دکتۆر فایق گۆلپی : بێکاریگەرکردنی وەزارەتی پێشمەرگە ، پاشەکشەی ستراتیجی هەڕێمی کوردستانە
وەزارەتی بەرگری لە هەر ولاتێکدا ( وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ) گرنگی خۆی هەیە ووەزارەتێکی پلە یەکە،لە کاتی شەر و هیڕشی دوژمندا بۆ سەر ولات،وەزارەتی بەرگری نەک هەر وەک گرنگترین وەزارەت دەمێنێتەوە،بەلکو دەبێت زۆربەی وەزارەتەکانی تری حکومەت بکەونە خزمەتی ئەو وەزارەتەوە و بریارەکانی جێبەجێبکەن.بەلام ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەیبینین بە پێجەوانەوەیە،لەو کاتەوە داعش هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان،ناوی وەزارەتی پیشمەرگە و وەزیری پێشمەرگە لە قوتوی عەتاردا نەماوە .
پێش پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم،وەزارەتی پیشمەرگە بە دەستی (ی ن ک) و (پ د ک) وە بو،وەزیری پیشمەرگە سەر بە یەکێتی بو،جێگرەکەی پارتی بو،ئەو کات وەزیر و جێگرەکەی وەک یەک بەرپرس و بریاردەری وەزارەتی پیشمەرگە بون، ئەو کات بەرپرسە حزبیەکانی یەکێتی و پارتی هێندە دەستاین نەدەخستە ناو کار و باری وەزارەتی پێشمەرگە و وەزیر و وەزارەت ناوێکیان هەبو .
دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆران لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمدا بەشداری کرد، پۆستی وەزارەتی پیشمەرگەی وەرگرت و وەزیرێکی بۆ دانا کە لە چاو وەزیرەکانی تری حکومەتدا بۆ کارەکە شیاوتر بو،چاودێرانی سیاسی وایبۆدەچون بە بێ گٶڕینی سیستەمی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستاندا، بزوتنەوەی گٶران لە حکومەتی زۆرینەی پارتی و یەکێتیدا لەو وەزارەتە و لە وەزارەتەکانی تریشدا ناتوانێت چاکسازی بکات،بزوتنەوەی گۆرانیش دەیوت بە زوترین کات وەزارەتی پیشمەرگە رێکدەخەمەوە و هێزە حزبیەکانی پارتی و یەکێتیس دەکەمە هیزی نیشتمانی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم کاریگەرترین وەزەرەتی حکومەتی هەرێم .
بەلام ئەوەی پاش ٦ مانگ لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیبینین، وا دەرنەچو کە بزوتنەوەی گۆران بەرنامەی بۆ دانابو، پۆستەکانی وەزارەتی پیشمەرگە بە شیوەیەک دابەشکرا، وەزیری پێشمەرگە کاریگەری لەسەر بەرێوەبردنی وەزارەت نەمێنێت ،سەرۆکی هەرێم فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە و راستەخۆ سەرپەرشتی بەرەکانی شەر دەکات و راستەخۆ بەرپرسی بەرەی شەر دیاری دەکات،وەزیری پێشوی پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی بو، کرا بە راوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە،جێگری وەزیری پیشمەرگەی پێشو کە سەر بە پارتی بو،کرا بە جێگری وەزیر لە وەزارەتە نوێکەدا،وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی کۆن کە سەر بە یەکێتی بو لە وەزارەتە نوێکەدا لە شوێنی خۆی مایەوە .
ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پارتی و یەکیتین،پیشتر لەو وەزارەتەدا بون و وردو درشتی وەزارەت شارەزان و دەزانن چۆن رێگە لە پرۆژەکەی گۆران بگرن بۆ یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزانن چۆن وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر و زۆرتر حزباوی بکەن .
پاش تێپەر بونی شەش مانگ بەسەر کابینەی هەشتدا،وەزارەتی پێشمەرگە نەک هەر نەیتوانی هێزە حزبیەکانی یەکیتی و پارتی بکاتە هێزی نیشتمانی و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکیان بخات،ئەو هێزەی پێشمەرگە کە پیش کابینەی هەشت لە وەزارەتی پیشمەرگەدا وەک هێزی نیشتمانی رێکخرابو،ئەوەش گەرایەوە بۆ باوەشی حزب،لەگەل دەستپێکردنی هێڕشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، ئەو راستیە ئاشکرا بو کە دەزگایەکی وەک وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بە ناو هەیەو بە پراکتیکی بونی نیە. لە شەرەکانی داعشدا ئاشکرا بو کەهیزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی حزبیە و بەرەکانی شەر و چالاکیە سەربازیەکان لە لایەن مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بەرێوەدەبرێت ، لە هەموی خراپتر ئەو دیاردەیەیە کە هەمومان دەبینین چۆن لە کاتی شەردا کەنالەکانی راگەیاندنی هەرد و حزب( پارتی و یەکێتی) دەبنە وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و پرۆپاگەندە بۆ حزب دەکەن و پاراستنی نهێنی سەربازی و بەرنامەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە لای ئەوان نرخێکی نیە .
کاتێک جەلەولا و سەعدیە ئازاد کران،بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی شەڕی هێزی پێشمەرگە و داعشیان کردە شەری یەکێتی و داعش و بۆ دەستکەوتی حزبی بەکاریان هێنا.کاتێک زوممار و سوننە و شەنگال ئازاد دەکرێن،بەرپرسە بالاکانی پارتی ئەو شەرەی هێزی پێشمەرگەیان کردە شەری پارتی و داعش و بۆ دەستکەوتی حزبی بە کاری دەهێنن .
پارتی و یەکیتی نایانەوێت گەلی کورد لە باشوری کوردستان ببێتە خاوەنی دامو دەزگای یاسایی و دامەزراوەیی،دەیانەوێت حزبایەتی بالبکێشێت بەسەر هەمو ژیانی خەلکی کوردستاندا،ئەگەر پارتی و یەکێتی وگۆڕان ویستی پێکهێنانی هێزی یەکگرتوی وەزارەتی پێشمەرگەیان هەبوایە،دەبو هەر زو پرۆژە یاسای یەکخستنەوەی هێزی پیشمەرگەیان بناردایە بۆ پەرلەمانی کوردستان، وە دەبو لە دوای هیرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێم بە پەلە پرۆژە یاسای تەجنیدی ئیجباری گەنجانی کوردستاناین بناردایە بۆ پەرلەمان، بۆ ئەوەی گەنجانی هەرێمی کوردستان وەک سەربازی نیشتمان،دور لە ئینتمای حزبی، ببونایە بە سەربازی نوێی وەزارەتی پیشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەیان لە سیاسەتی حزبایەتی و لە ململانێی حزبی رزگار بکردایە .
یەکنەخستنەوەی هیزی پیشمەرگەی پارتی و یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، دابەشکردنی هێزی پێشمەرگەی ئەو دو حزبە لە جاران زیاتر لە ناو خۆیاندا، بێکاریگەر کردنی وەزارەتی پیشمەرگە وەک ئەوەی دەیبینین،بە هەر هۆیەکەوە بێت و بۆ هەر ئامانجێک بێت، گەورەوترین زیانی ستراتیجی سەربازی بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و پاشەکشێیەکی ستراتیجیە کە دەسەلاتدارانی هەرێم هەر هەمویان بە پارتی و یەکێتی گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە لێی بەرپرسیارن و لە ئایندەیەکی نزیکدا باجەکەی دەدەین .