکێک لەمانە مێژوی کۆمەڵایەتییو سیاسیی جیاوازو تایبەتی هەیەو لەناو کۆمەڵێک هاوکێشەی دەسەڵاتی ناوەکییو دەرەکیی جیاوازدا ئامادەیەو دەژی ، بەڵام هەمویان لەو خاڵەدا یەکن کە ئەزمونی سیاسیی تاکحیزبیی ترسناکنو لەدەوری دەسکەوتو قازانجی کۆمەڵێک کەسایەتییو بنەماڵەی سیاسییو تائیفەی دینیی کۆبونەتەوە . هەموشیان بەڕادەی گەورە داخراو و گەندەڵو سوڵتانینو ئامادەگییەکی گەورەیان بۆ پەنابردن بۆ توندوتیژیی هەیە ، دژ بەهەمو ئەوانەی هەڵگری هەمان خەونی سوڵتانیی نین . ئەم هێزانە نەک نەیانهێشتوە ” بۆشایی” دەسەڵات دروستببێت ، بەڵکو هەمو ئەو ناوچەو دانیشتوانانەیان کۆنترۆڵکردوە کە کەوتونەتە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتدارێتییەکەیانەوە . ئەم کۆنترۆڵەش بەڕادەیەکە ئەو هەستەیان لای زۆرینەی کۆمەڵگاکانیان دروستکردوە کە ” بەرگرییکردن ” و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی ، جگە لەکردەیەکی بێسەمەرو شێتانە شتێکی دیکە نییەو جگە لەوێنرانەکاریی هیچیتری لێ سەوز نابێت .
ئەم دو شێوازە لەدەسەڵات لەناوچەکەدا بەدەیان شێوازی جیاواز بەیەکدییەوە پەیوەستنو بەشێوازی جیاوازیش دەستیان لەگەڵیەکدا تێکەڵە . ئەو هیوایەی لەدوای ڕوداوەکانی ” بەهاری عەرەبی ” یەوە لەدایکبو ، لەناو ئەم دۆخە تازەیەدا کوژرا . پێدەچێت زۆرینەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە لەم دۆخە تازەیەدا باوەڕیان بەهیچ جۆرە بەرگریکردنو ئەگەرێکی گۆڕانکاریی نەمابێت . ئەمەش مانای ئەوەی لەپاڵ کارەساتەکانی جەنگو بێماڵییو هەژارییو بێکاریدا ، لەپاڵ گەندەڵییو بەخێزانیکردنێکی تەواوی دەسەڵاتدا ، شتێک بەناوی هیوایەکی بچوک بۆ دروستکردنی دونیایەکی تر ، نەماوەتەوە . ناڕەزایەتییەکان لەناو سنورە سایکۆلۆژییەکانی ناڕەزایەتیدا دەمێننەوەو ناگۆڕێن بۆ کردەی سیاسییو مێژویی بەسەمەر . ئەوانەی ڕادەکەنو لەدەریاکاندا دەخنکێن ، ئەو مردنەیان پێباشترە تا ئەوەی بەدیار چاوی کەسوکارو دۆستەکانیانەوە خەمسارادانە بکوژرێن . مردن لێرەدا لانیکەم دەرەنجامی بڕیارێکە خۆیان داویانە ، نەک دەرەنجامی بڕیارێک سەرۆکی دەزگایەک لەدەزگانی حوکمڕانیی ، دەریکردبێت .
دیوێکی دیکەی ئەم وێنە گشتییە بەتاڵبونەوەی ئەو دونیایە ، بەتایبەتی بۆ گەنجان، لەهەمو چێژێک ، تەنانەت لەچێژی گوێڕایەڵییو تەسلیمبونو هیچنەکردنیش . ئەم کوشتنی چێژە تەنها پابەستیی ئەو بڕە زۆرە لەتوندوتیژییو کوشتنو خوێنە نییە کە لەناوچەدا دەڕژێت ، بەڵکو پابەستی ئەو دۆخەشە کە دەکرێت بەدۆخی ” بەسەلەفیکردنی ژیان ” ناویببەین . هیچ شتێک ئەوەندەی سەلەفیەتی دینیی ئەمڕۆکە پەلاماریی ئەو چێژە بچوکو سادانە نادات کە مرۆڤ پێویستیی پێیەتیی بۆئەوەی بتوانێت کارەساتەکان هەرسبکاتو خۆی نەکوژێت . ئەو خانمە عەرەبە حیجابپۆشەی بەگەیشتنی بەئەوروپا جلە دینییەکانی خۆی داکەندو فانیلەو شۆرتێکی لەبەرکرد، ئەم دۆخی بەسەلەفیکردنو کوشتنی چێژەمان نیشانئەدات . ئەو خانمە وتی : ” بیست ساڵە لەشم باو خۆرەتاوی بەرنەکەوتوە .” وڵاتێک نەهێڵێت لەشی مرۆڤێک بیست ساڵ باو خۆری بەربکەوێت ، مرۆڤ نەک تەنها بەجێیدەهێڵێت بەڵکو فڕێشی ئەداتە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە .
سەرچاوە – ئاوێنە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە