عەتا قەرەداخی : سلێمانی لە نێوان شارو بوون بە پایتەختی رۆشنبیری و نامۆبووندا .
سلێمانی یەکێکە لە شارە نوێیەکانی کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش . بە پێی زۆرێک لە بۆچوونەکان کاتێ میرانی بابان شاری سلێمانیان بیناکرد بە مەبەستی ئەوە بوو کە بیکەن بە پایتەختی میرنشینەکەیان . شێوازی بیناسازی و نەخشەی بنەڕەتی شار بە شوێنی درووستکردنی گەڕەکەکان و مزگەوت و بازاڕو گەرماوو ئاوو ئاوەڕۆوەکانەوە جۆرە نوێکارییەکی تێدابووە . کە زیاتر جۆرێک بووە لە شێوازی بیناسازی شار ئەگەرچی ئەو شێوازە سادەش بوو بێت .
دیارە ئەوە ئاشکرایە کە لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە شار لە ئەنجامی گواستنەوەی کۆمەڵگە لە قۆناغی ژیانی لادێ یان قۆناغی ئابووری فیودیالیەوە بۆ قۆناغی ئابووری سەرمایەداری درووست دەبێت کە لە ئەنجامی ئەو پەرەسەندنەدا شار ھێزی کار لە لادێوە بەرەو لای خۆی رادەکێشێت و لەو سەروبەندەشدا بازاڕی ناوخۆو بازاڕی ھاوبەش و چینی ناوەند درووست دەبێت کە ئەو چینەش بەرھەمھێنی کەلتووری شارو عەقڵی شارەو بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردیش کە لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە داگیرکراوو دابەشکراوبووە،درووستبوونی چینی ناوەند ، ئەگەر درووست ببووایە، رۆڵی دیارو لەبەرچاوی دەبینی لە ھەڵگرتنی ئەرکە دیموکراسیەکاندا کە مەسەلەی نەتەوایەتیش دەکەوێتە ئەو رووبەرەوە . بۆیە دەشیا لەگەڵ درووستبوونی شاردا ئەگەر شار لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا درووست ببووایە ، چینی ناوەند ببووایەتە خاوەن و ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کوردی و لەو سەروبەندەشدا کورد بە ئاراستەی رزگاربوون و سەربەخۆیی ھەنگاوی بنایە و لەبارێکی وەھاشدا ئەو شارەی کە بابانەکان درووستیان کرد تا بیکەنە پایتەختی میرنشینەکەیان ، ئەوا ببوایەتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی . بەڵام دیارە سلێمانی سەرباری ئەوەی کە وەھا درووستکراوە کە ببێتە پایتەختی میرنشین بەڵام خاسێت و سیفاتەکانی شاری وەکو شارێکی سرووشتی ھەڵنەگرتووەو تەنانەت ئێستاش پاشی تێپەڕبوونی دوو سەدو بیست و حەوت ساڵ بەسەر درووستکردنیدا تاکو ئێستاش لە گەوھەردا زیاتر لەوەی خاسێتەکانی شاری ھەبێت خاسێتەکانی گوندی ھەیەو تاکو ئێستاش سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە پێی ناوچەو خێڵ و عەشیرەتەکانی ئەو رووبەرە جوگرافیایەی کە پێی دەگوترێت سلێمانی، دابەشکراوە .
میرنشینی بابان دوای گواستنەوەی بۆ پایتەختی نوێی کە سلێمانی بووەو بە تایبەتیش سێ دەیەی کۆتایی تەمەنی میرنشینەکە ، دەبێتە زەمینەی دوو دیاردەی دیارو لەبەرچاو کە تاکو ئێستاش کاریگەری و ئاسەواری ئەو دوو دیاردەیە نەک تەنیا بەسەر سلێمانییەوە بەڵکو بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە دیارو لەبەرچاوە . یەکەمیان بوونی سلێمانییە بە زەمینەی نوێ بوونەوەی رێبازەکانی تەسەوفی نەقشبەندی و قادری و زیاتر ئاشکرابوونی ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەو دوو رێبازە کە لە گەوھەردا بریتی بووە لە ناکۆکی و ململانێی فیکری و ئایینی کە لوتکەی ھەرەمی دەسەڵاتی بابانیش دەوری دیاری ھەبووە لە زیاتر برەو پێدانی ململانێکەداو سەرئەنجامیش پشتگیری کردنی لوتکەی دەسەڵاتی میرنشین لە شێخ مارفی نۆدێ و لە رێبازی قادری بوونەتە ھۆی ئاوارە بوونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و تا ئەندازەیەک لەباربردنی بۆچوونەکانی مەولانا کە دەشێ وەکو پرۆژەیەکی بە ئاکام نەگەیشتوو لێی بڕوانرێت. کەواتە دەشێ وەھا سەیر بکرێت کە سلێمانی لە سێ دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەمدا زەمینەی ململانێی فیکری بووەو تەنانەت دەشێ وەھاش لێکبدرێتەوە ھەر لەو قۆناغەدا تووندو تیژی فیکری و تەنانەت ھەوڵیش بۆ جۆرێک لە تیرۆری فیکری لە سلێمانیدا دەرکەوتووە کاتێ کە ھەوڵی کوشتنی مەولانا دراوە .
دووەم دیاردەی لەبەرچاو لە سێ دەیەی دوایی تەمەنی میرنشینی باباندا دەرکەوتنی بەرھەمی داھێنەرانەی شیعری کوردییە لە سنووری ئەو میرنشینەداو بە تایبەتیش لە سلێمانیدا کە ئەویش لەسەر دەستی شاعیرانی بابان، نالی و سالم و کوردیدا بووە کە بە سێ کوچکەی بابان ناسراون. ئاستی داھێنانی ئەم شاعیرانە بە جۆرێک بەرزو نایاب بووە کە لە مێژووی شیعری کلاسیکی کوردیدا دیارو لەبەرچاو بووەو تاکو ئێستاش وەکو ئەزموونء ئاستێکی بەرز لە داھێنان سەیر دەکرێت. ھەرچەندە لە راستیدا ئەزموونی شیعری سێ کوچکەی بابان سەرباری ئاستی باڵای داھێنان تیایدا لە رووی جیھانبینی شیعریء بەرھەمھێنانی شیعرێتەوە، بەڵام جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ نێو کەلتوورو ھونەری شیعری کلاسیکی عەرەبی و فارسی تێدایە بە تایبەتی لەو سەردەمەدا زمانی شیعری کوردی شووناسێکی تایبەتی ھەبوو کە بە شێوەزاری گۆرانی و بە کێشی پەنجە بووە کە ئەویش کێشی گاتاکانی ئایینی زەردەشتیە کە وەک ئاشکرایە ئەو ئایینە پێشتر پەیامی رۆحی کورد بووەو کێشی گاتاکانیش ھەمان کێشی فۆلکلۆری کوردییە کە ئەوەش جۆرێک لە رەسەنایەتی شیعری شێوەزاری گۆرانی نیشان دەدات و ئەم شێوازە زیاتر پەیوەستە بە گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە. نالی و ھاوڕێکانی لە زمان و کێش و بینای شیعریدا کودەتایەکیان بەسەر ئەو شێوازەدا کرد کە زیاتر سیمای کوردیبوونی ھەبوو، لە بری ئەو گەڕانەوە بۆ بەکارھێنانی کێشی عەرەبی کە کێشەکانی خەلیلی ئەحمەدی فەراھیدییە. ھەروەک لە ھەندێ کاتیشدا گەڕانەوە بۆ مەسنەوی فارسی دەبینرێت کە ھەردوو حاڵەتەکە ئاراستەیەکە بە پێچەوانەی ئاراستەی بیناکردن و بەرھەم ھێنانی گوتاری نەتەوەیی کوردییەوە کە لە شیعری شێوەزاری گۆرانیدا خۆی دەبینیەوە. بەڵام دیارە لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی داھێنانی شیعری کلاسیکی کوردی لەم قۆناغەدا بە گشتی و لە لای نالی بە تایبەتی تاکو ئێستاش بە جۆرێک بەرزو باڵا بووە کە بووەتە جێگای سەرنج و لەسەر ئاستی کوردستانیش لایەنگرو شوێنکەوتووی زۆری بۆ درووستبووە بە جۆرێک دواتر لە لایەن ئەو کەسانەوە کە ھەوڵی نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردییان داوە ئەم شێوازە شیعرییە بە قوتابخانەی شیعری بابان ، یان سلێمانی ناوبراوە، کەواتە ھەر لەسەردەمی باباندا بە جۆرێک لە جۆرەکان سلێمانی خۆی وەکو پایتەختی رۆشنبیری کوردی پێشکەش کردووە. ھەڵبەت ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە شارو شارۆچکەو گوندەکانی تری کوردستان ھیچیان پێشکەش نەکردووەو ھەموو شتێ ھەر سلێمانی بووە ، نەخێر بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە پێگەی سلێمانی لە بواری رۆشنبیری کوردیدا لە کوێدابووە.
لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیھانیدا سلێمانی دەبێتە ناوەندی راپەڕینەکانی شێخ مەحمودی حەفید کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی راپەڕینەکانی کورددا، داوای پێکھێنانی حکومەتی کوردی لە باشووری کوردستان دەکرێت . راستە پێشتر شێخ عوبەیدوڵای نەھری و دوای ئەویش شێخ عەبدولسەلامی بارزانی داواکاری جۆرێک لەسەربەخۆیی سنوورداریان بەرزکردۆتەوەو خەباتیان لە پێناودا کردووە بەڵام داواکارییەکانی شێخ مەحمود لەسەر زەمینەی واقیع و لەسەر جوگرافیای سلێمانی جێبەجێ کراوە ئەگەرچی دواتر بەھۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئینگلیزەکان و جووتبوونی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ عەرەبی عێراق بووەتە ھۆی ھەرەس پێھێنانی حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمود بەڵام لە رووی مێژووییەوە ئەو حوکمڕانییە بایەخێکی زۆری ھەیەو وەکو سەرەتایەکی بەھێزی داواکاری ناسیونالیستانەی کورد سەیر دەکرێت، ئەگەرچی لەو قۆناغەدا ناسیونالیزمی کوردی لە ئاستێکی ھێجگار لاوازیشدا بووە. ھەر لەسەروبەندی دەسەڵاتدارییەکەی شێخ مەحموددا چالاکی رۆشنبیری لە سلێمانیدا دەرکەوتووەو رۆژنامە دەرکراوە کە نوخبەیەک لە رۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە لەو بوارەدا رۆڵیان ھەبووە .
سلێمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بووەتە زەمینەی نوێبوونەوەی شیعری کوردی بە جۆرێک تاکو ئێستاش کاریگەری ئەو تازەگەرییە شیعرییەی لە سلێمانی و کە لە لایەن چەند شاعیرێکەوە دەستی پێکردو گۆرانی نەمر بووە کارەکتەری سەرەکی و رابەری ئەو بزووتنەوە شیعرییە کە گواستنەوە بوو لە شێوازی کلاسیکەوە بۆ شێوازی نوێ ، جۆرێک بووە لە دابڕان لە مێژووی کەلتووری کوردیدا و ئەم گۆڕانکارییە لە شیعری کوردیدا لە ماوەیەکی کورتدا جوگرافیای کوردستانی گرتەوەو لە شوێن و جیگاکانی تری کوردستانی گەورەدا شاعیرانی تر بەشداری ئەو رەوتە نوێیەیان کرد کە لە سلێمانییەوە دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٩لە سلێمانی گۆڤاری گەلاوێژ دەرچوو کە بۆ ئەو قۆناغە رۆڵێکی دیاری ھەبووە لە بواری رۆشنبیری کوردی و پەرەپێدانیدا . ھەروەک چەندین رۆژنامەو گۆڤاری تر لە سەدەی بیستدا لە سلێمانی دەرچوون و چەندین کتێب چاپکراوەو ھەر لە ساڵی بیستەکانەوە چاپخانە ھێنراوەتە سلێمانی و زۆرێک لە خوێندەوارانی ئەو قۆناغە لە دەوری چاپخانەو رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەکان کۆبوونەتەوە و بە ئاشکرا ھەستکراوە کە بزووتنەوەیەکی دیاری رۆشنبیری لەم شارەدا ھەیە. کاروانی نوێی شیعری کوردیش واتە نەوەی دوای گۆران پێیەکی بەھێزی لە سلێمانی بووە ئەویش شانبەشانی رابەرانی تری شیعری نوێی کوردی لە جێگاکانی تری کوردستان شێوەی بزووتنەوەیەکی دیاری وەرگرتووە .
لە بواری چیرۆکدا گۆڤاری گەلاوێژ بووەتە مینبەرێکی باش بۆ برەودان بە بڵاوکردنەوەی ئەم ژانرە نوێیە ئەدەبییە کە دواترو لە ساڵانی پەنجاکان بۆ دواوە ئەم ژانرە ئەدەبییە لە کوردستاندا گەشەی کردووەو لەو رووەشەوە سلێمانی وەکو ناوەندێکی رۆشنبیری لە کوردستاندا رۆڵێکی دیاری ھەبووەو شانبەشانی محەمەد مەولود مەم، حسێن عارف پێشەنگی ئاستی داھێنانی چیرۆکی ھونەری کوردی بووەو دوای مێژوویەکی درێژی ئەدەبی لادێ یان کۆمەڵگەی لادێ لێرەوەو لای حسێن عارف ئەدەبی شار دەست پێدەکات، بە دوای ئەویشدا چەندین ناوی تر بەشداری دیاریان لەو بوارەدا کردووە. سەرەتای حەفتاکان کاتێ ململانێ و گفتوگۆی ئاشکرای نێوان ئاراستە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکان لە کوردستاندا بەرەو فۆرمەلەبوون دەچوو کە بزووتنەوەی روانگە لەو رووەوە دیاربوو ، ھێزی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە لە سلێمانی بوو. لە رووی سیاسیشەوە زەمینەی پێکھێنانی کۆمەڵەی رەنجدەران وەکو رێکخراوێکی نوخبەی رۆشنبیر کە دەیوویست لە ژێر ھەژموونی پارتی و شێوازی سەرکردایەتی ھەرەمی و تەنانەت کاریزمی نێو پارتی بێتە دەرەوە. کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان پێگە سەرەکیەکەی لە سلێمانی بوو کە دواتر رۆڵی دیارو لەبەرچاوی لە بواری رۆشنبیری سیاسی و شۆڕی چەکداری و بەرگریکردن لە کوردو مافە رەواکانیدا بینی. لە بوارەکانی ھونەردا دیسان شان بەشانی شارو شوێنەکانی تری کوردستان سلێمانی ئامادەبوونێکی دیاری لە کوردستاندا ھەبووە .
سەرباری ھەموو ئەمانە سلێمانی لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا پێگەیەکی دیاری ململانێ سیاسیەکانء ناکۆکیە فیکری و سیاسی و حیزبیەکان بووەو ھەمیشە وادەردەکەوێت کە شارێک بێت پڕ لە جوڵەو ناکۆکی و ململانێ. لەسەرەتای سەدەی نۆزدەوە چۆن زەمینەی دوو رێبازەکە بوو ، بەھەمان شێوە ئەو دیاردەیە لە دوای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقی و لکاندنی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتەوە لە نێو گروپ و دەستە کۆمەڵایەتی و فیکری و حیزبییەکانی ئەم شارەدا دیارو ئاشکرا بووە. لە پەنجاکان بە دواوە جێگای ململانێی شیوعییەکان بووە لەگەل پارتی و ناسیونالیستەکاندا. ھەندێ جار ئەو ناکۆکی ململانێیە گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوەو لە شەستەکاندا جێگای ناکۆکی نێوان باڵەکانی پارتی بووە. لەم ماوانەی دوایشدا ھەرچەندە ئەم شارە وەکو لانکی یەکێتی نیشتیمانی دەردەکەوت بەڵام بوو بە یەکەم زەمینەی سەرھەڵدان و دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی کە ئەوەش کاریگەری ئاشکرای لەسەر پێگەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا داناوەو درووستبوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەھێزەش دەرئەنجامی نەتوانینی بێدەنگبوونی ئەم شارەیە بەرامبەر بە ھەر ھێزو گروپێک کە پشت لە خواست و داواکارییەکانی جەماوەر بکات. کەواتە دەتوانین بڵێین سلێمانی ئەو شارەیە کە ناتوانێت لەگەڵ کەس بێت و ناشتوانێت بە ئاسانی لە ئەوانە قبوڵ بکات کە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەستەو گروپ و کەسە نزیکەکانیاندا پێ لە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمان دەنێن . ئێستا سلێمانی شاری گروپە جۆراو جۆرەکانەو لەو رووەشەوە تا ئەندازەیەک خاسێتی شاری ھەیەو سەرباری ھەژموونی نادرووستی حیزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتی نائاسایی نوخبەی سیاسی کوردی بەسەرییەوە بۆ ئەوەی دەنگی کپ بکرێت بەڵام ئەگەر تۆ ھاووڵاتیەک بیت وەکو من و لە ناو خەڵکی ئەم شارەدا ھەڵبسیت و دابنیشیت ، ئەوا بۆت دەردەکەوێت کە کەلتووری باوی ئەم شارە ئەو کەلتوورەیە کە بڕوای بە بوونی تاکەکەس و تواناو لێھاتوویی تاکەکەس ھەیە و ھەر ئەوەش وایکردووە کە لەم شارەدا لە لە دوای شێخ مەحمودی حەفیدزادەوە لە بری درووستبوونی سەرکردەی کاریزمی و رابەری تاک و تەنھاو گەورە ئەو کادیرە جۆراو جۆرانە درووست دەبن کە ئەندامی ئاسایی ناو کۆمەڵگەن و کوڕو نەوەی خێزانە ئاساییەکانی ئەم شارەن و ھەر ئەوانەش لەم شارەدا دەتوانن بوون و ئامادەبوونیان ھەبێت چونکە خۆیان درووست بوون . راستە ئێستا حیزبە کوردییەکان بوون بە پشت بۆ درووستکردنی بە ناو ھەندێ سەرکردە لەم شارەدا کە زۆرینەشیان خەڵکی دەرەیوەی شارن و ئەگەر لە حیزبەکانیانیان بھێنیتە دەرەوەو ئەو سەروەت و سامانەیان لێ وەربگریتەوە کە لە داھاتی گشتی خەڵک و نیشتیمانیان دزیووە ئەوا لە سفری دوای فاریزەش کەمتر دەبن . بەڵام لە پاڵ ئەوانەدا بە ھەزارەھا کەس لەم شارەدا لەسەر پێی خۆی راوەستاوەو لەسەر بنەمای ئامادەبوونی خۆی بوونی ھەیە ، ھەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی کوردی ئێستا رێگا بەو سواپایە نادات ئەرکی بەڕێوەبردنی شارو وڵات بگرێتە ئەستۆ، بەڵام مێژوو رەوتی خۆی دەکات و قۆناغی بەلاوەخستنی عەقڵی شارو تواناو لێھاتوویی تاکە بێپشتەکان کۆتایی دێت ، ئەوەش ئەو کاتە دەبێت کە مێژووی سلێمانی وەکو شار دەست پێدەکات و عەقڵی شار تیایدا باڵادەست دەبێت . سلێمانی کاتێ دەبێت بە پایتەخت کە تیایدا عەقڵ و کەلتووری شار باڵادەست بێت و کۆتایی بە عەقڵی خێڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێڵ و دەسەڵاتی ئەو نوخبە سیاسیە بێت کە نە دەتوانن لە کەلتوورو عەقڵی شار تێبگەن نە دەتوانن دان بە بوونی ئەو کەلتوورەدا بنێن نە دەتوانن کار بۆ بەرھەمھێنانی ئەو کەلتوورو عەقڵە بکەن نە دەتوانن پارێزگاری لە بوون و کەرامەتی تاکەکەس بکەن نە چاویشیان بەوەدا ھەڵدێت کە لە سلێمانیدا عەقڵ و کەلتووری شار پێبگات و پەرە بسەنێت چونکە ئەگەر کەلتووری شارو عەقڵی شارو ئەخلاقی شارو ئەتەکێتی شار لە سلێمانیدا باڵادەست بێت کە تەنیا ئەو کاتەش سلێمانی دەبێتە پێشەنگ و پایتەخت ئەوە بچووکترین بوارو تەسکترین رووبەر بۆ ئەو عەقڵە سیاسیەی ئێستاو بۆ ئەو نوخبە سیاسیەی ئێستاش نامێنێتەوە کە بەبێ ئەوەی نە لە رووی بوون و ئینتیماوە نە لەرووی عەقڵ و رۆشنبیری و تێگەیشتنەوە شاریین و لەشار تێبگەن کە ھەر ئەوەش وای لێکردوون بەرببنە جەستەی شارو نیشتیمان بە گشتی و لە پێناوی خۆیان و حەزو ئارەزووەکانیان و بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبییەکانیاندا ئەو جەستەیە دەیان جار خەڵتانی خوێن بکەن . ئەوەی کە ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن کە سلێمانی دەکەنە پایتەختی رۆشنبیری جگە لە فریودان و خەڵەتاندنی جەماوەر ھیچی تر نییە چونکە سلێمانی پێویستی بە کارو بیناکردن و جەماوەرەکەشی پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی گێڕانەوەی ئەسڵی کەرامەتی کوردیەتی و نەتەوایەتی و عەدالەتء یەکسانیە، چونکە سلێمانی تەنیا کاتێک دەبێت بە پایتەخت کە جەماوەری سلێمانی لەسەر ئاستی تاکەکەس لەم شارەدا بە تەواوی ھەست بکات خاوەنی بوونء ھەموو مافەکانی خۆیەتی و ئەوەی بەڕێوەی دەبات خۆیەتی و لە خۆیەتی و لە ئاستی ئەوەدایە بەڕێوەی ببات . نەک وەکو ئەوەی ئێستا کە ئەوەی بە تەنگ کەرامەت و ویژدانی خۆیەوەیە ، ئەوەی ھەست و ھوشیاری ھەیەو دەتوانێت تێبگات ھەست بکات کە غەریب و نامۆیە لەم شارەداو بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ھەمان چرکەساتەکانی ئەو قەلەق و نیگەرانیەدایە کە پێشی نزیکەی سەدو نەوەد ساڵ وای لە مەولانا کرد شار بەجێبھێڵیت و رێگای ئاوارەی بگرێتەبەرو پرۆژەکەشی لەبار ببرێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت