ئارام قزلەری : دەستور و سەرۆکایەتی هەرێم .
باشوری کوردستان لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ وە ئارامی سیاسی بەخۆیەوە نەبینیوە و ناشیبینێ ! هەر ماوەیەک و بە هۆی گرژی نێوان دوو پارتە سەرەکیەکەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ، دڵە ڕاوکێ دەکەویتە ناو خەڵکی کوردستان و دوو دڵی دروست دەبێت و هاوڵاتیان ترسی ئەوەیان لێدەنیشێت جارێکی تر ئاگری جەنگی ناوخۆ بگەشێتەوە و دوبارە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی دوبارە ببێتەوە و ڕۆڵەی کورد ببێتە قوربانی دەستی سیاسەتمەدارانی ئەو دوو زل هێزەو کاتێکیش ڕێک دەکەونەوە و لە کۆبونەوەکانی نێوانیاندا قاقا پێدەکەنن و وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە بۆران .
سەیر لەوەدایە ئەم دەسەڵاتدارانەی کورد پێی دەچێت ڕۆڵەی خەڵک بە ڕۆبۆت بزانن و خۆیان لەو ڕاستیانە گـێل بکەن کە جەرگ چەندە شیرینە لە ناو بنەماڵەکەیدا . هەرگیز بەندە خوازیاری ئەوە نیم خوێن لە پەنجەی هیچ مناڵیکی کورد بێت و کوڕی بنەماڵەیەک ببێتە قوربانی و کۆستێکی گەورە بەجێ بهێڵیت لە دوای خۆی بۆ هەتاهەتایە ئەو برینە ساڕێژ نەبێت لەناو بنەماڵەکەیدا .
بەڵام زۆرێک لە بەرپرسان ، کوڕو کەسی نزیکی خۆیان لەدەست نەداوەو لە نزیکەوە هەست بەو ئازارو برینە قوڵە ناکەن کە تا هەتایە لە بیر ناچێتەوە ، وا دەزانن بەقسەی زل وبریقەدار و ناوی سەروەری و نازناوی شەهید کۆتا بەخەمی کەسوکاری قوربانیدەرەکە دێت و بەو قسانەی ئەوان دەیکەن لە ڕاگەیاندنەکانەوە سەبوریان دێت ، بۆیە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن هەر ڕۆڵەیەکی ئەم میللەتە کە دەبێتە قوربانی و گیانی پیرۆزی دەبەخشێت ، بە تایبەتی لە شەڕی ناوخۆدا ، ئۆباڵی لەگەردنی ئەواندایە بێ جیاوای هیچ پارت و لایەنێک .
سەبارەت بەم کێشمە کێشەی ئێستا سەبارەت بە پرسی دەستورو هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم ، پەندێکی کوردی هەیە ئەویش ئەوەیە دەڵێت ( چۆن فێرت کردوم دەبێت ئاواش تێرم بکەیت) واتە یەکێتی خۆی پارتی فێر کردوەو دەشبیت هەر خۆشیان یان تێریان بکەن یان چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەمبارو دۆخە بدۆزنەوە کە لەبەرژەوەندی گەلی کوردا بێت ، ئەو ناکۆکیانەی چەندین ساڵە لەنیوان یەکیتی و پارتیدا بونی هەیە ، بە هۆی نەرمی ونیانی یەکێتی یەوە سەری هەڵداوە بە پاساوی ئەوەی کێشەو گرفت دروست نەبێت و هەرێمی کوردستان خەتەری دەرەکی و تیرۆرستانی لەسەرە و چەندین پاساوی تر وای کردوە پارتی بە ئارەزوی خۆی پێ لەسەر داواکاریەکانی دابگرێ و بۆشی چوەتە سەر ، بەڵام بە بێ ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی درک بەوە بکەن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەیمەنتی یەکێتی و قورسایی یەکێتیەکان کەم دەبێتەوە لەبەرامبەر پارتیداو تەنانەت لە ناو خودی سەرکردەکان و کادرەکانیشدا ناکۆکی لێدروست بووەو گومانەکان بەرەو ئەوە دەڕوات کە پارتی دزەی کردبێتە ناو ڕیزەکانی یەکێتیەوە و تەنانەت زۆر جار دەنگۆی ئەوەش دەبیسترێت کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتیش بۆ بەرژەوەندی پارتی کار دەکەن .
بەپێی ڕێكەوتنی دەباشانی نێوان بەڕێزان مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفا ، كە دواتر بەڕێككەوتننامەی دەباشان ناسێنرا ، باس لەوە دەکرا کە هەردولا هاوڕا بون لەسەر ئەوەی دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان و سیستەمی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان لەسەرۆكایەتییەوە بكرێتە پەرلەمانی .
بەهۆی نەخۆشکەوتنی بەڕێز تاڵەبانیەوە ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە کە چەندی خاڵی تری گرنگی تیادا بوو .خالەکان نەچونە بواری جێبەجێ کردنەوە ، کە پرسی دەستورو هەڵپژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم یەکێک بوە لە خاڵە گرنگەکانی ئەو دانیشتنەی نێوانیان .
ئەوەی جێگەی سەرنجە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان زۆر شەرمنانە مامەڵە لەگەڵ پرسی دەستورو هەڵبژاردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن ، بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاو بۆچونەکانی سەرکردەکانی هەر ڕۆژەو بە جۆرێکە ،
سەیر لەوەدایە پێی ناچیت هیچ لایەنێکی سیاسی هێندە بوێر بێت و زۆر بە ڕاشکاوانە بڵێ دەبێت دەستور بگەرێتەوە بەرلەمان سیستەمی حکومرانی لە سەرۆکایەتیەوە بکرێتە پەرلەمانی و با دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مەلەکیەت کۆتای پێ بێت لە کوردستاندا ، ئەوەندەی من درکی پێدەکەم لەوە ناچێت چگە لە بەڕێز مەسعود بەرزانی بەولاوە یان هەرکەسێکی تری بنەماڵەی بارزانی کەسی تر هەبێت زاتی ئەوە بکات و توانای ئەوەی هەبێت وەک سەرۆکی هەرێم خۆی کاندیت بکات و هێزێکی بەهێزی لە پشتەوە بێت تا پارێزگاری لە کەسایەتی و دەسەڵاتەکەی بکات .
یەكێتی ساڵی 2013 بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی بەپرۆژە یاسایەك لەرێگەی پەرلەمانەوە دوو ساڵی بۆ ویلایەتی مەسعود بارزانی درێژكردەوە ، كە ئەمە رەخنەیەكی زۆری لەو حیزبە لێكەوتەوە ، دواتر بەرپرسانی یەكێتی رایانگەیاند لەپێناوی گەڕانەوەی دەستوورو هەمواركردنەوەی ئەو كارەیان كردووە بۆ ئەوەی دڵی جەماوەرەکەیان و کادرەکانیان لێ نەڕەنجێت ، بەلام ئەم جۆرە یاریکردنە بە ئەقڵی کادرو لایەنگرانی یەکێتی تاسەر ئاوا ناڕوات و سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی ئەو حیزبە نابێت یاری بە چارەنوسی داهاتوی یەکێتیەوە بکەن و خوێنی هەزران شەهیدی قارەمان بەفیڕۆ بدەن بەهۆی سیاسەتە هەلەکانیانەوە .
ئەوەتا هەموو لایەک دەبینن کە چۆن مقۆمقۆ کەوتۆتە ناو کادرو ئەندامانی یەکێتیەوە بە تایبەت لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند نوسراوێکو گلەیی گازندە لەو بارەیەوە بڵاوكراونەتەوە و ناڕەزاییەکی زۆر دروست بووە و باس لەوە دە کرێت ، كە بەرپرسانی حیزبەكەیان تەنانەت نەیانتوانیوە لەكۆبوونەوەكەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی ئەو هەڵوێستەی دووساڵ لەمەوپێشیان رابگەیەنن و هەڵوێستێکی ڕون و ئاشکرایان هەبێت و دور لە موجامەلە و ڕاگرتنی دڵی لایەنی بەرامبە ر زۆر بە ڕاشکاوانە پێیان ڕابگەیەنن کە چیتر ڕازی نین و دەبێت دەستور بگەڕێتەوە پەرلەمان و سیستەمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا لە سەرۆکایەتیەوە ببێتە پەرلەمانی .