بهكر ئیبراهیم : وەزیرانی كارەبا ، كشتوكاڵ ، سامانە سرووشتییەكان، نوێژەكانتان بەرنە شنگال .
دەزانم ئێوەی بەڕێز لە خۆتان و وەزارەتەكانتاندا كەموكوڕیتان زۆرە و زۆریش جێگای رەخنەن ، كە وا دەزانن خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستانی ستەمدیدە و خێرنەدیو هەر لە چوارچێوەی ژوورەكانی خۆتاندایە و لەسەر كورسی و مێزە گرانبەهكانتانە و رۆژێك نەمانبینی كاك ئاشی هەورامی سەردانی ماڵە هەژارێكی وڵاتەكەی بكات و بزانێ بۆ ئەم سەرەتای وەرزی زستانە كە كوڕ و باوكیان لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕن بۆ بەرگریكردن لە خاك و كەرامەتی وڵاتەكەیان و چەند مانگێكە مووچەیان وەرنەگرتووە ، چۆن ماڵە ساردوسڕەكەیان گەرم دەكەنەوە وەكو دڵی گەرمی باوك و رۆڵەكانیان بۆ بەرگری لە وڵات ، یان كاك سەڵاحەدین بابەكر سەردانی ماڵە هەژارێكی بێكارەبای وڵات باكات و چەند كاتژمێرێك رەوشی ماڵە بێكارەباكانی وڵات لە سایەی وەزارەتە بێكارەباكەیدا ببینێ .. ئەی كاك عەبدولستار مەجیدی وەزیری كشتوكاڵ بۆ قسەیەك ناكات كە سەرسفرە و خوانی هەژار و دەوڵەمەندەكانی وڵات شتێكی خۆماڵی تێدا نەماوە و هەمووی هاوردەی دەرەوەیە و كەسیشمان دڵنیا نین لەوەی كە بەرسەرچوو و ئێكسپایەر نین ، دەی بفەرموون و پێمان بڵێن بۆ لە ماوەی 24 ساڵی حوكمی خۆبەڕێوەبەری و خۆماڵیشماندا تا ئێستایش لە سایەی وەزارەتەكانی بەڕێزتانەوە نە بووینە خاوەنی 24 كاتژمێر كارەبای خۆمان و سووتەمەنیی خۆماڵی و خۆراكی خۆماڵیی خۆمان ، ئەگەریش هەرپێتان وایە بە راستی دەبێ لە ژوورە گەرم و فێنك و پڕ میوە بەهەشتییەكانی خۆتانەوە و لە چوارچێوەی باڵەخانەی وەزارەتەكانتانەوە بڕیار و واژۆ و كارڕاپەڕێنی بكەن ، ئەوە راست نییە و ئەمڕۆ رۆژی خزمەتی جیدییە و دەتوانن لە كۆڵانەكانی شننگال لە باداوە و سابوونكەران لە شۆریجە و تاخە بەرۆژكێ بتانبینین و خزمەت بكەن .
بابێمە سەر ئەسڵێ مەبەستی نووسینەكەم و روو لە وەزیری كارەبا كاك سەڵاحەدین بابەكرەوە دەست پێبكەم ، هیوامە هەر دوای خوێندنەوەی ئەو نووسینەم جا هەر كاتێكە ، بارگەی خۆت لەگەڵ ستافێكی كارامە و شارەزا بپێچییەوە و ڕوو بە شنگال هەنگاو بنێیت و لە رێگایش رانەوەستن و لەوێ نوێژەكانتان قەسر و جەمع بكەن و بە خێرایی ماڵە تاریك و ئازارچەشتوو و دڵە تاریكەكانی شنگالییەكان رووناك بكەنەوە كە سەرەڕای ئازار ، مەینەت ، نەهامەتی ، تازیەباری تا ماڵە تاریكەكانی شنگالییەكان رووناك نەكەنەوە ، نەگەڕێنەوە ناو وەزارەتەكەتان .
كاك عەبدولستار مەجیدی وەزیری كشتوكاڵ بەڕێزیشت بە هەمان شێوەی وەزیری كارەبا داوام لێتە ، بارگە و بنەی وەزارەتەكەت بپێچییەوە و ڕوو بە شنگال هەنگاو بنێیت و نوێژەكان لەوێ بە قەسر و جەمع بگێڕییەوە كە ئازادكردنی شنگال لەگەڵ وەرزی پاییز و پەڵەدانە ، بۆ ئەوەی هەرچی زووە كە دەبوو پێشتریش خۆتان بۆ ئازادكردنەوی ئامادە كردبایە ، گەنم و جۆی تۆو و پەین و مەكاینی داچاندن بگەیەننە موقبلێ و شەممالێ و پیر خدر و گرعوزێر و كرۆڤی و قابووسییە و تەواوی خاكە بەپیتەكەی شنگالەتی دابچێنن بۆ ئەوەی خەلە و خەرمانی شنگالییەكان بۆ وەرزی دروێنە پڕبەرهەم و بەرەكەت بێت .
كاك ئاشتی هەورامی نازانم تۆ نوێژ دەكەی یان نا ، چونكە لە نزیكەوە ناتناسم، بەڵام تكایە چاوەڕوانی ئەوەم پێش هەموویان تۆ ببینم بە قافڵەی تەنكەرە نەوتەكانتەوە بەرەو شنگال بەڕێ بكەوی بۆ ئەوەی تەواوی ماڵە ساردوسڕەكانی شنگالییەكان و دڵە تەزیوەكانیان گەرم بكەیتەوە .
ئەوە پێشبڕكێ نییە ، بەڵام هەنگاوی مەردانەیە و چاوەڕوانتان دەبین بزانین كامەتان خێراتر رێگا دەبڕن بەرەو شنگال .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت