ئاریتما موحه‌ممه‌دی : كاتێ كورد مێژوو له‌بیر ده‌كات مێژووش له‌ناخیدا ونی ده‌كات ـ به‌شی پێنجەم .
مانه‌وه‌ی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د پێگه‌یه‌كی بته‌و بۆ فاشیسمی فارس له ناوچه‌كه ده‌بێ و ئێران له‌و ڕێگایه‌وه بشێویشی خستووه‌ته‌نێو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی .
فاشیسمی فارس و كهلهمانگی شیعه
هه‌نووكه هه‌ژموونی سیاسیی فارس له هی سه‌رده‌میی سه‌فه‌وییه‌كان ده‌چێ و كهلهمانگی شیعه كه له‌لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت ڕیشكی له‌نێو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی ئێراق ، سووریه ، لووبنان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بیی داكووتاوه كه له‌و پێوه‌ندییه‌دا وڵاتی یه‌مه‌ن ئاماژه‌یه‌كی ڕوون و بته‌وه . هاوكات ڕژیمی ئێران كه نوێنه‌رایه‌تیی فاشیسمی فارس ده‌كات توانیوێتی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌دا كه له‌لایه‌ن به‌شێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها به‌شێك له وڵاتانی زلهێزی جیهانه‌وه تێی ئاژناوه ، خۆی ڕزگار بكات و قه‌یران و گوشاره‌كانی نێوخۆ كه له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌یه‌وه ڕووبه‌ڕووی ده‌كرێته‌وه سه‌ركووت بكات و كێشه‌كان هه‌نارده‌ی وڵاتانی ژێر هه‌ژموونی خۆی بكات و سرنجی وڵاتانی زلهێز په‌لكێشی كێشه‌كانی نێو وڵاتانی ئاماژه‌پێكراو بكات . هه‌رچه‌ند فاشیسمی فارس له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان نه‌یتوانی بره‌و به هێز و هه‌ژموونخوازیی خۆی له ناوچه‌كه بدا و پاشه‌كشه به ئووسمانییهكان بكات ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه فاشیسمی فارس توانیوێتی كهلهمانگی شیعه پێك بهێنێت و به‌شێكی زۆر له خاكی ژێر دهسهڵاستی ئه‌و كاتی ئووسمانیی به‌كرده‌وه داگیر بكات . تاكوو ئێره ئه‌مه به سه‌ركه‌وتنێك بۆ فاشیسمی فارس كه له‌ژێر چه‌تری كهلهمانگی شیعییدا خۆی مات داوه هه‌ژمار بكرێت . ئه‌وه‌ی كه جێگای مه‌ترسییه ئه‌وه‌یه كه فاشیسمی فارس سنووری بۆ داگیركاریی و ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی خۆی دانه‌ناوه و به‌رده‌وام له هه‌وڵی هێرش بۆسه‌ر گه‌لانی ده‌ورووبه‌ره . ئه‌م هێرشانه‌ش كۆی گشتیی جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌به‌ر ده‌گرێت . به‌ڵام له‌م كێشمه‌كێشانه‌دا لایه‌نه‌كانی سیاسیی باشووری كوردستان دابه‌شبوونه به‌سه‌ر هه‌ردوو كهلهمانگی شیعیی و سوونیی . ئه‌مه‌ش به ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ناكرێت . چونكه له ئاكامدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م كورد ده‌بێ . ئه‌م دابه‌شبوونه زیان به ئاشتیی و یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گه‌یه‌نێت . هه‌مان دابه‌شبوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد له سه‌رده‌می ئیمپراتووریی ئووسمانیی و سهفهوهییدا له‌تبوونی خاكی كوردستانی لێكهوتهوه . كه‌واتا نابێ ئه‌و ئه‌زموونه تاڵانه دووپات بكه‌ینه‌وه .
ئێران و بوومبی ئه‌تۆم
له‌لایه‌كی دیكه‌وه پێكهاتنی ئه‌تۆمیی ڕژیمی ئێران له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ، هه‌رچه‌ند ڕێ له ڕژیم ده‌گرێت كه بوومبی ئه‌تۆم درووست بكات ، به‌ڵام له‌ملاشه‌وه ده‌ستی ڕژیمی پتر كراوه كردووه بۆ ئه‌وه‌كه زۆرتر پهلهفڕته بكات و هێزه‌كانی له وڵاتی دیكه و به‌تاییبه‌ت له سووریه، ئێراق و لووبنان سه‌رله‌نوێ ڕێكبخاته‌وه . له‌پاش ئه‌وه‌كه فاشیسمی فارس به ته‌واوه‌تیی له‌وه دڵنیا بوو كه ئیتر ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ناڕۆخێت ، ئه‌و كات ده‌توانێ سازانه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا تێك بدات و دیسان هه‌وڵ بۆ درووست كردنی بوومبی ئهتوومیی بدات . له‌به‌ر ئه‌وه كاتێ كه كه‌وته‌به‌ر گمارۆ و ئابڵۆقه‌كانی ئابووریی ڕۆژئاوا ، هه‌ستی به به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م سازكردنی بوومبی ئه‌تۆمیی كرد و هه‌نووكه ده‌زانێ كه پێداویستییه‌كانی درووستكردنی بوومبی ئه‌تۆم چین . بۆیه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه ئه‌و كه‌ره‌سته و پێداویستییانه دابین بكات ، ئه‌وكات ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕێبازی پێشووی خۆی . ئێران ده‌ستخستنی بوومبی ئه‌تۆم وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ داگیركردنی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێناسه ده‌كات ، بۆیه كشانه‌وه له‌م ویسته گه‌لێك ئه‌سته‌مه . هه‌رچه‌ند باش له‌وه‌ش ئاگاداره كه ته‌نیا ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا دژایه‌تیی ئه‌و هه‌وڵه ناكه‌ن ، به‌ڵكوو دژبه‌رانی ئه‌و بیرۆكه‌ی ڕژیمی ئێران گه‌لێك زۆرن و ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیی و هندێكی دیكه له وڵاتانی ناوچه‌كه به به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌م ویسته‌ی ڕژیم ئه‌ژمار ده‌كرێن . به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئێران گه‌ڕایه‌وه سه‌ر سیاسه‌تی پێشووی خۆی ئه‌وا ئه‌وكات وڵاتانی عه‌ره‌بیش هه‌وڵی سازكردنی بوومبی ئه‌تۆمیی ده‌ده‌ن . دیاره ئیسرائیل هیچكات ئیزن به‌وه نادات كه ئێران و ئه‌و وڵاتانه ببنه خاوه‌ن بوومبی ئهتوومیی . بۆیه ڕێگرتن له ئێران به واتای ڕێگرتن له‌و وڵاتانه‌ش دێت .
فارس و مێژووی كورد
له‌لایه‌كی دیكه‌وه تاكه هۆكاری مه‌به‌ستدار كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه فارسه‌كان كورد به نه‌ته‌وه‌یه‌كی ساده و بێخه‌ش پێناسه بكه‌ن ئه‌وه‌یه كه ئاسایی نییه نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌كه‌ت داگیر بكات، كولتووره‌كه‌ت چه‌واشه بكات ، مێژووی سیاسیت بشێوێنێ ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییت له‌نێو ببات و به‌رده‌وام بتچه‌وسێنێته‌وه و لاوان و ڕۆڵه‌كانت له‌دار بدات و كانیاوه‌كانی نه‌وت و ئاوی كوردستان وشك بكات و تۆش به نزیكترین نه‌ته‌وه‌ی دۆست له‌خۆت تۆماری بكه‌یت ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه وتی فارس ئامۆزای كورده! نابێ ئه‌م هه‌ڵه ستراتیژییانه دووباره بكه‌ینه‌وه . له كتێبی شاهنامه‌دا كه كتێبێكی نه‌ته‌وه‌یی فارسه و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كتێبێكی مێژووییشه و مه‌زنایه‌تیی فارس له‌و كتێبه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌نده چه‌واشه‌كار و خۆبه‌زلزانن ، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و كتێبه مێژوویی نییه و له سه‌رده‌مێكی نزیكدا نووسراوه ، كه‌چی كورد به هۆزێكی شاخاوی پێناسه ده‌كات و ده‌ڵێت كه سه‌رۆك هۆزێكیان هه‌بووه و هه‌موو ڕۆژێ دوو لاوی كوشتووه و ده‌رخواردی ئه‌و دوو ماره‌ی سه‌رشانه‌كانی داوه و …. هتد . هه‌روه‌ها له چه‌ند به‌شی دیكه‌دا به‌زۆر شێوه‌ی ناشرین هێرش ده‌كاته سه‌ر كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌بێ بنه‌چه نێو ده‌بات و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر فارس ده‌یان كه‌سی له‌ده‌ست ئه‌و پاشا چه‌وسێنه‌ره ڕزگار نه‌كردایه و بۆ سه‌ر شاخه‌كان به‌ڕێی نهكردان ئه‌وا ئیستا كورده‌كان بوونیان نه‌ده‌بوو ! ڕاستی ئه‌م چیرۆكانه هه‌موو پێچه‌وانه‌ن !
وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و كتێبه مێژوویی بێ و هه‌موو نووسینه‌كان هی فیرده‌وسی نۆكه‌ری ده‌ربار بێ ، كه‌واتا زۆر به ئاسانی هه‌ست به‌و ترسه‌یان ده‌كه‌یت كه له كورد هه‌یانبووه و كورد وه‌ك نه‌یاری سه‌ره‌كیی خۆیان پێناسه كردووه . چونكه له‌و كتێبه‌دا سه‌دان بێڕێزی به نه‌ته‌وه‌ی كورد كراوه و تۆمه‌تیان بۆ ههڵواستووه . ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه فارس نه‌یاری سه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه و له شێواندنی مێژوو كوردیش ڕۆڵی سه‌ره‌كیی گێراوه. فارسه‌كان ئه‌و كتێبه به سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووریی و كۆبه‌ندی وشه‌گه‌لی فارسی هه‌ژمار ده‌كه‌ن ، به‌ڵام له‌و كتێبه‌دا كه‌ڵك له چه‌ندین هه‌زار وشه‌ی كوردی وه‌رگیراوه . دکتۆر عه‌لی ڕه‌زا ده‌روێشیان كه نووسه‌رێكی كرماشانییه و خزمه‌تێكی زۆری به زمانی فارسی كردووه ، هه‌رچه‌ند كوردیشه ، به‌ڵام هاوكات پتر له چه‌ند هه‌زار وشه‌ی كوردی له‌كتێبی شاهنامه‌ی فارسی‌دا جیاكردووه‌ته‌وه و كۆكاریی دۆكتۆراكهشی له‌سه‌ر هه‌مان پرس بووه . ئیتر باس له‌وه ناكه‌ین كه چه‌ند وشه‌ی تر بۆ به‌ڕێزیان نه‌ناسراو بووه كه ده‌كرێ به كۆڵینه‌وه‌ی چڕ‌وپڕ له‌و كتێبه جیا بكرێنه‌وه . ئه‌مه ترسی فارسه بووه له كورد و ئه‌م ترسه‌ش تاكوو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بوونی هه‌یه و نه‌ڕواوه‌ته‌وه . شه‌هیدكردنی سمكۆی شكاك ، ڕۆخاندنی كۆماری كوردستان و له سێداره‌دانی پێشه‌وای كورد قازی ، تیرۆری ڕێبه‌رانی نوێخوازی كورد ، ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێڕاق و توركییه بۆ له‌نێو بردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و هێنانی نسكۆ به‌سه‌ر شۆڕشی باشووری كوردستان له سه‌ده‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك له‌و هه‌وڵانه‌ی فاشیسمی فارسه كه به پێی پیلانی درێژخایه‌ن و داڕشتنی ستراتیژیی تووكمه به كرده‌وه هه‌وڵی بۆ تێكدانی شۆناس و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد داوه .
درهژهی هه‌یه