نەبەز گۆران : حەزدەكەم بنووسم ـ كەی دەمرین !
بەشێكی زۆری مرڤی كورد زۆر سادەن . لانی كەم ، ئەوانەیان زۆر سادەن تا ئێستا من دیومن . ئەگەرچی زۆر باسی ئازادی دەكەن ، بەلام باس لە شوێنێكی شاراوەیان بكە ، ئازادییەكەیان دەبێتە پەرچەكردارێكی كلتووریی !
ڕەنگە بێدەنگی هونەربێت ! هەڵبەت ئەو بێدەنگیەی بۆ بیكردنەوەیە ، نەك ئەو بێدەنگیەی بۆ رازی بوون و ، چاوپۆشیە لەو نادادییەی لە دەوروبەردا روودەدەن .
ئەگەرچی من ئەو هونەرە باش شارەزانیم ، هەر لەبەر ناشارەزایم لەو هونەری بێدەنگییە ، جار بەجار چنگێ وشە لە تورەكەكەی خۆم دەر دەهێنم و ، دەیانخەمە سەر تیانووسێك .
من هێشتا نازانم نووسین چیە ! لەوانەیە ئەسڵەن نووسین خۆی بێدەنگی بێت . لەوانەشە جۆرێك بێت ، لە بەرگە نەگرتنی ژیان . یان هاوارێك بێت ، دەنگی زیاتر بێت لە دەنگی بۆمبێك . ئەشێت واش نەبێت و ، تەنها ئارەزوێك بێت لە ئارەزوەكانی مرۆڤ ، پێدەچێت هیچیان نەبێت و هونەرێك بێت ئەوانە پەی پێببەن ، هاورێی كتێبە باشەكانن . هەرچی بێت ، وەك هەندێك مرۆڤی كورد دەڵێن : ( بەهرە ) ، بەهرە نیە .
هەركەسێك زۆر بخوێنێتەوە ، باش دەنووسێت . ئیدی هەریەكە و تایپی خۆی هەیە بۆ نووسین . كەسانێك زۆر ئاڵۆزن ، كەسانێك زۆر سادە ، كەسانێك زۆر قوڵن ، كە سانێك كەمتر ، كەسانێك هەناسەیان كورتە ، كەسانێك درێژ . كەسانێك بە ئەزموونن ، كەسانێكی كە بێ ئەزموون . لە هەموو حاڵەتێكدا كۆكردنەوەی كۆمەڵێك وشە ، رستەیەكی لێ دەردەچێت ، ئیتر ئەو رستەیە ماناداربێت ، یانا ، قوڵبێت ، یانا ، رستەیەكە و وەك رستە سەیردەكرێت .
هەندێكجار لەبەر خۆمەوە دەڵێم :
ئەسڵەنە لە رابردوو لە ئێستادا بۆچی دەنووسرێت ؟! باشە ئەگەر جوانترین درەخت بخەیتە ناوجەنگەڵێكەوە ، ئاخری لەبری ئەوەی جەنگەڵەكە جوانبكات ، خۆشی نابێت بە تەواوكەری جەنگەڵەكە ؟
سەیركە ..
كاتی خۆی ( مەولانا نەقشبەندی ) یان ، هێندە ئازاردا ، رۆیشت . هەتا ئەو رۆژەی نەمرد ، نەیانزانی چ چرایەك بوو ، بۆ ئەم مەملەكەتە تاریكە !
زۆری پێنەچوو ، هێندە ئازاری ( مەحوی ) یاندا ، تا هاواری لێهەڵساو وتی :
” بێ كەس منم ، كەسێك نیە لە زمانم بگات !”
هەر پاش ئەو ( گۆران ) ی شاعیریان ، كردە ئەو شەیتانەی پێكەوە بەردی تێبگرن .
( دڵداری شاعیر ) لەسەر شەقامێك مرد . ( حاجی قادر ) رایكرد . ( پیرەمێرد ) رایكرد .
چیان بە ( شێركۆ بێكەس ) نەوت ؟! ئێستا چی ماوە بە ( بەختیار عەلی ) نەڵێن ؟
( مودەریس ) ئەو پیاوەی ، هەموو میراسی ئەدەبی بۆ رونكردینەوە ، مرد ! یەك شوێن نەهات ئەم خەزێنە گەورەییە بەسەر بكاتەوە !!!
( مەستۆرە خانم ) زادگەی خۆی جێهێشتوو ، هات لەم غەریبیە بە بێ كەسی مرد ، كەسێك لایەكی لێ نەكردەوە .
ئەم چەند نمونەیە ، باسكردنی ئەو دەنگانەیە ، لەناو چەنگەڵێكن . یان باشتر بڵێین : ئەو درەختانەبوون ، جەنگەڵەكەیان پێ نەگۆڕا ، بەڵام باشیەكە ئەوەبوو خۆیان نەبوونە جەنگەڵ و بە جوانی خۆیان مانەوە . دیارە لای من وایە ، رەنگە لای كەسێكی كە وانەبێت و ، هەر بۆشی گرنگ نەبێت باسی چی دەكەم .
پرسیارە بێزاركەرەكە ئەمەیە : ئەگەر بریاربێت نووسین كاریگەری لەسەر مرۆڤەكان هەبێت ، بۆچی ئەم هەموو دەنگە لەناو ئێمەدا هەبوون و هێشتا لە شوێنێكی زۆر خراپداین ؟
چۆن زۆر خراپ ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە ، كاتێك دەبینی ، نووسەرێك ، رۆژنامەنووسێك ، شاعیرێك ، چیرۆك نووسێك ، بابەتێكی خۆی لە وارگەیەك بڵاو دەكاتەوە ، یەك لەشكر لە خوارەوە ، هەرچی وشەی ناشیرینە بەرامبەری بەكاری دەهێنن ! باشە بۆچی وایە ؟ هۆكەی چیە ؟ كلتوورە ؟ مرۆڤە سادەكەیە و دەست بۆ شوێنێكی شاراوەی براوە ، بۆیە هاربووە ؟ ئەی بۆ قسە لەسەر دەقەكە ناكەن و پەڕ دەدەنە كەسەكەوە ؟
كاتێك ئەو دۆخە دەبینی ، توشی شۆك دەبیت و ، راستەو خۆ لە شوێنی خۆتەوە دەڵێت : خودایە من لە چ شوێنێكم ؟!
رۆژانە چەندین مرۆڤ دەبینی ، چ بە دەمامكەوە ، یان بە بێ دەمامك، عەزیەتییان كێشاوە و هاتوون بوون بە هاورێی دیوارەكەت . یەكەم رستە بۆت دەنووسن ، چی ویشەی خراپە كۆی دەكەنەوە و ئاراستەی خودی خۆت و خێزانەكەتی دەكەن ! ئێ خۆ نابێت هیچ بڵێیت جگە لەوەی پێی بڵێیت :
” بەرێزەكەم .
من هیچت پێناڵێم ، بەس دورت دەخەمەوە ، چونكە بەراستی من نەخۆشخانەم دانەناوە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكەی تۆ . من دیوارم داناوە بۆ گفتوگۆ و رەخنە . ئەگەر ئازادی وا تێگەیشتووی لەبری بابەت ، پەلاماری نووسەرەكە ، یان كەسە نزیكەكانی نووسەرەكە بدەیت ، باشترە هەر لە ئازادی تێنەگەیت . ئەگەر رەخنەش بە جنێودان بە كەسەكان و خزمەكانی تێگەیشتووی ، باشترە هیچ نەڵێیت ، چونكە ئاستی تێگەیشتنت هێندە بەدبەختانەیە ، دەبێت بچیتەوە بۆ شوێنەكەی خۆت ئێرە شوێنی تۆ نیە . ئیتر هەركەسێكیش ئەمەی پێناخۆشە ، كەیفی خۆیەتی .”
هەمیشە بۆ ئەوەی جیهانەكەی خۆت بپارێزی ، تاقە رێگا دوركەوتنەوەیە لەوانەی ، بە جیهانێكی پیسەوە دەیانەوێت بێنە ناو جیهانەكەتەوە .
با وا دانێین ، تۆ ماڵەكەت ، یان ، دیوارەكەی خۆت دەپارێزیت . ئەی چی لەوانە بكەیت , لە هەموو شوێنێك هەر سەرقاڵی ئەوەن لەگەڵ جیهانەكەی خۆیاندا جیهانی ئەوانی تریش وەك هی خۆیان وێران بكەن ؟
بەراستی رەنگە حەقمان بێت ، بپرسین :
كەی دەمرین ؟!
لەو شوێنەی كە خەریكە دەبێت بە جەنگەڵ ، مردن ژیانە . ئەتوانین ددان بەوەدا بنێین ، كە بەشێكی زۆری مرۆڤی كورد زۆر سادەییە ، لانی كەم ئەوانەی من دەییومن سادەبوون و لە ساتێكی زۆر كەمدا ، كە دەستم بردبێت بۆ دونیا شاراوەكەی خۆیان ، بونەتە ئەو بكەرە كلتوورییەی كە هەرگیز ئامادەنیە ، بازێك بەسەر پەرژینێكدا بدا .
نووسەرانی ئێستا و ئەوانەی پێشوش ، كۆششی زۆریانكرد تا فەرهەنگەكەمان گەورەتربكەن . ئەما زۆر ، زۆری ماوە بتوانین بڵێین :
ئێمەش نوخبەكانمان نا ، زۆرینەمان جوان بیردەكەنەوە .
ئەگەر ئەمە نائومێدی بێت ، ئەم نائومێدییە لە دیوارە كۆمەڵایەتیەكاندا بە باشی دەبینرێت . لەوانەیەش هەموومان بمرین و نەبینین ئەو فەرهەنگە گۆرانكاری زۆری بەسەردا هاتبێت . دوای ئەو هەموو دەنگە جوانە ، ئێستا ئاوایە ، دەبێت دوای ئەم جیهانی تەكنۆلۆژیایە چی بەرهەم بێت ؟
باشترە پێش ئەوەی ئەوە ببینین بنووسین : كەی دەمرین !
– تێبینی :
سڵاو شكۆ بۆ خوشك و دایكی ( رۆژنامەنووسان ، نووسەران ، شاعیران ، چیرۆك نووسان .) چونكە بە هۆی وشە و نووسینەوە ، لەلایەن توخمێكی بێ مێشكەوە ، بەردەوام جنێویان پێدەدرێت .
– وشەی ( سادە ) لێرەدا بە واتای ( كەم زانیاری ) بەكار هاتووە .
سەرچاوە ـ فەیسبوکی نوسەر
تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر