عیماد عەلی : داود ئۆغلۆ هیچ پەیامێکی بۆ هەولێر پێ نەبوو .
لە وتارەکەی داود ئۆغلو ، راستەوخۆ لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا ، پەیامێکی زۆری بۆ نێوخۆی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نارد . ئەوەی تێبینی کرا ، کە تەنها پەیامی بۆ هەولێر پێ نەبوو ، کە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکەی پێشوو ، پەیامی بۆ هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەش نارد ، لە کاتێکدا لەم وتارەیدا وەک نیازپاکیەک پەیامی بۆ بەغدا نارد ، بە پێچەوانەوە لە وتارەکەی هەڵبژاردنی پێشویدا هیچ پەیامێکی لەوجۆرەی بۆ بەغدا نەنارد . لەبەرامبەردا ، عێراق لەم رۆژەدا بریاری وەستاندنی ناردنی نەوت لە بەندەری جیهانەوە دا ، کە هەولێر لەو رێگەیەوە بە فەرمی نەوت رەوانەی دەرەوە دەکات . ئەمە جگە لەوەی وەک لە رێکەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە هیچ لایەنێکیان پەیوەست نین پێوەی ، دەبێت برێکی نەوتەکە بچێتە کۆمپانیای سۆمۆ وە و ، لەوێوە داهاتەکەی بگەرێتەوە بۆ عیراق ، بەڵام هەولێر پابەند نەبووە بەم پەیمانەی خۆیەوە و بەغداش لە ئەرکەکانی لە ئاست کورد دا کەم تەرخەمە و ، تورکیاش دەتوانێت لەم نێوەندەدا یاری خۆی بکات و تەنها زەرەرمەند کورد دەبێت .
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا دەسەڵاتی تورکیای پاش ئەم هەڵبژاردن و بردنەوەی ئا کەپە ، چ گۆرانێک بەسەر سیاسەتی ناوچەیی ئەم وڵاتەدا دێت و ، روانینی نوێی تورکیا بۆ هەرێم و عیراق لە چ گۆشەنیگایەکەوە دەبێت و ، چارەنوسی رێکەوتنە پەنجا ساڵیەکەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە چی دەبێت و ، ناوچەکە و مامەڵەی تورکیا لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکانەوە ، تا چ ئەندازەیەک گۆرانکاری بە خۆیەوە دەبینێت ؟
ئەوەی بە روونی دیارنیە ، چارەنوسی پەیوەندی کورد و تورکیایە سەرەرای راگەیاندنەکانی دەسەڵاتی هەولێر ، جگە لە چاوەروانی بۆ چۆنێتی مامەڵە کردنی تورکیا لەگەڵ بەغدا و جێگیربونی را و بۆچون و کاردانەوەی بەغدا لەمەر هەڵگەرانی رووی ئەنقەرە بەرەو عیراق ، وەک بە تەواوی لە لایەن زۆرینەی چاودێرانەوە پێشبینی دەکرێت و ، لەم میانەشدا سیاسەت و ئابوری هەرێم رووە و قورساییەکی تر ملدەنێت و هەولێر ناچار دەبێت بە شەرمەوە روو لە بەغدا بکات .
لە مامەڵە کردنی تورکیا لەگەڵ دۆزی کورد لە کوردستانی باکور ، چاورەوانی ئەوە ناکرێت کە تا ماوەیەکی درێژتر هەنگاوی زیاتر لەوبارەوە بنێت و ، تورکیا لە قۆناغی پاش ئەم هەڵبژاردنە کە بەو شێوەیە دەنگەکاانی زیاد کرد ، لەو باوەرەدا نابێت کە لە بەدیهێنانی ئامانجە گرنگەکانی ، هەنگاوی زیاتر لە چارەسەرکردنی پرسی کورد یارمەتیدەری بێت و ، لەم چەند ساڵەدا خەریکی ئامانجەکانی ئۆردوغان دەبێت و لەو باوەرەدایە کە سیستمەکە دەگۆرێت بۆ سەرۆکایەتی و دەستکاری دەستور دەکات و هەمواری دەکاتەوە . زیاد کردنی دەنگەکانی ئا کە پە بە شەرفرۆشتن بە کورد و دروستکردنی ئاڵۆزی ، لەوانەیە زیاتر پاڵ بە ئۆردوغانەوە بنێت کە سەرکێشی زیاتر بکات و بوغرا بێت و زۆر ملهوری لەم بارەوە بکات و ، بۆ هەنگاوەکان لەو بارەوە کاری نابەجێ ئەنجام بدات .
لە بارەی خودی کوردیشەوە، لە ئاست کوردستانی باکوور هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ چاوەروان ناکرێت و کاریگەری لەسەر کوردستانی رۆژئاواش دەبێت و گەیشتن بە دوا مەنزڵگەی کورد پەیوەست دەبێت بە بەرژەوەندی وڵاتە گەورەکانی رۆژئاوا و ئەو لایەنانەی کە دەستیان خستۆتە نێو سوریاوە .
لە کوردستانی باشور ، دەسەڵاتی هەولێر وەک خۆی بە تاکە لایەنێکەوە لە سەر ئاستی ناوچەکە بەستۆتەوە و، بە ریکەوتنەکەی لەگەڵ تورکیادا دڵخۆشە ، هیچ کەسێک لەو باوەر و متمانەدا نیە ، کە تورکیا ئەم رێکەوتنە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدادا نەفرۆشێتەوە ، بە تایبەتی عەبادی سیاسەتێکی جیاواز لە مالکی لەگەڵ ئەنقەرەدا پەیرەو دەکات .
بۆیە، کورد لەمرۆ بەدواوە بە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا تێدەپەرێت و کارلێکەکانی لەسەر رەوتی ناوچەکە بە راستەوخۆ کاریگەری زۆر خەتەرناکی لەسەر دوارۆژیی لەهەر چوار پارچەکە دەبێت . بۆیە ، ئەگەر زۆر رەشبین نەبین لەم قۆناغەی کە لە ناوچەکەدا چاورەێی دەکەین ، تا ماوەیەکی درێژ هیچ پێشکەوتنێک لەدۆزی کورد نابینین ، ئەگەر بەرەو دواوە نەگرێینەوە ، بە تایبەتی لە کوردستانی باکوردا ، ئەمە جگە لە ئەگەری بەهێزی دوبارە هەڵسانەوەی شەرو کوشتار و ماڵوێرانی لە هەموو لایەکەوە وەلانێین .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر