نەوزادی موهەندیس : ئابوری عێراق و كوردستان هەنگاو بەرەو مایەپووچ بوون .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
دەوڵەتی عێراق ، وەك وڵاتێكی دەوڵەمەند بە سەرچاوەكانی وزە لە نەوتی خاو كە لە ئێستادا بڕی یەدەگی نەوتی خاوی عێراق بریتیە لە 160 ملیار بەرمیلی دڵنیایی و نزیكەی 360 ملیار بەرمیلی خەمڵێنراو و بەمەش سێیەم وڵاتی یەدەگی نەوتە لەدوای سعودیە و ئێرانەوە و غازی سروشتی كە یەدەگی عێراق بریتیە لە 112 تریلیۆن مەتر سێجا و بەمەش عێراق دەیەمین وڵاتی دونیایە . كە دوو سەرچاوەی گرنگی وزەن و بوشنەتە تاكە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتی عێراقی بەڕێژەی 95%و جگە لە نەوت و غازی سروشتی عێراق سەرچاوەیەكی بەردەوام و دەوڵەمەندی تری نیە بۆ داهات وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و توانای مرۆیی و و… هتد . هەربۆیە داهاتی عێراق بە كوردستانیشەوە پشتیان بەستۆتە سەر داهاتی نەوت ، كە ئەم داهاتەش لە ئێستادا و بۆماوەی نزیكەی دوو ساڵ دەبێت لە مانگی 6/2014وە نرخی 1 بەرمیل نەوت لە 115 دۆلارەوە دابەزیوەتە سەر كەمتر لە 50 دۆلاری ئەمریكی ، كە ئەم بەردەوام دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهاندا بۆتە مایەی زیانگەیاندنی گەورە بەسەرجەم وڵاتانی لەلایەك خاوەن و بەرهەمهێنی نەوت و لەلایەكی تریشەوە بە وڵاتانی بەكاربەری نەوت ، و سەرجەم گەشە و پێشكەوتنەكانی دونیاشی خاوكردۆتەوە و قەیرانێكی دارایی گەورەو مەترسیدار بەرۆكی جیهانی گرتۆتەوە ، بەڵام ئەو وڵاتانەی كە بەپلەی یەكەم پشت دەبەستنە سەر داهاتی نەوت ئەوا زیانی گەورەیان بەردەكەوێت ،ئەگەر بۆ مەودای كورتیش نەبێت ئەوا بەدڵنیایی لە مەودای دووردا زیانی گەورە بە یەدەگی نەختینەی پارەی گرانبەها لە بانكە ناوەندیەكانیاندا و ژێرخانی ئابورییان دەگات.
* بۆیە دابەزینی نرخی نەوت بەم شێوەیە و بەردەوام بوونی ئەوا زیانی گەورە بە عێراق و كوردستانیش دەگەیەنێت . و لە ئێستاشدا سەرەتا مەترسیدارەكانی دەركەوتوە ، ئەوەتا تەنها داهاتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات و ناتوانرێت هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزرای و وەبەرهێنان جێبەجێبكرێت و بەتەنها لە كوردستاندا نزیكەی 6هەزار پڕۆژە لەكار وەستاون ، خۆ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا بەدڵنیایی دەوڵەت ناتوانێت سەرەتایترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاوڵاتیان بكات و سەرجەم كەرتەكانی تەندروستی و خوێندنی باڵا و پەروەردە و ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاو بان و كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و … هتد . بۆ دواوە دەگەڕێنەوە و كۆمەڵگایەكی نەخۆش و نەخوێندەوار و دواكەوتووش بەرهەم دێت .
هەموو ئەمانەش بەداخەوە بۆ بێ پلانی زانستی و ئیدارەیەكی سەرنەكوتوو و قوڵبونەوەی گەندەڵی دەگەڕێتەوە لەهەموو جومگەكانی دەوڵەتی عێراق و كوردستانیشدا . ئەوەتا تەنها لەكەرتی نەوتدا بڕی 5ر14 ملیار دۆلاری ئەمریكی لەنێوان ساڵانی 2011-2014 زیان بەر عێراق كەوتوە . و لەكەرتی كارەباشدا بڕی 40 ملیار دۆلاری ئەمریكی زیان بەعێراق كەوتوە و بڕی 360 ملیار دۆلاری ئەمریكیش زیان بەعێراق كەوتوە لە ئەنجامی گەندەڵی و كاری شۆردنەوەی دراوی یاساغكراولەنێوان ساڵانی 2006 تا 2014.
* ئەوەتا عێراق بە كوردستانیشەوە ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانانی عێراقی لە 25/8/2015دا بریتیە لە 36 ملیۆن كەس كە ڕێژە 51% نێر و 49% مێیە ، سەرۆك وەزیران عێراق دکتۆر حەیدەر عەبادی لە 10/9/2015دا ڕایگەیاندا كە ژمارەی فەرمانبەرانیش بریتیە لە زیاد لە 4 ملیۆن فەرمانبەر كە دەكاتە ڕێژەی 20% دەستی كار ، لەلایەكی تریشەوە دکتۆر ئەحمەد چەلەبی ئەندام پەڕلەمانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمان ڕایگەیاندوە كە لە ساڵی 2015دا دەبێت عێراق ڕۆژانە بڕی دوو ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت بە نرخی 45 دۆلاری ئەمریكی ئەو كات دەتوانێت كە موچەی فەرمانبەران دابین بكات كە ساڵانە دەگاتە 51 تریلیۆن دیناری عێراقی و مانگانەش 25ر4 تریلیۆن دینار دەكات .
لەكاتێكدا كۆی نرخی نەوتی فرۆشراو بریتیە لە 59 تریلیۆن دینار و كاتێك پارەی تێچوونی دەرهێنانی نەوت بریتیە لە 14 تریلیۆن دینار ئەوا پارەی ماوەی نەوتی فرۆشراو بریتی دەبێت تەنها لە 45 تریلیۆن دینار ، كەواتە مانگانە عێراق بڕی 5 تریلیۆن دینار دەچێتە ژێر قەرزەوە ئەمە لەكاتێكدا قەرزی كەڵەكەبووی سەر عێراق بریتیە لە 40 تریلیۆن دینار .
عێراق لەكاتی بەرزی نرخی 1 بەرمیل نەوتدا توانی تا كۆتایی ساڵی 2013 بڕی 3ر76 ملیار دۆلار پاشكەوت بكات ، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە كۆتایی ساڵی 2014 بڕەكە دابەزی بۆ 66 ملیار دۆلاری ئەمریكی وەكو یەدەگی نەختینە لە بانكی ناوەندیدا پاشەكەوت بكات كە ئەم بڕە پارەیە بۆ ناو وناوبانگی دارایی عێراق لەسەر ئاستی دونیادا پاڵپشتێكی دارایی گەورەبوو . بەڵام بەردەوام بوونی دابەزینی نرخی نەوت بۆ 40 دۆلاری ئەمریكی ، ئەوا بەدڵنیایی ئەم بڕەش بەرەو كەمبونەوەی زیاتر دەچێت و بەمەش عێراق وەكو دەوڵەت بەرەو مایەپووچ چوونی دارایی دەچێت ، ئەگەر بزانین كە بڕی كورتهێنانی بودجەی ساڵی 2015 بریتیە لە 25 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2016دا بریتی دەبێت لە 23 تریلیۆن دینار كە سەرجەمی بودجەی 2016 خەمڵێنراوە بە 106 تریلیۆن دیناری عێراقی. جا بۆ هاوسەنگكردنەوەی ئابوری عێراق و كەمكردنەوەی زیانەكان پێویستە نرخی 1 بەرمیل نەوت ببێتەوە بە 81 دۆلار . كە هەموو پێشبینیەكانیش بۆ ئەوە دەچن تاكۆتایی ساڵی 2016 نرخی نەوت ناگاتەوە 70 دۆلاریش . بەمەش عێراق مانگانەوزە و ساڵانە زیانی گەورەی پێدەگات و ئابوریەكەشی بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت .
ئەوەتا وڵاتێكی گەورە و یەكەم بەرهەمهێنی نەوت لە ڕێكخراوی ئۆپێك و دونیادا كە شانشینی سعودیەیە یەدەگی نەختینەی وەك باسیلێوەدەكرێت تەنها بەشی 5 ساڵ دەكات لەكاتێكدا كە نرخی 1 بەرمیل نەوت بریتیی بێت لە 50 دۆلار . كە بڕی یەدەگی نەختینەكەی بریتیە لە 7ر746 ملیار دۆلاری ئەمریكی و دەوڵەمەنترین یەدەگە ، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئابوری سعودیە پێویستە نرخی 1 بەرمیل نەوت یەكسان بێت بە 106 دۆلار .. بۆیە وڵاتە بەرهەمهێنە نەوتیەكانیش بەزیادەوە زیانیان پێدەگات لەبەرامبەر وڵاتانی بێ نەوتدا.
عێراق بەكوردستانیشەوە كە لە ئێستادا ناشتوانن موچەی مانگانەی فەرمانبەران بدەن لەكاتی خۆیدا ، گەر ئەم دابەزینی نرخی نەوتە بەردەوام بێت ئەوا دەبێت عێراق و هەرێمی كوردستانیش چاو بە خەرجی و داهاتەكانیاندا بخشێننەوە و پەنا ببەنە بەر كۆمەڵێگ ڕێوشوێنی چاكسازی بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی سەرچاوە و بڕی داهاتەكانیان . گەر نا ئەوا عێراق بەكوردستانیشەوە هەنگاو دەنێت بەرەو داڕمانی ئابوری و مایەپووچ بوونی دارایش .
* ئاشكرایە عێراق و كوردستان دووچاری كۆمەڵێك كێشە و بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و سەربازی بونەتەوە بەتایبەتیش ماوەی 2 ساڵە لە جەنگێكی تاقەتپڕوكێندان دژی چەتەكان و تیرۆریستانی داعش كە بۆتە بارگرانیەكی گەورە لەئەستۆی دەوڵەتدا و خەرجیەكی مانگانەی گەورەی گەرەكە كە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار دەبێت ، لەپاڵ ئەمانەشدا داتەپینی ژێر خانی ئابوری و كێشەی ئاوارەكان كە 527000 خێزان و نزیكەی 5ر2 ملیۆن و كەس دەبن لەهەموو عێراقداو پشێوی باری ئەمنی وگەندەڵیش لەسەروو هەمویانەوە بونەتە مووخۆركەی لاشە و توانای ئابوری دەوڵەتی عێراق و هەرێمیش . كە گەر بەجدی و بە پلانێكی عاقڵانە و زانستیانە و نیەتێكی ڕاستگۆیانەو ورەیەكی پۆڵایینەوە ڕووبەڕوویان نەبنەوە ئەوا كارەساتی جەرگبڕتریشی لێدەكەوێتەوە و ئەوەی خەونمان پێوە دەبینی لە خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندبوون ئەوا هەموو دەبنە بڵقی سەرئاو و بەدەیان ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێینەوە .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی