ئەنوەر قادر ڕەشید : چاکسازی لە کامێرای شاراوەدا ؟
من ئەزانم کە سازان سیاسەت نیە بۆیە قسەی تیا ئەکەم ، چونکە لەراستیا من ئەوەندە لە سیاسەت نازانم هەق بەخۆم بدەم لەسەری بدوێم ( هەرچەندە لە زوربەی زۆری ئێوەی بەناو سیاسی باشتریی لێ ئەزانم ) ئەمەی ئێوە ئەیکەن لە گەمەی مناڵان ئەچێ و بەهەر پاساوێک بێ ئەتانەوێ خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی و کات بەسەر بەرن، خۆ ئەگەر وا نەبێ ، ئێوەش و ئێمەش ئەزانین کە سازان یانی مامەڵە کردن و کڕین و فرۆشتن .
ئێوە ئەم مەسەلەی سەرۆکایەتیەتان لێ کردووین بە مەتەڵ و تا بێ قورسی ئەکەن، ئەوە مەسەلەیەک نیە سازانی لەسەر بکرێ ، بەڵکو یاسایەکە لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دراوە و خودی کاک مەسعود واژووی لەسەر کردووە و ئەو دوو ساڵەش هەر بە سازان درێژ کراوەتەوە . ئەگەر ئەتانەوێ تازەی بکەنەوە ئەوە هەر لە پەرلەمانەوە بە هەموو دەسەڵاتیەکانیەوە بۆ دووسەد ساڵی تری نوێ بکەنەوە و ئەگەر سووریشن لەسەر ئەو نوکتەیەی پێی ئەوترێ ( سەروەری یاسا ) ئەوە پێداگری بکەن لەسەر بڕیاری پەرلەمان و با ئەوانەی تا ئێستا قابیلی فرۆشتن نەبوون بڕیاری خۆیان بدەن و ئەنجامەکەشی لە ئەستۆ بگرن .
ئێوە و ئێمەش دڵنیاین کە بەرزانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێ ، ئەشێ کورسیەکەی زۆر مەبەست نەبێ ، بەڵام چۆن رێ ئەدا یەکێکی تر بەڵگەنامە و بڕیار و رێکەوتنە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی دەساڵی رابوردووی بکەوێتە دەست ؟ ئەوە خۆکوژیی سیاسیە .
پارتی ورکی گرتوە کە ئەبێ سەرۆک بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە تا هەتایە بمێنێتەوەو بەرزانیش لە سەرتاسەری دنیادا بەدیلی نیە !!! ئێوەش لە وڵاتێکی بێ یاسادا ئەتانەوێ بە یاسا جێگۆڕکێی دەسەڵات بکرێ ، من پێم سەیرە ئەگەر باوەڕتان بەو دروشمە بریقەدار و درۆ زەبەلاحانە کردبێ کە لەو هەرێمە سیستمی دیموکراسی پەیڕەو ئەکرێ ، ئەوە هەرێمی قەیرانستانە و قەیرانی بە قەیران تیا چارەسەر کراوە و ئەکرێ .
ئەبێ ئێوەش و ئێمەش ، وەک پارتی ، باش بزانین لابردنی سەرۆکی پارتی کە گەورەی بنەماڵە و راگری باڵانسی دوو باڵەکەی ناو خودی بنەماڵەیە و بە لابردنی مانای لاواز کردنی پارتی تا رادەی نیمچە نەمان ، چونکە پرۆسەکە ئەچێتە بازنەی میرات و میراتگری و تەپوتۆزی کێشەی دوو باڵەکەی پێ ئەتەکێ و ئەبێتە بەرەنگار بوونەوە و دابەشبوونی ئەندام و هەوادارانی ئەم باڵ و ئەو باڵ ، هەموو ئەم کێشانە بە جێگۆڕکێی کاک مەسعود ئەبێ بە یەکێک لە کوڕەکانی چونکە بەپێی سازانە بەدناوەکانی پێشوو ئەو کورسیە بەشی پارتیە یان ئاشکراتر بیڵێین بەشی بنەماڵەی بەرزانیە .
کەواتە لەو حاڵەتەدا ئەبێ هەوڵی چوارقۆڵی ( ئەگەر تا کۆتایی بە چوارقۆڵی بمێننەوە ) بەر لە لابردنی کاک مەسعود ، هەوڵی سەرەکیان سنوردار کردنی دەسەڵاتەکانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بێ و دەسەڵاتە زەوتکراوەکانی یاسا دانان و دادوەریش بگەڕێننەوە و بکرێتە هەنگاوی یەکەمی بە سیستم کردنی هەرێم و پاراستنی کەرامەتی تاکی کورد ، کە هەنگاوێکە لە بەرژەوەندی هەموانە بە پارتیشەوە .