Hana-Ali

هانا قادر : نمە نەریمان و لۆکە زاهیر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەریمان سابیر باوکی نمە ، لە فەیسبوک فرێند ـ نە لام و زیاد لە یەک ساڵە دەیان جار کۆمێنت و نامە و گفتگۆی سیاسی و باسی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکمان لە گەڵ یەکتریی گۆڕیوەتەوە . تەنها خۆشەویستیم بۆ ئەو خێزانە هەیەو بەس .
یەکەم ڤیدۆیی نمە نەریمانم بینیی ، پۆستێکم لە فەیسبووک نووسی و هاوارم کرد ، کە منداڵەکان بە دوور بگرن لە سیاسەت و دین . گۆنا عەلی ئازیز ، لەکۆمێنتێکدا لەسەر نوسینەکەم وای نووسیووە : هانا قادر ، بە ناڕاستەوخۆ ، ڕەخنەی لە بەکارهێنانی ( نمە ) گرتووە . ئەگەرچی پیم وابێت ، یەکەم کەس بووم ، ڕەخنەم لەو بەکارهێنانەی نمە گرتبێت . هەڵبەتە کە ئەڵێم : یەکەم کەسم ، مەبەستم لە نێو ئەو گروپە لە خەڵک ، کە تەنها ڕازیی نین بە بەکارهێنانی منداڵ لە نێو ئەم گروپەشدا ، هێندەی من خۆم بینومە و بەرچاوم کەتووە ، ئەگینا ڕەنگە پێش منیش ڕەخنەی لێ گیرا بێت و من ئاگاداریی نەبم . بەهەرحاڵ مەبەستم ئەوە نەبوو بە ناڕاستەوخۆ لە سەریی بنووسم ، وەک گۆنای ئازیز ئەڵێت . بەڵام دڵنیا بووم لەوەی ، دەیان خێزانی تر و دایک و باوکی تر ، هەمان هەڵەکەی دایک و باوکی نمە دووبارە ئەکەنەوەو ، نمە ئەبێتە نموونە بۆ ئەوانی تر .
ئەوەتا ئەمڕۆ منداڵێک ، لە کۆیە وەک نمە قسە ئەکات و سبەی لە هەولێر و گەرمیان و هەموو شوێنێکی تر ، لە بەرامبەر سیاسیە پیرە ئاخر شەڕەکان ، منداڵە بەریئەکانی وڵات ، ئەبنە دەم سپی و بە جێی هەموان قسە ئەکەن .
لە نێو کورددا هەرچی دیاریدەی ڕەق و خراپ ، بۆ ڕۆحی مرۆڤ هەیە ، زۆر خێرا قبووڵ ئەکرێت و پشتگیری ئەکرێت . بۆ نموونە هەر ئەم نمە بچکۆلە نازدارە ، ئەگەر سەمای بکردایە ، هەموو خەڵک ئەیانوت ، دایک و باوکی کچەکەیان بەڕەڵا ئەکەن . ئەگەر گۆرانی بووتایە ، وەک ئەو سەدان منداڵە دەنگ خۆش و هونەرمەندەی هەمانە ، کە لە سەدا یەکی خەڵکی ئەو نیشتمانە ، نە ئەیانسن و نە گوێیان لێ ئەگرن و نە تاقەتی ئەو هەموو جوانی و بەرائەتەی ئەوانیان هەیە ! پشتگوێیان دەخست .
نمە ١٧ساڵ بووایە و جووتێک مەمکی خڕو جوانی پێوە بوایە و گۆرانی بێژ بووایە ، بە دەردی لۆکە زاهیر دەبرا . ئەو کچەی تەنیا لە بەر ئەوەی جوان بوو ، بێ تەجرەبەو سادە بوو ، لە نیشتماندا کردیان ، بە جنۆکە . نمە ئەگەر ئاوا منداڵ نەبوایە ، وەک کەژاڵ و هانا و گۆنا و بەهار و چۆمان و ئێڤار و دەیان ژنی تری سیاسی نیشتمان ، ڕۆژانە حەملەی پێ ئەکرا ، وە ئەشکرێت . نمە ١٠ ساڵێکی تر و ئەگەر کۆمەڵگا بەدبەختەکەمان هەر وەک ئێستا بەردەوام بێت ، کە ڕەنگە لە ئێستاش خراپتر بێت ، ئەوە هەموو ئەو حەشاماتەی پشتیوانی ئەکەن ، ئەبن بە دوژمنی . وەک ژنە دیارەکانی ئەمڕۆ ، دێتە پاڵ کەمپینی ، ئیتر بەسە هێرش و پەلاماری ژنان !
کۆمەڵگای کوردی ، مردووە لە نێو دڵی ڕەقیدا ، حەیرانی تووڕەبوون و دەنگی شەڕە . هەر بۆ نموونە : هەر کەسێک شیعرێکی زۆر باش بنووسێت ، هێندەی چەند دێڕێکی تووڕە ، نابێتە جێگە سەرەنج و خەڵک بە جدی وەریناگرێت . ئیتر دەیان و سەدان نموونە هەن ، کە دەکرێت دەلیلی رۆحی شەڕانگیزی تاکی کورد بێت . دایک و باوکی نمە ، دێن و لەم دونیا بە بەرد بووەی نیشتمانی کورداندا ، منداڵێکی چوار ساڵە ، ئەخەنە بەر چەقۆ تیژی دونیایی سیاسەت و ڕەخنە گرتن !
باسی ئاوو کارەبا ، سیاسەتە کاک نەریمان ، خۆشت ئەوە باش ئەزانی . خراپی ئاوو کارەبا ، ڕاستەوخۆ ، پەیوەندی بە کوبوونەوەی حیزبەکان و پەیوەندیەکانیان ، لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکەو مەلەفی نەوت و دزی و تاڵانیەوە هەیە . کەی مەنتیقە بۆ پاساو بە کار هێنانی منداڵەکەت بڵێی : نمە کوا باسی سیاسەتی کردووه ؟
ئەمە بە جیا لەوەی نمە ، تەنها باسی ئاو و کارەبا ناکات ، بەڵکو داهاتی ناوخۆ و ، گەندەڵی و چەندین مەلەفی گەورەو ژمارە و بژاردەی زۆر لە تەمەن و توانای خۆی گەورە تر ، تەزریقی مێشکی ئەکرێت و ڕاهێنانی پێ ئەکرێت . وای چۆن لە دڵت دێت ئاوا لەو مرۆڤە بەریئە ئەکەی ؟
یەکەم جار نمەمم دی ، گریانم هات . بەڕاستیش گریام بۆ منداڵی خۆم و ئێستای نمە ! من پێنج ساڵان بووم ، یەک گۆرانی منداڵانەم نەدەزانی ، وەلێ تەواوی سرودەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانم لە بەر بوو !
هیج دانیشتنێکی باوکم و هاوڕێکانی نەبوو کە هەموو چەپەکانی حەفتا و هەشتاکان بوون منی تێدا نەبم . لە باوەشی باوکم دانەدەبڕام ! بە جێی سەربخەمە سەر سنگ و مەمکی دایکم و داوای لێ بکەم مەتەڵ و چیرۆکم بۆ بگێڕێتەوە ، لە باوەشی باوکمدا دائەنیشتم و گوێم بۆ هەموو باس و موناقەشەو توڕەبوونی پیاوەکان لە یەکتر و ڕاست بوونەوەی دەماری ملیان ، دەگرت و زەندەقی ئەبردم و ئینکاریم ئەکرد و هەر ئەبوایە دابنیشتمایە .
من وەک کەسێک ، که منداڵیم زۆر لە نمە ئەچێت و لە نێو خێزان و دەوروبەرمدا ، لەقەبی ، کۆمەڵەکەی باوکی و کچە مەحامیەکەو دەیانی ترم هەبوو ، کە هیچیان پەیوەندی بە دونیایی منداڵی منەوە نەبوو ، داوا لە دایک و باوکی نمە ئەکەم ، کچەکەیان وا لێ نەکەن . بە جێی باسی ئاشتی هەورامی و کارەبا ، بیبەن بۆ گروپێکی نمایش کردن ، دڵنیام باشترین ئەکتەری کوردی لێ دەرئەچێت .

دوای کلیک کردنە سەر شێیر ، دەتوانیت کورتە نوسین و بۆچونی خۆت بنوسیت بۆ خاتو هانا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت