Nechirvan-Yusf

ئەو بابەتە گرنگەی لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکرایەوە ، کە وەک خۆی گرنگی پێنەدرا .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وتارێکی ئەکادیمیانەی گرنگ لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکرایەوە ، لەو وتارەدا شیکاریی بۆ بەشێکی ناکۆکییەکانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دەکات . باس لەوە دەکات کە هۆکاریی کێشەکان و سووربوونی پارتی و بارزانی لەسەر ڕکبەرایەتی شەخسیی ، لەگەڵ دکتۆر یوسف ـدا . ئەم بابەتە چەند نهێنییەکی سەرمێزیی گفتوگۆی بارزانی و دکتۆر یوسف تێدایە ، دەکرێت بووترێت ، ئەمە سەرەتای لێکترازانی نێوان گۆڕان و پارتییە .

ئەمەی خوارەوە تەواوی وتارەکەی ڕۆژنامەی ئاوێنەیە .

پارتی رك‌و كینی ئاشكراو شاراوەی خۆی بەسەر ” دکتۆر یوسف محەمەد ” دا دەڕژێت ، مەسعود بارزانی لەپەیامەكانیداو نێچیرڤان بارزانیش لەوتارە تەلەفزیۆنەكانیدا ، وەك ” سەرپێچیكار ” لەسەرۆكی پەرلەمان دەڕوانن . پارتی لە ” دکتۆر یوسف محەمەد ” خۆش نابێت ، لەبەرئەوەی سوربو لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەی 23ی حوزەیران .
ئەمڕۆ زیاتر لەشەش مانگ بەسەر ئەو سەرلەبەیانییەی بەهاری رابردودا تێدەپەڕێت ، كە وەفدێكی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەهەولێرەوە بەرەو مەسیف بەڕێككەوتن تا لەگەڵا بارزانی كۆببنەوە . ئەو رۆژانەش سەڕەرای سەرقاڵی زۆربەی خەڵكی كوردستان بەقەیرانی دارایی‌و بێ موچەیی‌و شەڕی داعشەوە ، بەڵام هێشتا مەسەلەی كۆتایهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی لەریزی پێشەوەی بایەخی هێزە سیاسیەكانی هەرێمدا بو .
كاتێك وەفدی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵا بارزانی دادەنیشن ، دکتۆر یوسف رودەكاتە بارزانی‌و پێیدەڵێت ” كاك مەسعود با ئێمە نەریتێك بێنینە ئاراوە كە ئەویش دەستاودەست كردنی دەسەڵاتە ، چونكە ئێمە هەمومان دەڕۆین‌و بەجێیدەهێڵین پێویستە بەم نەریتە كار بۆ نەوەكانی داهاتومان ئاسانتر بكەین “.
بارزانی كە لەكرۆكی پەیامەكە تێدەگات ، بەبێ‌ ئەوەی‌ هەڵوێستی‌ خۆی‌ لەو بارەوە یەكلایی‌ بكاتەوە كە جارێكیتر خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم كاندید دەكاتەوە یاخود نا ، دەڵێت : یاسا چی دانا من پابەند دەبم پێوەی .
دەشڵێت : من هەندێك ئیعتباراتی حیزبی‌و كۆمەڵایەتی‌و تەوازونات هەیە دەبێت بیپارێزم ” .
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ ئاوێنە ، پارتی لەمانگی نیسانەوە تا مانگی حوزەیران خوازیاری ئەوە بو لەڕێگەی یاساییەوە كارئاسانی ئەوە بكرێت كە بارزانی جارێكیتر دەرفەتی بونەوە بەسەرۆكی هەرێمی بۆ بڕەخسێت ، بەڵام لەناوەڕاستی حوزەیرانەوە دەركەوت سەرۆكی پەرلەمان ئەم خواستەی ئەوان ناهێنێتەدی .
كات لەبەرژەوەندی پارتی نەبو ، رۆژ بەڕۆژ وادەی كۆتایهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بارزانی نزیك‌و نزیكتر دەبۆوە ، بارزانی‌ نیگەرانی‌‌و توڕەیی‌ خۆی‌ بەرامبەر بەوە نەدەشاردەوە كە فراكسیۆنەكانی‌ یەكێتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌‌و یەكگرتو لەپەرلەمانی‌ كوردستان‌و لەبەغداش بەبێ‌ پارتی‌ خەریكی بەیاننامە دەركردنن‌و بەیاننامەكانیشیان ناكۆكە لەگەڵ‌ بەرژەوەندی‌‌و هەڵوێستی‌ پارتیدا ، بەتایبەتی‌ كە سەبارەت بەپرسی هەمواركردنەوەی دەستور كۆدەنگییەكیان لەنێواندا دروستببو، لەدیدی پارتی‌و بارزانیەوە ئەم یەكڕیزی‌‌و هاوهەڵوێستیەی‌ یەكێتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌‌و یەكگرتو بەجۆرێك لە” گەلەكۆمەكی‌و كودەتا ” لێكدەدرایەوە كە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە سەركردایەتی دەكرێت .
سەرچاوە ئاگادارەكە پێیوایە ئەم روانینەی پارتی بۆ ئەم هاوهەوڵوێستییە كاتێك گەیشتە ” خاڵی مەترسی” ، كە زانینیان دکتۆر یوسف لەوە سركترە لەلایەن پارتییەوە دەستەمۆ بكرێت‌و بچێتە ژێر باری درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیەوە ، بەمەرجێك باسكردنی‌ كۆتایهاتنی‌ ماوەی‌ سەرۆكایەتی‌ بارزانی ‌، ئەوسا‌و ئێستاش لەناو بەشێكی‌ زۆری‌ پارتیدا وەك ” هێڵی‌ سور” لێیدەڕوانرێت .
لەحوزەیراندا ، ئەم قۆڵبادانەی نێوان پارتی‌و چوار لایەنەكە گەیشتە ترۆپك . كاتێك لە22ی حوزەیراندا ، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەئیمزای دکتۆر یوسف محەمەدو فەخرەدین قادر بڕیار درا هەر سێ‌ پڕۆژە یاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم ” گۆڕان‌و یەكێتی‌و ئیسلامیەكان ” بخرێتە خشتەی كاری كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانەوە ( واتە 23ی حوزەیران ) ، بەبێ‌ ئەوەی جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیمزای خۆی بخاتە سەر ئەو پڕۆژەیاسایە .
سەرچاوەكە جەغت لەوە دەكات كە بەدرێژایی ئەو رۆژەو تا بەرەبەیانی 23ی حوزەیران ، پەیتا پەیتا زیاد لەبەرپرسێكی پارتی‌و لایەنەكانی تریش لەسەر خەت دەبن بۆ ئەوەی كۆبونەوەكەی 23ی حوزەیران دوابخرێت ، بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی‌و فوئاد حسێن‌و فازڵا میرانی‌و چەندین ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ، چەند ئەملاو ئەولا دەكەن لەگەڵا دکتۆر یوسف دا ، هەر لەخەڵك ناردنەوە بۆ ماڵ‌و ئۆفیسەكەی تا دەگات بەپێشنیاری پارە پێبەخشین‌و هەڕەشەو چاو سوركردنەوە بۆ ئەوەی ئەو كۆبونەوەیە نەكرێت ، بەڵام هەوڵەكانیان بێسود دەبێت . سەڕەرای هەمو ئەوانەش سەرۆكی پەرلەمان پێیان ده‌ڵێت : ” نا ” ، سور دەبێت لەسەر ئەوەی لە23ی حوزەیراندا كۆبونەوە ئەنجام بدرێت .
تەنانەت بەپێی سەرچاوەكە ، كار دەگاتە ئەوەی بەشێك لەبەرپرسانی پایەبەرزی پارتی پەنا ببەنە بەر زمانی هەڕەشە‌و بە دکتۆر یوسف دەڵێن ” ئەمە بكەیت ، خوێنی خۆت لەسەر خۆت “.
سەرەنجام 23ی حوزەیران ، بەپێچەوانەی خواستی پارتی یەكەم خوێندنەوە بۆ پرۆژەكانی هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ، لەپەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی دکتۆر یوسف محەمەد دەكرێت .
ئەم كۆبونەوەیە بەلای پارتییەوە هێندە هەژێنەر دەبێت كە هەفتەیەك ناخایەنێت ، مەسعود بارزانی راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو دەڵێت : ئەوەی رۆژی 23/6/2015 لەپەرلەمان رویدا، مەترسییە لەسەر بنەماو برەنسیپی تەوافوق‌و سازان “.
سەرچاوەكە ئەوەی رونكردەوە كە ” ئیتر لەم ساتەوەختەوە لای پارتی ، دکتۆر یوسف گوناهێكی ئەوەندە گەورەی كردوە كە لێخۆشبونی نییە “.
دوای یەكەم كۆبونەوەی پێنج قۆڵییش ئەوەی هێندەی تر قینی پارتی بەرامبەر بە دکتۆر یوسف ئەستور كرد ، سەرباری بڕیاری پێنج لایەنەكە لەسەر دواخستنی كۆبونەوەكەی 19ی ئاب بۆ خوێندنەوەی پرۆژەیاساكانی هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم، دکتۆر یوسف دیسان سور بوو لەسەر ئەنجامدانی ، هەرچەندە بەهۆی كشانەوەی چەند پەرلەمانتارێكەوە رێژەی یاسایشی تەواو نەكرد .
پەرلەمانتاری سەر بەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ، سۆران عومەر ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو رۆژە (19ی ئاب) ، پاراستنی پارتی هێزێكی گەورەی لەناو پەرلەمان‌و چواردەوری پەرلەماندا جێگیر كرد بو ، بەو نیازەی كە كۆبونەوەكەی پەرلەمان رێژەی یاسایی تەواو بكات ، بەناوی خۆپیشاندان‌و خۆپیشاندەرانەوە هەڵكوتنە سەر هۆڵی پەرلەمان‌و یەكێك لەوانەی پێیانوتبون دەستی لێمەپارێزن ، دکتۆر یوسف محەمەد ـ ی سەرۆكی پەرلەمان بووە .
هەروەها بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكە ” لەڕوی یاساییەوە دکتۆر یوسف وەك بەرهەڵستكاری بونەوەی بارزانی بەسەرۆكی هەرێم بەرجەستە بو “.
پێش خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی كوردستانیش ، پارتی لەبیانو بو بۆ ئەوەی گۆڕان ناچار بكات ئەو لەو پۆستە دور بخاتەوە ، خۆپیشاندانەكان ئەو بیانوەی بۆ پارتی رەخساند كە لەڕۆژی 12/10دا لەپردێ‌ رێگە لەچونی دکتۆر یوسف بۆ هەولێر بگرن‌و بەڕاشكاوی بڵێن : دکتۆر یوسف چیتر سەرۆكی پەرلەمان نییە ” ‌و لەڕاگەیاندنەكانیشیاندا بە ” سەرۆكی پێشوی پەرلەمان ” ی ناوببەن .
سەرباری ئەوەی راگەیاندنەكانی پارتیش باس لەوە دەكەن كە ” گۆڕان بەمەرج ئامادەیە دکتۆر یوسف لەسەرۆكی پەرلەمان لابدات ، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكە بەئاوێنەی راگەیاند كە ” بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە دکتۆر یوسف لەو پۆستە لابدات ، تەنانەت هەفتەی رابردو ، نەوشیروان مستەفا لە لەندەنەوە پەیوەندی بەدکتۆر یوسف محەمەدەوە كردوەو ئەم پشتیوانییەی خۆی بەسەرۆكی پەرلەمان راگەیاندوە “.
بەپێی سەرچاوەكە : نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، دکتۆر یوسفی دڵنیا كردوەتەوە كە بەهیچ مەرجێك ئامادە نابێت ئەو لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان لاببرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت