نەوزادی موهەندیس : پێكەوە بین یان لێكەوە بین ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە ئەم دۆخە شڵەژاو و لێكترازاوەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە بەهۆكاری لێكتێنەگەیشتن و پێداگیری و سووربون و چەقبەستنی بیركردنەوەكانی سەركردە و پارتە سیاسیەكانەوە ، هەرێمی كوردستانی خستۆتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی گەورەی پەلكێشكردنی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بۆ ناو هەرێم و سڕینەوەی یەكتری و دووبارەكردنەوەی ئەزمونی دوو ئیدارەیی و تەنانەت شەڕی ناوخۆش .. كە بەداخەوە هەموانیان بەدروشم و گوتار نەفرەتی لێدەكەن بەڵام كردار و مامەڵە و نیەت و پشتپەردەكان بەپێچەوانەی دروشمەكانەوە هەنگاو و پیلانیان هەیە بەو ئاڕاستە قێزەونە .
* هیچ كاتێك دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و دووركەوتنەوەی هێزە سیاسیەكان لە یەكتر و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمدا لە قازانجی هیچ لایەك نەكەوتۆتەوە و تەنها بەقازانجی دوژمنان تەواو بوە ، بۆیە هەر هێز و لایەنێك بەئاڕاستەی لێكجیابونەوە و دروستكردنی دووهەرێمی پلان و بەرنامەی هەبێت، ئەوا بیەوێت یان نا ئەو هەوڵانەی دەچێتە خانەی دوژمنایەتیكردنی بەرژەوەندی میلەت و خەونی گەورەی پێكەوەنانی دەوڵەتی كوردی ودەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو هێز و لایەنانەشە بۆ زیاتر بچوككردنەوە و قەتیسكردنی هەرێمەكەمان و مەسەلەی گەورەی میلەتەكەشمان ، هێز و لایەنێك بەو ئاڕاستانە كاردەكەن كە تەنها بەرژەوەندی و دەسكەوتی حیزبی و سەركردەكانیان لێكدەدەنەوە دوور لە بەرژەوەندی نەتەوەو و نیشتیمان ، هێزگەلێك بەو ئاراِستەیە كاردەكەن كە ناوچەگەری و بیری تەسكی حیزبایەتی زاڵە بەسەر بیر و بەرنامەیاندا .
* لە ئێستادا دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی هەرێم بەعێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت ململانێ نێونەتەوەیەكانیش لە ئاستێكدان كە هەموان پێكەوە مەترسیەكی دونیایی و ناوچەیی و هەرێمیشان لێ چاوەڕوان دەكرێت ، گۆڕانكاریەكان و ڕووداوە تراژیدیەكانی عێراق و سوریاش بونەتە بەهانە و بیانوی زلهێزەكانی دونیا بۆ دەستوەردانە ناو كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و جێبەجێكردن و چەسپاندنی پلان و نەخشەكانیان كە هەمووی لەبەرژەوەندی خۆیاندایە نەك بەرژەوەندی گەلانی ناوچەكە ، هەموانیشیان بەپێچەوانەی عەقڵ و ژیریەوە لەجیاتی پەنا بۆ ڕێگاچارەی سیاسی و دایەلۆگ و دانوسانی ئاشتیانە بەرن ، پەنایان بردۆتە بەر بەكارهێنانی هێز و تاقیكردنەوەی چەك و چۆڵە نوێكانیان لەسەر خاك و گەلانی بێ گوناهی ناوچەكە و هەریەكەیان ئەسپی خۆی تاوداوە بەناوی پارێزگاریكردن لە دەسەڵات و حوكمڕانان و لەوبەریشەوە بۆ پارێزگاری لە گەلان و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتە تاكڕەو و خۆسەپێنەكان .. لە ئێستادا ململانێ ناوچەییەكان لەبەرامبەر ململانێی زلهێزەكاندا كاڵبونەتەوە و بەهۆی درێژەكێشانی قەیرانی سوریا و عێراق لەم ناوچە پڕ گرنگی و چڕبونەوەی بەرژەوەندیە زلهێزیەكان بەهۆی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بەهۆی پشتیوانیكردنی وڵاتانی ناوچەكە و هەندێ زلهێزی دونیاش ، وایكردوە كە ڕیزبەندیەكی نوێی جیهانی دروست ببێت و هەریەكەشیان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی زۆر وزەوەندە ئابوەریەكانیان و وەدەستخستنی سەرچاوەكانی وزە لە نەوتو غازی سروشتی ناوچەكە نزیكبونەتەوە لە پێكادان و هەڵایسانی جەنگی گەرم .
هاتنە كایەی ڕوسیا بۆ ناو كایەكە بە هێز و خورتیەوە و كۆكردنەوەی هاوپەیمانیشی لە چین و كۆریای باكور و ئێران كە وڵاتانێكن بە درێژایی مێژووی كۆن و نوێ دژایەتی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاو ڕۆژئاوا دەكەن و گەرەكیانە لەم سەدەی بیست و یەكەمدا بە شێوازێكی نوێ درێژە بەو ململانێ نێودەوڵەتیە بدەن . لەبەرامبەریشدا بەڕابەرایەتی ئەمریكا و هاوپەیمانی بەریتانیاو فەڕەنسا و زۆرێكی تر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و توركیا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی خۆیان ڕێكخستوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هاتنە پێش و سنگدەرپەڕاندنەی ڕوسیا و هاوپەیمانەكانی كە پێشبینی ناكرێت بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ بەردەوام بێت و بتوانێت ئەو خەرجیە زۆرە بكێشێت كە بۆخۆی ڕوسیا لە بنچینەدا ئابوریەكی بەهێزی نیە و تەنانەت ناگاتە بێهێزترین ئابوری ئەوروپا كە وڵاتی ئیسپانیایە . هەردوولایان لەسەر خاك و گەلانی ناوچەكە جەنگ و ململانێكانیان درێژە پێدەدەن و ناوچەكەیان كردۆتە گۆڕەپانی سەرەكی ململانێكانیانبەمەش تەنها گەلان و خاكی ناوچەكە دەبنە سووتەمەنی هەروەكو هەموو جەنگە نێونەتەوە یەكانی سەدەی ڕابووردوو .
* پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، لەم ناوچە گەرم و پڕ ململانێ و گۆڕانكاریانەدا ، كوردو كوردستان لەكوێی نەخشەكەدان ؟
ئایا كورد دەتوانێت خۆ بپارێزێت و لایەنگری هیچ بەرەیەكیان نەكات ؟
ئایا كورد بەلای چ بەرەیەكدا دایبشكێنێت سەركەوتوو دەبێت؟ و خۆی و مەسەلەكەی دەسكەوتی گەورە وەدەستدێنن ؟
ئایا دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كورد بەگشتی ئامادەیە بۆ خۆ خستنە ناو ئەو ڕووداو و ململانێ نێونەتەوەییەوە؟
وەڵام كورد بەهۆی جەنگ و بەرگریكاری لە دژی داعش و تیرۆریستان بۆ ماوەی 2 ساڵ زیاترە لە ڕۆژئاواو باشوری كوردستاندا بەهێز و بازوی پێشمەرگە قارەمانەكان بۆتە سەرەڕمی بەرگریكاری و جێگەی شانازی و سومبولی ئازادی و ڕزگاری و پێگەیەكی گرنگی لای زلهێزەكانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆخۆی مسۆگەر كردوە و هەموانیان كۆكن لەسەر هاوكاری و یارمەتیدانی كورد بە چەك و تەقەمەنی و هاوكاری سەربازی و لۆجستی ، بەڵام بەهۆی ململانێ ناوخۆییە خۆخۆری و بەرژەوەند پەرستی و تۆخكردنەوەی حیزبایەتی بەسەر كوردایەتیدا خاڵی لاوازی خۆی پیشانی هەموو دونیا داوە ، بەم دۆخەیەوە كورد و كوردستان نابێتە پنتێكی سەرەكی لەنەخشەی ئەو ململانیێ نێودەوڵەتیەدا و نابێتە یاریزانێكی سەرەكیش بەڵكو تەنها دەبێتە ئامڕازێكی دەستی زلهێزەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان .
كورد و كوردستان بەهۆی هەڵكەوتەی پێگە جیۆسیاسیەكەی لەناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوڵەمەندی بەسەرچاوەكانی وزەی نەوت و غازی سروشتی و ..هتد . و لەبەرئەوەی تائیستاش نەبۆتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و تەنها هەرێمێكە لەچوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا كە بەداخەوە لەژێر نفوز و هەژموونی دراوسێكانیدایە و بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێرانبەهۆی پێكهاتەی مەزهەبی شیعەوە كە زۆرینەی عێراقن و باڵادەستی حوكمڕانیشن ، بۆیە كورد ناتوانێت تاسەر بەسەربەخۆیی و خاوەن بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆی بێت بەڵكو دەبێت بەناچاری لابداتە لایەك و بكەوێتە بەرەیەكی ململانێ و جەنگەكەوە ، ئالێرەدا بڕیارە قورس و سەختەكە دەدرێت كە ئەویش بیرتیژی و سیاسەتزانی و باش هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی هاوكێشە و ڕووداوەكان و حساباتەكان ڕۆڵی گەورەیان هەیە كە ڕاست و دروست بدرێن لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردەوە.چ لە باشوور چ لە ڕۆژئاواش ، بەڵام ئەوەی دیار و شاراوە نیە دەبێت كورد درێژە بە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش بدات و پارێزگاری لەخاك و گەلی خۆی بكات و لەسەر زەمینەی واقیع بون و هێز و توانای خۆی پیشانی هەموان بدات ، بۆئەوەی نەك كورد لابداتە لایەكیان بەڵكو هەردوولا ناچار بكات ئەوان كورد هەڵببژێرن و بیكەنە دۆست و هاوپەیمانی خۆیان . بەم شێوەیە كە تاكە ڕێگایە كورد و مەسەلەكەی هێندەی دی گرنگ و كاریگەر دەبن و دەتوانن دەسكەوتی زیاتر وەدەستبێنن .
* بەڵام بەداخەوە لەباشووردا سەركردایەتی سیاسی كورد و پارتە سیاسیەكان لەم دۆخ و قۆناغە پڕ مەترسیەدا لەوپەڕی دڕدۆنگی و دووركەوتنەوە ولێكجیابونەوە و لێكترازاندان ، لە حاڵێكی ئاوهاشدا ناتوانن نە بڕیاری ڕاست و دروست بدەن و نەدەتوانن پارێزگاری لە پێگە و هێزی كورد و مەسەلەكەی بكەن و نەدەشتوانن كورد بكەنە یاریزانێكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی سەركەوتوو كە هەموان ناچاربكەن لە هاوكێشە و حساباتەكانیاندا پێگەی شیاوی كورد دیاریبكەن . بۆیە سەركەوتن و زامنكردنی بەرەیەكی سەركەوتووی ململانێكان بۆ كورد تەنها بە یەكویەكگرتویی ڕیزەكان و گوتار و كردار دەبێت نەك لێكجیابونەوە و تۆخكردنەوەی بەرژەوەندی سەركردە و حیزب بەسەر بەژەوەندیە باڵاكانی گەل و نەتەوەدا . هەربۆیە دەبێت هەموان پێكەوە و یەكرگتوو شان بدەنە بەر ئەم دۆخە پڕ مەترسیدارە و هیچ كات بیر لە لێكجیابونەوەی هەرێمەكە نەكەن و و گرەوی سەركەوتنەكان وابەستەی پێكەوەییمانە نەك لێكجیابونەوەمان .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی