عیماد عەلی : هەڵە بە هەڵە راست نابێتەوە .
پاش ئەم قەیرانە ئابووریەی کە لە دەرئەنجام دا مایەپوچیی بە دوای خۆیدا هێناوە و ، حکومەتی ئیفلیج کردووە و ، تەنانەت ناتوانێت کارە زۆر پێویست و سەرکیەکانی خۆی رایی بکات ، گوێمان لە زۆر دەنگ و را و هەڵوێستی جیاواز لەمەڕ چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە قوڵەی دەرهاویشتەی دەستی نەزانی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان ، دەبێت . هەر یەکە و بە پێی هەڵوێستی سیاسی و بەرژەوەندی و پەیوەندیە هەمەجۆرەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە ترسناکەدا دەکات و ، بە ناو رێگە چارە دەخاتە بازاری سیاسەتەوە . تا ئێستا لەلایەن خەڵکی پسپۆر و شارەزای باری ئابووری و بێلایەن بە زانیاری و داتای راست و زانستیانە ، رێگەچارەیەکی واقعی و زانستیانەی دوور لە بۆچونی سیاسی و حزبیم نەبینیوە ، لەبەر ئەوەی تا ئێستا هەمیشە ئابووری کوردستان پەلکێشی هەڵوێستی سیاسی کراوە و ، دوور لە بەرژەوەندیە گشتیەکان و بە هەرەمەکی بەرێوەبراوە و ، بە چاولێکەری و روکەش وەک نمونەکەی دوبەی ، مامەڵەی لەگەڵدا کراوە . ئەمەش وای لێکردین ، کە تا بیناقاقامان نغرۆی بێ دەرامەتی و پشێوی و شڵەژانی ئابووری بین ، بێ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا ، رێگە چارەیەکی ریشەییمان بۆ دۆزیبێتەوە .
دیارە باس لە نەبونی پلانی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە و هەڵسەنگاندنی وەزعی خودی خۆمان و سیاسەتی خواروخێچی دەسەڵات و لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندیەکانمان لەسەرجەم روەکانەوە ناکەم . لێرەدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە : کە ئەوەی رویداوە پەندی لێوەر گرین و ، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەڵبژاردە و چارەسەری هەبێت ، کە بۆ دوارۆژ ی گەلی کوردستان لەهەموو شتێکی تر گرنگترە . بەڵام هەندێک رای دڵسۆزان لە بەرامبەر بۆچونی حزبی و بەرژەوەندخوازی دەسەڵاتی گرێدراوی سیاسەتی حزبی تەسک و دیدی کەسەکان دەبیستین ، کە لە دوو تەوەردا چارەسەرەکە دەبینن ، کە زۆرینەی رەهایان هیچ زانیاریەکی نهێنیان لەسەر داهات و دارایی هەرێم نیەو ، لەو روانگەوە قسە دەکەن کە توانای دارایی کوردستان گەیشتۆتە پلە سفر و هیچ بەرپرسێک لەسەر داهاتی میلەت و پارە لە هیچ شوێنێکدا قسەی نیە و وا دەردەخرێت کە دەسەڵات و ملیاردێرە تازەکانی کوردستان هیچ تاوانێکیان نیە، ئۆپشنەکان :
یەکەم : گەرانەوە بۆ باوەشی بەغدا و رازیبون بە ئەمری واقیع و دووبارە خۆگرێدانەوەی یەکجارەکی ئابووری کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا بە ناوەندەوە ، لێرەشدا و بەغدا لەم خاڵە لاوازەدا بەجوانی لە دیدگای تەسکی خۆیەوە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات و سەرجەم مەرجەکانی دەسەپێنێت ، کە ئەمەش بە زەرەرێکی گەورە دەگەرێتەوە، جگە لەوەی بەغدا بە خۆیشی بەشێوەیەکی جیاواز توشی قەیران بووە ، لە وانەیە هەردوو قەیرانەکە لە داهاتویەکی نزیکدا تێکەڵی یەکبن ، بەڵام عیراق وەک دەوڵەت لەوانەیە لە داهاتودا بتوانێت تا رادەیەک نیمچە چارەسەری بکات ، یان لە ئەگەری لاوازدا، ئەویش توشی مایەپوچی بێت و گەرانەوەی هەرێم بۆ باوەشی بەغدا هیچ چارەسەرێکی پێ نەبێت ، بەتایبەتی بەغدا تاوەکو پارێزگاگانی تری پێویست بە داهات بکات بە هەموو شێوەیەکی ساختە و فرتوفێل بوار بەوە نادات کوردستان لەسەر حسابی ئەو چارەسەری هەمان قەیران بکاتەوە .
دووەم : مانەوە بەم شێوەیە و قەرزکردن و گرێدانی زیاتری هەرێم بە دەوڵەتانی دونیاوە ، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەچارەسەرکردنی بەشدار بن و لە پێناو بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیان درێژە بە مامەڵە کردنیان لەگەڵ هەرێمدا بدەن ، تا ئەو کاتەی نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە ، کە ئەمە بە پێی پسپۆرانی نەوتی جیهانی لەماوەی ساڵێکی تردا یەکێکە لەئەگەرە پێشبینی کراوەکان . ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە را و هەڵوێستە سیاسیەکانی حزبەکانەوە نەک خەڵکی پسپۆر و بێلایەن . بەتایبەتی پەیوەندی تورکیا و هەرێم و بازارەکانی کرین و فرۆشتنی نەوت و کۆمپانیاکان .
لێرەدا ، لەم کاتەدا کە لە دووریانی چارەسەرکردنداین ، دەکرێت لەلایەن ئەوانەی کە لە بارەی داهاتی ئەم چەند ساڵەی هەرێمی کوردستان و دیارنەمانی برێکی زۆری لە نێوخۆی کوردستان و چونە دەرەوەی و چۆنێتی گەرانەوەی ، کە زانیاری زۆریان هەیە ، بەتایبەتی دەسترۆیشتوانی پارتی و یەکێتی ، دەکرێت باشترین رێگە بدۆزرێتەوە و هەڵەکان دیاری بکرێن ، ئەگینا بریاری خێرای گەرانەوە یان نەگەرانەوە بۆ ناوەندی عیراق بەقبوڵکردنی هەموو مەرجەکانی بەغدا ، پرسەکەمان دەگەرێنێتەوە خاڵی سفر و بێ ئومێدیەک کە کەمتر نەبێت لە هەرەس ، باڵی بە سەر سەرجەم گەلی کوردستاندا دەکێشێت . ئەوەش باش بزانین کە بریاری کتوپر و بێ دراسەت خۆی لەخۆیدا هەڵەیە و ، هەڵەش بە هەڵە چارەسەر ناکرێت .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر