هەڵۆ بەرزنجەیی : سەبەخۆیی لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان .
دەڵێن : ئەگەر لە تاقیکردنەوەی وانەی ماتماتیکدا ، هەموو قوتابییەکان نمرەی یەکەم بێن ، ئەوە تاقیکردنەوەکە هێجگار سووک بوو .
جارێکی دیکەش کاتالۆنیا و سەربەخۆیی ..
رۆژی ٢٧/٩/٢٠١٥، لە سەردەمی گلۆبالیزم و بچوکبوونەوەی دنیا و گوایە بەسەرچوونی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەڵتەکاندنی سنوورەکان و بەرقەرارکردنی دنیایەکی بێ ناسنامە و فەرهەنگ و تایبەتمەندی نەتەوەکان ، میللەتی سەربەخۆخوازی کاتالۆنیا، بە وورە و ووزەیەکی بەرز و لەبن نەهاتوو و دەنگێکی دلێرەوە ، لە نێوەندی دڵی ئەوروپادا ، کیشوەرە پێشەنگەکەی شارستانێتی و پێڕەوکەری دیموکراسیی و پێشکەوتن ، ئاڵای ویست و داخوازی سەربەخۆیی خۆیان بڵندکردەوە ، کاتالۆنیا ، بەم هەڵوێستەی توانی زەنگێکی هۆشیارکەرەوە بۆ جیهان لێبدات سوپرایسێکی گەورە بخاتە بەردەم مێژوونووسان و کۆمەڵناسان .
ئاخر زۆر کەس هەبوون ، لە سێبەری ئیدیۆلۆژیایی جۆراو و جۆر و ئامانجی ناڕەواوە ، پێیان وابوو ، چیدی لەم دەڤەرەی جوگرافیای زەویدا ، جارێکی دیکە ڕەنگ و بۆی پرسی نەتەوەیی ، نایەتەوە سەر شانۆی سیاسەت و هەموو گەلانی ئەوروپا گەیشتوو بە دوا فۆڕمی سیستەم و ژیانی ئازادی خۆیان و هەر هەموویان بە ئاڕاستەی خۆ تواندنەوەدا لەیەک بۆتەدا رەوت دەکەن و ناسنامەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە و ناسنامەی گەردوونی جێی دەگرێتەوە . گلۆبالیزم کارێکی کردووە ، دنیای هێناوەتەوە یەک . ئەی ئەوە نیییە کەسێک ، لە دەڤەری هەورامانی کوردستان و کالیفۆڕنیای ئەمریکا ، لەیەک چرکە و ساتدا ، دەتوانن پێکەوە لە رێی ئینتەرنێتەوە چات بکەن .
ئەوەی لەم ئاریشەدا شایانی سەرنج لێدانە ، بە هۆکاری کۆمەڵێ بەرژەوەندی تایبەتی و فاکتی دروستکراو لە ئەوروپادا ، بایەخی میدیایی گەورە بەم باسە ، وەک چاوەڕوان دەکرا نەدرا . لەگەڵ ئەوەشدا تین و تاوی بڕیار و هەڵوێستەکەی میللەتی کاتالۆنیا ، هێندە بە گووژم و کاریگەر و هیوائامێز بوو ، توانی دیواری بەربەست بڕوخێنێ و پەردەی بێدەنگی و فەرامۆشکاری ، مەبەستداری !! ئەو لایەنە ناحەزانە بدڕێنێ ، کە نابەدڵانە ، کەوتنە رێگری لە بەردەم ئەم پێشهاتە و لە شێوازێکی رکەبەردا بووبێت یاخود دەیانەوێ ببنە ئاستەنگ .
٢٧/٩ ، هاوپەیمانێتی ( پێکەوە بۆ بەڵێ ) Just Pel si ، توانی لە دەنگدانێکی ئازاددا، (٦٢) کورسی پەرلەمانی کاتالۆنیا لە کۆی (١٣٢) کورسی بە سوودی پرسی سەربەخۆیی بباتەوە . هاوکات پارتی چەپی CUP، کە توانی (١٠) کورسی بباتەوە ، چووە پاڵ هاوپەیمانێتیە ناوبراوەکە و بەم پێیە ، رێژەی کورسی سەربەخۆخوازەکان بەرز بۆوە بۆ (٧٢) کورسی … بەمەش بەرەی سەربەخۆخوازان ، توانییان باڵانسی هێز لە پەرلەماندا ، بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە و هەنگاوێکی گەورە بە ئاڕاستەی سەربەخۆییدا بچنە پێشەوە .
بە پێی نەخشەیەکی ( ئارتۆ مارس ) ی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە ، بڕیارە لە ساڵ و نێوێکی تردا ، (٢٠١٧) دەستبەکاری نەخشەرێگای جیابوونەوە لە مەدرید بن .
( ئۆریۆل یونکوراس ) ، سەرۆکی چەپی کۆماری لەم میانەدا گووتی : میللەتەکەمان گەیشتە بەردەم دەروازەکانی ئازادی ، دەمێک بوو گفتم دابوو بە پاپیرە گەورە ، رۆژێک هەر دێت بگەین بەم رۆژە .
ئەز لێرەدا لە بایەخی جوگرافیایی و ئابووری و کاتالۆنیا ، بە خۆیی و ٧،٥ ملیۆن دانیشتوانەوە و بوونی زێتر لە ٥٨٦ کۆمپانیای زەبەلاح و بوونی کارخانەی جیهانی وەک : مانگۆی رستن و چنین ، ناتوراڵی گاز و فۆلکس ڤاگۆنی ئوتومبێلەوە ، هیچ نموونەیەک ناهێنمەوە . بەڵکو لە چەند گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجێکی کورت لەم هەنگاوە گرنگە دەگرم ، کە مخابن وەک پێویست نەبووە کەرەسەی باس و خوێندنەوەی ڕژد ، لە میدیای کوردیدا . بە گشتی رۆشنبیرانی کورد ، ئاوڕی پێویستیان لەم پرس و پێشهاتە نەدایەوە . تاوەکو سووت لە هەنگاو و ئەزموونەکەیان وەرگرین .
یەکەم : کاتالۆنییەکان ئەزموونی ساڵی رابووردووی سکۆتلەندییەکانیان لەبەرچاو بوو ، باشیش ئاگاداری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی واشنتۆن و برۆکسل و لەندەن و بڕەکیش هێزەکانی ناوخۆ بوون ، لێ لەتەک ئەوەشدا ، هەروەک ساڵی رابووردوو رایانگەیاند ، کەوا کاتالۆنیا ، وەک سکۆتلەندە نییە ، ئەوە بوو سووربوون لەسەر بڕیار و هەڵوێستی خۆیان و ئیرادەی نەتەوەیی خۆیان خستەکار و تەواوی ئەو هەڕەشانەی مەدرید و شوێنەکانی دیکەیان نەیترساندن و سڵی پێنەکردنەوە و دەنگدانەکەیان ئەنجام دا .
دووەم : ئەم ئاریشەیە ، سەلماندییەوە ، کەوا پرسی نەتەوایەتی هەردەم زیندووە و دینەمۆی بزوێنەری مێژووشە . سەرهەڵدانی داوای سەربەخۆیی ، لەم هەلومەرجەی نەخشەی ئەوروپا و پێکهاتە و سیستەم و چەمکی دیموکراسی ، بۆ گەلێ کەس و لایەن وەک سوپرایسێکی گەورەیە وایە . خۆبەرجەستەکردنی کاتالۆنییەکان لەم فۆڕمی باڵای هەست و ناسنامەی نەتەوایەتی و شانازیکردن بە بەنەتەوەبوونیان ، ترۆپکی هەرە باڵای نەخشبوون و چلوورەبەستنی ستاتووی نەتەوەیە .
ئا لەم چرکەساتە مێژووییەدا،کە کاتالۆنییەکان خۆیان بەم چەمک و فۆرمە ” نەتەوەبوون ” پشت ئەستوور دەکەن ، ئەوسا بوێرانە و بێ شەرم و گوێدانە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە ، پێداگریی لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان بە شێوازێکی شارستانێتی و دیموکراسی دەکەن .
سێیەم : هاوپەیمانێتی ” پێکەوە بۆ بەڵێ ” توانی هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنی ، بە سووتی بڕیاری سەربەخۆیی بقۆزێتەوە و چەپەکانیش ، لە هەڵوێستێکی گرنگ و چارەنووسسازدا ، رۆڵی مێژوویی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان گێڕا . بەم کارەش بارستایی خۆیان خستە تای تەرازووی سەربەخۆخوازانەوە . ئەم کارەش لە رووی مێژوویی و سیاسی و چەندایەتییەوە ، سەنگ و بایەخێکی دیکەی ئەرێنی ، لە زەمینەی تێکۆشانی گەلاندا ، دەبەخشێ بە رەهەندە ، دوورەکانی پرسی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و پرسی نەتەوایەتی لە سەرتاسەریی جیهاندا .
شایانی ئاماژە پیدانە ، کاتالانەکان ، رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و راگوێزان و لەسێدارەدان و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و کوشتاری جۆراوجۆری تر نەبوونەتەوە . کەچی هێندە لەسەر جیابوونەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان سوورن .
پێناس و ناسنامەی تێکۆشەری راستەقینەش ئەو دەم ، لەمەیداندا بەراست دەردەکەوێ و دەسەلمێندرێ ، کە هەرساتێ ، نەتەوە و نیشتمان ، کەوتە بەردەم دوو ڕیانی چارەنووسساز ، پێویستە هەموو حیزب و کۆمەڵ و کەسێ دروشم و ئامانج و بگرە پرنسیپەکانیشی تایبەتییەکانی خۆی ، بپێچێتەوە و ببێتە سەرباز و داکۆکیکار وڵات و خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە .
ئێمەش کتومت ئەمە ، لە هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنیا و تێکڕای سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیادا دەبینین و دەخوێنینەوە .
سەربەخۆیی لای پارتە کوردستانییەکان .
وەک پێشەکییەک ، تا وێنەیەکی روونمان لە بەرچاو بێت ، دەمەوێ ئەم راستییە بکەمە دەروازەی چوونە نێو باسەکەمەوە :
” کورد نەتەوەیەکە ، تا ئێستاش نیشتمانی داگیر و دابەشکراوە و رووبەرووی نامرۆڤانەترین سیاسەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەی ، لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابووی و رۆشنبیرییەوە بۆتەوە ، هەبوون و ئیدەنتیتێتی لەبەردەم ترسناکترین هەڕەشەدایە . لە هیچ یەک لەو دەوڵەتە زۆڵەکانەی کورد و کوردستانی بەسەر دابەشکراوە ، خاوەنی چ مافێک نییە و تا هەنووکەش تاکە هێزێکی نەتەوەی سەردەست پەیدا نەبوو ، باوەڕی بە مافە رەواکانی کورد هەبێت ” .
ئا لەم ساتەوەختەدا ، کە باس لە پرسی دەنگدان و داوای سەربەخۆیی کاتالۆنیا دەکەین ، بارودۆخ لە تەواوی کوردستاندا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ . لەتەک ئەوەشدا ، بە دڕێژایی مێژووی دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و سەپاندنی ناهەقانەی ئەجێندا و نەخشەی ، رێکەوتننامەی رووزەردی سایکس ـ پیکۆ ، دژ بە کوردستان ، هەرگیز دەرفەتی وا زێڕینی بۆ کورد فەراهەم و هەڵنەکەوتووە .
دەوڵەتانی زۆڵەکی عێراق و سووریا ، رۆڵ و مانایان نەماوە و لە ناوەندەوە داڕووخا و بێدەسەڵات بوون و ناتوانن بە دروستی پارێزگاریی لە پایتەخەتەکانی خۆیان بکەن . تورکیا ، رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە و دۆستەکانی رۆژاوای لێی زیز بوون ، و دەیانەوێ سزای بدەن بە دووی ئەلتەرناتیڤێکیدا دەگەڕێن . ئێران دەستی خەڵتانی خوێنی ، چەندین کێشەی نێوخۆی وڵاتانی وەک ، عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو بووە ، کێشەی گەورەی بۆ خۆی قووتکردۆتەوە و بە سانایی ئەم هەموو دەست تێوەردانەی بۆ ناچێتە سەر . هاوکات ئێران لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێناسێکی نەرێنی بەدەست هێناوە و وێنەیەکی ناشیرینی دەسەڵاتدارێتی نیشان داوە و بە پێی دراوە ناوچەیی ـ قەیرانە نێوخۆییەکانی ـ و جیهانییەکان ، ئێران ئاییندەیەکی چەسپاوی نابێت ، یان بەو فۆرمەی ئێستا، ناتوانێ بەردەوم بێت .
هەڵتۆقینی رێکخراوی ( داعش) لەم دواییانەدا ، بە خۆیی و کردەوە قێزەونەکانییەوە و داستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە باشوور و شەڕڤانان لە رۆژاوا بەرامبەر بە داعش ، بە تایبەت شا داستانی بەرگریی قارەمانانە و بێوێنە لە شاری ( کۆبانی ) ، وەرچەرخانێکی باشی لە پرسی کورد دا هێنایە کایەوە و ئاسۆیەکی روون و فراوانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ رەخساند .
لێرەدا ، بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی دەریاوە( میدیای چەواشەکاری کوردی و ئەقڵێتی سەقەتی حیزبایەتی لە کوردستان دا ) ، دەمەوێ چەردەیەک لەو راگەیاند و هەڵوێستانەی لایەنە کوردییە پەیوەندارەکان بخەمە روو،کە کەم و زۆر لە خولگەی باسی سەربەخۆییدا خول دەخۆن و پێوەندییان بە چارەنووسمانەوە هەیە . تاوەکو بزانین ، ئەم کۆمەڵە حیزبەی لە کوردستاندا ، بانگاشەی نوێنەرایەتی بزاڤی نەتەوەیی دەکەن ، و سیفەتی شۆرشگێڕ و خاوەن شۆڕش بە خۆیان رەوا دەبینن ، لە چ ئاستێکی بەرپرسیارێتی خۆیاندان و چەند هەڵگری ئەو پەیامەن ، کە لە پێناویدا ، هەنگاویان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە . تا کوێ مافیان هەیە ، بانگەواز ئاراستەی جەماوەر بکەن و بە چ مافێک رٶلەکانی نەتەوە دەکەنە قوربانی گەمەیەک ، کە گەوهەرەکەی قومارێکی سیاسی رووت و پەتییە و چ مانا و بەهای شۆڕش و خەبات هەڵناگرێ ، وەک ئەوەی خۆیان بانگاشەی بۆ دەکەن .
مخابن بە هەر مەبەستێک بێت ، ئەم چرکەساتە هەستیار و گرنگانە ( راگەیاندنی نابەرپرسانە و بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە سەربەخۆیی و نەبوونی پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەت ) زۆر بە خشپەیی و بێدەنگی بەسەر رۆشنیران و چاودێڕانی سیاسیدا تێپەڕی و تاکە دەزگایەکی میدیا و رۆژنامە و ماڵپەڕێک ، نەیتوانی / نەیویست !! رووناکی بخاتە سەر . لە کاتێکدا دەزانین ، بۆ باسوخواستی دیکە ! ماشێنە شڕەکانی میدیای پارتەکان ، چۆن خەرەک دەڕێسن و فوو بە کەڕەنای پڕوپووچیدا دەکەن . هەڵبەت ئەوەی حاشاهەڵنەگرە و مێژوو لەبیری ناکات و لە کەسیش خۆش نابیت ، ئەوەیە ، هەر جۆرە مامەڵەیەکی نەرێنی لەگەڵ ئەو فەرمانە پێشهاتوو و دیفاکتۆ دروست بووەدابکرێت ، دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی خۆڵ کردنە چاوی جەماوەر و دەرکەوتنی دوو روویی رۆشنبیرانی ناپاک ،کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت !!، نەیتوانی رۆڵی مێژوویی خۆیان بلێزن و لەو ئاریشەدا بەشداریی ئەرێنی خۆیان بە قازانجی سەربەخۆیی خاک و نەتەوەدا بکەن .
لەبەر رۆشنایی پەندە کوردییەکەی دەڵێ : ” مشتێ نموونەی خەروارێکە “، وا بە کورتی چەند نموونەیەک لەمەڕ ئەم بابەتە ، سەرەتا لە باکوور و رۆژاوا دەخەینە روو :
ـ ئێمە دەوڵەتی نەتەوەییمان ناوێ و ئەو داوا و بۆچوونانەمان خستۆتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە .. خەتیب دیجلە .
ـ مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و ئەوە داوی ئێمە نییە … مستەفا قەرەسوو .
ـ ئێمە داوای دەوڵەت ناکەین ، دەوڵەت دژی ئازادی و دیموکراتی و تاکە . هەوڵمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک چارەسەری کێشەکەمان دا ، لێ ئێستا دەبینین دەوڵەت چارەسەریی کێشەکەمان ناکات . ئێمە بۆ ” کۆمەڵگەی ئازاد ” خەبات دەکەین لە پێناوی هەموو گەلاندا . دەمانەوێ رژێمی دیموکراسی بەرەو پێش بەرین و گەشەی پێبدەین …. جەمیل بایک
ـ کۆمەڵێ راگەیاندن و بانگاشە و نامە و داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ، هەر هەمووی جەخت لە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی ئازاد و …. هتد ، دەکاتەوە . ( هەر هەمووی لە ناو ترکیادا ) .
هەموو ئەم ناوانە بەرپرسی گەورەترین پارتی باکووری کوردستان ( پ ک ک ) ن و رەنگڕێژی سیاسەتی گشتی ئەو پارتەن .
ـ ئێمە نامانەوێ لە سوریا جیاببینەوە . ساڵح موسڵح ..هاوسەرۆکی کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستان .
پێم وایە پێویست ناکات ، باس لە بۆچوونی نێوەندەکانی بڕیار و کەسایەتی و چاودێرە سیاسییەکانی بێگانە بکەین ، لەسەر دابەشبوونی سووریا، چونکە بە هەزاران چاودێر و نووسەر و نێوەندی عەرەبی هەن تا هەنووکە ، رۆژانە لە میدیا و رۆژنامەکانیاندا ، باس لە کەرتکەرتبوونی سووریا دەکەن . ئەوە تەنیا کوردە نایەوێ و دەڵێ نابێت سووریا هیچی بەسەر بێت ، هەر کوردە نایەوێ سووریا پارچە پارچە بێت و لە سووریا جیابێتەوە ، لە کاتێکدا هەر خودی کوردیشە ، داستانی قارەمانێتی بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانی ، وەک داعش تۆمار دەکات و تاکە هێزی کاریگەر و کردەیە ، لەسەر گۆڕەپانەکە ، کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاندووە . بەڵام نازانێ پاش نەمانی داعش چارەنووسی بە کوێ دەگات و بەپرس و سەکردەکانی ، بەرەو کام ئاقار ، کاروانی خەباتەکەی خستۆتەکەیان خستۆتە گەڕ . بێگومان ئەم پەرادۆکسە ، مەتەڵ و گرێیەکی تری مێژووی کورد و گووتاری نەتەوەیی دەنەخشێنی و پێویستە گرنگی پێ بدرێ و کورد چاوەڕێی ئاکامی خەباتەکەی بکات و بزانێ لە پێناوی چیدا قوربانی دەدات و رێگە نەدا ، چارەنووسی بە نادیاریی بمێنێتەوە و بکەوێتە ژێر پێچکەی بێروحمی گەمە سیاسییەکانەوە .
ئەوەی زۆر سەیر و سەمەرەیە ، بەشێکی ئەم بەرپرسانە داوای ( کانتۆن) یان بۆ دەڤەرە جیاکانی باشووری کوردستانیش کردووە ، وەک شەنگال ، سلێمانی و دەیانەوێ مۆدێلی کانتۆن ، لە باشووریش بکەنە دروشمی سەرەکی ، وەک ئەوانەی رۆژاوا بیسەپێنن ، ئەو مۆدێلەی !! کە چ ناسنامەیەکی پێوە دیار نییە و تێکەڵەیەکە لەسەر بنەمای مێژوویی و نەتەوەیی و جوگرافیایی دانەمەزراوە و لە زەمینەی ئەزموونی میللەتانیشدا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەک سویسرا دا ، خراوەتە کار و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە .
هاوکات نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ ، کەوا ئەو هێزەی باوەڕی بەدەوڵەت نەماوە ، کەچی بە سەرسووڕمانەوە دەوڵەتی ترکیای قەبوڵە و تێدەکۆشێ لە پێناوی ئەوەی ، زێتر دیموکراسی تێدا بەرقەرار بکات و یەکێتی دەوڵەتەکە پایەدارتر بکات .
تەنیا ئاماژەدان بە بیروڕا و هەڵوێستی ، کەسانی وەک ( ئیسمائیل بێشکچی و نوام چۆمسکی ) و چەندان کەسایەتی تر لەسەر رەوایەتی ، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ، رەنگە وەک وەڵامێک بەس بێت بۆ ناواقعێتی بیروبۆچوونی پارتەکانی ئەو دو بەشيی نیشتمانەکەمان . دەشێ لێرەدا بتوانم لە بری ئەوان ، رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم : خۆ گەر لە دیدی سیاسیشەوە بێت، ئەو هێزانە دەتوانن لە راگەیاندنەکانیاندا، وا هێما بۆ پرسەکە بکەن ، کەوا کورد لە باکوور ، لە مافی فیدراڵی کەمتر بە هیچی تر رازی نابن و سەردەمی دەوڵەتی نێوەندی هەڵگری بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک دەوڵەت ، لە وڵاتی فرە نەتەوەدا بەسەرچووە. یاخود مافی نێزیک بە ٣٠ ملیۆن کورد ، هەر لە دەوڵەتێکی فیدراڵدا بەرقەرار دەبێت . دوای چارەسەریی پرسی نەتەوەیی کورد و گەلانی تر ، ئەوسا دەرفەت هەیە گەلانی ترکیا لە قۆناخەدا بتوانن بە ئاشتی و ئارامی و یەکسانی ، لە کۆماری/ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاددا پێکەوە بژین .
کوردانی رۆژاواش ، دەرفەتیان لەبەردەمدایە ، وەڵامی پێشهاتەکان بەوە بدەنەوە ، بڵێن : ساتێ سووریا داشبەشکرا ، وا ئێمەی کورد بەشە کوردستانی خۆمان بە خوێنی شەڕڤانەکانمان ئازاد و نەخشاندووە و بەرگریی لێ دەکەین و دەیپارێزین ، رێگە نادەین بە دەسەڵاتی ناوەندی جارێکی دیکە لەم دەڤەرەدا باڵادەستی هەبێت . بە هەموو واتا و توانایەکمانەوە ، سوورین لەسەر داوا نەتەوەیی و دیموکراسییەکانمان . ئێمەش وەک برا کوردەکانمان ، لەم قۆناخەدا ، لە باکوور و باشووری وڵاتەکەمان ، داوای مافی فیدڕاڵی دەکەین .
ئەم جۆرە تاکتیک و ستراتیژە سیاسییە ، لە ئاستی نێوچەیی و نێودەوڵەتیدا ، بارستایی خۆی هەیە و شیاوی هێنانە دیشە . کاریگەرێتی نەرێنیشی لەسەر وونکردنی ناسنامە و گەوهەری پرسی نەتەوەیەک بە خەسلەت و بنەما تایبەتمەندییەکانییەوە ناکات و سەروەرییەکی مێژوویش تۆمار دەکرێ .
ئەم ئاوڕە خێرایە لەسەر ئەم پرسە و پێداگریی و سووربوونی ئەو هێزانە لەسەر ئەم دروشمانە ، پێناسی ئەو لۆژیکە چەوت و بزاڤ و شۆڕشە چەواشەیەی ئەو حیزبانەمان لای روون دەکاتەوە ، کە چەند دەستەوسانن لە ئاست ویستی نەتەوە و چەند دیماگۆگن لە سیاسەتکردن بە جەماوەری ماندوو و قوربانیدەری خۆیانەوە . بەواتایەکی تر ، چەند کار لەسەر بەلارێدابردنی ، پرسی رەوای نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەن و تا چەند بێ ئیرادە و بڕیار بەدەست نین ، لەمەیدانی داوا رەوا نەتەوەییەکانی کورددا .
خوێندنەوەی پرسی سەربەخۆیی لای کاتالان و کورد ، وەک نموونەیەکی هەنووکەیی ، هەڵگری چەند ئاماژە و پرسیارگەلی ئالۆز و بێ وەرامە . هەر نیگایەکی سەرپێی ئەم هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاردانە ، رەنگبێ بەشی ئەوە بکات ، لە هۆکارەکانی ، سەرتاپای مێژوویی بندەستی خۆمان تێبگەین .
پرسی سەربەخۆیی ، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ، هێشتا نەبۆتە جێی باس و چ پرۆژە و بەرنامەیەک ، لەمەڕ ئەم پرسە گرنگە ، کە لەو بەشەدا پەیوەستە بە چارەنووسی ، هەر نەبێت زێتر لە ١٤ ملیۆن کوردەوە . پارتەکانی رۆژهەڵات ، جیا لەوەی بەردەوام پارچەپارچە و لاواز بوون ، هاوڕاش پێداگرییەکی سەرسەختانە لەسەر ئێرانچێتی دەکەن و بەشێکی زۆریشیان دوای گلاسنۆس و پێرۆسترۆیکاش ، هێشتا شەوارەی ئێدیۆلۆژی و دەقی کتێبە ئەستوورەکان بەری نەداون .
رەنگە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە نێوان ئەو پارتانەدا و بڵندکردنەوەی داوای هەرە دامێنی فیدڕاڵی ، تاکە وەرامێکی پۆزەتیڤ بێت ، دەرهەق بە حاڵوباری کورد لەو بەشەدا .
بارودۆخ لە باشووری وڵات ، پێی ناوەتە قۆناخێکی ترەوە . لەم بەشەدا لەتەک ئەو واقیعەی هەیە و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە ، کەچی هێشتا وەک پرۆژە و بەرنامەیەکی ئامادەکراو و کار بۆ کراو ، چ ئاماژەیەک بۆ پرس و داوای سەربەخۆیی بە کارایی بەرچاو ناکەوێ .
پارتی ، زێتر لە لایەنەکانی دیکە لە رێی میدیا و راگەیاندنی کادێرەکانییەوە ، ئەم باسە دەورووژێنێ . چەند جارێ ، سەرۆکی هەرێم لە راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا ئاماژەی بەم داوا رەوایەی کورد داوە . دیسان ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن ، ئەم هەوڵانە ، پتر وەک کارتێکی گووشار و بۆ ترساندن و لابردنی تابووی سەر ئەو پرسە بەکار هاتووە ، نەک وەک داوایەکی گەڵاڵەبووی بەرجەستەی باوەڕپێکراو … هاوڕاش بە کردەوەکانیان سیما و رەنگێکی بنەماڵەیی و تێڕوانینی بەرژەوەندی تەسکییان بەخشیوە بە رەهەندی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ..
جگە لەوەش ئەوەی نایبینین و جێی سەرنج و پرسیارە ، شاندێ / دەستەیەکی دیبلۆماتکاریی کورد، بە فایلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و داوای دامەزراندنی دەوڵەتەوە . بە پەنهانی و ئاشکرایی، لە نێوەندەکانی بڕیاردان ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرتاسەریی جیهاندا ، چالاکانە کار بۆ ئەم دروشم و داوا رەوایە بکات … لە میدیاکانی جیهانیدا ، وتاری چوار نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان ، و نووسەر و کەسانی سیاسی سەر بەو پارتانەی بارستاییەکیان لەسەر ئاستی کوردستان هەیە، پروپاگەندە و پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن … لە نێو کەناڵ و میدیا جیهگانییەکاندا ، مێزگردێک نابینین ، کورد ئامادەی کرد بێت ، یان بەشدار بێت تێیدا و ئەم پرس و باسانە بڵاوبکاتەوە و بە لۆژیک و دیکۆمێنت و زمانێکی دبلۆماسی هاوچەرخ بانگاشە بۆ پرسی سەربەخۆیی بکات … لۆبییەکی کوردی سازکرابێ و کار لەسەر ئەم پرسە بکات . دەیان سەدان جۆر چالاکی تری دبلۆماسی و راگەیاندنی و تەنانەت ئامادەکاری و رازیکردنی خەڵکانێک ، کۆمپانیاگەلێک ، تا رادەیەی کڕینی کەسایەتییە جیهانییەکان ، تەماحیان وەربەر بنرێ و سۆزیان بۆ لای کورد راکێشرێ و بەرژەوەندییان بۆ بخوڵقێندرێ . بۆ داکۆکی لە پرسی رەوای نەتەوەیەک ، کە ئەنفال کراوە و شەنگالی لێ زەوتکراوە و هەمیشە تەپکە و تەڵە بۆ بوون و هەبوونی لە لایەن داگیرکەرانەوە دەچنرێت …
لە هەمووش سەیرو پارادۆکستری دەسەڵاتی ئەم پارتانە و حکومەتەکەمان ، ئەوەیە چ لایەک رێگە نادەن ، بە هێز و کەسانی نەتەوەیی هەڵگری باويری سەربەخۆیی و ئاڵای دامەزراندنی دەوڵەت ، لە کوردستان ، لەسەر زەمینەیەکی باويری کوردایەتی و دوور لە گرژیی و وەکارهێنان بوک داردەست بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، هاوبیرانی بیری کوردایەتی ، شانبەشانی هێزەکانی دیکە کار بکەن و ئەو بۆشاییە گەورە فکریی و سیاسیی و نەتەوەییە پڕ بکەنەوە … هەرچی هەیە دەبێت بەدەستی خۆیان بێت و خۆیان مامانی بن و هەرچۆنیان ویست ، وای هەڵسووڕێنن . ئاخر ئەمانە باوەڕیان بە هاوخوێنی و هاوسەنگەریی و هاوستراتیژی و هاوپەیمانی نییە و لە دووی شێرەبەفرینە و قەرەقۆ و کوری رۆژ و کەڵەکباز و بێعار وێڵن . وەک ئەوەشی کە رێگە نادەن ، خۆشییان ئەوە نیین کە پێویستەهەبن و خۆنمایشت بکەن!.
ئەوەیشی پارتەکانی دیکەی باشوور کاری لەسەر دەکەن ، مخابن کەرتکەرتکردنی ئەو ناسنامە نەتەوەییە ، کە هەوڵی دروستبوونی دەدرێ و لە میانەی پرۆسەیەکی ئاسایی و بێ خەرجیدا ، بۆ خۆی بەرەو دروستبوون دەچێت و چلوورەە دەبەستێ .
گووتاری یەکێتی ، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ناررون و تەمومژاوییە و هەر خەریکی رازیکردنی دەوڵەتانی داگیرکەرن ئۆکەی بە کورد بدەن دەوڵەت دروست بکات !!. سەرەککۆماری عێراق ، د . فوئاد مەعسووم تاکە کەسە لەسەرتاسەری جیهاندا ، دەڵێ : ئێمە رێگە نادەین عێراق دابەش بێت .
گٶرانیش ، کار لەسەر ناسنامەی دەڤەری تاکە شارێکی کوردستان ، سلێمانی دەکات و گەرەکێتی پشت ئەستوور بە دەستووری عێراق !!، هەرێمێکی سەربەخۆ و ناناوەندی لە بەرامبەر هەولێردا بەدەست بهێنێ . لە کاتێکدا لە دەستووری کوردستان دا ، ئاماژە بەوە کراوە،کە رێگە بە دامەوزراندنی چ هەرێمی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا نادرێ .
ئەمانە و هێزە ئیخوانییەکان ، یەکبینە کار بۆ کاڵکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پچڕپچڕکردنی هەستی کوردستانی و شێواندنی گوتاری نەتەوەیی و باوەڕی تاکی کورد بە خۆیی و مەسەلە رەواکەی دەکەن .
هەموو لایەنەکان ، بە خۆیان میدیاکانی سێبەریانەوە و لەشکری رۆشنبیرانی هەلپەرست و بەرژەوەندی خۆیانەوە ، لە هەوڵ و تەقەلای مەحاڵکردنی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدان و هەوڵیش هەیە لە پشت ئەوەوەی ئەم باسە وەک بڤە و تابوویان لێ بێت . لە ئالییەکی دیکەوە بە هەموو شیوە و شیوازێکی ناشرین و رووقایمی و نەیارانە ، دژ بەم چەمک و داخوازییانە دەوەستنەوە و لە بەها و گرنگییان کەم دەکەنەوە سووکایەتی بە باسکردنی دەکەن .. ئەوەتا لەسایەی ئەم کەمپینی و رٶلێ نەرێنی میدیا شڕ و گوماناوییەکاندا ، خەڵکانێکی سەرلێشێواو و گەوج بوو،بە رەفتار و گوفتاری نابەجێ و دوور لە خۆشەویستی نیشتمان و خوێنی گیانبەختکردووان و ئەو هەموو کارەسات و قوربانییانەی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و ملیۆنەها کارەساتگەلی دیکە ، دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ و لەبەر ئەوەی (( معاشەکەی جوان نییە ))…!! یان بە بڕوبیانووی پوچەڵ و نەزۆک و بێ ماناوە ، خۆیان لەم داوا رەوایە دەدزنەوە و پێیان وایە ، هەلومەرجی سەربەخۆیی لەبار نییە و وڵاتانی درواسێمان ، رازی نین .
رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و وەرچەرخان و هەڵکەوتنی گرنگی کوردستان و ئەو دیفاکتۆ خوڵقاوەی بە بۆنەی شەڕی داعشەوە ، سەری هەڵداوە،فاکتەرگەلێگی گەورە و کاریگەرن ، رۆژ بە رۆژ کوردستان بە هەموو رەهەندەکانییەوە تێهەڵکێشی هاوکێشە و نەخشەی ئامادەکراوی پاش سایکس پیکۆ دەبێتەوە. کورد دەبێت بزانێ چۆن لەم گۆڕەپانەدا یاری دەکات . بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەین و براوە بین ، پێویستە وەک یەک تیمی نەتەوەیی بچینە مەیدانەوە.ئاخر تاکە چەکی دەستی کورد هەر یەکێتی و یەکێتی دەبێت .
بە کورتی هەڵمەت و کەمپینی سەربەخۆیی دەکرا و دەکرێ لەچەندین قۆڵ و کەناڵەوە کاری بۆ بکرێ .. نەک وەک ئەوەی خەڵکانێ بە ئومێدی ئەوە بن ، هەر بە پەیمانێکی بلفۆڕئاسا ، بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ، بۆ بخرێتە سەر سینی زێڕین و پێشکەشیان بکرێ …
رووداو و پێشهاتەکان بە پەلە دێنە پێشيوە و دەگۆڕدرێن و گەلێ جار بە چاوترووکانێک ، وەرچەرخانی گەورەی چاوەڕوان نەکراو ، دێتە سەر شانۆی سیاسەت و دەبێت پلانت بۆی هەبیت و رووبەرووی بیتەوە … بە نموونە هاتنە پێشەوەی رووسیا لە پشتیوانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سوریا و پەیمانی چوارقۆڵی رووسیا ، ئێران ، سووریا و عێراق ق کلک و پێوەندەکانیان .
بۆیە ، لەم هەلومەرجە ناسک و گرنگەدا ، لەدەستدانی هەر چرکەساتێ ، بۆ کورد ، مانای کەمتەرخەمییە لە ئاست سەدەیەک کات و روودا و چارەنووسی ملیۆنەها مرۆی کورددا ..
دوای ئەم بە پەلە ، خوێندنەوەی بارودۆخی سەربەخۆیی ، لە دیدی کوردایەتییەوە ، لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان ، تێدەگەین ، لە تاقیکردنەوەی کوردایەتیدا ، پارتە کوردستانییەکان ، گەرچی پرسیارەکانیش سووک و سانا و روون و ئاشکرایە ، کەچی لە ژێڕ سفرەوە دێنن و لە هەنووکەدا چاوەڕوانی دەرچوونیان لێ ناکرێت .
هەڵبەت ئەم راستیتانە ، نابێ شتێکی دیکەشمان لە یاد بەرێتەوە ، ناکۆکی و ناتەبایی و رێکنەکەوتن لەسەر ویستە باڵاکانی نەتەوەکەمان … ئاخر گەر ناتەبا و بێ بەرنامە نەبووینایە ، کەسێکی وەک ئەیاد عەللاوی نەیدەگووت : من وەک پرنیسپ باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە ، لێ کام دەوڵەتی ، دەوڵەتی هەولێر ، سلێمانی یان قامیشلۆ … بێگومان کەسی هۆشیار ، دەزانێ ئەم رستەیە هەڵگری چەند رک و کینە و شۆڤێنیزم و ناحەزایەتییە ، بەڵام بە دیوێکی تریشدا نێزیکە لە راستییەکی تاڵەوە.
بۆ زانیاری زێتر لەسەر کاتالۆنیا ، بڕوانە ئەم بابەتەی بەندە ، لەم لینکەی خوارەوەدا .http://pasok.eu/pdf/Kteberesheke_Hallo.pdf
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر