Swissra

هیوا ناسیح : هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سویسرا و ده‌رئه‌نجامه‌کانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی یه‌کشه‌ممه‌‌ واته‌ ١٨ ی ئه‌م مانگه‌ دوا رۆژی ده‌نگدان بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان ( ئه‌نجومه‌نی پیران )ی سویسرا ، په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌ ٢٠٠ کورسییه‌ ، که‌ به‌ پێی زۆر و که‌می رێژه‌ی دانیشتوان به‌ سه‌ر کانتۆنه‌کاندا دابه‌شکراوه ‌، هاوکات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کانیش که‌ له‌ ٤٦ کورسی پێک دێت هه‌ر چوار ساڵ جارێک سازده‌کرێت . بۆ ئه‌م هه‌‌لبژاردنه‌ ٢٩ حزب و کیانی سیاسی و ٣٨٠٠ کاندیدات کێبه‌ركێیان ده‌کرد . ژماره‌ی ٥،٢ میلیۆن که‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو ، به‌ڵام رێژه‌ی به‌شداربووان له‌ ده‌نگداندا ٤٨،٣ له‌ سه‌تا بوو (هه‌‌ڵبژاردنی رابردوو ٤٨،٥ بوو) . به‌ پێی دوا هه‌واڵه‌کان ئه‌نجامه‌کانیان، که دوای چوار سه‌عاتێک له‌ داخستنی سندوقه‌کان راگه‌‌یه‌ندرا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:
( ژماره‌کان رێژه‌ی ده‌نگی حزبه‌کانه‌ ، ژمار‌ه‌ی ناوکه‌وانه‌کانیش رێژه‌ی که‌م یان زیادکردنی ده‌نگه‌کانه‌ )به‌ رێژه‌ی سه‌دی) (:
پارتی گه‌لی سویسری (+ ٢،٩) ٢٩.٥
پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسری (- ٠،٢) ١٨.٩
پارتی لیبراڵی دیموکراتی (+١،٢) ١٦،٣
پارتی گه‌لی دیموکرات مه‌سیحی (- ٠،٢) ١٢،١
پارتی سه‌وزی سویسری (- ١،٥) ٦،٩
پارتی لیبراڵی سه‌وز ی سویسری (- ٠،٨) ٤،٧
پارتی هاووڵاتیانی دیموکراتی سویسری (- ١،٣) ٤،١
وه‌ک ده‌رکه‌وت له‌م هه‌‌ڵبژاردنه‌دا، پارتی گه‌لی سویسری (ڕاستڕه‌و) گه‌وره‌ترین براوه‌یه‌ و و دوای ئه‌و پارتی لیبراڵی دیموکراتی (ڕاستڕه‌و) براوه‌یه‌ ، پاشان سۆسیالدیموکرات ( چه‌‌پ و پێشکه‌وتوخواز ) و دیموکرات مه‌سیحییه‌‌کان ( میانڕه‌و ) به‌رێژه‌یه‌کی که‌م که‌میان کردوه‌ ، هه‌ردوو پارته‌کانی سه‌وز (چه‌پ) سه‌وزی لیبرال (میانڕه‌و) وه‌ پارتی هاوڵاتییانی دیموکرات ( ڕاستڕه‌وی لیبراڵ ) دۆڕانی به‌رچاویان به‌رکه‌وت !
رێژه‌ی کورسییه‌کانی ئه‌و حزبه‌ سه‌ره‌کیانه‌ دوای هه‌‌‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆرانکارییان به‌سه‌ردا دێت ، ( ژماره‌ی نێوان که‌وانه‌که‌ بڕی کورسی زیاد یان که‌مبوونه ‌، ژماره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌که‌ ژماره‌ی داهاتووی ته‌واوی کورسییه‌کانه‌ ).
پارتی گه‌لی سویسری (+ ١١) ٦٥
پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسری (-٢) ٤٤
پارتی لیبراڵی دیموکراتی (+٣) ٣٣
پارتی گه‌لی دیموکرات مه‌سیحی (- ١) ٢٨
پارتی سه‌وزی سویسری (-٥) ١٠
پارتی لیبراڵی سه‌وز ی سویسری (- ٦) ٦
پارتی هاووڵاتیانی دیموکراتی سویسری (- ١) ٨
سویسرا نزیکه‌ی ٨ میلیۆن دانیشتوانی هه‌یه‌ و له‌ ٢٦ کانتۆن (هه‌رێم) پێک دێت (شه‌شیان نیوه‌ کانتۆنه‌) هه‌ر کانتۆنێک ده‌ستور و یاسای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌‌، سه‌ره‌ڕای ئاڵا و په‌رله‌مانی ناوچه‌یی. له‌م وڵاته‌ سه‌رۆکی وڵات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ر یه‌ک که‌سه‌ ، یان راستر بڵێین سه‌رۆکی وڵات بوونی نییه‌!! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌وتۆته‌ ناوه‌ڕاست و چه‌قی ئه‌وروپاوه‌ به‌ڵام ئه‌ندام نییه‌ له‌ یه‌کێتی و بازاڕی ئه‌وروپا، چه‌ند جارێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ راپرسییان کردوه‌، به‌ڵام هه‌موو جاره‌‌کان زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵدا نه‌بوونه‌ ببنه‌ ئه‌ندام له‌وێدا. له‌م وڵاته‌ حزب ده‌بێت خۆی خۆی بژێنێت و حکومه‌ت باربووی هیچ حزبێک ناکات .
په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان له‌ مانگی دوانزه‌دا کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت هه‌‌ڵده‌بژێرن ، که‌ له‌ حه‌وت وه‌زیر پێک دێت و دواتر یه‌کێک له‌و حه‌وت که‌سه‌ سه‌ره‌ڕای وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆی به‌ سه‌رۆکی وڵات هه‌ڵده‌بژێردرێت ، که‌ ماوه‌که‌ی ساڵێکه‌ و ته‌نها یه‌ک جاری تریش ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، واته‌ به‌ هه‌مووی دوو ساڵ .
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی گه‌ل، که‌ راستڕه‌وه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن زۆر ته‌رکیزی خسته‌ سه‌ر دۆسیه‌کانی هاتنی زۆری بیانییه‌کان بۆ کار و ژیان له‌ سویسرا ( بۆنمونه‌ خه‌ڵکی وڵاتانی تری ئه‌وروپا ) و مه‌ترسی لێشاوی په‌ناخوازان ( ناویاننا کێشه‌ یان قه‌یرانی په‌ناخوازان ) ، هه‌روه‌ها خۆپارێزی و دوورگرتن ( تا ڕاده‌یه‌ک داخراو ) به‌سه‌ر یه‌کێتی و بازاڕی ئه‌وروپادا .
به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ سه‌وزه‌کان زیاتر تیشکۆیان خسته‌ سه‌ر پاکڕاگرتنی ژینگه‌، داخستنی کوره‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ به‌ساڵاچووان و موچه‌ی کار و … هتد .
سۆسیالدیموکرات زیاتر دۆسیه‌‌کانی کرانه‌وه‌ به‌رووی ئه‌وروپا و جیهان ، مامه‌‌ڵه‌کردنێکی دادوه‌رییانه‌ له‌گه‌‌ڵ کێشه‌ی په‌نابه‌ران ، که‌مکردنه‌وه‌ی باج ، که‌مکردنه‌وه‌ی کرێی خانوو، موچه‌ و هه‌لی کار و … هتد ، یان جوڵاند . ئه‌مان ته‌نها دوو کورسیان که‌مکرد ، زۆربه‌ی جار هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سه‌وزه‌کان ده‌که‌ن ، که‌ ئه‌وانیش چه‌پن، به‌ڵام شکستی سه‌وزه‌کان (- ٥ کورسی ) ناڕاسته‌وخۆ زیانه‌ بۆ ئه‌مانیش .
ئێستا که‌ راستڕه‌وه‌کان نزیکه‌ی سێیه‌کی په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌یان که‌وته‌ ده‌ست ، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت ، نزیکبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌روه‌ها داخستنی کوره‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی خاوبکه‌نه‌وه‌ و سستی بکه‌ن . هه‌روه‌ها یاسا و مامه‌ڵه‌یه‌کی توندتر له‌گه‌ڵ په‌ناخوازن و خه‌ڵکانی بییانی په‌یره‌و بکه‌ن . چونکه‌ ئه‌مانیش دواجار له‌گه‌ڵ حزبه‌ راستره‌وه‌کانی تر ده‌توانن هاوپه‌یمانه‌تی بکه‌ن .
حزبی سۆسیالدیموکراتی سویسرا یه‌کێکه له‌ دوو حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌م وڵاته‌ . له‌ ئێستادا فراکسیۆنێکی ٥٧ کورسییان له‌ سه‌رجه‌می ٢٠٠ کورسی په‌رله‌مان هه‌یه‌، دووان له‌ حه‌وت وه‌زیره‌که‌ی حکومه‌تی سویسرایان پێکهێناوه‌ ( ناوخۆ و داد ) له‌م حزبه‌ن . وه‌زیری داد و پۆلیس خاتوو ( سیمۆنیتا سوماروگا ) هاوکات بۆ ماوه‌ی ساڵێکه‌ سه‌رۆکی کابینه‌‌ و وڵاتیشه‌ . ئه‌م حزبه‌ چه‌پ و پێشکه‌وتووخوازه‌ دۆستی کورده‌، و تێگه‌یشتنی زۆری بۆ ره‌وشی په‌ناخوازن و خه‌ڵکانی بیانیی هه‌یه‌ و به‌ مافی خۆیان ده‌زانێت بێن و مافی په‌نابه‌رییان پێ ببه‌خشرێت ، که‌ بیسه‌لمێنن له وڵاته‌که‌یان ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ .
گروپی ( په‌رله‌مانتارانی سویسرا بۆ دۆستایه‌تی گه‌لی کورد، زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی له‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی ئه‌مان پێکهاتوه‌ و یه‌کێک له‌ هاوسه‌رۆکی گروپه‌که‌ش که‌ کارلۆ سوماروگا یه‌ ئه‌ندامی ئه‌م حزبه‌یه‌، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ بۆ ئه‌م خوله‌ش هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌م گروپه کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٧سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ( عه‌دنان موفتی)یان داوه‌تکرد بۆ سویسرا، پاشتر ساڵی ٢٠٠٨ وه‌فدێکی ئه‌مان سه‌ردانی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ی کرد، که‌ کارلۆ سوماروگاشیان له‌گه‌ڵدا بوو . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک سیمینار و کۆنفرانسیان له‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی سویسرادا سازکردوه‌، که‌ نوسه‌ری ئه‌م وتاره‌ ئاماده‌ی زۆریان بووه ‌.
پاش جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانیش ده‌رکه‌وت که‌ کچه‌ کوردی باکور ، سیبیل ئه‌رسه‌لان ، ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ و پیشه‌ی پارێزه‌ره ‌، بووه‌ یه‌که‌م کچه‌ په‌رله‌مانتاری کورد و بیانی له‌ په‌رله‌مانی سویسرادا . ناوبراو له‌ کانتۆنی بازل و له‌ سه‌ر لیستی پارتی سه‌وز خۆی کاندید کردبوو، ئه‌م کچه‌ کورده‌ ساڵی ١٩٩١ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا وه‌ک په‌نابه‌ر هاتۆته‌ سویسرا و ساڵی ٢٠٠٤ ره‌گه‌زنامه‌ی سویسری وه‌رگرتوه ‌.
دیاره‌ رکابه‌ری سه‌ره‌کی پارتی گه‌لی ڕاستڕه ‌و پارتی سۆسیالدیموکراته‌ ، له‌ به‌رئه‌وه‌ی پارتی گه‌ل زۆر ئه‌ندامییان میلیۆنێر و خاوه‌نکار ( بزنسمان ) ی گه‌وره‌ن بۆیه‌ زۆربه‌ی کۆمپانیای پڕوپاگه‌نده‌ و بانگه‌شه‌ی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هی ئه‌مان بوو. زۆر سودیان له‌ کاره‌ خراپ و نایاساییه‌کانی خه‌ڵکانی په‌نابه‌ر و بیانی بینی، وه‌ خراپ که‌ڵکیان لێوه‌رگرت و د‌ه‌نگده‌ری سویسرییان دژ به‌ بیانیی هانده‌دا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایکرد ده‌نگێکی زۆر ببه‌نه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت کچه‌که‌ی سه‌رۆکی پێشووی پارته‌که‌ ( کریستۆفه‌ر بلۆخه‌ر ) که‌ زۆر دژی بیانییه‌ ده‌نگی پێویستی هێنا و گه‌یشته‌ په‌رله‌مان .
به‌ کورتی راسته‌ راستڕه‌وه‌کان له‌م خوله‌دا بردیانه‌وه‌ و سێیه‌کی په‌رله‌مانیان برد، به‌ڵام چه‌په‌کانیش ( سۆسیالدیموکرات و پارتی سه‌وز) که‌م نین و سێیه‌کی په‌رله‌مان د‌ه‌بن ، که‌ به گشتی دۆستی په‌نابه‌ران و نه‌ته‌وه‌ی کوردن . گه‌لی کورد به‌ گشتی و باشور به‌ تایبه‌تی ده‌توانن سود له په‌یوه‌ندییه‌کانیان ببینین . گرنگیشه‌ کوردانی دانیشتووی سویسرا هاوکاریی ئه‌م پارته‌ بکه‌ن و ببنه‌ ئه‌ندامیش تێیدا .
ناساندنی وڵاتێکی وه‌ک سویسرا که‌ وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌و ئیتنییه ‌، له‌‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانی‌و ئاشتیدا‌یه‌و ئابورییه‌کی به‌هێزی هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌وت‌و کانزایه‌کیشی هه‌بێت، نمونه‌ی که‌‌مه ‌لەجیهاندا ، بۆ خه‌ڵکانی وڵاتی ئێمه‌ زۆر گرنگ‌و به‌بایه‌خه ، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌کتێبێکی سه‌ربه‌خۆیه‌. به‌نده‌ به‌نیازم له‌ئاینده‌‌یه‌کی نزیکدا کتێبێکی له‌م جۆره ‌بنوسم ، به‌هیوام بتوانم ئه‌م خزمه‌ته‌ بەخوێنه‌رو کتێبخانه‌ی کوردی بگه‌یه‌نم .

* ئه‌ندامی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسرا ( ئێس پێ ) .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت