شێرزاد شێخانی : تاکە رێگای چارەسەر ، هەڵبژاردنی پێشوەختە .
کاتێک ئەمانەوێ وەسفی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین ، سەری زمان و بنەکەشی وەسفکردنیەتی بە حزبێکی عەشایەری دواکەوتو . ئەمەش حەقیقەتەو سەرکردەکانی پارتی هەر لەسەرتاوە کێشەیان لەگەڵ سەقافەت و چیینی رۆشنبیردا هەبوە .. بەڵام ئێستا نازانم بۆچی وایلێهاتوە پارتی لەچوار حزبی پێشەنگی کوردستاندا زۆر روشنبیرترو دوربینترو سیاسەتزانتر دەر ئەکەوێت ..
ئەوەتا لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم وتەواوبونی ویلایەتی سەرۆکەکەی زۆر زیرەکانە یاری بەعەقلی ئەو چوار حزبە ئەکات و دەستی دەستیان پێئەکات و لەژێرەوەش مەرامەکانی خۆی ئەهێنێتەدی بەوەی دوساڵی تر بۆ سەرۆکەکەی درێژ بکاتەوە بەبێ هیچ کێشەو قەرقەشەیەکەوە .
نازانم ئەمەیان لەنەزانی و کاڵفامی سەرکردایەتی چوار حزبەکەیە ، یاخود ئەمانە خۆیان رێکەوتنی ژێر بەژێرییان لەگەل پارتیدا هەیە بۆ ئەوەی دو ساڵەکەی مەسعود بارزانی بەم قەیرانانەی ئێستاو قوڵکردنەوەو فراوانکردنیەوە بەبێدەنگی بەڕێبکەن و کەسیش هەستی پێ نەکات .
من لە زۆربەی نوسینەکانو بەشداریەکانیشم لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا باسم لەوە کردوە کەوا پارتی هەر جارەو بەدروستکردنی کێشەو قەیرانێکەوە هەوڵ ئەدات پرسە ئەساسیەکەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەبیر خەڵک و لایەنەکان بباتەوە ، ئێستا زۆر بەزیرەکی ئەمکارە ئەکات و حزبەکانیش پێی رازین.
هەڵبژاردنی پێشوەختە وەکو چارەسەرێک بۆ دەرباز بون لەم قەیرانە قوڵەی ئێستای هەرێم باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ئاوی رووی حزبەکان ، چونکە پارتی بەرۆژی روناک و پڕبەدەم هاوار ئەکات من حزبێکی دیکتاتۆرم و دەسەڵات جێناهێڵم . هەرچیەکیشم لەدەست بێت ئەیکەم و کەسیش بەپیاو نازانم ، وڵات وڵاتی خۆمەو بە مییرات بۆم ماوەتەوە کەس نیە شەریکەبەشم بێت ، مەگەر خۆم بە پیاوەتی بەشە پشیلانەیەک بدەم بە ئەمو ئەو ، ئەگینا کەس بۆی نیە بەمن بڵێت واز لەدەسەڵات بێنە .
ئەمکارانەی پارتی ئەیکات بۆشی ئەچێتەسەر هەر چەندە حزبەکانی تری توشی حاڵەتێکی ئیحراجی کردوەو سەریان لێشێواوەو نازانن چۆن قەناعەت بەو حیزبە بێنن کەوا وەکو حزبێکی سیاسی مامەڵە بکات نەوەک عەشرەتێکی چەکداری یاخی وچەتەو رێگر .
پارتی زۆرجار ئەوە بەروی حزبەکانەوە ئەدات کە ئەڵێ فەرمون ئەگەر ئێوە رکابەری جەنابی سەرۆکی ئێمەتان هەیە وەرنە پێشەوە .. پێشتریش باسم لەوە کردوە کەوا هەقوایە ئەم چوار حزبە ئەگەر هەر یەکەو کاندیدی تایبەت بەخۆیانەوە نەبێت ئەوە لە سەر یەک کاندید رێکبکەون بۆ ئەوەی بەرامبەر مەسعود بارزانی بوەستێت ، بەمەش ئەتوانن دو نیشانە بپێکن ـ
یەکەم : کاتێک ئەم حزبانە هەر یەکەو کاندیدێکی ئەبێت ، ئەوە لەدەنگەکانی مەسعود بارزانی کەمئەکرێتەوە ، بەمەش ئیدی بارزانی ناتوانی ئیدیعای ئەوە بکات کەوا ئەو نوێنەری زۆرینەیە لە کوردستاندا ، شەرعیەتەکەی لاوازتر ئەبێت لەوەی ئێستا پێمانی ئەفرۆشێتەوە کە باسی 70% دەنگی میللەت ئەکەن لەهەڵبژاردنی پێشوتردا. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر لەسەر یەک کاندید رێکبکەون دوور نیە دەنگی زیاتریش بێنێت بەمەش هاوکێشە سیاسیەکە گۆرانی بەسەردا دێت .
دوەم : لەکاتێکدا گریمان کاندیدەکەی ئۆپۆسزیۆن هەڵبژاردنەکەی بردەوەو خەڵکی توڕەی هەولێرو دهۆک هاتنە پاڵ جەماوەری سلێمانی و دەنگیان نەدایە مەسعود بارزانی ، ئەوسا جارێکی تر پارتی و سەرۆکەکەشی توشی ئیحراجیەکی زۆر گەورەتر لەوەی ئێستا ئەبن ، چونکە ئەوان ئامادە نین و ناشبن دەستبەرداری پۆستەکەی مەسعود بارزانی ببن ، بۆیە کێشەیەکی تر دروست ئەکەن لەوەی ئێستا زۆر گەورەتر بێت ، لێرەشدا حزبەکان قازانجیانە چونکە ئەوسا بۆ هەمو دونیا ئیسپات ئەبێت کەوا پارتی تەحەدای ئیرادەی میللەتەکەی ئەکات و ئەیەوێت بەفیعلی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەکوردستاندا جێگیر بکات و هیچ ئیعتبارێک بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسیەت نەهێڵێت . لەهەردو ئەم حاڵەتانەدا بەرەی جەماوەر قازانجیەتی پارتیش لە گۆشەیکی تەسکدا گییر ئەخوات وئیدی مەساحەی مناوەرەشی تەسکتر ئەبێت و ناتوانێت لەوە زیاتر کەڵەگایەتی بەسەر حزبەکاندا بکات وخۆی بەخاوەنی میللەت بزانێت بەمەش سەروەتو سامانی میللەت زەوت بکات و وڵات بەرەو هەڵدێر ببات و شکست بە پرۆسەی دیموکراسی لەکوردستاندا بهێنێت .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts