عەتا قەرەداخی : سلێمانی ـ شارى بێ سەرکردە ، شارى پەراوێزى بڕیار .
پێشتر چەند جارێک لەسەر مێژووى سلێمانی و چۆنێتی درووستبوونی و کەلتوورى سلێمانی و بنیادى کۆمەڵایەتی سلێمانی و ململانێ ناوخۆییەکانی سلێمانی هەر لەسەردەمی شێخ مارف و مەولانا خالیدەوە تائەم دواییانە دواوین . بۆ من شتێکی نامۆ نیە کە قۆناغی درووستبوونی سەرکردەى باڵا لە دواى شێخ مەحمودی حەفیدەوە لە سلێمانی کۆتایی هاتبێت و چاوەڕوانی ئەوەش ناکەم بە ئاسانی کەسی سەرۆک یان کاریزمی لە سلێمانیدا درووست ببێت . سلێمانی لە راستیدا بەو ئەندازەى بەرهەمهێنی جۆرێک لە کەلتوورى شارە ، بەو ئەندازەش تیایدا پەیوەندییەکان بوونەتە پەیوەندى ئاسۆیی و قۆناغی پەیوەندی شاوڵییان بەجێهێشتووە . یان لەبارێکی تردا پەیوەندییەکان لە شێوازى هەرەمیەوە لە ئاستی قوڵدا بەرەو پەیوەندی ئاسۆیی دەڕۆن . ئەگەرچی لە ئاستی بینراودا جۆرێک لە کوێرێتی جەماوەرى یان گەوجاندنی جەماوەرى هەیە کە ئەویش بەهۆى لاوازیى ئاستی هوشیارى کۆمەڵایەتیەوەیەو سەرچاوەکەشی ئیستیغلال کردنی دڵسۆزى و خۆنەویستی خەڵکەکەیەتی لە پێناوى بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەس یان دەستەو گروپ، لەبرى بەرژەوەندى خودی خەڵکەکەى بە پلەى یەکەم و هەموو کورد لە ئاستی دووەمدا .
ئەگەر سەیرى مێژووى سلێمانی دواى دەسەڵاتدارییەکەى شێخ مەحمود بکەین ، لەسەرەتاى سیەکان راپەڕینی جەماوەرى سەرهەڵدەدات ، لە نیوەى دووەمی سیەکاندا کە حیزب لە کوردستان درووست دەبێت ، بەشێکی دامەزرێنەرانی لە نوخبەى رۆشنبیرى سلێمانین ، کە پارتی درووست دەبێت نوخبەى خوێندەوارى سلێمانی بەشداربوون ، لە کۆتایی چلەکان و پەنجاکاندا لە سلێمانی پارتی و حیزبی شیوعی لە برەودابوون و هاوکات لە ململانێشدا بوون . کاژیک وەکو رێکخراوێکی نەتەوەیی خۆى رادەگەیەنێت زیاتر نوخبەیەک لە رۆشنبیرانی سلێمانی لەسەر کردایەتیەکەیدا بوون. لە ململانێی سەرکردایەتی بارزانی و مەکتەبی سیاسیدا دیسان نوخبەیەکی رۆشنبیرى سیاسی و حیزبی لە پشتی ئەو ململانێوە بوون کە دەیانوویست وەکو رۆشنبیر کاربکەن و سەرکردایەتی بە کۆمەڵ پیادەبکەن لەبرى شوێنکەوتنی سەرکردەیەکی کاریزمی وەکو مەلامستەفا ، رەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بووبێـت کە ئەو نوخبە رۆشنبیرە کە زیاتر پەروەردەى کەلتوورى شار بوون ، واتە کەلتوورى سلێمانی ، کە ئەو کەلتوورەش لە مێژبوو زەمینەى بۆ سەرکردایەتی بە کۆمەڵ یان سەرکردایەتی کەسانی ئاسایی رەخساندبوو . لە درووستبوونی کۆمەڵەشدا کە زەمینەى درووستبوون و پەرەسەندنیشی زیاتر سلێمانی بوو ئەویش لە لایەن دەستەیەک رۆشنبیرى سیاسیەوە کە ئینتیماى چینایەتیان بۆرژواى بچووک و بۆرژواى مامناوەندبوو ، دامەزراو گەشەى کرد . لەوکاتەشەوە تاکو ئەمڕۆش لە سلێمانیدا نوخبەیەک لە رۆشنبیرى سیاسی هەبوون و ئێستاش هەن کە لە سەرکردایەتی کۆمەڵەو یەکێتی نیشتیمانی و پارتی و حیزبەکانی تریشدا بەردەوامبوون و ئامادەبوونیان هەبووە . بەڵام هیچ کام لەو نوخبەیە نەبوونەتە سەرکردەى دیارو کاریزمی ئەوتۆ لەسەر شێوەى سەرکردە کلاسیکی یان شێوە کاریزمیەکانی وەکو شێخ مەحمود یان یان مەلا مستەفاى بارزانی، یان مام جەلال و مەسعود بارزانی و قاسملۆ و عەبدوڵا ئوچالان .
لە کەلتوورى شاردا هەرچۆن ئەگەرى ئەوە هەیە زانای فیزیاو کیمیاو بایۆلۆجی و ئابوورى زانی گەورەو نووسەرى داهێنەرو وەرزشەوانی لێهاتوو، مۆسیقارى بەرهەمهێن و رۆشنبیرى رەخنەگرو تەنانەت رۆشنبیرو ئەدیب و هونەرمەندی دەرباریش درووست ببێت ، بەهەمان شێوە ئەگەرى ئەوە هەیە پیاوى بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریى شارەزاو لێهاتوو درووست ببێت ، بەڵام درووستبوونی سەرکردەى کاریزمی لەشاردا ئەستەمە . سلێمانی وەکو شار ئەوەى لە دەستچووە کە جارێکی تر سەرکردەى کاریزمی بەرهەم بهێنێت ، یان باشتر وایە بڵێین ئەو قۆناغەى بەجێهێشتووە . رەنگە لە دواى شێخ مەحمود لە سلێمانیدا دواکەسێک کە توانیبێتی لە رێگاى کەسێتی بەهێزیەوە رووبەرێک لە خەڵک کۆبکاتەوە نەوشیروان مستەفا بووبێت ، کە ئەو کۆکردنەوەش راستە بەشێکی پەیوەندی بە کەسێتی خۆیەوە هەیە ، بەڵام بەشێکی ترى پەیوەندی بەو کەلتوورى دابەشبوونەوە هەیە کە لە نێوان نوخبەى رۆشنبیرى مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرکردایەتی بارزانیدا روویدا . بۆ ماوەیەک ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال رابەرایەتی ئەو نوخبە رۆشنبیرەیان کرد بە دژى دەسەڵاتی کەسێتی کاریزمی مەلا مستەفا . ئەنجامی ئەوەش بەوە شکاوەتەوە کە ئیبرایم ئەحمەد لە قۆناغیکدا وەستاوەو رووناکی مام جەلال کە زیاتر بنەماى کەسێتی کاریزمی هەبووە ، ئەوى شاردووەتەوە . لە قۆناغی گەشەسەندنی یەکێتی نیشتیمانیشدا کە کاریزماى مام جەلال باڵی بەسەردا کێشاوە ، مام جەلالیش رۆڵی هەبووە لە زیاتر دەرخستنی کەسێتی نەوشیروان مستەفادا ، تا لەم قۆناغانەى دوایدا بە تایبەتی دواى ئەوەى مام جەلال تا ئەندازەیەک دەستبەردارى ململانێی بنەماڵەى بارزانی بوو ، نەوشیروان مستەفا وەکو رابەرى ئەو ئاراستەى دژایەتکردنەى بنەماڵەى بارزانی توانی جەماوەرێکی زۆر لە خۆى کۆبکاتەوەو تەنانەت زۆرینەى ئەو یەکێتیانەشی بە خاوبوونەوەى مام جەلال لە ململانێی ماڵی مەلا مستەفا ناڕازیبوون ، بوونە شوێنکەوتووى نەوشیروان مستەفا . ئەوەش وایکرد کە خاسێتی سەرکردەیەکی مام ناوەند بە نەوشیروان مستەفا ببەخشێت . بەڵام هەرگیز ئەمە بەو مانایە نیە کە کەلتوورى سلێمانی یان کەلتوورى شار ئەم کەسێتیەى بەرهەمهێناوەو ئەو جەماوەردارێتیەى پێبەخشیووە، چونکە ئاشکرایە کەلتوورى شار کەلتوورى بەرهەمهێنی سەرکردەى جەماوەرى و کاریزما نیە ، بەڵکو کۆى ئەو پرۆسێسی جەماوەریبوونەى ئەم کەسێتیە لە سلێمانیدا رەگوریشەکەى لەرابردووى ململانێی نێوان ئەو دوو باڵەدایە کە لە 1964 لێکتر جیابوونەوە. هەروەک کۆى کێشەکانی ئێستاى باشوورى کوردستانیش هەر لەو ململانێیەوە سەرچاوە دەگرێت . ئەمەش ئەو خاڵەیە کە پێش زیاتر لە شەش ساڵ ئێمە نووسیمان و گوتمان ئەوەى لە ئەنجامی ئەو ململانێ رەگوریشەدارەوە بەرهەم بێت هەرگیز سرووشتی نابێت ، هەر ئەو کاتە نووسیمان بەهۆى ئیدارەى خراپ و گەندەڵی و مەنسوبیەت و مەحسوبیەتەوە لە هەرێمی کوردستان ئەگەرى درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی لە ئارادا بوو بەڵام درووستبوونی بزووتنەوەى گۆڕان لەو کاتەداو لەسەر پاشخانی ئەو ململانێ کۆن و رەگوریشەدارە ، ئەو ئەگەرەى درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی لە کوردستان لەبار برد . وەکو بە ئاشکراش دەیبینین ئێستا ململانێکانی گۆڕان و پارتی هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆى نیە لە ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوان جەلالی و مەلایی ئەوسا . بەڵێ مێژوو بەشێوەیەکی تراژیدیانەتر خۆى دووبارە دەکاتەوە . رەنگە ئەو پرسیارەش سەرهەڵبدات ئایا دواى نەوشیروان مستەفا کێ دەتوانێت سەرکردایەتی ئەو ململانێیە لەگەڵ ماڵی مەلا مستەفادا درێژە پێدەدات ، دواى ئەوەى کە ئەم توانی دواى ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلال ئەو کارەیە بکات ؟ ئایا کەى کورد لەدەستی ئەو رابردووە ناشیرینە رزگارى دەبێت کە بەردەوام ئێستامان دەکوژێت و مەترسیشە بۆ سەر ئایندەمان ؟ ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو کەلتوورەى سلێمانی کە لە دواى شێخ مەحمود نەیتوانیووە سەرکردەى دیار بەرهەم بهێنێت و ئەوەش وایکردووە بە تایبەتی لەو کاتەى کورد خۆى باشوورى کوردستان بەرێوەدەبات ، سلێمانی لەسەرکردایەتی باشوورى کوردستاندا نەبێت و هەربەو پێیەش لە دەرەوەى چەقی بڕیارى باشوورى کوردستان بێت ، ئەگەرى ئەوەى هەیە جارێکی تر بتوانێت بگاتە چەقی بڕیارى ئەم بەشەى کوردستان ، یان هەربەوجۆرەى ئەم بیست ساڵەى رابردوو بەردەوام لە پەراوێزو لە دەرەوەى چەقی بڕیار دەبێت ؟ ئایا سلێمانی دەتوانێت بەو جۆرە ململانێیەى کە پێشتر مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و دوتر مام جەلال و ئێستاش نەوشیروان مستەفا دەیکات بگاتە چەقی بڕیارى کوردستان و بنەماڵەى بارزانی پاسیڤ بکات ، یان ئەم جۆرە ململانێیە بەردەوام وزەى ئەم شارە بە فێڕۆ دەدات و شتێکی ئەوتۆش بەرهەم ناهێنێت ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەوە تێبگەین ئەم جۆرە ململانێیە ئەنجامێکی ئەرێنی لێناکەوێتـەوەو پێویستە لە دواى رێگاى نوێ بگەڕێین بۆ گواستنەوەى نەک تەنیا سلێمانی بەڵکو هەموو کوردستان بۆ قۆناغێکی ترو دەربازکردنی لەو کێشە ناوخۆییانەى کە نیو سەدەیە بەدەستیەوە دەناڵێنین و بێجگە لە تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکێتی نەتەوەیی هیچی تریان بەرهەم نەهێناوە .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر