Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : هەولێر ـ ئارامیی شار ، شاری ئارام .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیدگایەكی سۆسیۆلۆژی

1

ئارامیی و ئاسایش و سكیورێتی لە دونیای كۆنترۆڵ و كۆنترۆڵكراودا ، هەمان دۆخ و دیسپلینەكانی كۆنترۆڵكردن نییە لە ناو دونیای شوانكارەیی و كشتوكاڵیی یان هەر سروشتێكی دیكەی سۆسیۆ – سیاسی دونیایەكی جیاوازدا . مێژووی ئارامبوون و جێگیربوون و دامەزراوەیی هەر شارێك پەیوەستە بە ئەو ئاستە سۆسیۆ – ئابورییەوە كە شارێكی تێدا دەژی و شارێكی لە ناودا دەژی . ئارامیی و جێگری شارێك لەپاش دەركەوتنی كاپیتالیزمی بازاڕو بازاڕیی كاپیتالیزم لە دیسپلین و سزاو دەزگا كلاسیكییەكانەی چاودێریی كۆنكرێتییەوە گۆڕا بۆ چوونە ناو تۆڕی كۆنتڕۆڵكردنێكی نادیارو شاراوەو هەناوییەوە . ئەوەی لە ئێستادا ئارامیی و جێگیریی جوگرافیاو و شوێنێك ڕادەگرێت ئابووڕیی و كاپیتالی مالیی و پێگەی جیوپۆلەتیكییە .

2

هەولێر لە كەییدا بوو بە شارێكی ئارام ؟ لە چ وەختێكدا توند دەستی گرت بە هێمنی و ئارامییەكەوە كە دەسبەرداریی ڕیسككردن و بەرزیی و نزمی شۆڕشگێڕیی بوو .؟ حیكایەت و چیرۆكە پاڵەوانیی و سەركێشییەكانی هەولێرو دەوروبەری هەولێر لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ و بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەشتاكان و كۆمەڵەی ڕەنجدەران و شۆڕشی گوڵان كەمتر نییە لە هەر شوێنێكی دیكەی كوردستان بە گەرمیان و كۆیستان و سلێمانیی و شارەزورو …. هەر جێگەیەكی دیكە . كەم نین ئەو قارەمان و پاڵەوانە شۆڕشگێڕە هەولێرییانەی كە لە ناو تەواوی هێزە كوردییەكاندا لەم پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی ڕاست . ڕیسككردن و موغامەرەو هەڵشاخان و هەڵزنانی كەسێك ، جوگرافییایەك ، هێزێك ، گوتارێك …. لە كۆنتێست و هەژومەرجی جیاوازدا فۆرمی خۆی دەگۆڕێت .. كەواتە حیكایەتی شۆڕشگێڕانەو پڕ لە ڕیسكی شۆڕشگێڕیی و پسڵەوانی هەولێر لە ناو بزوتنەوەی ڕخگاریخوازی كوردیدا كەمتر نییە لە هەر فەزایەكی پڕ لە ڕۆحی شۆڕشگێڕیلە چەند دەیەی ڕابووردوی ئێمەدا .

3

غیرەت و بێغیرەتی ، ئازایی و ترسنۆكی، ئارامیی و نائارامی ، جوڵەو بزاوت و وەستان …. هەركەس و هێزو بوونێك بەندە بەو هەلومەرج و بارودۆخەی بوونێكی تێدا دەژی .. غیرەت و بێغیرەتیی و جوامێریی و زیرەكیی و ترسنۆكیی و ئازایی و ئازیەتی كۆمەڵێك فەزیلەتی جەوهەری ئەبەدی نین . كۆی ئەم سروشتە مۆراڵیی و مەدەنیی و شۆڕشگێڕیی و شارنشینیانە كۆنتێكست و پەیوەندیی هێزەكان دیاری دەكەن . واتە هێزگەلێك كە چۆنێتی پەیوەندی خۆی بە پۆتۆنسیالیتێكانەوە دیاری دەكات و پەیوەندی دەگرێت . دۆخ هەیە هەموومان زیندوین ، دۆخ هەیە هەموومسن مردەین ، دۆخ هەیە هەموومان ئازاین ، دۆخ هەیە هەموومان خوێڕیی و ترسنۆكین … هەموو ئەم بوونانە لە هێزدا لە هەباەی ئێمەو ئۆنتۆلۆژییای ئێمەدا هەیە . ئەوە هێزەكان و پەیوەندیی هێزەكان و زاڵبوون و سەیتەرەی هێزێك و ئۆنتۆلۆژیای هێزێكە ماناو دەلالەت بە فۆرمێك لە فۆرمەكسنی دەركەوتنی پرەنسیپ و مانیڤستبووەكان دەدات .

4

هەولێر لە پاش نیوەی دووەمی نەوەدەكانەوە سەروكاریی لە گەڵ جۆرو فۆرمی دیكەی شاربووندا هەیە . هەولێر دەچێتە ناو پلان و نەخشەو پانتاییەكی مۆدێرنانەی ئەندازیاریی و ئەرشیتێكتورو فراوان بوونەوە . هەولێر دوچێتە ناو گەشەیەكی ئاسۆییەوە و دەسبەرداریی ئاستێكی ستونیانەی شاربوون و دەركەوتن و خۆنواندن دەبێت . فراوانبوونەكان، بزنس و سەرمایەو سەرمایەگوزاریی و كارو دەستی كارو بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە . هەولێر دەبێت بە فۆرمی مانێڤستبوونێكی دونیایی و دنیاریی و سەرلەنوێ پێناسەكردنەوەی ئینسان و زەوی . هەولێر وردە وردە ئامادەییەكی مەعنەویی و سۆسیۆلۆژیی و ئابووری دەكاتە ئەكت بۆ بوون بە شاڕێكی بۆرژوازیی و كاپیتالیستی . دەركەوتنی بزنس و هاتنی كۆمەڵێك كۆمپانیای زەبەلاح كە نوێنەرایەتی نیولیبرالیزم و لیبرالیزمی ئابووریی و بازاڕیی گەردوونیی و گەردوونی بە بازاڕكراو …. لە هەمووی گرنگتر دەركەوتنی فۆرمێك لە ئینسانی ئابووری ، وایكرد هەولێر دونیاویست و ترسنۆك بێت . ترسنۆكی بە مانای دەستگرتن بە دونیاو هەڵهاتن و لە بیركردنی مەرگ و سروتە مەرگدۆستییەكسنی دونیای ناو میراتی شۆڕشگێڕیی و قەبەلیی كوردییەوە . بۆ ئەوەی شار بیت دەبێت ترسنۆك و بە ئاگاو ڤە حەزەر بێت لە گەڵ غەریزەی مەرگ و ئەو چیرۆكانەی بەستراونەتەوە بە مەرگ و مەرگدۆستیی و پاڵەوانێتی پڕ لە ڕیسك لە گەڵ مەرگدا . دەبێت دونیاخوازو دونیاگەر بیت تا زەمین ئاوەدان بكەیتەوە . وەك دولوز دەڵێت كاپیتالیزم ئاستێكی ئیمانانسی هەیەو فیچقە دەكات و هەرێمی نوێ دەدۆزێتەوە . كسپیتالیزم هەولێریی دۆزییەوەو هەولێر ڕێڕەوێكی گەورەی كردەوە بۆ فیچەكردن و قوڵپدانەكانی ئارەزووی كاپیتاڵ و كاپیتاڵی ئارەزوو كراو . كاپیتاڵی مالیی و ئابووری پێویستی بە جێگیریی و ئارامیی و دامەزراوەیی جوگرافیی و سۆسیۆلۆژی هەیە . فراوانبوونی هەولێر یەكانگیرو هەماهەنگە لە گەڵ گەیشتنی ئارەزووە قوڵپدراوەكان و هەرێم و وەڵەمڕەوییكردن و هەرێم دروستكردنی كاپیتالیزمی گەردونیدا . هەولێر لە ناو پرۆسێسیوسەكانی لەخۆگرتنی كۆمپانیاو كارگەگەورەكانی دونیای ناو كاپیتالیزم و ئیمپراتۆرییەتی كاپیتاڵ و كاپیتالیستیدا كۆدی خۆی وەرگرت و چووە ناو دونیایەكی ماترێكسی كۆنترۆڵكردن و ئیحتیواكردن و بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەو پاراستن و پارێزگاری لێكردنی . كاپیتالیزم كۆدی بۆ هەولێر دانا ، كۆدئك كە سەر بە سیستەمێكە كە هەم بەرهەمی دێنێتەوەو هەم بەرگریشی لێدەكات و هەمیش دەسەڵات و بەرگریی تێیدا لە شوانكارەیی و كشتەكاڵییەوە دەگۆڕێت بۆ كۆنترۆڵكردن و ئاراستەكردن بە شێوازی نەێی بەرهەمهێنانەوەی كاپیتاڵ .
لە بیریشمان دەچێت دانیشتوانی هەولێر و پیشەگەرەكانی هەولێر لە توركمان كریستیانەكان كە زیاد لە كوردەكان شارنشینترن ، ستراكتورێكی بتەویی شارنشینیی و شاربوونی خولقاندووە و هاوكاربووە

5

ئا لێرەوە ئەحمەقترین و پڕ جەهلترین تەفسیرێك ئەو تەفسیرانەن كە هەولێر بە ترسنۆك و تەلبەندكراویی هێزێكی وەك پارتییەوە دەبەستنەوە . ئەسڵەن بە پێچەوانەوە هەولێر گەمارۆی پارتی داوە . هەولێرو لە ناو ئەم سیستەم و كۆنترۆڵكردنەدا پارتی ئاراستە دەكات . نەخوێنەواریی و ئیدۆلۆژیاو دۆگما لەوێدایە كە تەنیا تەفسیرێكت بۆ بێدەنگیی و ئارامی هەولێر داتاشینی وێنەو وێنای توندو خبرو ڕەقە بۆ ئەو هێزەی زاڵە لە هەولێردا . هەولێر لە دەیان شوێندا بە سەر پسرتیدا زاڵەو خۆی لە ڕێگەی پارتییەوە بەرهەم دێنێتەوە . لە هەولێر پارتی ناچار كراوە دەسبەرداری كەڵكەڵەی شۆڕشگێڕیی و توندوتیژی شۆڕشگێڕانە ببێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت