Abubakir-Caf-8

ئەبوبەکر جاف : سەبارەت بە شكۆی بارەگاكان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شكۆی شوێن ، شوێنی شكۆ ، ئینسانە شوێنە .

1

سوژە بوونێكی ئەبستراكتی یەكانگیرو دامەزراو جەهەرێكی نەگۆڕ نییە . سوژە كۆمەڵێك پارچەپارچەی پێكەوە لكێنراو و بە یەكداچووی ڕەهایە . سوژەو بوون و بكەری ئینسانیمان بەدەر لە هەلومەرج ، لەو دیو هەلومەرجەوە بوونێكی نییە . ئەم پارچە پارچەییە ڕەهاو بێسنورو ئیمانانتەی سوژەیە بوونێك لە ناو هەلومەرجەكاندا پێكدێنێت ، دەیخولقێنێت و بەردەوام و بە هەمیشەیی فۆرمیولەی دەكات . ئینسان هەلومەرج و پەیوەندییە هەلومەرجەكانی ناو هێزەكانە . هێزەكان كە پێكهێنەری سەرەتاو كۆتایی سوژەو بوونن ، تەنیا بوونێكی ڤێرتوێلیی و وێناكراویان نییە ، هیزەكان هەمیشەو بەردەوام لە پراتیكدان ، بوونی ڤێرتوێلیشیان هەمیشە لە ناو ئەكتوێلیزاسیۆن و بە پراتیكبووندایە . سوژە لەو دیو پراتیكەوە ووك بوونێكی جەوهەریی و ماهییەتگەرا بوونی نییە . بەو هەرێك نییە بڵێین ئەمە سوژەیە ، ئەمە ئینسانە ، واتە جەوهەرێكی میتافیزیكی و سەرو هەلومەرج و سەرو پەیوەندی ، بەڵكو ئینسان فۆرمیولەبوونی بەردەوامی هەلومەرج و كۆندیسیۆنەكانە . ئینسان شوێن و كاتە ، شوێن و كاتیش مرۆڤە . شوێن و مرۆڤ ئەو بەیەكداچوون و پێكداچوون و ئاوێزانبوونە ڕەهایە كە زۆر سەختە جیاكردنەوەتان . لێرەوە ئەفسانەو وەهمی سوژە / ئۆبژە و پەیوەندی دیالێكتیكابەی سوژەو ئۆبژێ دەردەكەوێت . ئینسان و شوێن و تەواوی ستراكتورە هەلومەرجییەكانی دیكە بە ڕەهایی و ئیمانانسی لە ناو یەكدان كە پەیوەندییەكی دیالێكتیكی بوونی نییە .

2

كەواتە كە دەڵێن ئینسان بە پەیوەندو بە پەیوەست بە هەلومەرجەوە لەمس و وێنای دەكەتن . ئینسان بۆ خۆیی و لە خۆیدا بە بوونی هەیەو نە شوناس . ئەو كاتەی دەڵێین ئینسان واتە : كارەكەی ، سەرمایەكانی ، هاوڕێكانی ، ماڵ و مناڵی ، باوك و دایك ، موڵك و موڵكییەتەكانی ، ئاژەڵەكانی ، كلكی ئەسپەكەی ، گوێچكەی سەگەكەی ، حیكایەت و چیرۆك و ژینیالۆژیاو شەجەرەی ، ماڵومناڵی ، ماشینەكانی ، ستایلی جل و بەرگ و خۆ پۆشین ، ستایلی ژیانكردن و پەیوەندی بەستن ، كتێبخانەكەی ، مەعشوقەكەی ، خانووەكەی …..” واتە لە دەرەوەی ئەم بوونە پراتیكیی و ڤێرتوێل و مەجازییانە شتیك نییە ناوی سوژەو بوونی ئینسانی بێت . سوژە ئەمانەیەو ئەمانەش سوژەن . ئینسان ئەمانە هەڵنابژێرێت بەڵكو ئەمانە ئینسان و فۆرمیولەبوونی ئینسان و ئینسانیبوونمان هەڵدەبژێرن و دیاری دەكەن و تەعریفی دەكەن . بەمشێوەیە ئێمە لە گەورەیی سیپینوزا دەگەین كە باس لە بوونی ئیمانانتیی و بوونی ناو ئیمانانسەكان دەكات . ئینسان هەموو ئەو شتانەیە كە هەیە لە ناو ئیماناسێكی ڕەهادا . سوژە هەموو ئەمانەیەو هەموو ئەمانەش سوژەن بە بێ پەیوەندی دیالێكتیكی ، بەڵكو لە ناو پەیوەندیی پیداگیریی و سوبژێكتیڤاسیۆنی سوژە لە ناو ئەم كاتیگۆرییانەدا . سوژەی ناو مۆدێرنیتێ ، سوژەی ناو ئەقڵ و ئەداكردنە ئەقڵیی و ئەقڵانییەكانن . لە ناو كاپیتالیخمدا ئینسان كارەو تەنیا بەهایەكی كارو سەرمایەی وەگەڕخستن و بەرهەمهێنان و دەستی كارو كاری ماتریالی و نا ماتریالییە ، سوژەی ناو كاپیتالیزم سوژەی بوون و هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و مەسكەنە . سوژەی ناو كۆمڵگەیەكی پیش مۆدێرن ، كلكی ئەسپەكەو مەڕوماڵاتەكانێتی .

3

شوێن ئینسانە ، شوین سوژەیە و سوژە شوێنە . هێندەی شوێن سوژەو بوونی ئینسانی دیاریدەكات و تەعریفی دەكات ، هێندە ئینسان شوێن و سەرمایەی شوێن دیاری ناكات . ماڵەكانمان زیادەتر شوێنیكی دیكە بوونی ئۆنتۆلۆژییمان لەمس دەكات . ماڵ و خانووش تەنیا ئەو جێگەیە ناگرێتەوە كە ئێمە شەوی تێدا بەسەر دەبەین . شوێن ئینسانە ، پەیوەندی ئینسان و شوێن پەیوەندیی بوون و پراتیككردنی بوونی ئینسانیی و فۆرمیولە بوونە ئینسانیی و غەیرە ئینسانییەكانمانن . شوێنەكان لەوێدا ئینسانن كە یادەوەریی یاخود بە قەولیی دولوز بوونە زاكیرەییەكەی ناو ڤێرتوێلن . مەڵبەندێك مرۆڤە، لقێك مرۆڤە ، مەكئیەك مرۆڤە ، ناوچەو كۆمیتەو بازنەیەك مرۆڤە . هێرشكردنن بۆ ئەم شوێنانە واتە هێرشبردن بۆ خودی سوژەیی ئینسانیمان . كەر بۆیە پەلاماردانی شوین و بارەگاكان لە دونیایی ئێمەدا زۆر سەخت لە سەر شكۆی ئینسانیمان دەكەوێت . ناوچەو كۆمیتەیەك وێنەو سەرمایەو چیرۆك و زمان و خەیاڵكردن و بەرهەمهێنانیی ئارەزوو ئارەزووی بەرهەمهێنەرو سوبژێكتیڤاسیۆنە . دەستبردن بۆ شوێن و ڕوخان و كاولكردن ، دەستبردنە بۆ شكۆی ئینسان و تەنانەت خودی سوژەو بكەری ئینسانی .
ئا لێرەوە پوچیی و كاڵفامیی و جەهلی كەسانێكی زۆرمان بۆ دەردەكەوێت كە دەڵێن : شوێن چییە ؟ شكۆی ئینسان لە شوێن گرنگترە .
لەدەیان شوێندا شكۆی شوێن لە ئینسان گرنگترە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت