Hiwa-Nasih

هیوا ناسیح : شه‌ڕه‌ په‌ڕۆی حزبه‌کان له‌ سویسرا وه‌ک بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌مرۆ وه‌ک ئه‌ندامێکی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسرا (SP) بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات به‌شداریم له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژادنی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی کانتۆنه‌کان کرد که‌ له‌ ١٨ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت .
حزبی سۆسیالدیموکراتی سویسرا یه‌کێکه له‌دوو حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌م وڵاته‌و فراکسیۆنێکی ٥٧ کورسییان له‌سه‌رجه‌می ٢٠٠ کورسی په‌رله‌مان هه‌یه ‌، دووان له‌حه‌وت وه‌زیره‌که‌ی حکومه‌تی سویسرایان پێکهێناوه‌ ( ناوخۆ و داد ) له‌م حزبه‌ن ، که‌ هاوکات یه‌كێیان سه‌رۆکی سویسراشه‌ سه‌ره‌ڕای وه‌زاره‌ته‌که‌‌ی خۆی ( خاتوو سیمۆنیتا سوماروگا ) . ئه‌م حزبه‌ چه‌په‌و دۆستی کوردن ، گروپی په‌رله‌مانتارانی دۆستی کورد ، که‌ چه‌ندان جار له‌په‌رله‌مانی سویسرا کۆنفرانس و سیمیناریان له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد سازکردوه ‌، زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی له‌مانن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مان باری داراییان باش نییه‌ وه‌ک حزبی راستر‌ه‌وه‌کان نین ( پارتی گه‌لی سویسرا ) ناتوانن کۆمپانیای پڕوپاگه‌نده‌و هه‌ڵواسینی لافیته‌و پۆسته‌ر به‌کرێبگرن که‌ چه‌ندان میلیۆن دۆلاری تێده‌چێت ، بۆیه‌ بانگه‌شه‌یان به‌م شێوازه‌ ده‌که‌ن ، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا سه‌رۆکی وڵات ئه‌‌ندامی ئه‌م حزبه‌یه‌ !! ( له‌م وڵاته‌ حکومه‌ت یارمه‌تی دارایی هیچ حزبێک نادات و حزب مه‌جبوره‌ خۆی خۆی بژیه‌نێت ) .
هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان به‌ شێوه‌یه‌‌که‌ ، هه‌موو رۆژانی شه‌ممه‌یه‌ک له‌جێگایه‌ک یان چه‌ند جێگایه‌کی شار کۆده‌بنه‌وه‌ ، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پێشتر خۆیان بۆ هاوکاری ناونوس کردوه‌ ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌ ، که‌ بێن و له‌و هۆڵه‌ کۆببنه‌وه ‌، له‌وێ به‌و شێوه‌یه‌‌ی له‌ وێنه‌که‌دا دیاره‌ ، ١٠ تا ١٥ که‌س له‌ هۆڵێکدا ، به‌سیسته‌مێکی کۆمپیوته‌ریی تایبه‌ت ، ناوو ئه‌دره‌س‌و ژماره‌ ته‌له‌‌فونی خه‌ڵکانی دۆست ، ده‌نگده‌ر ، هه‌وادار یان ئه‌ندامانی خۆیانی تێدایه ‌، لیستێکی تێدایه‌ که‌ یه‌ک به‌یه‌ک ته‌له‌فونیان بۆ ده‌کرێت له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی هه‌ڵمه‌ته‌که‌وه‌ ، پاش خۆناساندن پێی ده‌گوترێت : بیرت نه‌چێت هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ ، تا ١٨ مانگ کاتت هه‌یه‌ ده‌توانی له‌م رۆژانه‌ به‌ پۆست ده‌نگ بده‌یت ، بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌که ‌.
پێمان باشه‌ ده‌نگ بده‌یت به‌پارته‌که‌‌مان له‌ به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ( بۆ نمونه‌ : باج که‌مده‌کرێته‌وه‌ له‌سه‌رتان ، موچه‌‌یه‌کی دادوه‌رانه‌تان ده‌بێت ، په‌یوه‌ندییه‌کی باشترمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپادا ده‌بێت بۆ قازانجی سویسرا ، به‌سه‌ر جیهاندا ده‌کرێێینه‌وه و ‌… هتد).
دوای ته‌واوبوونی هه‌ر ته‌له‌فونێک ، سیسته‌مه‌که‌ وه‌ک ئاماده‌کراوه‌ ، به‌کلیک تۆماری ده‌که‌ین : ئایا په‌یوه‌ندییه‌که‌ وه‌رگیرا ، وەڵامی که‌سه‌که چۆن بوو ، پێتوایه‌ ده‌بێته‌ ئه‌نداممان ؟؟ ئایا گوتی ده‌نگتان پێ ده‌ده‌م ؟ ئه‌ی گوتی ده‌نگمداوه‌ یان که‌ی ده‌چم ده‌نگ ده‌ده‌م ، هه‌‌ست ده‌که‌یت حه‌ماسه‌تی بۆمان هه‌بوو ؟ ئایا گوتی تێلم بۆ مه‌که‌نه‌وه‌؟؟ و …. هتد ) . لیسته‌که‌ ئه‌مبارکراوه‌ بۆ داهاتووش به‌کار ده‌هێنرێت . شایه‌نی باسه‌ کاره‌که‌مان خۆبه‌خشانه‌ بوو ، مۆبایل و کۆمپیوته‌ره‌کانیش که به‌کارمان ده‌هێنان هی خۆمان بوو ، بێ به‌رامبه‌ر کارمان کرد . ته‌نها چاو قاوه‌و میوه‌مان له‌ لاوه‌ بۆ دانرا بوو … که‌ی بێت رۆژێک دابێت لەهه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانیش چاوترساندن و هه‌ڕه‌شه‌و شه‌ره‌ په‌رۆو پاره‌و ده‌مانچه‌ به‌خشینه‌وه‌ نه‌مێنێت‌و به‌م شێوه‌ شارستانییه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌له‌فون بکرێت؟!
بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات به‌شداریم له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژادنی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان کرد که‌ له‌ ١٨ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت . (SP) ئه‌مرۆ وه‌ک ئه‌ندامێکی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسرا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت