بەكر ئیبراهیم : هاوارێكی ویژدانی ، ئەخلاقی ، نەتەوەیی .
هەموومان لەبیرمانە كە بڵێسەی ئاگری چەرخەكەی محەممەد بووعەزیزی لە توونس تەنیا گڕێك نەبوو بۆ جەسەتەی هیلاك و بێزار و خێرلەخۆنەدیوی خۆی ، بەڵكە گڕەكەی چەندین وڵاتی عەرەبی گرتەوە و دەسەڵاتەكانی چەندین ساڵەی زۆربەی سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی بەر شەپۆلی گڕ و تووڕەیی جەماوەر خست كە ناوزەد كرا بە بەهاری عەرەبی و تا ئێستایش بەردەوامی هەیە و نەبڕاوەتەوە ، جا پاییزی عەرەبییە یان بەهار ئەوەیان شتێكی ترە و دەكرێ خوێندنەوەی جیا جیای تری بۆ بكرێت كە بۆچی ئەو وڵاتانە ئەو جووڵە و هەژانە مەزنەیان بەرەو پاییزی عەرەبی برد ، ئایا سەركردەكانیان لە ئاستی ئەو گۆڕانە مەزنەدا نەبوون كە ئەو وڵاتانەی گرتەوە ، یان هۆكارگەلی تر .
بەڵام بە راستی ئەو گۆڕان و هەژانە مەزنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە ، بەهاری كوردستانیانە و رۆژ بە ڕۆژیش بەهارەكەمان دەكاتە دوو بەهار .. هەموویشمان دەبینین و هەست بەو بەهارە خۆشەی كوردستانیان دەكەین كە گوڵ و گوڵزار و رەنگینی و سەرسەوزییەكەی خوێنی شەهیدە نەمرەكانی وڵاتمانە ، دەی سەركردەكانی كوردستان رۆژگارەكە لێتان دەخوازێ ئێوەیش لە ئاستی ئەو قۆناغە گرینگ و مێژووییەدا بن و یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن لە پێناوی خاك و ئاو و نیشتمان و خوێنی شەهیدان و ، مێژوویش بۆ خۆتان پڕشنگدار بكەن و هەنگاو بەرەو یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و تەبایی ناو ماڵی كوردستانیان بنێن كە گەل چاوەڕوانی ئەو هەنگاوەی ئێوەیە لەو قۆناغە مێژووییە مەزنەدا ، ئەگەر حساب بۆ دەنگی گەلی بێدەوڵەتی كوردستان و خوێنی شەهیدان و نەوەی ئێستا و داهاتوو دەكەن ، ئاخر برایان خەمخۆران سەركردەكان لەمێژە كوردان پێویستیان بەو هەنگاوەیە ، تكایە لەوە زیاتر پشتگوێی مەخەن ، ئەوە تەنها تكا و هاواری من نییە، هیی هەموو گەلی كوردستان و دۆستانیەتی ، ئەوە نییە ئێستا دۆستانی گەلی كورد و رۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان بە ئاشكرا باسی بەهاری كوردی و دەوڵەتە سەربەخۆیەكەی دەكەن ، ده ئێوهش چیتر ئەم هەنگاوە دوا مەخەن، كارامە بن ، جورئەت بكەن دەستبەرداری بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكانی خۆتان بن كە زۆرتان دەست كەوتووە .. دەی بفەرموون ئەو هەنگاوەیش بۆ تەبایی لەبەر خاتری هەموو شەهیدەكانی وڵات و دۆستەكانمان بە جورئەتەوە بنێن ، ئەو مانگەشەوەی كوردستان ئاوا مەكەن ، ئەم بەهارەی باشوور و باكوور و رۆژئاوا بە پاییز و خامۆش مەكەن و رۆژههڵاتى كوردستانیش بەئاگا كەن .
رەنگە من زۆر بەئاگا نەبم و رەنگیشە كۆڵەواری سیاسی بم ، بەڵام لە ئێستادا باوەڕم وایە كە یەكبوون و یەكهەڵوێستیی گەلی كورد نەك دووبەرەكی و خۆخۆریی لایەنەكان ، زووتر دەمانگەیەنێتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانیش لەسەر نەخشەی جیهان دەبینین و ئەو خەونەیشم لە ئێستادا مەستییەكی بێئەندازەم دەداتێ كە حاڵی حازر گەلەكەمان پێی ناوەتە نێو دۆخێكی دژ بە چەوسانەوە پشت ئەستوور بە توانای خۆی .
ئەوەش بزانن كە ئێستا بۆ ئەو هەنگاوەتان لەلای كوردان كاتی قسەی بەتوێكڵ نەماوە و بەسەر چووە ، ئەوەش نەماوە گەل قسە بخواتەوە و بیشارنەوە و لە ژێر لێوەوە قسە بكات و لە دڵی خۆیدا ئێڵنجی پێ بدەت ، ئێستا گەلی كورد گۆچان و چاویلكەی تووڕ داوە و بە دوای هەتوانی دەردەكانیەوەیەتی ، دەشزانن ئەو سەركردانەی كە ئەمڕۆ لەسەر ساحەی سیاسین كامیان خەمخۆرە و هەنگاوی یەكێتی و تەبایی لە پێناوی سەربەخۆیی دەنێت و لە ژێر چەتری بەرژەوەندیی باڵای كوردستانیاندا هەنگاو دەنێت ، كامانەیشن بازرگانانی سیاسی و خاك و خۆڵ و گەل و میللەتیش هەڕاج دەكەن .
تەنها بە کلیکێک لەسەر ئەو سمبولانەی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنیرە بۆ هاوڕیکانت