عیماد عەلی : خەڵکی هەولێر بە سەبرن ئەمما کە دەستیان دایە هەر شتێک مەردانە دەیکەن .
دیارە لێرەدا مەبەستم نیە جیاکاری نێوان شارەکانی کوردستان بکەم و ، هەموو کەسێک شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن کە لەم بوارەدا بەهیچ شێوەیەک نە موزایەدە و نەش سازشم کردووە و مامەڵەم لەگەڵ سەرجەم شارەکاندا بە عەقڵ و بیرو روانینی کوردستانیانە بووە . بەڵام تایبەتمەندیەکانی سەرجەم شارەکانم لەبەرچاو بووە و سیفەتە جوان و پیاوانە و مەردانەکانی هەر شارێکم بەرێزەوە باس کردووە ، وەک چۆن سلێمانیم بە شاری هەڵمەت و قوربانی و رۆشنبیری و دونیای پێشکەتنخوازی پێناسە کردووە و شانازیشیان پێوە دەکەم ، هەروەها هەولێری دێرین و خاوەن شارستانیەت و خەڵکی راستگۆ و پاک و کورد پەرست و مەردانە جێگەی شانازی هەموومان بون .
زۆر جار لێرەو لەوێ ئەگەر باسی خەڵکی هەولێریان بە شێوەیەکی زۆر راستگۆ تا رادەی ساویلکەیی باس کردبێت هەمیشە من پێم وابووە هێمنی و بە دیقەت و جوان رەفتار و بێ هەڵەشەیی پێویستی بە راستگۆیی و ئارامی و هێمنی دەوێت ئەوەش لە خەڵکی ئەم شارە دێرینەدا جێگیرە و لە ئەخلاقی ئەم خەڵکەدا دەوەشێتەوە .
لەم ماوەیە زۆر گفتوگۆ لەبارەی پێداویستیە تایبەتیەکانی خەڵک و هەڵوێستی لایەنەکان و شارەکان کرا و تەنانەت باس لە زیاتر پەیوەستبونی هەولێر بە بەرژەوەندخوازی حزبی و کەسیەوە کرا و بێ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە لەسەر ئەم شارەو خەڵکە خۆشەویستەکەی بکرێت و بێ ئەوەی رەفتاری تاک لایەنی حزبێک کە بە ئاگر و ئاسن حوکم بکات وەک هۆکارێکی لە سەرخۆیی زیاتری هەولێریان لە دەربرینی هەڵوێست دەربخرێت . بەلام وەک لە بینین و روانگەی هەڵسەنگاندنی شەخسی خۆمەوە هەمیشە و ئێستاش بە تایبەتی رام وابووە کە دوا هەڵوێستی یەکلاکەروە و جوان و لە جێی خۆی هەمیشە لە پاش بیرکردنەوە و خوێندنەوەی سەرجەم لایەنەکانی هەر هەڵویستێک بە فاکتەری سەرەکی گەیشتن بەوئامانجەی ئەو هەڵوێستەی لە پیناودا دەربراوە لەقەڵەم دەدرێت .
بۆیە بە کورتی و کوردیەکەی کە سیفەتی هەولێریانەشە ، ئەگەر خەڵکی هەولێری دلێر سەبریان لەسەر زوڵم و زۆر لە پێناو بەرژەوەندیە گشتیەکە تائێستا گرتبێت بەڵام ئەم هێوری و هێمنی و زۆر دان بەخۆداگرتنە تا سەر نابێت و ، لە دواجاردا بەرژەوەندی نێوخۆیی کوردستان خۆی فەرز دەکات و ، هەڵوێست و رەفتاری ئەوان رێچگەی یەکلاکەرەوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵک دەبێت و ، ئەوەتا سەلماندیان کە ئەوان میلەتێکی ئازا و بوێر و بەسبرن و زۆر لایەنی کوردستانیانە لەبەر چاو دەگرن ، بەڵام کە دەستیان دایە هەر کارێک و بۆ هەر ئامانجێک بە مەردانە دەیکەن تا دوا هەناسە لە پێناویدا قوربانی دەدەن . خەڵکی کوردستانیش هەمیشە چاوەرێی دەستی ئەوانن کە پرس گەلێک چارەسەر بکەن ، لەنێویشیاندا گەیاندنی کێشە و ئاریشە نێوخۆییەکانی کوردستان بە دۆخی چارەسەر . چاوەرێین .