ئاریتما موحه‌ممه‌دی : كاتێ كورد مێژوو له‌بیر ده‌كات مێژووش له‌ناخیدا ونی ده‌كات ! بەشی شەشەم
ئه‌و بۆچوونه‌وی كه پێی وایه ده‌سه‌ڵاتی فارس له نه‌ته‌وه‌ی فارس جیایه ، هه‌ڵه‌یه ، چونكه ئه‌وه‌ی كه له‌نێو فارسه‌كاندا به‌ده‌سه‌ڵات گه‌ییشتووه هه‌مان سیاسه‌تی پێش خۆی درێژه پێداوه كه بنه‌ماكه‌ی نكۆڵی‌كردن له كوردستان بووه .
مه‌ترسیی فاشیسمی فارس له‌سه‌ر كورد ؛
له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی فارس ته‌نیا وه‌ك مه‌ترسیی بۆسه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌یر ناكرێت ، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی فارسه‌كان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای باشووری كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانیش داناوه ، كولتووری ئێرانی به كولتوورێكی نه‌رم و سرنجڕاكێش له باشووری كوردستان سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بڵێم كه هوونه‌رمه‌نده‌كانی فارس پتر له هوونه‌رمه‌نده‌كانی كورد له باشووری كوردستان خۆشه‌ویستتر و ناسراوتر و سرنجڕاكێشترن ، به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوومه ، چونكه خولیای ناسین و ئاشنابوونی كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور به كولتوور ، موزیك و گۆرانی فارسیی له ئاستێكی به‌رزدایه ، هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا ئه‌م كاریگه‌رییه نه‌رێنییه ته‌نیا كۆمه‌ڵگای نه‌گرتووه‌ته‌وه ، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێران به‌كرده‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پارته‌كانی سیاسیی باشووری كوردستان هه‌یه و هه‌نووكه مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی فارسه‌كان له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان ده‌چێت ، چونكه ئه‌و به‌شانه له جوگرافیای سیاسیی كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وییه‌كان بووه هه‌نووكه له‌ژێر كاریگه‌ری ڕژیمی ئێران دان و له ڕێگای جیاوازه‌وه فاشیسمی فارس ئه‌و ناوچانه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ژێر كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵات ، هه‌ژموونی سیاسی و ستراتیژیی خۆی.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌نێو شه‌قامه‌كانی سلێمانی له باشووری كوردستان پیاسه بكه‌یت ، هه‌ست به‌بوونی كولتووری فارس له‌نێو شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌دا ده‌كه‌یت ، كاتێ ده‌بینیت كه زۆربه‌ی كچان و ژنانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان هه‌ڵگری مۆدی سیپاڵ له‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵگای ئێرانن ، ئه‌و كاته دان به‌م ڕاستییه‌دا ده‌نێیت كه له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه . ئه‌مه ئاسایی و له‌خۆوه نییه كه بڵێین نه‌ته‌وه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ری یه‌كتردان و به‌هۆی دوونیای گلۆبالیزمه‌وه گه‌لان كه‌ڵك له كولتووری یه‌كتر وه‌رده‌گرن . چونكه دوونیای گلۆبالیزم دوونیایه‌كی گشتگیری سیاسیی ، كۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌ربڵاوه ، ئه‌م چه‌مكه‌ش به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگای ڕۆژئاواییه و سیسته‌می سیاسیی ئێران به‌هه‌موو چه‌شن و شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه ده‌كات . كه‌واتا ئه‌وه‌ی كه له باشوور جێ ده‌گرێت به به‌شێك له‌و كولتووره جیهانییه كه جیهانی تییوه هه‌ژمار ناكرێت ، به‌ڵكوو به ڕوونیی كولتووری ئێرانیی پێوه دیاره . كاتێك ده‌بینی كه نوێنه‌ری ئێران له پارله‌مانی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستاندا سه‌ر ده‌ردێنێ و له كێشه‌ی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ڕۆڵ ده‌گێڕێ و هه‌وڵی چاره‌سه‌ریی ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه ده‌دات كه خۆی له خووڵقاندنیدا ڕۆڵی گێڕاوه ، ڕه‌نگه وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش وه‌رگریت كه بۆ كۆمه‌ڵگای ئه‌م وڵاته خولیای كولتوور ، موزیك و ناسنامه‌ی فارسه !. بوونی كاریگه‌ریی سیاسیی ڕژیمی ئێران له‌سه‌ر هه‌ر وڵات و هێزێك له كۆتاییدا به زیانی ئه‌و هێز و وڵاته شكاوه‌ته‌وه ، ئه‌مه‌ش له ماوه‌ی سیوپێنج ساڵی ڕابردوودا سه‌لمێنراوه . له ڕاستیدا كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر باشووری كوردستان نه‌ك هه‌ر له قازانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان نییه بگره ده‌بێته هۆی كێشه و ئاڵۆزیی سیاسیی و به‌ڕێوه‌به‌ریی له‌و هه‌رێمه‌ش دا.
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م كاریگه‌رییه ته‌نیا باشووری كوردستانی نه‌گرتووه‌ته‌وه ، بگره پێوه‌ندی بته‌و له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان و ئێران هه‌یه و هاوكات ڕژیمی ئێران پێوه‌ندی بته‌وی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستانیشدا هه‌یه و ئه‌و پارته‌ش یه‌كه‌مین و به‌هێزترین لایه‌نی سیاسیی باكووری كوردستانه . هه‌روه‌ها ڕژیمی ئێران ده‌ستدرێژییه‌كانی بۆسه‌ر گه‌لانی ناوچه‌كه به‌ربڵاوتر كردووه و شه‌ڕی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی بردووه‌ته گۆڕه‌پانی وڵاتانی دیكه .
هه‌نووكه ئێران ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر به‌شێك له پێكهاته‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌یه و ئه‌و كاریگه‌رییه‌شی له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه به‌كار ده‌هێنێت . هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئێران وه‌ك مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن و ئه‌و ترسه‌ش له خۆڕا نه‌هاتووه ، بۆیه زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له پێوه‌ندی به سه‌ركوتكردنی شیعه‌كانی یه‌مه‌ن هاوكاریی و پشتیوانیی عه‌ره‌بستان ده‌كه‌ن. ئه‌م وڵاتانه پێیان وایه كه ئێران كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر به‌شێك له پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی ، سیاسیی و ئایینیی ئه‌و وڵاتانه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌وان به‌كار ده‌هێنێت . تاكه هۆكاری هێرشی وڵاتانی عه‌ره‌بیی بۆ سه‌ر حوسنییه‌كانی یه‌مه‌ن و شیعه‌كانی به‌حره‌ین بۆ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ڕژیمی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ر به‌شێكی زۆری دانیشتووانی ئه‌و وڵاتانه هه‌یه‌تی . ئه‌مه ده‌كرێ به ئاماژه‌یه‌كی ڕوون پێناسه بكرێ كه لایه‌نه‌كانی نزیك له ئێران له ناوچه‌كه به هۆی بوونی پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت جیهانییشه‌وه ده‌كه‌ونه‌به‌ر لێشاوی هێرش.
هه‌نووكه وڵاتانی دژبه‌ری ئێران ده‌یانهه‌وێت سنوورێك بۆ كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه دابنێن ، ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ دژكرده‌وه‌ی ئێران به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه . هه‌رچه‌ند دژكرده‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه له‌مه‌ڕ گێره‌شێوێنییه‌كانی ئێران له چوارچێوه‌ی كرداردا به دره‌نگ كه‌وت . به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیردرێ كه ئێران پلان و ستراتیژیی تاییبه‌ت به خۆی هه‌یه و به ئاسانی پڕۆژه‌كانی له ناوچه‌كه پاشه‌كشه پێناكات . ئێران سامانێكی زۆری له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌فیڕۆ داوه و به‌شێك له پیلانه‌كانیشی جێبه‌جێ كردووه ، بۆیه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئێران له ستراتیژیی ناوچه‌یی چاوه‌ڕوانكراو نییه . پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بدرێ كه له‌پاش هێرشی وڵاتانی عه‌ره‌بیی به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌ره‌بستان بۆسه‌ر حووسنییه‌كانی یه‌مه‌ن ، ئێران ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمیی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا پێشخست . ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته بوو كه بتوانێ وزه‌ی زیاتر بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ستراتیژییه‌كانی ناوچه‌یی دابین بكات و به‌رپرچی ستراتیژیی وڵاتانی دژبه‌ر بداته‌وه . هه‌روه‌ك بینیمان كه پاش ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمیی ، ڕژیمی ئێران به فه‌رمی به‌شێك له سپای پاسدارانی بۆ پشتیوانیی له به‌شار ئه‌سه‌د ڕه‌وانه‌ی سووریه كرد و له پێوه‌ندیی به كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ئێراق ، سوریه و ڕووسیه ڕێكه‌وتنی واژۆ كرد . ئه‌م ڕێكه‌وتنه به ده‌سپێكی به‌رپرچدانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی وڵاتانی سوونه پێناسه ده‌كرێت .
درێژه‌ی هه‌یه …
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر