PUK-.-PDK-.-Goran-.-komal

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی بێباكانه‌ چاو له‌ دۆخی سیاسیی هه‌رێم ده‌كات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتی خۆی دیكتاتۆره‌كان به‌ زۆر و به‌ زبری هێز خه‌ڵكیان ده‌كرد به‌‌ حیزبیی ، به‌ڵام هه‌نووكه‌ له‌ باشووری كوردستان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆیان به‌ سه‌ربه‌ستیی ده‌بنه‌ حیزبیی ! ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ره‌تای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێناسه‌ ده‌كرێت . چونكه‌ مه‌زنترین كێشه‌ی سیاسیی ، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ڕێگر ده‌بێ له‌ پێشه‌وه‌چوونی ئه‌و كۆمه‌ڵگا ، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌سته‌مۆ كراوی ده‌ستی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌ . باشووری كوردستانیش به‌ یه‌كێ له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ به‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی دڵسۆزیش هه‌بێ كه‌ پلان و پڕۆژه‌یه‌كی گرینگ بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ پێشنیار بكات كه‌ كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی بنه‌ڕه‌تی ببات ، ئه‌وا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ حیزبییه‌وه‌ ڕێگری لێ ده‌كرێت .
ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیی و ڕێگری ده‌كه‌ن ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه‌كانن . چونكه‌ حیزبه‌كان ئه‌ندامه‌كانیان وه‌ك كوته‌ك و گاڵۆكه‌ی ده‌ستی خۆیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن و هیچ ئه‌ندامێكیش ناتوانێ له‌ ڕێڕه‌وی سیاسیی و ڕێبازی هه‌نووكه‌یی حیزبه‌كه‌ی لابدات . كێشه‌كانی سیاسیی و ئابووریی كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ترازانی لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستانیش بۆ هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵۆزیی پێوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌. چونكه‌ به‌ستێنی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی لایه‌نه‌كان و له‌و نێوانه‌دا دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی ، ئازادییه‌كان و مافی یه‌كسانیی هاوڵاتییان له‌ناو گه‌مه‌ی سیاسیی پارت و ڕێكخراوه‌كاندا ژێرپێ خراوه‌ و كه‌سیش خۆی به‌ به‌رپرسیار نازانێت .
له‌م چه‌شنه‌ كۆمه‌ڵگانه‌ كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی مه‌ده‌نیی خۆی ون كردووه‌ و پارت و ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ گه‌ل داتاشیوه‌ . تاكوو كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی مه‌ده‌نیبوونی خۆی به‌ده‌ست نه‌هێنێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هیچ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی و ئابووری كوردستاندا پێك ناهێنێت . چونكه‌ كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نیی نابینێت كه‌ له‌ نه‌بوونی خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حیزبی بخاته‌ له‌رزه‌ .

واتا ئیستا كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نیی نییه‌ و هه‌موو چینوتوێژه‌كان ده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حیزبن . چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ كلكی هێزه‌ سیاسییه‌كان و شه‌ڕی براكووژیی له‌ ده‌یه‌ی ١٩٩٠دا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان شه‌ق ببێت و لێكترازانی تێبكه‌وێت و هه‌ر به‌شێكیش بۆ هه‌میشه‌ ڕیشكی به‌ ڕیشكی پارتێكه‌وه‌ گرێ بخوات . چونكه‌ هیچكه‌س ئاماده‌ نییه‌ ده‌نگی خۆی بخاته ‌پاڵ لایه‌نێك . كه‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوشتبێ . تاكوو هه‌نووكه‌ش هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نه‌هاتووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان كه‌ بتوانێ ته‌لیسمی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار بشكێنێت .

ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی ڕابردوودا هاتوونه‌ته‌ گۆرێ ، له‌ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ریی لایه‌نگه‌لی جیاوازدا بووه ‌. چونكه‌ ڕێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نیی له‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌ بڕیارداندا سه‌ربه‌ست و ئازاد نین و هه‌موو سه‌ربه‌ لایه‌نه‌كانی سیاسیین . ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نیا ڕێكخراوه‌كان به‌ڵكوو چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاش به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی سیاسیدا دابه‌ش بكرێن و هه‌ر پارت و ڕێكخراوێكیش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ له‌ ڕێگای ئه‌ندامه‌كانیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك چالاكی مه‌ده‌نیی ، سیاسیی و ته‌نانه‌ت هندێك جار وه‌ك تاكی مه‌ده‌نیش خۆ ده‌نوێنن ئاڵۆزیی بنێنه‌وه‌ و شه‌قام بورووژێنن ، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی گوشار خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌چێت .
له‌ دۆخێكی له‌و چه‌شنه‌شدا ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی تاییبه‌ت به‌خۆی ده‌بێ ، چونكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌یه‌ كه‌ ڕێكخه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان حیزبه‌ كه‌ داواكاریی تاییبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌. هه‌رچه‌ند كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا زۆربن ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نییه‌ گۆڕانكاریی پێویسته‌ بهێنێته‌ كایه‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌كه‌‌ ئه‌و كات لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یانخود ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌لای ناون گۆڕانكارییه‌كان به‌ هی خۆیان ئه‌ژمار ده‌كه‌ن و له‌و ڕێگایه‌وه ده‌یانهه‌وێت‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نگرانی حیزبه‌كانی دیكه‌ دابنێن . حیزبه‌كانیش له‌ ڕێگای ورووژاندنی لایه‌نگرانی خۆیانه‌وه‌ ده‌یانهه‌وێت ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ویستی سیاسیی پاشه‌كشه‌ پێ بكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا ویسته‌كانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بسه‌پێنن .
له‌و چه‌شنه‌ كۆمه‌ڵگانه‌شدا هه‌موو پرسه‌ سیاسیی ، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ لایه‌نی سیاسیی هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌یه‌ و له‌ حوكوومه‌تدا به‌شداره ‌، كه‌چی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ده‌گێڕێت و خۆی به‌بێ ده‌سه‌ڵات نێو ده‌بات . له‌ ڕاستیدا له‌م چه‌شنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكان پارته‌كانی سیاسیی خاوه‌ن هیچ چه‌شنه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی نین كه‌ وه‌ك بنه‌مای چوونه‌ ده‌سه‌ڵات پێناسه‌ی بكه‌ن . به‌ڵام كاتێ ده‌چنه‌ حوكوومه‌تی چه‌ند ده‌سه‌ڵاتیی و گه‌مه‌ سیاسیی و یاساییه‌كان به‌دڵی ئه‌وان تێپه‌ڕ نابێ ئیتر ده‌كه‌ونه‌ بیری ئه‌وه‌كه‌ شه‌قام بورووژێنن ، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌یان پێش ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بێنه‌ده‌رێ . واتا له‌ بیریان ده‌چێ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شدارن و ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند حیزبیش ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێ . چونكه‌ هه‌ركامه‌ پلانی تاییبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و سیاسه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنیش به ‌ته‌واوه‌تیی به‌دڵی هه‌مووان نابێ .
هاوكات ده‌سه‌ڵاتی حیزبیش بێباكه‌ له‌وه‌كه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دژی ڕاوه‌ستن و میدیا وه‌ك گوشار له‌ دژی به‌كار بهێنن . چونكه‌ خاوه‌ن هێز و ئه‌ندامی خۆیه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ناتوانن ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه‌ . هه‌روه‌ك له‌ ده‌سپێكی ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێكرد كه‌ كۆمه‌ڵگا دابه‌ش كراوه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌نگ به‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌دات له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌وه‌ مووچه‌ی بۆ دابین ده‌كرێت . كه‌واتا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ناتوانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی دابنێن . هه‌رێمی كوردستانیش له‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ كه‌ له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه ‌. كه‌واتا ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی له‌ جمه‌گه‌كانی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا پێك نه‌یه‌ت ئه‌سته‌مه‌ ئاسۆیه‌كی گه‌ش بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو دابین بكرێت .

من پێم وایه كه‌‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیی حیزبیی و حوكوومه‌تیی لێك جیا بكرێته‌وه‌ و هه‌ر حیزبێك براوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو  ئه‌وه‌ به‌ ته‌نیا حوكوومه‌ت پێك بهێنێت . ئه‌و كات به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌‌ ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پارته‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئابووریی ، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چه‌نده‌یه‌ ! هه‌نووكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو حیزبه‌كان یه‌كتر تاوه‌نبار ده‌كه‌ن ، یه‌كێ ده‌ڵێت : ده‌سه‌ڵاتم نییه‌ و یه‌كی دیكه‌ش ده‌ڵێت : ئه‌و حیزب له‌نێو حوكوومه‌تدا كاری حیزبی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ حوكوومه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسییدا تووشه‌ كێشه‌ و به‌ربه‌ست ببێت . ئه‌گه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسیی له‌ ڕوانگه‌ی پارته‌كانه‌وه‌ به‌و چه‌شنه‌ به‌رده‌وام بێ ، كه‌واتا هه‌ڵه‌ له‌ ڕوانگه‌ی سیاسیی هه‌موو لایه‌نه‌كان دایه‌ و به‌رپرسیارێتیی گشت كێشه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌مووان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت