Aritma-Muhamadi

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : كوردستان ڕووی له‌ گۆڕانكارییه‌ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووداوه‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵگری دوو په‌یامی گرینگ و پڕ باییخن !

یه‌كکەم : ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی و حوكوومیی له‌ داواكارییه‌كانی خه‌ڵك تێ بگات و ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ پێشه‌وه‌چوونی دۆخی سیاسیی ، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی هه‌موار بكات و دۆخی ژیانی گه‌لیش ئاوری لێبدرێته‌وه ‌. پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكوومه‌ت له‌وه‌ بگات كه‌ گه‌ل توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ڕه‌شه‌با كۆشكی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكوومه‌ت بله‌رزێنێت و ده‌سه‌ڵات تووشی كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی بكات . ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ باشووری كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێ ، گه‌لێك چاره‌نووسسازه‌ و كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی و نه‌رێنیشی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه ‌. نابێ ئیزن به‌وه‌ بدرێ كه‌ داخوازییه‌كانی گه‌ل و مافی ڕه‌وای گه‌ل تێكه‌ڵ به‌ قینی كۆنه‌ بكرێت و نه‌یاران داخی خۆیان له‌ ڕێگای ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی چینوتوێژه‌كانی كوردستانه‌وه‌ به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا بڕژێنن . چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ مانای فێڵكردن له‌گه‌ل دێت . ده‌بێ گه‌لیش ڕێ له‌وه‌ بگرێت و ئیزن نه‌دات كه‌ داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان له‌لایه‌ن هندێك لایه‌نی تاییبه‌ته‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیردرێت و وه‌ك گوشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌كار ببردرێت . گه‌ل هه‌رده‌م ده‌توانێ به‌ گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داخوازییه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت و پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌ گرژیی ، ئاڵۆزی و تنوتیژیی تێكه‌ڵ به‌ ویسته‌كانی بكات.
دوووم : ئه‌م گرژیی و ئاڵۆزییانه‌ بینه‌ری تاییبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و وڵاتانێكی ناوچه‌یی و ده‌كرێت بڵه‌یین كه‌ جیهانییش چاوه‌دێریی دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن و پێویسته‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ باییخه‌وه‌ چاو له‌ داخوازییه‌كانی گه‌ل بكات . له‌وانه‌یه‌ هندێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌یی ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ شێواندنی دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بێنن و نێوبانگی كورد و ده‌سه‌ڵاتی كوردیی له‌ وڵاتانیی بڕیارده‌ر له‌كه‌دار بكه‌ن . له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نه‌ته‌وه‌ی كورد و ده‌سه‌ڵاتیی كوردیی به‌چه‌شنێكیی ئه‌رێنیی ڕۆژه‌ڤی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی جیهانیی بۆخۆی ته‌رخان كردبوو ، نابێ ئاڵۆزییه‌كان له‌ ڕێچكه‌ی خۆی لابدات و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هێزی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ دابنێت . نابێ ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ ببنه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ كورد پاڵپشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ده‌ست بدات .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان هه‌ست به‌ ناسكیی ئه‌م دۆخه‌ ناكه‌ن و پتر كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌ چینه‌كانی جیاواز پێك دێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌وان ئاگاداری دۆخی سیاسیی ناوچه‌یی نیین‌ و له‌ كۆدا هۆشیاریی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ییمان لاواز و بێ په‌رژێنه‌ . ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌و به‌شه‌ له‌ چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه‌ له‌ ڕووناكبیرانی سیاسیی، قوتابیان و خوێندكاران پێك دێن به‌ وریاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا هه‌ڵسووكه‌و‌ت نه‌كه‌ن ، له‌وانه‌یه‌ ئاسۆی گه‌شی كورد به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕی ئێواران هه‌ڵزنێت .

ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی سیاسیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه ‌. چونكه‌ نه‌یارانی كورد هێنده‌ زۆرن كه‌ دائیم و به‌رده‌وام له‌ كه‌مینی ئه‌و هه‌رێمه‌ خنجیلانه‌ دان . من لێره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌كیی ئه‌م دۆخه‌ ئه‌ژمار ده‌كه‌م و به‌ڕاستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئاست داخوازییه‌كانی گه‌لی ئه‌م هه‌رێمه‌ نابه‌رپرسانه جووڵاوه‌ته‌وه‌ . ئێمه‌ وڵاتێكی سه‌رمایه‌دار و خاكێكی به‌ پیتوبه‌ره‌كه‌ت به‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی له‌و هه‌رێمه‌ ده‌بینین ‌كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ دانیشتووانی شه‌وانه‌ به‌برسێتییه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێنه‌ سه‌ر سه‌رنیاكه‌یان . هاوكات به‌شێكی دیكه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تووشی جۆره‌ سه‌رلێشێواوییه‌ك بووه ‌. هه‌نووكه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كیی له‌ كۆمه‌ڵگا گه‌نده‌ڵ بووه‌ . ئه‌مه‌ش به‌هۆی مووچه‌وه‌، مووچه‌یه‌ك كه‌ له‌ژێر ناوی مووچه‌ی حیزبیی خۆی پێناسه‌ ده‌كات . ئه‌م چه‌شنه‌ له‌ مووچه‌خۆران ڕۆژانه‌ بێكارن و به‌ به‌رده‌وام له‌ چاییخانه‌كاندا پاڵیان داوه‌ته‌وه‌ و بێكار ده‌سووڕێنه‌وه‌ و به‌ شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌خولێنه‌وه‌ .
مووچه‌داری بێكار بۆخۆی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ داهاتوودا كاره‌سات بخووڵقێنێت . ئه‌وه‌یكه‌ لێره‌دا جێگای ڕامان و وردبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنچینه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ پێویستی به‌ هه‌ڵته‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه‌‌ كه‌ ڕێ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌ گه‌نده‌ڵیكارییه‌ك خۆش بكات‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌لیی و به‌رپرس لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ ژیانی خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌ڵبداته‌وه‌ . ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ له‌هه‌ر ئانوساتێكدا ڕوو بدات جێگای دڵخۆشییه‌ و نابێ به‌هۆی ناسكیی دۆخی ناوچه‌ییه‌وه‌ كڵاوڕۆشنه‌ له‌سه‌ر‌ ڕێی هاتنی وزه‌ی ڕووناكیی بۆنێو ماڵ دابنێین . ده‌بێ ده‌سه‌ڵات به‌رپرسانه‌تر له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا بجووڵێته‌وه‌ و دابینكردنی به‌خته‌وه‌ریی له‌ ژیانی دانیشتووانی ئه‌م كۆمه‌ڵگا وه‌ك ئامانجیی سه‌ره‌كیی خۆی دابنێت . چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ برسیی ، هه‌ژار و نه‌داره‌ . له‌و لاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات سكتێر، خومار و سه‌رخۆشه‌ .
خه‌ڵكی برسیی و نه‌داریش بیر له‌ نان و ئاو ده‌كاته‌وه ‌، بیر له‌ سه‌ربه‌ستیی و ده‌وڵه‌تیی كوردیی ناكاته‌وه . هه‌روه‌ك چون بۆچوونێكی سه‌رمایه‌داریی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا له‌دایك ده‌بێ ، كه‌واتا ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ به‌ پرسی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ گرێ ده‌ده‌یت ، ده‌بێ له‌ پێشدا برسێتی بڕه‌وێنیته‌وه‌ . ده‌وڵه‌تێكیش كه‌ برسێتیی چاره‌سه‌ر نه‌كات و نه‌توانێ گۆڕانكاریی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگا پێك بهێنێت ، ناتوانێ ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌م دۆخ‌ و دۆخه‌كانی دیكه‌ش مسۆگه‌ر بكات . هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن نه‌وت و گاز و ئاوه‌، خاوه‌ن زه‌ویی پانوبه‌رین و به‌راوه‌ .
حوكوومه‌تێك كه‌ نه‌توانێ به‌و هه‌موو وزه‌وه‌ سه‌ربه‌ستیی دابین بكات و نه‌توانێ كه‌ كێشه‌ی ئابووریی بڕه‌وێنێته‌وه‌ و خه‌ڵكی برسیی تێر نه‌كات ، ئیتر بوونی له‌ قه‌یرانه‌ و قه‌یرانیش قه‌یران ده‌خووڵقێنێت و ناكرێ به‌ قه‌یران قه‌یران چاره‌سه‌ر بكرێت . من له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینیی گه‌لی كورد له‌ باشوورم و پێموایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی نه‌یتوانیوه‌ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی دابین بكات و برسێتیی و هه‌ژاریی بنبڕ بكات . ده‌سه‌ڵاتێك كه به‌وهه‌موو سامانه‌ سرووشتییه‌وه‌ نه‌توانێ‌ هه‌ژاریی و نه‌داریی ڕیشه‌كێش بكات و له‌ دابینكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و تووشی شڵه‌ژان بێت ، نه‌بوونی باشتره‌ له‌ بوون . ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له‌ بنه‌ماكانی ده‌سه‌ڵاتیی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌ بدات ، نه‌ك ته‌نیا بیر له‌ چاره‌سه‌ر كردنی بێمووچه‌یی بكاته‌وه‌ . بوونی مووچه‌ی زۆر یه‌كێ له‌ كێشه‌كانی گه‌وره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌یه ‌. زۆر مووچه‌یی به‌ یه‌كێ له‌ هۆیه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ پێناسه‌ ده‌كرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت