نەوزادی موهەندیس : هەموو ڕووناكیەكان بە ئاڕاستەی یەكێتین .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە ئێستادا و دوای توندبونەوەی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و گۆڕان لەهەرێمی كوردستان پشێوی و شڵەژانێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی دروست بوە و هەموان لە ترس و دڵەڕاوكێدا گوزەران دەكەن و مەترسی كارەسات و لێكترازانی زیاتریش دەكەن لەئیدارە و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا . كە ئاشكراشە تێكچوونی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەكەمان و هەڵوەشاندنەوەی دام و دەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكان لەپەڕلەمان و پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت بە ڕێكەوتنی سیاسی لایەنەكان و بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆیان، دەبێتە مایەی ناشیرنكردن و كاڵبونەوەی وێنە ڕەنگاوڕەنگ و ئارام بەخشەكەی هەرێم و دیموكراسیەت و ئازادیەكان لەبەرچاوی دۆست و دوژمناندا .
بەداخەوە هەرێمی كوردستان ئەمە یەكەمین جاری نیە كە بەدۆخی شڵەژاوی و مەترسیداردا تێپەڕ ببێت ، كە لەساڵانی ڕابووردووی سەردەمی شەڕی ناوخۆو دووئیدارەی نەگریس و قێزەوندا هەرێم بە دۆخی زۆر خراپتردا گوزەری كردوە ، بەڵام چونكە ئیڕادەی ڕاست و دروست و نیەتێكی ڕاستۆگۆیانە و خەمخۆرانە هەبوە توانراوە سەرجەم كێشەكان گەرچی بنەبڕیش نەكرابن بەڵام توانراوە تاڕادەیەكی زۆر هێور و ئارامبكرێنەوە و قۆناغێكی نوێی هاوكاری و تەبایی و برایەتی دروستبكەنەوە و ئومێد و هیواكان ببوژێننەوە بە ئایندە .
* لەئێستادا و دوای خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانەی مامۆستایان و فەرمانبەران كە مافێكی سەرەتایی و ڕەوای خۆیانە و داواكاریەكی پیشەییانەو مەدەنیانەیان لە حكومەتەكەی خۆیان هەیە بەدابینكردنی موچە و گوزەرانێكی پڕ شكۆ بۆیان ، كە هیچ هێز و سەركردە و لایەنێك لاری نیە لەم داواكاریە ڕەوایانە ، بەڵام بەلاڕێدابردن و نانەوەی گێرەشێوێنی و كاری توندوتیژی هیچ لایەن و سەركردەیەك پشتیوانی ناكات و هانیشی نادات ،بەڵام دۆخە سیاسیە ناجێگیر و دڕدۆنگی و تێنەگەیشتن وسەیركردنی یەكتری وەك دوژمن و ناحەز نەك دۆست و برا و تەبا لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا بۆشاییەكی دروستكردوە كە كەسانی گێرەشێوێن بكەونە ناو خۆپیشاندانە ڕەواكانی جەماوەرەوە و بەلاڕێیدا بەرن و هەڵبكوتنە سەر بارەگای حیزبە سیاسیەكان و سوتاندنی بارەگا و و قوربانی مەدەنی لێبكەوێتەوە . ئاشكراشە لەدۆخێكی بارگاوی ئاوهادا هەموو كردارێكی خراپ پەرچە كردارێكی توندتری لێدەكەوێتەوە ، لە ئێستادا دوای سوتاندنی بارەگا حیزبیەكانی پارتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ، ڕاست و دروست و بە ئاشكرا پارتی لە بەیاننامەی سیسی و ڕاگەیاندنەكانی و هەڵوێست و گوتاری كادرەكانیەوە بزوتنەوەی گۆڕان بە بەرپرسیاری یەكەم دادەنێت و ئۆباڵی ئەو كردەوانەی دەخاتە ئەستۆ و لە بەرامبەریشدا وەك پەرچە كردا پارتیش ڕێگەی گەڕاندنەوەی سەرۆكی پەڕلەمان و ئەندام پەڕلەمانەكانی گۆڕانی گرتوەو ناهێڵێت بچنەوە ناو پەڕلەمان و وەزیرەكانیشی ئاگاداركردونەتەوە بۆ بەجێهێشتنی هەولێر و دەوامنەكردنیان و جێگە گرتنەوەیان.لە ئێستادا دۆخەكە لەوپەڕی توندتیژی و بارگاویبوون و مەترسی تەقینەوە و فراوانبوون و هەڵكشانی زیاتری لێدەكرێت .
* لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، كە دەكرێت ئەم دۆخە ئاوها بەجێبهێڵرێت بۆ قەدەر و كورتبینی سیاسیەكانی پارتی و گۆڕان ؟ دەكرێت وازیلێبهێنرێت بۆ كردار و پەرچەكردای هەڵەی هەردوولا ؟ ئەی كێ لەم نێوانەدا ڕۆڵ و كاریگەری دەبێت بۆ هێمن و ئارام و هێوركردنەوەی دۆخەكە ؟ ئەو هێز و لایەنە كێیە كە بتوانێت ببێتە دەستپێشخەری ئاشتی و ئاشتبونەوە و فریادڕەس و بەبێ ئەوەی دوای دەسكەوتی حیزبی و بەرژەوەندی تەسكی خۆی یكەوێت ؟ .
* وەڵامی ڕاست و دروست و بێ پێچ و پەنا ئەوەیە كە تەنها یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەتوانێت بەو ئەرك و ڕۆڵە مێژوویەی خۆی هەڵبستێت و ڕێگە نەدات كوردستان و دامودوەزگا شەرعی و هەڵبژارێدراوەكان لە هەرێمەكەماندا تێكبچێت و هەڵبوەشێنەوە و هەموان بگەڕیێنەوە چوارگۆشەی یەكەم ، بەڵێ ئەو هێز و لایەنەی كە بەتەنها دەتوانێت ڕێگری لە توندوتیژی زیاتر و هەڵكشانی ڕووداوەكان بەشێوەیەكی دراماتیكی بگرێت لەلایەن پارتی و گۆڕانیشەوە تەنها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە . چونكە یەكێتی وەك حیزبێكی شۆڕشگێڕ و خاوەن شەهید و قوربانیدانی بەردەوام و خاوەن هێز و نفوزی جەماوەری و پێشمەرگەیی و ئابوری بەهێز دەتوانێت ڕێگە بگرێت لە زیادەڕەویەكانی پارتی بۆ نەهێشتن و بچوككردنەوە و وەدەنانی حیزبێكی كاریگەری وەك گۆڕان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان كە خاوەنی چارەكی دەنگی جەماوەری گەلەكەمانە ، لەهەمان كاتیشدا یەكێتی نابێتە كەوا سووری بەلەشكری گۆڕان و بەرژەوەندی و دەسكەوتی حیزبایەتی خۆشی ناكاتە قوربانی سیاسەت و تێڕوانین و بۆچونە هەڵەكان و توندڕەوەكانی بزووەتنەوەی گۆڕانیش ، چونكە یەكێتی بۆخۆی وەكو حیزبێكی سیاسی گەورە و كاریگەر خاوەن تێڕوانین و بۆچوون و بەرنامە و تاكتیك و ستراتیژی خۆیەتی و هەرگیز نابێتە پاشكۆ و دەستەمۆی هیچ هێز حیزب و سەركردەیەك . ئەو ڕاستیە تاڵانەشی بیر ناچێتەوە لەسەردەمی جیابونەوەی گۆڕان و پێكهێنانی كابینەی هەشتمی حكومەتدا كە هەردوولا پارتی و گۆڕان لەهەوڵی بچوكركردنەوە و قەتیسكردن و كەنارخستنی یەكێتیدا بون و بەنهێنی و ئاشكرا ڕایاندەگەیاند (( كە یەكێتی نەماوە )) وهەردوولایان گەرەكیان بوو ببنە میراتگری 40 ساڵەی خەبات و قوربانیدانی یەكێتی و سەری ڕمەكانیان كردبوە یەكێتی بەمەبەستی سڕینەوەو نەمانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراقیشدا . بەڵام ئەوە تەنها هێز و سیاسەت و خەمخۆری و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی یەكێتی و جەماوەرە دڵسۆزەكەی بوو كە نەیانهێشت یەكێتیەكەیان بكرێت بە پێخۆری هەوەس و ئارەزوو و سیاسەتی ناحەزانە و دوژمنكارانەی ناڕەوای هەردوولایان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و وەرگرتنی پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكان . و لە ئێستادا یەكێتی وەكو پارتی و گۆڕان بیر ناكاتەوە تا تۆڵەی ئەو ڕۆژگارانەیان لێبكاتەوە و بیەوێت هێندەی تر ئاڵۆزی و ناكۆكیەكانیان تۆخ بكاتەوە ، بەڵكو وەكو هێزێكی لێپرسراو و نەبیل مامەڵە لەگەڵ كێشەكەدا دەكات بەمەبەستی چارەسەر نەك قوڵكردنەوەی قەیران و ناكۆكیەكان .
* لە ئێستا پارتی و گۆڕٍان و هەموو هێزەكانی تریش ئەو ڕاستیەیان بۆ دەركەوتوە كە هاوسەنگی هاوكێشە و ململانێكانی كوردستان و عێراقیش لە ڕابووردوو و ئێستاشدا لە بەغداد و هەولێریش تەنها یەكێتی ڕایگرتوە و تەنها یەكێتی دەتوانێت وەك دادوەر و نێوەندگیرێكی خەمخۆری كورد و كوردستان بێتە پێشەوە و هەموان كۆبكاتەوە لە بارەگای مەكتەب سیاسی لە سلێمانی و و ماڵەكەی جێگری سكرتێری گشتی و جێگری سەرۆكی هەرێم لە شاری هەولێر.و هەموو ڕووناكی و چاوەكان چاوەڕوانی دەستپێشخەری و گوتە و كرداری یەكێتین و هەموان بۆیان دەركەوتوە كە سەرەڕای بونی كێشە كەڵەكبوەكانی ناوخۆی یەكێتی بەڵام هەر یەكێتیە وەك هێزێكی ڕەسەن و سەرسەختی كوردایەتی دەتوانێت ببێتە لەمپەڕ لەبەر هەژموونی هەر لایەكدا كە بیەوێت قۆرخكاری و تاكڕەوی و پێشێلكردنی یاساكان بسەپێنێت و بەهەمان شێوەش دەتوانێت ڕێگە لەهەڵە و سەرچیزە چوون و بەرزكردنەوەی دروشمی باق وبریقی بێناوەڕۆكی لایەنەكانی تریش بگرێت و بەسۆز و خۆشەویستی و لایەنگیری سیاسەت ناكات بەڵكو یەكێتی و سەركردایەتیەكەی بەعەقڵ و مەنتیق و لێكدانەوەی وورد و دوور لە هەڵچوون و تەنگەنەفەسی سیاسەت دەكات كە هەمووشی لەپێناو لەدەستنەچوونی ئەم ئەزمونی حوكمڕانیەی كوردایەتیە لەم قۆناغ و سەردەمەدا كە ناوچەكە و دونیاشی پێدا ڕاگوزەر دەكات و هەموانیش لەبەر لافاوی گۆڕانكاری گەورەدان كە ئایندەی ناوچەكە بەعێراق و كوردستانیشەوە دیار نیە ، بۆیە ڕێگە گرتن لەهەر هەولێكی تێكدەرانەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەقازانجی هیچ لایەك نیە و ناشبێت و تەنها دوژمنەكان و داگیركارانی كوردستان سوودمەند دەبن .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی