نەوزادی موهەندیس : ئەرێ جەنگی جیهانی چوارەم دەستیپێكردوە ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشكرایە ئەم گۆی زەویە كە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 54ر4 ملیار ساڵ و مێژووی دروستبوونی مرۆڤیش لەسەری دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دروستكردنی ئادەم كە دەخەمڵێنرێت بە زیاتر لە 10-40 هەزار ساڵ .. ئیدی مرۆڤ كەوتۆتە ململانێ لەلایەك لەگەڵ خۆیدا و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ سروشت و دەوروبەر لە گیانداران و ڕووەك و بەم هەموو ململانێیەشی چەندین كارەساتی گەورە و شەڕوشۆڕ و قاتوقڕی و گۆڕانكاری گەورەی لێكەتۆتەوە.
* ئەو جەنگە گەورانەی كە مرۆڤ هەڵیساندون و بونەتە كارەساتێكی دڵتەزێن و مێژووی مرۆڤایەتیان ڕەش و خوێناوی كردوە لە سەردەمی نوێماندا كە ناسراون بە جەنگە گەورە جیهانیەكان ، بریتین لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم و هەندێك كەسیش پێیان وایە كە جەنگی ساردیش بریتی بوە لە جەنگی سێیەمی جیهانی و كە ئەم سێ جەنگەش هەرسێكیان لەسەدەی بیستدا ڕوویانداوە . گەلێك كەسی تریش پێیان وایە كە لەئێستادا و لە هەزارەی سێیەمدا و لەسەدەی بیست و یەكەمدا جەنگی جیهانی چوارەمیش سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە و كۆتاییەكەشی نازانرێت.
* ئەوەی ئاشكرایە كە جەنگی جیهانی یەكەم لە 28/7/1914 تا 11/11/1918 ی خایاندوە كەدەكاتە 4 ساڵ و 3 مانگ و7ڕۆژ ، ئەم جەنگە دونیای ئەو كاتەی كردە دووبەشەوە لەنێوان هێزەكانی وڵاتانی هاوپەیمان بەڕابەرایەتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا.وڵاتانی ناوەندیش بەڕابەرایەتی ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریەتی نەمسا و عوسمانی و شانشینی بولگاریا . چەندین وڵاتی تریش هەریەكەیان خۆیان خستە سەنگەر و بەرەیەكی جەنگەكەوەو بەمەش هەموو دونیای گرتەوە . و ئەم جەنگەش جوگرافیاكەی بریتی بوە لە ئەوروپا هەربۆیە زۆر جار بە جەنگی ئەوروپیەكانیش ناودەبرێت و هۆكارەكەشی لە تیرۆركردنی وەلی عەهدی ئیمپراتۆریەتی نەمساوە لەلایەن صربیاوە سەریهەڵداو بوە هۆكاری كوژرانی 17 ملیۆن سەرباز و مەدەنی و 6 ملیۆن ونبوو و20 ملیۆن برینداریش . و ئەنجام بەسەركەوتنی وڵاتانی هاوپەیمانان كۆتایی هات .
زاراوەی جەنگی یەكەمی جیهانیش بۆ یەكەم جار لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی ( ئەرنست هیگڵ ) وە داهێنرا لە 9/1914 . ئەنجامی جەنگەكەش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا ونەمسا و عوسمانی و دروستبوونی كۆمەڵەی گەلان و دامەزراندنی چەندین دەوڵەتی سەربەخۆی تربوو .
* جەنگی جیهانی دووەمیش لە 1/9/1939 دەستیپێكرد و لە 2/9/1945دا كۆتایهات ، واتە 6 ساڵ و 1 ڕۆژی تەواوی خایاند . جارێكی تریش هەموو دونیا دابەشبونە سەر دووبەرەی جیاواز و هەر 7 كیشوەرەكەی زەوی گرتەوە ، ئەنجامیش بەسەركەوتنی وڵاتانی هاوپەیمانان كۆتایی هات بەڕابەرایەتی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و یەكێتی سۆڤیەت و چین و 18 وڵاتی تر . بەسەر بەرەی وڵاتانی میحوەردا بەڕابەرایەتی ئەڵمانیای هیتلەر و ئیتالیای مۆسۆلینی و ئیمپراتۆریەتی یابان و شانشینی مەجەڕ و بولگاریا و 8 وڵاتی تر . زیانەكانی ئەم جەنگە زۆر گەورەتر بوون لە جەنگی جیهانی یەكەم و بە خوێناویترین جەنگی جیهانی دادەنرێت و زیانەكان بریتی بوون لە كوژرانی73 ملیۆن كەس ، 24 ملیۆن كەسی سەربازی و 49 ملیۆن كەسی مەدەنی كە ئەو كاتە یەكسان بوە بە 5 ر2% كۆی ژمارەی دانیشتوانی زەوی .
ئەم جەنگەش بوە هۆی نەمانی هیتلەر و دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتوەكان و دەركەوتنی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتی جاران وەك دوو زلهێزی دونیا و سەرەتای جەنگی ساردیش بوو .
* جەنگی سارد یان ( جەنگی جیهانی سێیەم ) : هەندێك لێكۆڵەر و مێژوونوس جەنگی ساردی نێوان بلۆكی سەرمایەداری بەڕابەرایەتی ئەمریكا و بلۆكی سۆسیالیستی بەڕابەرایەتی یەكێتی سۆڤیەتی جاران دادەنێن بە جەنگی جیهانی سێیەم ، هەرچەندە جەنگێكی گەرم و گوڕ و ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا ڕووینەداوە ، بەڵام لەئەنجامی دابەشبونی جیهان بەسەر دوو دنیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ، دووبەرەی جەنگ دروستببون و هەریەكەشیان هاوپەیمانێتیەكی سەربازی كۆیدەكردنەوە ، لەڕۆژئاوا هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و لەڕۆژهەڵاتیش هاوپەیمانی وارسۆ ڕابەرایەتی هەردوو بەرەی جەنگەكەیان دەكرد .
ئەم جەنگە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستیپێكردوە لەناوەڕاستی ساڵی 1947 وە تا هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و بلۆكی سۆسیالیستی لە ساڵی 1991دا كۆتایی هاتوە ، لە ماوەی ئەم 44 ساڵەدا چەندین جەگی گەرم و درێژخایەن و قەیرانی سەربازی ڕوویانداوە لەنێوان ئەم دوو زلهێزەدا وەك ، گەمارۆی بەڕلین لە 1948-1949 و جەنگی كۆریا لە 1950-1953 وقەیرانی بەڕلین لە 1961دا و جەنگی ڤێتنام لە 1956-1975 و هێرشی سۆڤیت بۆ سەر ئەفغانستان لە 1979-1989و قەیرانی ڕۆكیتەكانی كوبا لە 1962 و جەنگی عێراق – ئێرانی لە 1980-1988 و … هتد .
زیانەكانی ئەم جەنگەش بە ملیۆنان كەس بونەتە قوربانی و بە ملیارات دۆلار دەخەمڵێنرێت و ئەنجامەكەش بە سەركەوتنی ئەمریكا و ڕۆژئاوا هات بەسەر بلۆكی ڕۆژهەڵات و هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت كۆتایی هات . و چەندین وڵاتی سەربەخۆ دامەزران و سیستەمێكی نوێی جیهانی هاتە كایەوە بە ڕابەرایەتی تاكە جەمسەر و بەهێزی هەموو دونیا كە ئەمریكابوو.
* جەنگی جیهانی چوارەم : لەسەرەتای هەزارەی سێیەمی مێژوو و كە دەستپێكی سەدەی بیست و یەكەمیشەوە و بەدیاریكراویش لە 11/9/2001وە دەستیپێكردوە و تا ئێستاش بەردەوامە و كۆتاییەكەشی نادیارە.
* ئەم جەنگە دونیای كردۆتە دووبەرەوە :
1 – بەرەی تیرۆر و تیرۆریستان : بەڕابەرایەتی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لادن و هەموو ڕێكخراوە جیهادیە سەلەفیە توندڕەوە ئیسلامیەكان و وڵاتانی دیكتاتۆر و كۆنەپارێز و لە ئێستاشدا ڕێكخراوی داعش لەڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.
2 – بەرەی دژە تیرۆر : بەڕابەرایەتی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات .
* ناوچەی جەنگەكە : سەرتاسەری جیهان و هەموو كۆمەڵگا و وڵاتانی دونیا بەگەورەو وبچوكەوە .
* گەر جەنگی سارد ( جەنگی سێیەم ) بریتی بوبێت لە جەنگێك دژ بە كۆمۆنیزمی جیهانی و یەكێتی سۆڤیەت و بلۆكی سۆسیالیستی ، لەلایەن ئەمریكا و ڕژئاواو و وڵاتانی ئیسلامی بەهاوكاری و پشتیوانی ڕەوتە توندڕەوە جیهادیە ئیسلامیەكانی تاڵیبان و ئەلقاعیدەو … هتد . ئەوا جەنگی چوارەمی جیهانی بریتیە لە جەنگێك دژی ئیسلام و ئیسلامیەكان.ئەو ئیسلامەی كە تادوێنێ هاوكار و پشتیوانی ئەمریكایان دەكرد دژی كۆمۆنیزمی جیهانی ، ئێستا بونەتە دوژمنی سەرسەختی ئەمریكا و ڕۆژئاوا . و یەكەم گورزی گورچكبڕیان لە دڵی ئەمریكا دا لە 11/9/2001 بەخاپووركردنی هەردوو بورجی بازرگانی نێودەوڵەتی لە نیویۆركدا .
* ئەم جەنگە لە ساڵی 2001دا دەستیپێكرد بەڕووخاندنی دەوڵەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بەعسی صدامی لە عێراق و دواتر بەرەی تیرۆریستانیش خۆیان ڕێكخستەوە و چەندین گروپی توندڕە و تیرۆریستیان پێك هێنا و كەوتنە چالاكی لەسەرتاسەری جیهاندا و بەتایبەتیش لەدوای بەهاری عەرەبیەوە لەساڵی 2011وە و لە ئێستاشدا داعش بۆتە میراتگری هەموو ئەو ڕێكخراوانە و بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆسەر ئاشتی و ئارامی هەموو دونیا .
* لە ئەمریكا و لەسەردەمی دەسەڵاتی كۆماریەكانداو بەتایبەتیش( هەڵۆكان ) بیروڕایەك هاتە ئاراوە لەو سەردەمەدا لەدوای جەنگی دووەمی كەنداوەوە لە 2003دا كە بریتی بوو لە تێوری ( ڕووبەڕووبونەوەی شارستانێتیەكان ) و جەنگی ئەمریكا دژ بە تیرۆریان دانا بەشەڕی یەهودی و مەسیحیەت دژ بە ئیسلام . كە ئەم ڕەوتە لەلایەن ( بێرنارد لۆیس و صامۆئیل هانتینگتۆن ) ڕابەرایەتی دەكرا . ڕێبەرانی ڕەوتی موحافیزەكارانی نوێش لە ئەمریكا ، لەوانە ( جەیمز ووڵسی ) كە یەكێكە لەبەرپرسانی پێشووی CIA ولێكۆڵەری سیاسیە و ( نۆڕمەن پۆدورتس ) ڕایانگەیاند كە ململانێ لەگەڵ ئیسلام لە ڕاستیدا جەنگی جیهانی چوارەمە .
جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەمریكا و دەستوپێوەندە نزیكەكانی ، دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و جاری واش هەیە كە خودی ئیسلامیش لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیزم و كۆمۆنیزم هەڵدەسەنگێنن . وڕەوایەتی دەدەنە شەڕ لە دژیان . كۆنت دی مارنشیز و دانیراندلیمان لەكتێبی ( جەنگی جیهانی چوارەم / دیپلۆماسیەت و هەواڵگری لە تەمەنی تیرۆردا ) كەساڵی 1993 نوسیویانە دەڵێن : ( جەنگی جیهانی چوارەم جەنگ دەبێت دژی تیرۆر) .
* زیانەكانی ئەم جەنگە : لەماوەی 15 ساڵی ڕابووردوودا ، بە ملیارات دۆلار خەرجكراوە و بەهەزاران سەرباز و مەدەنی بونەتە قوربانی و بەملیۆن تەن چەك و تەقەمەنی و تەكنەلۆژیای سەربازی بەكارهاتوون .
* ئەنجامەكانی ئەم جەنگە :
1 – ڕووخاندنی چەندین حوكمڕانی و دەسەڵاتی تاكڕەو بوو لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەنجامی ڕاپەڕینی جەماوەری بەهاری عەرەبیەوە .
2 – بەهۆی نزمبونەوەی نرخی نەوت ، وەستان و خاوبونەوەی گەشەكردنی پیشەسازی دونیا سەریهەڵداوە و دونیا بە قەیرانێكی دارایی توندا تێپەڕ دەبێت .
3 – دەركەوتنی خەت و خاڵی ڕیزبەندی و بلۆكبەندیەكی نوێی جیهانی لەنێوان ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵات لەبەرامبەر بەرەی ڕوسیاو چین و كۆریای باكور و ئێران و وڵاتانی تر.
4 – تۆخبونەوەی ململانێی ئاینی و مەزهەبی لەنێو خودی ئیسلامدا و بەتایبەتیش سونە و شیعەكان .
5 – پێدەچێت گۆڕانكاری لە سنورە نێودەوڵەتیەكانی ئێستاو دروستبون و دامەزراندنی چەندین وڵاتی نوێی لێبكەوێتەوە .
* بەم شێوەیە لە ئێستادا بۆ ماوەی 15 ساڵە جیهان گیرۆدەی جەنگێگی سەرتاسەری بۆتەوە كە پڕ مەترسیەو دەكرێت ناوی جەنگی جیهانی چوارەمی لێبنرێت و كۆتاییەكەشی دیار نیە و لایەنی سەركەوتوش هێشتا بەدەرنەكەوتوە و لە ئێستادا و لەم قۆناغەدا ئەم جەنگە كوشندەترین جەنگە چونكە تازەترین چەك و تەقەمەنی و تەكنەلۆژیای نوێی تیادا بەكاردێت ، پێچەوانەی جەنگی جیهانی یەكەم و تاڕادەیەكیش دووەم كە ئەو كات جەنگەكان مرۆڤ و سەربازەكان یەكلایان دەكردنەوە بەڵام ئێستا تەكنەلۆژیا یەكلایان دەكاتەوە .
* پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئایا ئەم جەنگە كۆتا جەنگی شارستانێتی مرۆڤایەتی دەبێت یان جەنگی جیهانی پێنجەمیشی بەدوادا دێت ؟ یان قەدەری مرۆڤ و گۆی زەوی هێشتا بە بەریەوە ماوە چەندین جەنگی كاولكار و وێرانكاری تر بەخۆوە ببینێت ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە وەستاوەتە سەر ژیری و هۆشیاری مرۆڤەكان و توندڕەوی بیر و فەلسەفە وڕەوت و بزوتنەوە و ئاینە مرۆڤایەتیەكان و شارستانێتیەكانیان كە ئایا دەتوانن پێكەوە بژین و كۆمەڵگایەكی مرۆڤایەتی ئاشتی و ئارام پێكەوە بنێن ؟ یان گۆی زەوی و تەواوی ژیار و شارستانێتیەكان بەرەو نەمان و كاولكاری دەبەن و ئیدی كۆتایی هەتاهەتایی بەم ژیانەی سەر گۆی زەوی دەهێنن .. هەموو ئەمانە ئایندە زامنی وەدیهاتنیانە كە بەدڵنیایەوە ئێمەی نەوەی ئێستا بڕواناكەم بیبینین و خۆش بەختانە دەمێك بوە بەفەناچووین .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts