رابون مەعروف : وانەی یەكەمی خۆ پیشاندانەكان .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لە كاتێكدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكوڵێ و روداوەكان بە ئاراستەی تەقینەوەی سەرتاسەری و گڕكانی گەورە ئاراستەیان گرتوە ، دوای خۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوبات و رۆژانی دواتر ، جارێكیتر خۆپیشاندان بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە. هەرچەندە لە روكاردا ، خواستی سەرەتایی خۆپیشاندەران دەستەبەركردنی موچەی فەرمانبەران بو ، بەڵام لە ناوەڕۆكدا چاككاری و گۆڕانكاری ریشەییە لە حوكمڕانی هەرێم .
خۆپیشاندانەكان جارێكیتر روناكیان خستەوە سەر ئەم وانە گرنگە ؛ ئەزمونی حوكمڕانی هەرێم شكستی خواردوە ! ئەم حوكمڕانیە شایستەی بەردەوامی نیە و نوخبەی دەسەڵاتدار شایستەی دەسەڵاتداری نین . زوڵم و ستەمی نوخبەی دەسەڵاتدار هەمو سنورێكی تێپەڕاندوە و تەحەمولی زوڵم لێكراوان خەریكە كۆتایی دێت . بۆیە ، داخوازی خۆپیشاندەران عادیل و رەوایە. بەڵام كارەساتەكە ئەمەیە ؛ نوخبەی دەسەڵاتدار ئاگای لە غەزەب و توڕەیی زۆرینەی زوڵم لێكراوان نیە ! ئەم نوخبەیە لە شیوێك دەژین و زۆرینەی خەڵكی كوردستان لە شیوێكیتر .
بارودۆخەكە هەستیار و مەترسیدارە . پرۆسەی سیاسی و دیالێكتیكی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیە سەرەكیەكان بە بنبەست گەیشتوە . بەرپرسی سەرەكی ئەم بارودۆخە پارتی دیموكراتی كوردستانە ، چونكە ؛ كلیلی دەسەڵات و جومگە سەرەكیەكانی حوكمڕانی و سەروەت و سامانی هەرێم لای پارتیە . پێویستە پارتی و سەرۆكایەتیەكەی لە ئاستی هەستیاری بارودۆخەكە هەڵوێست وەرگرن و هاوشانی هێزە سیاسیە سەرەكیەكان بگەین بە رێكەوتن و پرۆژەی چارەسەری خێرا و عەمەلی .
ئەگەر ئەم سەركێشی و بێباكیەی پارتی بەردەوام بێت ، هەرێم ناتوانێت یەكدەنگ و یەكدەست روبەڕوی قەیرانەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە ببێتەوە و بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و دەرگا بەڕوی گریمان و پێشهاتی مەترسیداردا دەكرێتەوە . بەرپرسی یەكەم و سەرەكی ئەم شكستە گەورەیەش پارتی دیموكراتی كوردستانە .
فەیسبوکی نوسەر
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە