kamaran-wriya-3

کامەران وریا قانع : گفتوگۆیه‌ك دواى 40 ساڵى تر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باوكه‌ پیره‌كه‌ له‌ ژوره‌ هێمنه‌كه‌ى له‌سه‌ر كورسیه‌ك دانیشت بوو , كچه‌ گه‌نجه‌كه‌ى هاته‌ لایه‌وه‌ وتى :
بابه‌ ئه‌توانم پرسیارێك بكه‌م ؟
فه‌رموو دڵى بابى .
خۆت ئه‌زانى من سیاسه‌ت ئه‌خوێنم له‌ كۆلێژ ئه‌مه‌وێت راپۆرتێك له‌سه‌ر یه‌كه‌م سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بنوسم دواى رووخانى سه‌دامى دیكتاتۆر .
باوك به‌ ئاهێكى درێژ وتى :
كچى ئازیزم من ئێستا پیر بووم , ورده‌كاریى ئه‌و رۆژگارانه‌م بیر نه‌ماوه‌ , به‌ڵام ئه‌توانى بۆ خۆت بگه‌رێت له‌سه‌ر تۆره‌كانى ئه‌نترنێت هه‌موو شت به‌ دۆكیۆمێنت كراوه‌ , من دڵنیام بابه‌تى باش ئه‌دۆزیته‌وه ‌.
دواى چه‌ند رۆژێك دووباره‌ كچه‌كه‌ ئه‌م پرسیارى له‌ باوكى كرد .
بابه‌ كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم چى بوو ؟ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و گه‌نجانه‌ بۆ توڕه‌ بوون بۆ كوژران ؟ ئه‌توانى وه‌ك شایه‌تێكى دۆخه‌كه‌ باسێكى كورتم بۆ بكه‌یت .
كچى ئازیزم : ئێمه‌ سه‌رۆكێكمان هه‌بوو له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ى بارزانى بوو ( بۆ زانیاریت بارزانیه‌كان به‌وه‌ ناسراو بوون كه‌ له‌ دروست بوونى ده‌وڵه‌تى عێراقیه‌وه‌ یاخی بوون له‌ ناوه‌ند ) , ناوى كاك مه‌سعود بوو , ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناوچه‌كه‌ هه‌مووى پڕ كێشه‌ بوو , هه‌ر چوار ده‌ورمان شه‌ڕ و ئاژاوه‌ بوو , له‌ هه‌مووى ناخۆشتر گروپێك هه‌بوو به‌ ناوى ئیسلامه‌وه‌ خه‌ڵكى سه‌ر ئه‌بڕى , چه‌ند پێشمه‌رگه‌ى گه‌نجى جوانى كوردیشان سه‌ربڕى , چونكه‌ له‌گه‌ڵیان له‌ شه‌ڕ بووین , شارۆچكه‌ى شه‌نگالیشیان گرت كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى كوردى ره‌سه‌ن بوون , به‌ڵام له‌سه‌ر ئاینى یه‌زیدى بوون , پیاوه‌كانیان ئه‌كوشت و ئافره‌ته‌كانیش له‌ بازاره‌كانى عه‌ره‌ب هه‌رزان فرۆش ئه‌كرد . گروپێك بوون هه‌موو شتیێكیان ره‌ش بوو , دڵیان ره‌ش و رۆحیان ره‌ش , هه‌تاكو ئاڵاكه‌شیان ره‌ش بوو .
با بێمه‌وه‌ سه‌ر سه‌رۆكى هه‌رێمى ئه‌و ساته‌ . له‌و رۆژگارانه‌ هیچ زۆر نه‌بوو , ته‌نها نه‌وتى دزراو نه‌بێت كه‌ له‌ كوردستان ده‌رئه‌هێنرا , ئه‌م نه‌وته‌ش وایكرد رۆژبه‌رۆژ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له‌ خه‌ونى سه‌ركرده‌كان گه‌وره‌تر بن , باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد بونه‌ته‌ خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو پاڕه‌یه‌ بێ ماندوبوون .
میلله‌ت ده‌نگى به‌ سه‌رۆك دا , سه‌رۆكیش پیرۆزبایی له‌ خۆیی و گه‌ل كرد , ئێمه‌ دڵمان خۆش بوو سه‌رۆك ده‌وڵه‌تمان بۆ دروست ئه‌كات , چونكه‌ زوو زوو باسى ئه‌كرد , به‌ڵام كچى خۆم با یه‌ك شتت پێبڵێم : تكا ئه‌كه‌م له‌ ژیان زۆر باسى كارێكى بێ كردار مه‌كه‌ , چونكه‌ كاره‌كه‌‌ بێ بایه‌خ ئه‌كات .
رۆژگار هات و رۆژگار چوو سه‌رۆك نه‌ ده‌وڵه‌تى دروست كرد نه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى هاته‌ خواره‌وه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ى ته‌واو بوو , كێشه‌كان لێره‌وه‌ ده‌ستى پێكرد كچى خۆم .
باشه‌ سه‌رۆك چه‌ند ساڵ له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى بوو؟
سه‌رۆك دوو خول نیو بوو , هه‌ر خوله‌شى چوار ساڵ بوو واته‌ 10 ساڵ له‌سه‌ر كورسى بوو , به‌ڵام ده‌بوایه‌ له‌ ته‌واو كردنى ساڵى هه‌شته‌م وازى بهێنایه ‌.
بۆ وازى نه‌هێنا؟
كچى ئازیزم بڕوا ئه‌كه‌یت ئێستاش تێنه‌گه‌یشین بۆ وازى نه‌هێنا ره‌نگه‌ هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كى ترى نه‌بوو ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت سور بێت له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى , چونكه‌ له‌ ده‌ست دانى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌ به‌ هه‌موو كه‌س ته‌حمول ناكرێت , مرۆڤ ترسنۆك ئه‌كات . سه‌رۆك به‌و هه‌موو ویقارو ده‌سه‌ڵات و سوپاوه‌ و‌ سه‌رى خستبوه‌ سه‌ر گه‌نجێكى گه‌نم ره‌نگ كه‌ ناوى یوسف بوو , كه سه‌رۆكى ئه‌وساى په‌رله‌مان بوو , ئه‌م گه‌نجه‌ هیچ پالاپشتى نه‌بوو ته‌نها خوداو و بڕوانامه‌كه‌ى نه‌بێت , گه‌نجێك هێمن وه‌كو هێمنى شه‌وانى گۆرستانه‌كان . ئه‌م گه‌نجه‌ زۆر دڵیان شكاند ,به‌ڵام ئه‌و به‌ هێمنى خۆیی هه‌موو لایه‌كى سه‌رسام ئه‌كرد . سه‌رۆك ئه‌و گه‌نجه‌ى هێمنه‌ى به‌ سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى ئه‌زانى بۆ سه‌ر مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى , كه‌ ترسێك بوو بێ بنچینه‌ بوو !
كچى خۆم باشتێكى ترت پێبڵێم : ئه‌گه‌ر حه‌زت كرد رۆژێك له‌ رۆژان ببیت به‌ سه‌رۆك هه‌رگیز نه‌كه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌ به‌ كورسیه‌كه‌ته‌وه‌ ببستیته‌وه‌ , چونكه‌ ئه‌و كات ترسنۆك ئه‌بیت له‌ جێهێشنى ئیتر هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵت نه‌بێت به‌ چاوى دوژمن سه‌یرى ئه‌كه‌یت , ده‌سته‌كانت و چاوه‌كانت سور ئه‌بن , ئیتر وات لێدێـت له‌ پیاسه‌یه‌ى دوو هاورێ ئه‌ترسیت كه‌ باسى تۆ بكه‌ن , ئه‌بیته‌ كه‌سێكى ترسناك كه‌ خه‌ونى چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك ئه‌سوتێنیت , به‌ر نه‌عه‌له‌ت و دوعاى ئه‌و ئافره‌ت و پیاوه‌ پیرانه‌ ئه‌كه‌وى كه‌ خوادش به‌ هاواره‌كانیان دڵته‌نگ ئه‌بێت .
كچه‌كه‌ زانى باوكى ماندوو بووه‌ و فرمێسك له‌ چاوانى دێت , به‌ هیواشى ورده‌ ورده‌ چوه‌ ده‌ره‌وه‌ , باوكه‌كه‌ش هه‌ردوو ده‌ستى توند به‌ چاویه‌وه‌ گرتو نوشتایه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانى بیرى لاى رۆژانى گه‌نجى پڕ ئازار بوو , له‌ دلى خۆی ده‌یوت : چى ده‌بوو ئه‌وكاتانه‌ سه‌رۆك سوپاسى میلله‌تى بكردایه‌ كه‌ متمانه‌ی ده‌ ساڵیان پێدواوه‌ به‌ هێمنى برۆشتایه‌ ! چى ده‌بوو ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت