نەوزادی موهەندیس : سیستەمی سیاسی كوردستان بەرەو كوێ ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
* ئەوەی ئاشكرایە سیستەمی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی دەكرێتە دوو جۆرەوە كە ئەوانیش ، سیستەمی سیاسی تاكڕەو و دیكتاتۆر و شمولی و توتالیزمیەكانە كە لەلایەن دەستەیەك یان بنەماڵەیەكەوە دەبرێتە ڕێوە و سیستەمێكی داخراوە و هیچ نرخ و بەهایەك بۆ ئازادیەكان و ڕای جەماوەری تیادا نابێتەوە و تەنها لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانی گروپی دەسەڵاتداردا هەموو ڕێگاو شوێنێك دەگرێتەبەر بۆ درێژەدان بە دەسەڵات و خوێنڕشتن و گەندەڵی و وڵات وكۆمەڵگا لە كەسێتی سەركردەو بنەماڵەدا كورت دەكرێتەوەو هیچ بەهایەكیش نیە بۆ مافەكانی مرۆڤ و بە ئاگر و ئاسن وڵات بەڕێوەدەبرێت و تاك و كۆمەڵگا هەمیشە لەترس و دڵەڕاوكێدا ژیان بەسەر دەبەن و تاك و كۆمەڵگایەكی بەرخۆر و بێخێریان لێدەردەچێت .
زۆرێك لەو سیستەمانەمان بینیوە و كۆتاییەكانیشیان هەمیشە لەسەر دەستی جەماوەری گەلەكانیان نەخشێنراوە بە كوشتن و لە سێدارەدان لەئەنجامی ڕاپەڕینی جەماوەریەوە ، نزیكترین نمونەش ڕژێمەكەی بەعسی صدام حسین و موعەمەر قەزافی لیبیاو حوسنی موبارەكی میسر و علی عبدالله ساڵحی یەمەن و بەشار ئەسەدی سوریا و زۆرێكی تر لە ڕژێمە بنەماڵیەكانی ناوچەكە و دونیاش .
* جۆری دووەمی سیستەمی حوكمڕانی بریتیە لە سیستەمی دیموكراسی و لیبڕاڵ و و سۆشیال دیموكراتەكان ، كە لەم سیستەمەدا سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بریتیە لە ڕای جەماوەر و دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیستەمی پەڕلەمانی و پێكەوەكاركردن ، لەم سیستەمەدا ڕێز لە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان دەگیرێت و جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و كەلتوریەكان ڕێزلێگیراون و سەرجەم مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكان و سەروەری یاسا پارێزراون و تاڕادەیەكی باش عەدالەتی كۆمەڵایەتی چەسپێنراون و ژیان و گوزەرانێكی پڕ شكۆ و كەرامەت بۆ تاك و كۆمەڵگا دابینكراوە و دەوڵەتی ڕەفاه پێكەوەنراوە و تاك و كۆمەڵ لە ئارامی و ئاشتیدا ژیان دەگوزەرێنن و تاك و كۆمەڵ دەبنە داهێنەر و پێشكەوتووخواز . لەم سیستەمەدا گەر كەموكوڕی و گەندەڵیش هەبێت ئەوا زۆر كەمەو و بەپێی یاسا چارەسەر دەكرێن .
كۆمەڵگا كۆمەڵگایەكی كراوە و پێشكەوتوو ئازادیخوازن و دەسەڵات لای زۆرینە و نوێنەرانی گەلن و هیچ حیزب و سەركردە و بنەماڵە و گروپێك دەسەڵات قۆرخ ناكەن و لەم سیستەمەدا جێگەی خۆسەپاندن و قۆرخكاری و تاكڕەوی نابێتەوە .
* ئەوەی كە لێرەدا مەبەستمانە هەڵوێستەی لەسەر بكەین بریتیە لە سیستەمی سیاسی دیموكراسی ، چونكە لەم سیستەمەدا دوو جەمسەری هاوكێشەی سیاسی بونی هەیە كە ئەوانیش دەسەڵات لەلایەك و ئۆپۆزسیۆنیش لەلایەكی ترەوەن ، ئەم دوو جەمسەرە بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراسیانە و دوور لە پەنابردن بۆ كاری توندوتیژی كاری سیاسی خۆیان دەكەن و هەموو ئامانجیشیان خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگاكانیانە نەك قۆرخكردنی دەسەڵات و مانەوەیان بۆ زۆرترین كات ، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دوو جەمسەری هاوكێشەیەكن كە هەركاتێك هەركامیان بەهێزبوون دەبنە هۆی گۆڕانكاری گەورە بە ئاڕاستەی باش و خزمەتكردن بۆ گەلەكەیان ، لەلایەك دەسەڵات باشترین خزمەت پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی ببێتە جێگە متمانەی جەماوەر و پاڵپشتیكردنی بۆ ئایندە , لەولاشەوە ئۆپۆزسیۆنیش كار دەكات لەسەر ئاشكراكردن و دەرخستنی كارە هەڵە و گەندەڵ و كەموكوڕیەكانی دەسەڵات بۆ ئەوەی سۆز و دەنگی جەماوەر بۆخۆی كۆبكاتەوە و وەكو چاودێرێك وایە بەسەر كاری دەسەڵاتەوە ، هەردوولاش بە پێی یاساكانی وڵاتەكانیان ڕێز لەكار و ئەركی یەكتر دەگرن و هیچ كاتیش سەیری یەكتری ناكەن وەك دوژمن و ناحەز ، بەڵكو كاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بریتیە لە ململانێیەكی شەریف و تەندروست كە لەكۆتایدا بەبەرژەوەندی گەلەكەیان تەواو دەبێت .
* هیچكات دۆڕاندن و دەرچوون لە دەسەڵات وبوون بە ئۆپۆزسیۆن مانای بچكوبونەوە و مردن و كۆتایهاتنی حیزب و ململانێ ناگەیەنێت بەڵكو بریتیە لە دانی باجی هەڵە و كەموكوڕیەكانی سیاسەت و سەركردە سیاسیەكانی حیزب ، و خۆئامادەكردن و خۆ ڕێكخستنەوەیە بۆ قۆناغێكی نوێ بە شێواز ومیكانیزمی نوێوە بۆ گەیشتنەوە بەدەسەڵاتی سیاسی بەمەبەستی جێبەجێكردنی بەرنامە و تێڕوانینی حیزبەكەیان لە پێناو زیاتر گەشەكردن و پێشكەوتن و خزمەتكردنی جەماوەرەكەیان . لەم ڕاستیانەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هەمیشە سیستەمێكی سیاسی دیموكراسی و كراوە و ئازاد گرەوی مێژووی بردۆتەوە و لەگەڵ بۆچوون و حەز و خولیاو ئارەزوەكانی تاك و كۆمەڵدا یەكدەگرێتەوە و سەرجەم داهێنان و پێشكەوتنە مرۆڤایەتیەكان و شارستانێتیەكانیش هەر لەسایەی ئەم سیستەمەدا هاتوتنەتە دی، نمونەش سەرجەم كۆمەڵگاكانی ئەوروپا و ئەمریكا و یابان و … هتد.
* پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئەرێ سیستەمی سیاسی حوكمڕانی كوردستان لەم قۆناغەدا بەرەو كوێ ؟
تاكڕەوی یان دیموكراسی ؟
گەڕانەوە بۆ دواوە یان هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی گەشتر؟
كورت و كرمانجی ، بەداخەوە هەر لەسەرەتاوە و لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991ی گەلەكەمان و هەڵبژاردنی یەكەمین پەڕلەمان لە مێژووی گەلەكەماندا و دواتر دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ، بەهەڵە دەستپێكرا و ئاڕاستەكەشی هەر بەهەڵە ڕێڕەوی خۆی گرت لەسەر تێڕوانین و هەڵە بیركردنەوەی سەركردە سیاسیەكان و ململانێ ناشەریفانەكانی حیزبە سیاسیەكان و ئەمەش بەهۆی نەبونی ئەزمونی حوكمڕانی و خولانەوە لەناو بازنەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا كە زۆر دوورە لەشەرعیەتی هەڵبژاردن و جەماوەرەوە كە بەداخەوە تا ئێستاش زۆرێك لە حیزب و سەركردە ( موخەزرەمەكان ) لەكەشوهەوای شۆڕش و ڕاپەڕیندا دەژین و بیردەكەنەوە و زۆرجارانیش پەنا دەبەنەوە بۆ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خۆیان بە میراتگری هەموو دەسكەوت و داهێنانەكان دەزانن و ڕازینابن كە توانای نوێ و عەقڵ و جەستە و بیری نوێ بێنە پێشەوە و سەركردایەتی ئەم قۆناغە نوێیە بگرنە ئەستۆ .
ململانێی ئێستا لەنێوان دوونەوەی شۆڕشگێڕی دوێنێ و نەوەی ئێستای دیموكراسیخواز و پێشكەوتوخواز و داهێنانە نوێكان دایە . بەداخەوە سیستەمی سیاسی لە كوردستاندا شێواوە و شێوێنراوە و هێز و سەركردە هەیە كە گەرەكیانە سیستەمێكی تاكڕە و قۆرخكار و داخراو وشمولی بچەسپێنن كە تەنها حیزب و سەركردە بڕیار لەگەورە و بچوك و قەدەری 5ملیۆن كەس بدەن و ئەوەشی بەلایانەوە گرنگە تەنها پاراستنی بەرژەوەندی و دەسكەوتی خۆیانە نەك جەماوەر ، لەبەرامبەردا هێز و سەركردەو لایەنی تریش هەن بەپێچەوانەوە كاردەكەن و گەرەكیانە گۆڕانكاری و چاكسازی نوێ بكەن لەتەواوی سیستەمی حوكمڕانی و سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات و ئیدارەی حكومەتی هەرێمدا.بە ئانجی گەیشت بە ئاستی حوكمڕانی گەلانی پێشكەوتوی سەردەم و پێشكەشكردنی نمونەیەكی گەش و جوان لە ناوچەكەدا .
ئاشكرایە ململانێیەكی ئاوها ناكرێت كە هەردوولای هاوكێشە سیاسیەكە ( دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) لەناو یەك بازنەی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆندا بن ، بەڵكو دەبێت لایەكیان لە دەسەڵات و ئەویتریان لە ئۆپۆزسیۆندا بێت، وەك سیستەمێكی سیاسی ئاسایی لە وڵاتدا , بەڵام لە كوردستاندا ئەو حیزب و سەركردەیەی كە تامی شیرنی كێكی دەسەڵاتی كرد ئیدی نایهەوێت یان دەترسێت بچێتەوە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن و درێژە بەكاری سیاسی خۆی بدات ، لەلایەك دەسەڵات لەم هەرێمەدا هەمیشە هێندە كاری كردوە لەسەر بچوككردنەوەی حیزبەكانی تر نیوهێندە كاری بۆ دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی جەماوەر نەكردوە بۆیە هەموو حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن دەترسن كە ببنە ئۆپۆزسۆن چونكە دڵنیان كە زیاتر بچوك دەبنەوە ، بەڵام ئەمە تێڕوانینێكی هەڵەیە و ناكارایی ئەو حیزب و سەركردانە دەسەلمێنن ، چونكە هەر كات ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و كارا هەبوو ئەوا بەدڵنیایی دەسەڵاتێكی لەرزۆك و ترسنۆكیش دەبێت ، چونكە ناكرێت لەیەك كاتدا هەم ئۆپۆزسیۆن بەهێز بێت وهەمیش دەسەڵات ، چونكە سروشتی ململانێكە كاركردنە لەسەر هەڵە و كەموكوڕی یەكتری ، جا هەر لایەك توانی هەڵە و كەموكوڕی لاكەی تر پیشانی جەماوەر بدات ئەوا سۆز و دەنگی جەماوەر بەدەستدێنێت و گرەوی هەڵبژاردن و دەسەڵاتیش وەدەستدێنێت. بۆیە لەم قۆناغەدا كە ململانێكان زۆر توندبونەتەوە و بۆتە هۆی پەكخستنی پەڕلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم ، پێویست بەوەدەكات كە هەموان ململانێیەكی شەریف و تەندروست بكەن بەئامانجی بەهێزكردن و چەسپاندن و پتەوكردنی دامودەزگا شەرعیەكانی هەرێم نەك پەكخستن و خۆسەپاندن و زاڵكردنی ئیڕادەی لایەك بەسەر لایەكی تردا ، هەموان وەكو یەك بەرپرسیارن لە دۆزینەوەی چارەسەر و دەربازكردنی ئەم دەسەڵاتە لەم تونێلە تاریكەدا ، هیچ لایەك نابێت خۆی بەدوور بگرێت و ڕۆڵی تەماشاكار ببینێت ، چونكە گۆڕانكاریە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی ناوچەكە زۆر لە توانا و چاوەڕوانی ئێمەی كورد گەورەترن و ناكرێت بەهیچ بیانویەكەوە ناوماڵی كورد و دامودەوزگا شەرعیەكانی پەكبخرێن و نەتوانین خۆ ئامادە بكەین بۆ ئەو گۆڕانكاریانە كمە سەرجەمیان ناوچەكە و كوردستان گۆڕەپانی سەرەكی ڕووداوەكانیانن .
هەموان دەبێت زیاتر نەرمونیانتر بن لەبەرامبەر یەكتردا و لەپێناو بەرژەوەندی دەسەڵات و گەلەكەماندا هەندێك لەداواكاری و داخوازیەكانیان كەمبكنەوەو هەوڵبدەن بگەنە یەكتری ، بەپێچەوانەوە ئەوەی هەمانە و نیمانە لەدەست هەموان دەچێت ، بۆیە لەم هەرێمەدا گەرەكە سیستەمێكی سیاسی ئاسایی كە هەردوو جەمسەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تیادا بێت كە حوكمڕانێتی و شەرعیەت و جەماوەرێتی بە یاسا ڕێكخراوبن دەسەڵاتێكی خاكی وچەسپاو و پتەو بنیاتبنێین كە كەس و سەركردە و لایەنەكان نەتوانن بۆ ئامانج و بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵاتەكانیان بەكاریبێنن ، دەبێت هەموان دەسەڵات بۆ خزمەتكردن و وەكو ئەرك و وەزیفە سەیر بكەن نەك وەك میراتی بۆ ماوەو بە مافی هەتاهەتایی خۆیانی بزانن ، گەر وانەكەین ئەوا ئایندەیەكی ناڕون و سیستەمێكی تاكڕە و سەپێنراو چاوەڕوانی نەوەكانی داهاتوو دەكات وەك هەموو دەسەڵاتە تاكڕەوەكانی ناوچەكە وئایندەشمان وەك ڕابوودوومان تاریك و ڕەش خوێناوی دەبێت و كۆمەڵگایەكی دواكەوتوو و هەژار و بەرخۆر و بێخیریش دروست دەبێت .
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts